هاوڕەگەزخوازی، شڵەژانێکی جەستەییە یاخود ڕەفتارێکی دەروونی؟

نووسینی: ناوەندی فیكر و ناوەندی ڕەواسیخ وەرگێڕانی : یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-09-11 کۆمێنت 274 جار بینراوە

دەمێکە ئەم پرسیارە پاتە دەکرێتەوە و لێرەولەوێ قسەی لەسەر دەكرێت.

   سەد ساڵ پێش ئێستا، دامەزرێنەری شیکاریی دەروونی، سیگمۆند فرۆید، ئەوەی ڕەت کردەوە، مەیلی هاوڕەگەزخوازی وەک گرفتێکی جەستەیی و تێکچوونێکی ئەندامی تەماشا بکرێت.

   ئەوەتا دەڵێت: «ڕاستییەکەی گواستنەوەی کێشەی هاوڕەگەزخوازی لە مەیدانی دەروونناسییەوە بۆ مەیدانی جەستەیی و ئەندامی، هاوزەمان نە سوودێکی ئەوتۆی هەیە و نە پاساوێکی دروست!»

   لە کۆتایییەکانی ساڵی 2019یشدا، گۆڤاری (Natural) کە یەکێکە لە بەناوبانگترینی ئەو گۆڤارانەی توێژینەوە زانستییەکان بڵاو دەکەنەوە، گەورەترین توێژینەوەی زانستی لەمەڕ حەزی هاوڕەگەزخوازییەوە خستە ڕوو، دوای تێپەڕبوونی پتر لە سەدەیەک لە ململانێی ئاخنراو بە ئایدۆلۆژیا، جەختی لەسەر هەمان بۆچوونەکەی فرۆید کردەوە و پتر وەک حاڵەتێکی دەروونی ناساندی تا وەک تێکچوونێکی ناچاریی جەستەیی!

   ئاخۆ ئەو پاڵنەرانە چین کە لە پشت ڕەواجدان و بڵاوکردنەوەی مەیلی هاوڕەگەزخوازییەوەن و هەوڵ دەدەن وەک حەزێکی سروشتی بیناسێنن؟

   با لە پەیدابوونی شیکاریی دەروونییەوە تاوەکو سەردەمی ئێستا، کورتە مێژوویەک لەو بارەیەوە بخەینە ڕوو: لە دەستپێکی دامەزرانی شیکاری دەروونییەوە، یەکەمینەکانی ئەم ڕێبازە، واتە هەر یەکە لە فرۆید و یۆنگ و ئادلەر، گشتیان پێکەوە یەکدەنگ بوون لەسەر ئەوەی؛ هاوڕەگەزخوازی گرفتێکە لە پرۆسەی گەشەسەندن و پێگەیشتنی لایەنی دەروونیی مرۆڤدا دێتە کایەوە.

   بگرە تەنیا بەوەوە نەوەستان، بەڵکو فرۆید لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە دەیگوت: «ئەمە خۆماکی[1] سێکسی دەچەسپێنێت.» یان وەک خۆی بە لیبیدۆ ناوی دەبرد، ئاخر بە لای فرۆیدەوە، لە قۆناغی ئۆدیبیی مناڵدا[2]، کە یەکێکە لە قۆناغەکانی گەشەی سێکسیی منداڵ و لە تەمەنی سێ-شەش ساڵیدا ڕوو دەدات.

بە ڕای فرۆید، ئەگەر کەسێک ئەم قۆناغەی منداڵی بە شێوەیەکی دروست تێنەپەڕێنێت، پتر خۆی بە دایکییەوە دەنووسێنێت و بە تەواوی لەنێو ڕەگەزی مێیینەبوونی ئەودا دەتوێتەوە! ئیدی ناسنامەی نێرینەبوونی وەک خۆی پێ ناگات. ئەمە کۆی تێڕوانینی فرۆیدە لەمەڕ بابەتی هاوڕەگەزخوازییەوە. جاک لاکانیش هەمان ڕای ئەوی پەسەند کردووە، هۆکارێکی دیکەیشی بۆ زیاد کردووە و دەڵێت: «نەبوونی باوک لە هەمان قۆناغدا، ئەگەری هەمان دەرەنجامی هەیە.»

زۆربەی پزیشکانی پسپۆڕی هاوچەرخیش لە بواری دەروونناسیدا، هەمان ڕای فرۆیدیان هەبووە و بۆچوونێکی جیاوازی دیارتر لەویان نەبووە.

   ئەوەتا ڕیچارد کۆهین پێی وا بووە، هاوڕەگەزخوازی بەهۆی دابڕانی مرۆڤ لە ناسنامەی ڕەگەزیی خۆی دێتە ئاراوە.

   یان جۆزێف نیکۆلۆسی دەڵێت: «مەیلی هاوڕەگەزخوازی، گوزارشتە لەو هەوڵانەی کەسێک لەپێناو ساڕێژکردنەوەی برینێکی دەروونیدا بە خەرجی دەدات، کە بەهۆی شکستهێنان لە بەدەستهێنانی ناسنامەی نێرینەبوونیدا دروست دەبێت، بە ڕادەیەک وای لێ دەکات؛ ڕقی لە ناسنامەی ڕەگەزیی خۆی بێت و لێی هەڵبێت!»

   هەرچی پزیشکی ئەمەریکی جێفری ساتینۆڤەرە، لە بارەی پاڵنەرەکانی ئەم مەیلەوە، نموونەی قووچەکێکی[3] داناوە، لە ڕێگای ڕیزبەندییەکانی ئەو قووچەکەوە دەیەوێت، هۆکارەکانی هاوڕەگەزخوازی شی بکاتەوە. ئەو پێی وایە هۆکارەکان، لە ئامادەباشییە بۆماوەیی و هۆرمۆنییەکانەوە دەست پێ دەکەن و بە پێوەندییە خانەوادەییەکانی دەوروبەردا تێدەپەڕن و بە کاردانەوەکانی لەتەک هەردوو ڕەگەزدا کاریگەر دەبێت. پاشان کەسایەتیی هاوڕەگەزخواز، بە فشارە لەناکاوە دەروونییەکان و چەشتنی ئازار و تەنگژە دەروونییەکاندا تێدەپەڕێت و بە کارتێکەرە جڤاکییە جیاوازەکان ڕەنگڕێژ دەبێت.

   تاوەکو ماوەیەکی زۆریش، تێڕوانینی زانستی دەروونپزیشکی و تیمارکەرانی دەروونی لەمەڕ دۆزی هاوڕەگەزخوازییەوە بەو شێوەیە بوو، بەڵکو دەزگای ئامار و ناساندنی نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM) لە ساڵی 1952دا، حاڵەتی هاوڕەگەزخوازی وەک شڵەقانی باری دەروونی و خاوەن کەسایەتییەکی دژە جڤاک لە قەڵەم دا. ئەوە بوو دواتر لە ساڵی 1968دا، لە پۆلێنی نەخۆشییە دەروونییەکاندا خرایە ڕیزی لادانە سێکسییەکانەوە.

   بەڵام هەموو ئەمانە دوای دونیایەک فشاری سیاسی و ڕاگەیاندنی سامناک لەپڕ گۆڕانێكی خێرای سەرسووڕهێنەریان بەسەردا هات.

   ئەوە بوو لە ساڵی 1973دا، ناساندنی هاوڕەگەزخوازی وەک دەردێکی دەروونی لە کتێبی (DSM)دا سڕێنرایەوە.


باشە ئەم حەمکە گۆڕانکارییانە چۆن ڕوویان دا؟!

فشاری زۆرەملێی گرووپە هاوڕەگەزخوازەکان بەپێچەوانەی خواستی زانستەوە!
دونیای ڕۆژاوا لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە، هەڵکشانێکی خێرای لە ڕووی پەیدابوونی بزووتنەوە بێبار و خۆگونجێنە سیاسییەکانەوە بە خۆیەوە دیت[4]. لە پەنای ئەم ڕەوتە سیاسییانەیشدا، بزاڤەکانی خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی هاوڕەگەزخوازاندا گەشەیان کرد.

   ئەو بزاڤانە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون، پێوەندیی هاوسەرگیریی نێوان هاوڕەگەزخوازان بە یاسایی بکەن و هەردەم هاوڕەگەزخوازانیان بۆ ئەوە بانگ دەکرد، تا بە دەنگی بەرز و بێ پێچ و پەنا، بێ ئەوەی شەرم لە هیچ كەس و لایەنێک بکەن، ناسنامەی ڕەگەزی و مەیلی سێکسیی خۆیان بە پێش چاوی هەمووانەوە ئاشکرا بکەن.

   ئینجا چەمکی هاوڕەگەزخوازییان وەک حەزێکی سروشتی و ئاسایی ترنجاندە نێو بەرنامەی خوێندنەوە[5]، یان بە دەربڕینەکەی نیکۆلاس کامینگ کە لە ساڵی 1979دا سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونی ئەمەریکا (APA) بووە، بەم شێوەیە لەو بارەیەوە دەپەیڤێت: «ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا حوکم دەکات زانست نییە، بەڵکە ڕەوتە سیاسییە بێبار و خۆگونجێنەکانن.» ئەم قسەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێداگرییە دووبارە و بەردەوامەی هێندێک لە دەروونپزیشکەکانی ئەو سەردەمە بوو، گوایە بە لای ئەوانەوە، مەیلی هاوڕەگەزخوازی قەت شیاوی چارەسەر نییە و حەزێکی تەواو سروشتییە و حەوجێ بە هیچ جۆرە چارەسەرێکی دەروونی نییە. تەنانەت ئەوانەیش کە خۆیان پێی قەڵسن و هەست دەکەن حەزەکەیان لەتەک سروشتیاندا ناتەبایە، دیسان نابێت بیر لە تیمارکردنیان بکرێتەوە!

   لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی دەروونپزیشکانی ئەمەریکادا، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بڵاوکردنەوەی ئامار و ناساندنی تێكچوونە دەروونییەکانیان لە ئەستۆ بوو، مقۆمقۆ و مشتومڕەکانیان لەسەر ئەم باسە بە ئاشکرا دەرکەوتبوو.

   پزیشکی دەروونی جۆزێف نیکۆلۆسی ئەم حاڵەتە وەک دیاردەیەکی ناشرین لە قەڵەم دەدات و پێی وایە: «ئەمە شەڕێکە و بە ناوی مافی مڕۆڤ و نەزاکەتی سیاسییەوە لە دژی سروشتی مرۆڤایەتی دەکرێت!»

   پاشان دەڵێت: «من وەک پسپۆڕێکی دەردە دەروونییەکان، هەستم بە ترسێک کرد، وەختێک بینیم بزووتنەوە هاوڕەگەزخوازییەکان خەریکن قەناعەت بە جیهان دەکەن کە کەسی هاوڕەگەزخواز، تێگەیشتن و قبووڵکردنێکی تایبەتی لە ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەوێت، بەدڵنیاییشەوە پسپۆڕانی دەروونپزیشک، ڕۆڵێکی گەورەیان لە چەسپاندنی ئەم جۆرە هزرەدا هەبوو.»

   ئەمە جەخت لەسەر هەمان ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە دکتۆر سام_جی_ماکگارلاند لە وتارێکیدا کە لە وارگەی کۆمەڵەی دەروونپزیشکانی ئەمەریکادا بڵاوی کردبووەوە، پێی لەسەر دادەنا و وەک ڕاستییەک تەماشای دەكرد. ئەوەتا دەڵێت: «بێگومان زانستی دەروونناسی یارمەتی جڤاکی دا، بۆ ئەوەی هاوڕەگەزخوازی قبووڵ بکەن.»

   جا ئەم ئاساییکردنەوەیە درێژەی کێشا، هێندە ڕەواجی پێ درا، حەزی هاوڕەگەزخوازی بە لای منداڵان و تازەپێگەیشتووانیشەوە بابەتێکی ئاسایی و قبووڵکراو بێت و وەک مەیلێکی سروشتی تەماشا بکرێت.

   ئەو ڕەواجپێدانەی لەو تەمەنی منداڵییەوە دەست پێ دەکات، دەبێتە هۆی شلبوونەوە و خاوبوونەوەی ناسنامەی سێکسی، ئینجا هەستی کونجکۆڵی و حەزی دۆزینەوە و بەدواداچوونی مەیلە سێکسییەکانیش، هێندەی دی لە لای زارۆیاندا دەورووژێنێت.

   هەر ئەمەیش بوو وای کرد، ئەزموونکردنی سێکسی هاوڕەگەزخوازی بە شێوازێکی زۆر دیار و بەرچاو لە هەڵکشانێکی خێرادا بێت و بە لای جڤاکەوە شتێکی قبووڵکراو بێت.

   خاتوو ئامی باتلەری کۆمەڵناس، لە توێژینەوەیەکی ورد و درێژخایەندا کە لە ساڵی 1988ـەوە دەستی پێ کردووە، ڕێژەی ئەو کەسانەی وەرگرتووە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لەتەک هاوژینێکی هاوڕەگەزی خۆیاندا ژیان بەسەر دەبەن.

   ئەم توێژەرە بۆی دەرکەوتووە، ڕێژەی هاوڕەگەزخوازان لە سەرەتاکانی ساڵی 1991ـەوە زۆر لە جاران زیاتر هەڵکشاوە، ئەمەیش هەمان ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت، کە دروستبوونی گرووپە هاوڕەگەزخوازەکان و فشارە یەک لە دوای یەکەکانیان لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەستوەردانیان لە ناوەندە فیکری و فێرکارییەکاندا، برەویان بە بڵاوبوونەوەی ئەم مەیلە داوە و ڕۆڵێکی گەورەیان لە چەسپاندن و ئاساییکردنەوەی بابەتەکە لە هزری خەڵکیدا وازی کردووە.

   با واز لە جیهانی سەردەم بهێنین و بۆ تاوێک، چاو بە دیرۆک و مرۆڤناسیدا بخشێنین، بۆ ئەوەی پێکەوە، 86 فەرهەنگی جیاوازی مێژووی مرۆڤایەتی لێک بدەینەوە و دانە بە دانەیان بدەینە بەر نەشتەری لێکۆڵینەوە. ئەمە هەمان ئەو کارە بوو کە زانای مرۆڤناسی، جۆزێف ئۆنوێن لە زانستگەی هارڤارددا کردی.

   ئەم زانا مرۆڤناسە، لە کۆتایی گەڕان و وردبوونەوەکانیدا بەو ئاکامە گەیشت کە ڕۆنانی ژیارەکان، هەمیشە بە چالاکیی سێکسیی شیاو و لەقاڵبدانی حەزی سێکسی و ڕێکخستنی هەستە سێکسییەکانەوە پەیوەست بووە، بە شێوەیەک تەنیا ئەو سێکسە قبووڵ بێت کە لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا دەکرێت.

   جۆزێف ئۆنوێن بە هەمان شێوە باسی ئەوەیشی کردووە، کە سێکسە بەرەڵاییەکان و هەڵکشانی ئەزموونی سێکسی بەشێوەیەکی ئازادانە و دوور لە قەید و بەند، بەردەوام داڕووخانی شارستانێتییەکان و پووکانەوەی میللەتانی بە درێژاییی مێژوو لێ کەوتووەتەوە.

   جۆن دێمبلیۆ، مامۆستای مێژوو لە زانستگەی ئیلینوەی لە شیکاگۆ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی، هەرگیز هاوڕەگەزخوازەکان بەم شێوازە چڕوپڕەی ئێستا زۆر نەبوونە و ئەفسانەی سروشتیبوونی مەیلی هاوڕەگەزخوازییش، تەنیا ئامرازێکە و بۆ مەرامی سیاسی وەگەڕ خراوە!

   ئەوجا دەڵێت: «بێگومان بڵاوبوونەوەی هاوڕەگەزخوازی، لە بەروبوومەكانی مێژووی هاوچەرخ و پێوەندییە سەرمایەدارییە زەبەلاحەکان و سیستمی ئازادیی کاری سەرمایەداری بترازێت، چیی دیکە نییە.»

دیسان دێمبلیۆی دیرۆکناس پێی وایە: «ئەم حاڵەتە سەری بۆ لێکترازانی شیرازەی خێزانە ڕەسەنەکان کێشاوە کە جاران، ئەوان کرۆک و پێکهێنەری جڤاک بوون و بۆ ڕۆنانی کۆمەڵ، مرۆڤایەتی پشتی بە ئەوان قایم بوو.»

   «پێشووتر ئەزموونی سێکسی، بە ئامانجی زیادبوون و بەرهەمهێنانی نەوەی نوێوە دەکرا، ئاخر جاران سەرتاپێی چالاکییە ئابووری و جڤاکییەکان، بە دامەزران و زۆربوونی خێزانەکانەوە وابەستە بوو. بەڵام لە دوای سەرداربوونی سیستمی سەرمایەدارییەوە، خەڵکی بۆ کۆمەڵێک تاکی پەرتەوازە ئاڵشت بوون و هێدی هێدی مرۆڤایەتی بەرەو تاکبوونەوە هەنگاوی نا. هەر سەرمایەداری وای لە ئادەمیزاد کرد، بە شێوەیەک ژیان بەسەر ببات، هەریەکەو بە ناسنامەی تاکەوەبووی خۆیەوە بنازێت و وای لە قەڵەم بدات، خاوەن تاکێتیی تایبەتی خۆیەتی و حەوجێی بەوانی دی نییە.»

   ئەوەتا بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکان لەپێناو گەلی فەڕەنسادا، گوزارشتی لە هەمان ڕاستی کردووە و دەڵێت: «ئەو پێداگرییەی لەسەر پرسی جێندەر و ئازادیی ناسنامەی سێکسی دەکرێت، ئاماژەیەکی ڕوون و حاشاهەڵنەگری لە خۆ گرتووە کە دەشێت بۆ یەکەم جار بێت لە مێژوودا، کۆمەڵگایەک بێتە کایەوە کە هیچ باکێکی بە بنەمای مانەوە و بەردەوامبوونی خۆی نەبێت، ئەو بنەمایەی تەنیا لە ئەنجامی پێکەوەبوونی هەردوو ڕەگەزەوە دێتە دی.»



پەرستنی جەستە یاخود ڕزگاربوون؟

«جادووی حەزەکان، چێژە جەستەییەکان، خۆشی و بەزم و ڕابواردنەکان، پێشی پێشەوەی بایەخەکانی مرۆڤیان مسۆگەر کردووە و لە کۆی کاروبارەکانی ژیاندا، وەک تاکە ئامانجی ئادەمیزاد تەماشا دەکرێن، بۆیە هەردەم جەستە و چێژەکانی لە جێگایەکی وەها تایبەت و ناوازەدا قایم کراون، کە هیچ هەست و بیر و کایەکی دیکەی ژیان، توانای ڕکابەرایەتییانی نەبێت!»

    زانای کۆمەڵناسی، پۆڵەندی زیگمۆند باومان، بەم شێوەیە گوزارشت لە ژیانی سەردەمی سەرمایەداری دەکات.

   ئەمە ئەو شێوازی ژیانە بوو کە ژیاری ڕۆژاوایی خۆی تێوە گلاند، تا وای لێ هات، ئامانجەکانی لە سەرقاڵبوون بە چێژە یەک لە دوای یەکەکان و ڕابواردنە بێسنوورەکاندا قەتیس بوون و تاکەکانی جڤاکی بە شێوەیەک ئاڕاستە کرد، هەروەخت و هەرچۆنێک بخوازن ئازاد بن لەوەی؛ چۆن مامەڵە لەتەک جەستەی خۆیاندا دەکەن و چ جۆرە ناسنامەیەکی ڕەگەزیی ڕیزپەڕ بۆ خۆیان پەسەند دەکەن، ئەم هۆکارانە وایان لە تاکی ڕۆژاوایی کرد، ئامانجی بوون و مەبەستی سەرەکیی ژیان لەبیر بکات و تەنیا بە خۆشییە مادییە جەستەییەکانەوە خەریک بێت.

   ئەوەتا چێژ و حەز و ئارەزوو کۆتایی نایەت، بەردەوام هەڵپە دەکات و بە دوای تێربووندا سەرگەردانە، هەردەم لەم چێژەوە بۆ ئەوی دی نەقڵ دەبێت و خۆی ڕادەستی حەزە یەک لە دوای یەکەکان کردووە.

   بۆیە ئاشکرایە، هەڵتۆقین[6] و بڵاوبوونەوەی هاوڕەگەزخوازی بەو شێوە سەیر و سامناکە، جگە لەوەی نیشانەیەک بوو لە نیشانەکانی جڤاکێکی نەخۆش، چی دیکە نەبوو. ئەو جڤاکەی بەکارهێنان و حەپەلووشی بەردەوام، نەخۆشی خست و حەز و ئارەزووە بێکۆتاکان، پووکاندیەوە و خەریکبوون بە ڕابواردنە دونیاییەکانەوە، پرسە گەورە و گرینگەکانی ژیانی لە بیر بردەوە. تەنانەت بیری لای ئەوەیش نەما، چۆن بنەماکانی جڤاکێکی دروست بنیات بنێت و ئەوەی لە بیر کرد، لەبارەی واقیع و بیروباوەڕ و تێڕوانینەکانەوە لە خۆی بپرسێتەوە و، کاریگەرییەکانی ئەو دید و بۆچوونانە لەسەر مانەوە و داهاتووی نەوەکانی لای خۆیەوە شەنوکەو بکات. ئاخر ئەو شڵەژانە دەروونییانەی جاران بە لای هەمووانەوە نامۆ بوون، ئەمێستاكە وەک پیادەکردنی ئازادی لێیان دەڕوانرێت، نیشانەکانی لاوازیی کۆمەڵایەتییش بۆ ئازادیی تاکەکەسی گۆڕان!

   تۆ بڵێیت بتوانین داهاتوومان لە دەست کارەساتەکانی واقیعێک قوتار بکەین، کە خۆمان دەرهاویشتە تۆقێنەرەکانیمان لە پووکانەوەی میللەتانی دیکەدا بینیوە، یاخود نەخێر، هۆگربوونی چەوساوەکان بە قامچی چەوسێنەرەکانەوە کاری خۆی لە ئێمەیشدا دەکات، ئەوجا لە چەند ساڵانی داهاتوودا، خۆمان لەنێو واقیعێکدا دەبینینەوە، کە بە دونیایەک کارەسات و شتی نامۆ تەنرابێت، کارەساتگەلێک کە بەهۆی هزری ئەوانی تر و شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتییانەوە بۆمان هێنران و بەسەرماندا سەپێنران؟!


پەراوێزەکان:


 [1] خۆماک: غەریزە.
 [2] گرێی ئۆدیب، ئەو چەمكە بوو كە سیگمۆند فرۆید دایهێنا، بیرۆكەكەیشی لە ئەفسانەیەكی یۆنانییەوە وەرگرتبوو. بەو گرێ دەروونییە دەگوترێت كە لە كوڕێكدا دروست دەبێت، هەر لە منداڵییەوە حەزی دەچێتە سەر دایكی و پێیەوە دەنووسێت و بە شێوەیەک هۆگری دەبێت و غیرەی لێ دەكات و پێی ناخۆشە باوكی بە دەوری دایكیدا بچێت. لە تیۆری دەروونشیكاریدا بەو حاڵەتە دەروونییە ناسراوە، كە لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێک هەست و سۆز و حەزی سێكسیی منداڵ لە بەرانبەر دایكیدا دێتە ئاراوە. ئەم تیۆری و بۆچوونانەی فرۆید هێشتا نەسەلمێنراون، بەڵام لێرەدا وەك ئاماژەیەک بۆ ڕای باوی ئەو وەختەی دەروونناسی لەمەڕ هاوڕەگەزخوازییەوە خراونەتە ڕوو. 
[3] قووچەک: هەرەم.
[4] Political correctness: واتە شیاوی یان گونجانی سیاسی، یاخود پێیشی گوتراوە: ژیریی سیاسی. زاراوەیەكی لاستیكی بوو، بەو بزووتنەوە سیاسییانە دەگوترا، كە گوایە بچووكترین و كەمترین سووكایەتی لە ڕووی دەربڕين و ناساندنی كەمینەكانی نێو جڤاكەوە لە هیچ كەس و لایەنێک قبووڵ ناكەن، ئیدی ئەو كەمینەیە خاوەن هەر دید و تێڕوانینێكی سیاسی، ئەخلاقی، ڕەگەزی، حەز و مەیلێكی سێكسی بێت. ئەم بزووتنەوە سیاسییانە لە ساڵانی نەوەدەكانەوە، ڕۆڵێكی زۆر كاریگەریان لە زیادبوون و پەرەسەندنی مەیلی هاوڕەگەزخوازی و زۆربەی لادانە سێكسییەكانی دیكەدا هەبوو.
[5] ترنجاندن یان تێترنجاندن: بە گوشارەوە شتێک ئاخنینە شوێنێکى تەنگەوە.
[6] قیتبوونەوە، زەقدەرکەوتن.

فیکر
2020-09-11 کۆمێنت 274 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی