بێدەنگبووانی بەرانبەر ستەم

نووسینی: محەمەد بوشڕاوی وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-09-07 کۆمێنت 1364 جار بینراوە
تەماشاکەرانی بێدەنگبووی بەرانبەر ستەمی ستەمکار، ئەوانەی کە دەڵێن: «تا ئەوکاتەی لە خۆمانەوە دوور بێت، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە»، نازانن کە چەکی ستەم و ستەمکاران، هەمووان بەیەکجار دەکاتە ئامانج و نیشانە. بۆیە ئەو کەسە لە هەڵەدایە، کە وا گومان دەبات، ستەم لەبەرانبەر کەسانی دی، بە ئەم ناگات. ستەمکار ناتوانێت بژیێت، مەگەر ستەمەکەی هەمووان بگرێتەوە. نەک واز لە ستەم بەرانبەر کەسانی ستەملێکراو ناهێنێت، بەڵکوو ستەم بەرانبەر ئەو کەسانەیش دەکات، کە یارمەتیی دەدەن، ئیتر بە بێدەنگکردن بێت یان ڕازیکردن یان کۆمەکی یا وتە و کردار. ئەوەیش یاسای خودایە لە بووندا، کە هەر کەس یارمەتیی زاڵمی دا، خودا بەسەریدا زاڵی دەکات.

   هیچ نامۆ نییە، کە ستەم، دەبێت خودی ستەمکاریش بگرێتەوە! ئەوە ڕاستییەکی بێنکۆڵییە و قوتاربوونی بۆ نییە. خودای گەورەیش دڵنیای دەکاتەوە و، دەفەرمووێت: (وَالَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْ هَؤُلَاءِ سَيُصِيبُهُمْ سَيِّئَاتُ مَا كَسَبُوا: ئەوانەیشیان کە ستەمیان کرد، لەمەودوا دووچاری -تۆڵەی- کردەوە خەراپەکانیان دەبن.) (الزمر: ٥١) دەفەرمووێت: (فَأَصَابَهُمْ سَيِّئَاتُ مَا عَمِلُوا وَحَاقَ بِهِمْ مَا كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ: سەرەنجام تۆڵەی ئەو خراپانەیان هاتەوە ڕێ، کە ئەنجامیان دابوو، ئەو هەڕەشە و دۆزەخەی کە گاڵتەیان پێی دەهات، یەخەی پێ گرتن و دەوری دان.)  (النحل: ٣٤)

   خودای گەورە مەیلکردن و یارمەتیدانی ستەمکارانی حەرام کردووە، هەروەکو چۆن بەرگریلێکردنیشیانی حەرام کردووە، دەفەرمووێت: (قَالَ رَبِّ بِمَا أَنْعَمْتَ عَلَيَّ فَلَنْ أَكُونَ ظَهِيرًا لِلْمُجْرِمِينَ: مووسا گوتی: پەروەرگارم بە هۆی ئەو ناز و نیعەت و هێز و توانایەی پێت داوم، هەرگیز نابمە پشتیوان بۆ تاوانباران.) (القصص: ١٧)

   ستەم -چ لەسەر ئاستی تاک یان کۆمەڵ یان دەوڵەت- کۆتاییەکی زەرەرمەندانە و خەراپی هەیە. بە هۆی ستەمەوە، ترس هەمووان دەگرێتەوە و ئەمن و ئاسایش ناهێڵێت. تەنانەت خودی ستەمکاریش توندترین ترس ڕووی تێ دەکات، هەروەها گوزەرانی تەڵخ و تاڵ، ژیانی هەموو خەڵکی دەگرێتەوە. لە بوونی ستەمدا، هیچ کۆڵەکە و کۆمەکییەک نابێت، وڵات و گەلان بتوانن خۆیانی پێ بگرنەوە. چەند گەل و میللەت هەبوون، بە هۆی ستەم و مەیلکردنیان بۆ لای ستەمکاران، بێکۆمەکی و ڕاگر کەوتن. لە کۆنیشەوە گوتراوە: «خودا یارمەتیی گەلی دادپەروەر دەدات، ئەگەر کافریش بێت، یارمەتیی گەلی ستەمکاریش نادات، ئەگەر موسوڵمانیش بێت.»

   چەندە زۆرن، ئەو ستەمکارە چەوسێنەرانەی، کە گەلەکانیان شۆڕشیان بەرانبەر خۆیان و یارمەتیدەرانیان بەرپا کرد و، شوێن و جێگەیان بوو بە وێرانەیەک و هیچی تر. ئەوەیش لەبەرئەوەی ستەم و زۆرداری، خەراپەکارین لە زەویدا، لەبەرئەوەیش خودای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّ اللَّهَ لَا يُصْلِحُ عَمَلَ الْمُفْسِدِينَ: بەڕاستی خودا کردەوەی خەراپەکاران چاک ناکات.) (یونس: ٨١)

   جا هەروەکو چۆن ناتوانرێت بە بەکارهێنانی ئامرازی خەراپ، ئەنجامی باش بەدەست بێت، بە هەمان شێوەیش ناتوانرێت سەقامگیری بۆ گەلان، بە ستەم و زەبر و زۆرداری بەدەست بێت. نایشکرێت لە کاتی تێکچوونی تەرازووی دادپەروەری و بڵاوبوونەوەی خەراپە و دەرکەوتنی خراپەکاران، گەشەسەندن و بووژانەوە و ئاوەدانی بەدەست بێت.

   لەم وڵاتەدا؛ لە حاڵی حازر کە تێیدا دەژیین، دەستەڵات نازانێت خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و هەستانەوە، بە پشتبەستن بە ستەم، دانانی زەبر، ڕاماڵینی مافەکان و پێشێلکردنی ئازادی، بەدەست نایەت.

   ستەم وەکو سەرەتان وایە کاتێک بە لاشەدا بڵاو دەبێتەوە، مرۆ هەست بە بوونی ناکات، تا ئەو کاتەی دەگاتە ڕأدەیەکی زۆر و، ڕزگاربوون لێی مەحاڵ دەبێت. ستەم لەناوبەر و بەهیلاکبەری تاک و وڵاتە، خودای گەورە دەفەرمووێت: (وَتِلْكَ الْقُرَى أَهْلَكْنَاهُمْ لَمَّا ظَلَمُوا وَجَعَلْنَا لِمَهْلِكِهِمْ مَوْعِدًا: ئەو هەموو شارانەمان وێران کرد، کاتێک -دانیشتووانیان- ستەمیان کرد، بۆ لەناوبردنیان کاتێکی دیاریکراومان دانابوو.) (الکهف: ٥٩)

   جا کاتێک، کاتی تۆڵەسەندنەوە لە ستەمکار هات، بە هیچ شێوەیەک دوا ناکەوێت، (فَيَقُولُ الَّذِينَ ظَلَمُوا رَبَّنَا أَخِّرْنَا إِلَى أَجَلٍ قَرِيبٍ... فَلَا تَحْسَبَنَّ اللَّهَ مُخْلِفَ وَعْدِهِ رُسُلَهُ: ئەوانەی کە ستەمیان کردووە دەڵێن، ئەی پەروەردگارمان بۆ ماوەیەکی کەم دوامان بخە ... جا -ئەی پێغەمبەر- وا گومان مەبە، کە خودا ئەو بەڵێنەی بە پێغەمبەرانی داوە، بەجێ نەهێنێت.) (إبراهیم: ٤٤ـ٤٧)

   چەندە زۆرن، ئەو ستەمکارە چەوسێنەرانەی، کە گەلەکانیان شۆڕشیان بەرانبەر خۆیان و یارمەتیدەرانیان بەرپا کرد و، شوێن و جێگەیان بوو بە وێرانە و پاشماوە، خودا دەفەرمووێت: (فَتِلْكَ بُيُوتُهُمْ خَاوِيَةً بِمَا ظَلَمُوا: ئینجا ئەوە خانووەکانیانە چۆڵ و خاڵییە، بە هۆی ئەوەی کە ستەمیان دەکرد.) (النمل: ٥٢) و، دەفەرمووێت: (وَكَمْ قَصَمْنَا مِنْ قَرْيَةٍ كَانَتْ ظَالِمَةً وَأَنْشَأْنَا بَعْدَهَا قَوْمًا آخَرِينَ: چەندان شار و دێهاتمان کاول کرد، کە -خەڵکەکەی- ستەمکار بوون، لەپاش وانیش، گەل و تاقمی ترمان -لە جێیان- بەدی هێنا.)

   دۆخی ستەمکاران لە دواڕۆژیشدا، سزا و ڕیسواییە، خودای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَوْ تَرَى إِذِ الظَّالِمُونَ مَوْقُوفُونَ عِنْدَ رَبِّهِمْ يَرْجِعُ بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ الْقَوْلَ يَقُولُ الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا لِلَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا لَوْلَا أَنْتُمْ لَكُنَّا مُؤْمِنِينَ، قَالَ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا أَنَحْنُ صَدَدْنَاكُمْ عَنِ الْهُدَى بَعْدَ إِذْ جَاءَكُمْ بَلْ كُنْتُمْ مُجْرِمِينَ: خۆ گەر دەبینیت -لە دواڕۆژدا- کاتێک ستەمکاران لەبەردەم پەروەردگاریاندا وەستێنراون، قسە بە یەکتر دەڵێن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن، لاوازکراوان بە زۆردار و خۆبەگەورەزانان دەڵێن، گەر ئێوە نەبوایەن ئێمە باوەڕدار دەبووین، خۆبەگەورەزانانیش بە لاوازکراوان دەڵێن، بۆچی مەگەر ئێمە ڕێگەی هیدایەتمان لێ بەستبوون، کاتێک بۆتان هات؟! بەڵکوو خۆتان تاوانبار بوون.) (سبأ: ٣١ـ٣٢)

   کۆبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک، بە سەرجەم ئەو کەرەستە کاریگەرانەی کە شکیان دەبات و، ڕیزبوونی هۆشیارانە و، جێهێشتنی مەجلیسی تەماشاکەران و چۆڵکردنی خانە و ماڵی بێدەنگبووان، تاکە ڕێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم.

   زۆربەی جار قسە لەسەر ستەمکاران و زۆرداران و چەوسێنەران دەکەین، کەچی قسە لەسەر تەماشاکەرانی بێدەنگبوو ناکەین، لەگەڵ ئەوەی گەر ئەم تەماشاکەر و بێدەنگبووانە نەبوایەن، ستەمکار نەیدەتوانی درێژە بە ستەم و زۆردارییەکەی بدات. هەمیشە وا هاتووە ڕووی تووڕەیی و سەرزەنشت، لە ستەمکار و چەوسێنەر بووە، بەبێ بەگژداچوونی ئەوانەی کە بە بێدەنگی و تەماشاکردنیان، ستەمکار و چەوسێنەر بەهێز دەبێت.

   بەردەوامیی ستەم و سیستمی چەوسانەوە، بە بەردەوامیی بێدەستەڵاتیی کۆمەڵگە، لە بەرگریکردن و مانەوەی لە شوێنی تەماشاکەراندا، وەستاوە. لەبەرئەوەیە سیستمی چەسێنەر و زۆردار، دەتوانێت هێزی بەرگریکردن لای کۆمەڵگا نەهێڵێت و، لە ڕێگەی بەکارهێنانی شێوازی دامرکێنەرەوەی جیاوازەوە، بەسەریدا زاڵ و بەهێز بێت -کە لە بنچینەدا ئەو شێوازانە بۆ بەرگریکردن لە ستەم و چەوساندنەوە و چالاککردنی توانای زۆرینە دانراوە- تاوەکو ویست و هەڵبژاردنی سەرپشک لای میللەت، لەنێوان چەوساندنەوەیەکی یەکلا، چەوساندنەوەیەکی نەرم، چەوساندنەوەیەکی ژیرانە و چەوساندنەوەیەکی دادپەروەرانەدا، تەسک ببێتەوە. یان ئەمە یا ئەوە، کە هەردووی وەکو کەسێکە پەنا بباتە بەر تینی ئاگر.

   خودا لە کتێبەکەیدا لۆمە و هەڕەشەی پشتلێکردنی، لە تەماشاکەرانی بێدەنگبووی بەرانبەر بە ستەم و خۆبەدەستەوەدانیان بۆی، کردووە، دەفەرمووێت: (إِنَّ الَّذِينَ تَوَفَّاهُمُ الْمَلَائِكَةُ ظَالِمِي أَنْفُسِهِمْ قَالُوا فِيمَ كُنْتُمْ قَالُوا كُنَّا مُسْتَضْعَفِينَ فِي الْأَرْضِ قَالُوا أَلَمْ تَكُنْ أَرْضُ اللَّهِ وَاسِعَةً فَتُهَاجِرُوا فِيهَا فَأُولَئِكَ مَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ وَسَاءَتْ مَصِيرًا: بەڕاستی ئەوانەی کە ستەمیان لە خۆیان دەکرد، کاتێک فریشتەکان گیانیان دەکێشن پێیان دەڵێن، لە چیدا بوون و لە کوێ ژیانتان دەگوزەراند؟! ئەوانیش دەڵێن، ئێمە لەسەر زەویدا چەوساوە بووین، -فریشتەکان- دەڵێن، مەگەر زەویی خودا فراوان نەبوو تا کۆچ بکەن؟. ئەوانە شوێنیان دۆزەخە، کە جێگە و سەرئەنجامێکی ناخۆش و خراپە.) (النساء: ٩٧)

   کۆبوونەوەی کۆمەڵانی خەڵک، بە سەرجەم ئەو کەرەستە کاریگەرانەی کە شکیان دەبات، ڕیزبوونی هۆشیارانە، جێهێشتنی مەجلیسی تەماشاکەران و چۆڵکردنی خانە و ماڵی بێدەنگبووان، تاکە ڕێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و وەستان بە ڕووی چەوساندنەوە و زۆرداریدا. پێویستە هەمووان ئامادەی دانی ئەو نرخە گەورەیە بن.
تاگەکان    
ئازادی دەروونناسی شەڕ ئەنیمی ژن وەرزش نائومێدی تەکنۆلۆژیا نامە پۆرن کۆیلایەتی عێڕاق زانست دەربارەی کتێب تەلارسازی
فیکر
2020-09-07 کۆمێنت 1364 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی