مزگەوت و سیاسەت

نووسینی: د. یووسف قەرەزاوی وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-08-31 کۆمێنت 2368 جار بینراوە

پرسیار: سەبارەت بە بابەتێکی گرنگ، مشتومڕی توندمان لەنێواندا هەڵگیرساوە، هەر یەکەمان جیاواز لێی دەڕوانین، هەندێکمان قبووڵێتی و هەندێکیشمان ڕەدی دەکاتەوە، هیچ یەک لەم دوو گرۆیە نەیتوانیوە قەناعەت بەوی دی بکات. بە هۆی گرنگیی بابەتەکە و مەترسییەکانی -بەتایبەت لە ئێستادا-  پێمان باش بوو حوکم و بڕیار بهێنینە لای بەڕێزتان. 

   ئەو بابەتەیش ئەوەیە: ئایا بەکارهێنانی مزگەوت بۆ غەرەزی سیاسی، ڕێپێدراوە؟ ئەگەر دروستە بەڵگە چییە و، گەر نادروستیشە بەڵگە چییە؟

خودا پاداشتتان بداتەوە.

وەڵام: مزگەوت لە سەردەمی ڕەسوولدا (دروودی خوای لێ بێت) چەقی بانگەواز و فەرمانگەی دەوڵەت بوو: 

   مزگەوت لە سەردەمی پێغەمبەری خودادا (دروودی خوای لێ بێت) ، بنکەی تەواوی چالاکییەکانی کۆمەڵی موسوڵمانان بوو، بەتەنیا خانەی خواپەرستی و نوێژ نەبوو، بەڵکوو بۆ پەرەستش، مزگەوت و بۆ زانست، زانستگە و بۆ ئەدەب، کۆڕ و بۆ ڕاوێژ، پەرلەمان و بۆ یەکترناسین کۆکەرەوە بوو، وەفدەکانی نیمچەدوورگەی عەرەب بۆ مزگەوت دەنێردران و، پێغەمبەریش (دروودی خوای لێ بێت) لە مزگەوتدا لەگەڵیان کۆ دەبووەوە. وتار و تێبینی و تەوجیهاتەکانی پێغەمبەری خودا لە هەموو بوارەکانی ژیان -ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی- لە مزگەوتدا بوو. لە ژیانی پێغەمبەری خودادا (دروودی خوای لێ بێت) جیاکاری لەنێوان ئایین و سیاسەتدا نەبوو، کە ئێستا خەڵکی جیاکارییان تێیدا کردووە، هەروەها جگە لە مزگەوت، هیچ شوێنێکی تریش بۆ سیاسەت نەبوو، تا ناوی لێ بنێت ئەمە بۆ دین و، ئەوە بۆ دونیا، جا بۆیە مزگەوت ناوەندی بانگەواز و خانەی دەوڵەت بوو.


مزگەوت لەنێوان سەردەمانی گەشەسەندن و دواکەوتندا:

مزگەوت لە سەردەمی خولەفای ڕاشیدینی دوای پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت)، بە هەمان شێوە جێگای سەرجەم چالاکییەکانیان بوو؛ سیاسی و جگە لە سیاسەتیش.

   لە مزگەوتدا بوو کە ئەبوو بەکری سدیق (ڕەزای خوای لێ بێت) وتارە بەناوبانگەکەی دا و، تێیدا مەنهەجی سیاسی و ستراتیژیی فەرمانڕەوایەتییەکەی دیاری کرد، فەرمووی: «أيها الناس، إني وليت عليكم ولست بخيركم، إن رأيتموني على حق فأعينوني، وإن رأيتموني على باطل فسددوني.» (ئەی خەڵکینە، من کرام بە فەرمانڕەواتان و باشترینتان نیم، گەر لەسەر ڕاستی بینیمتان، یارمەتیم بدەن و، ئەگەر وەنێو ناڕەوایشدا کەوتم، ڕێم پێ بگرن.) عومەریش (ڕەزای خوای لێ بێت) لە مزگەوتدا بوو کە گوتی: «أيها الناس، من رأى منكم فيّ إعوجاجا فليقومني. فرد عليه أحد المصليين: والله لو رأينا فيك إعوجاجا لقومناه بحد سيوفنا! فيرد عليه عمر قائلا: الحمد لله الذي جعل في رعية عمر من يقوم إعوجاجه بحد سيفه.» (ئەی خەڵکینە، هەر کەستان لارییەکی تێمدا بینی، ڕاستم بکاتەوە. یەکێک لە نوێژخوێنان پێی گوت: سوێند بێت بە خودا گەر لارییەکت تێدا ببینین بە تیژیی شمشێرەکانمان ڕاستی دەکەینەوە. عومەر وەڵامی دایەوە: سوپاس و ستایش بۆ ئەو خودایەی کە لە فەرمانڕەوایەتیی عومەردا کەسانێکی داناوە تا بە تیژیی شمشێرەکانیان، لارییەکەی ڕاست بکەنەوە.)

   لە باشترین سەردەمەکانی ئەم ئوممەتەدا؛ سەردەمانی گەشەسەندن، مزگەوت هەر بەو شێوە مایەوە و بەردەوام بوو. جا کاتێک ئەستێرەی شارستانەتیی ئیسلامی دیار نەما و ئاوا بوو، موسوڵمانان لە هەموو ڕوویەکی ژیانەوە دوا کەوتن، حاڵی مزگەوتیش گۆڕا و، بوو بە جێگایەک بۆ ئەنجامدانی نوێژ و بەس، وتاریش تووشی کەلێن هات و ڕەنگی مردووی لێ نیشتبوو، چونکە لە پەڕاودا دەنووسرا و دەخوێندرایەوە، دەربڕینەکانیشی دەڕازێنرانەوە و لەسەر شێوەی هۆنراوە دەردەبڕدران، هەموویشی بە دەوری یەک بابەتدا دەسووڕایەوە وەکو وازهێنان لە دونیا، باسکردنی مردن، تاقیکردنەوەی گۆڕ و سزای دواڕۆژ.

   جا کاتێک ڕۆح هاتەوە بە بەری لاشەی بێگیاندا، بە شێوازێک کە مزگەوت زیندوو بوویەوە و، وای لێ هات هەندێک لە وتاربێژان باسیان لە بابەتە گشتییەکانی موسوڵمانان دەکرد، بە ڕەخنەگرتن لە هەندێک دۆخی لاری نێو ئەم ئوممەتە، بەتایبەت لە خواروخێچیی فەرمانڕەواکانی، ستەمی بەهێزەکانی بەرانبەر لاوازەکانی، دەوڵەمەندەکانی بەرانبەر هەژارەکانی و بێدەنگیی زانایان و فەرمانڕەواکانی لەبەرانبەر ئەو زوڵمانەدا. جا هەندێک لە خەڵکی دەڵێن: وتاربێژ خۆی لە سیاسەت هەڵقورتاندووە!
   

سیاسەتی قبووڵکراو و سیاسەتی نەویستراو:

نازانم بۆچی باسکردنی وشەی سیاسەت بە جۆرێکە وەکو ئەوەی سووکی و تاوانێک بێت؟! لەگەڵ ئەوەی سیاسەت -لەو ڕووەی کە علمە- لە زانستە پایەدارەکان دەژمێردرێت. لە ڕووی کار و کۆششکردنیشەوە لە پیشە باشترینەکان هەژمار دەکرێت. 

   سەیر ئەوەیە هەندێک لە سیاسییەکان دەپرسن: ئایا تێوەگلانی مزگەوت لە بوارە سیاسییەکاندا جائیزە؟! لە کاتێکدا ئەوان لە نووکی لووتیانەوە تا پەنجەی پێیان لەنێو سیاسەتدا نقوم بووە.

   سیاسەت لە خودی خۆیدا نەویستراو و خەراپ نییە، ئەگەر لەگەڵ بنچینە و چوارچێوەی ئەحکام و بەهاباڵاکانی ئیسلامدا بگونجێت.

   سیاسەتی نەویستراو، سیاسەتی میکاڤیلییە، کە پێی وایە ئامانج تەنیا گەیشتنە بە وەسیلە و هۆکار، بێگوێدانە ڕەوشت و پابەندبوون بە بەهایەکەوە، هەروەها هیچ گوێی لە حەڵاڵ و حەرامێک نییە.

   بەڵام ئەو سیاسەتەی کە دەیەوێت کاروباری هەموو خەڵکی بەو شێوەیەی سوود و قازانجیانی تێدایە هەڵسووڕێنێت، خراپەکارییان لەسەر هەڵگرێت و تەرازووی دادپەروەرییان لەنێواندا دانێت، ئەوە لەگەڵ دیندایە لەسەر یەک هێڵ، بەڵکوو بەشێکە لە ئایینەکەمان وەکوو موسوڵمان، ئەوە عەقیدە و پەرستش و ڕەوشت و دەستووری تەواوە بۆ هەموو ژیان. بەم واتایە پەیامی مزگەوت بەو شێوەی کە ئیسلامە ڕاستەکە ویستوویەتی، نایەوێت سیاسەتی لێ داببڕدرێت. 

   مزگەوت بۆ کاری موسوڵمانان دانراوە و، بۆ هەر شتێکی باشیش کە لە دین و دونیایان بۆی بگەڕێنەوە، لە مزگەوتدا خەڵکی فێری ڕاستی و چاکە و گەورەیی لە هەموو بوارەکانی ژیانیان، ڕۆحی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی دەبن.

   ئەم سیاسەتە دەچێتە بابی فەرزە ئیسلامییە ناسراوەکانەوە، ئەم سیاسەتە لە ڕکێفی ئامۆژگاری (نەسیحەت)ە، کە پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت) ئامۆژگاری بە هەموو ئایین داناوە، وەکوو دەفەرمووێت: «الدين النصيحة، قالوا: لمن يا رسول الله؟ قال: لله ولرسوله ولكتابه، ولأئمة المسلمين وعامتهم.» (ئەم ئایینە ئامۆژگارییە، گوتیان: بۆ کێ ئەی نێردراوی خودا؟ فەرمووی: بۆ خودا و بۆ پێغەمبەرەکەی و بۆ کتێبەکەی و بۆ پێشەوای موسوڵمانان و هەموو خەڵکیش.»

   ئەم سیاسەتە لە بابی ئامۆژگاریکردن لە پابەندبوون بە حەق و پابەندبوون بە ئارامگرتنە، کە قورئان وەکوو مەرجێک بۆ ڕزگاربوون لە زیان و دۆڕانی دونیا و دواڕۆژدا دایناوە، وەکوو دەفەرمووێت: (وَالْعَصْرِ (1) إِنَّ الْإِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ (2) إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ (3)) (العصر) (سوێند بە کات، بەڕاستی خەڵکی لە زیاندایە، مەگەر ئەوانەی کە بڕوایان هێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە و، ئامۆژگاریی یەکتریان کردووە لەسەر ڕاستی و لەسەر ئارامگرتن. 

   ئەم سیاسەتە لە ڕکێفی فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خەراپەیە، کە خودای گەورە وەکوو یەکەم هۆکاری باشێتی و چاکێتی ئەم ئوممەتەی دیاری کردووە، (كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ ...) (آل عمران: ١١٠) (ئێوە چاکترین گەلێک بوون بۆ خەڵکی هێنرابێتە دی، فەرمان بە چاکە و نەهی لە خەراپە دەکەن و، باوەڕیش بە خودا دێنن.)
   
هەروەها کردوویەتی بە وەسفی سەرەکی بۆ باوەڕداران لە پیاوان و ئافرەتان، (وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ ...) (التوبة: 71) (پیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار هەندێکیان یارمەتیدەر و خۆشەویستی هەندێکی تریانن، فەرمان بە چاکە و نەهی لە خەراپە دەکەن، نوێژ بەجێ دێنن و زەکات دەدەن، گوێڕایەڵی خودا و نێردراوەکەی دەکەن، ئا ئەوانە لە داهاتوودا خودا سۆزیان بەرانبەر دەنوێنێت.) بە هۆی گرنگیی واجبێتیی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خەراپە، فەرمان و نەهییەکەی پێش نوێژ و زەکات خستووە، کە نوێژ و زەکات لە پایەکانی ئیسلامن!

   لەبەرانبەریشدا بە نەفرەتکردنی ئەوانەی پێ ڕاگەیاندووین، کە ئەم فەرزە گەورەیەیان بەجێ نەهێنا لە ئوممەتانی پێشوو، (لُعِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ بَنِي إِسْرَائِيلَ عَلَى لِسَانِ دَاوُودَ وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ذَلِكَ بِمَا عَصَوْا وَكَانُوا يَعْتَدُونَ (78) كَانُوا لَا يَتَنَاهَوْنَ عَنْ مُنْكَرٍ فَعَلُوهُ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَفْعَلُونَ (79)) (المائدة) (نەفرین کرا لەوانەی بێبڕوا بوون لە نەوەکانی ئیسرائیل لەسەر زمانی داوود و عیسای کوڕی مەریەمەوە، ئەویش لەبەرئەوەی سەرپێچییان کرد و دەستدرێژییان دەکرد. ئەوان قەدەغەی یەکتریان نەدەکرد لە خەراپە و تاوانێک کە دەیانکرد، بەڕاستی کارێکی زۆر ناپەسەندیان دەکرد.)

   لە میانەی ئامۆژگاری و پابەندبوون بە حەق و، فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خەراپە، پێویستە مزگەوت لە ئاراستەکردنی سیاسەتی گشتی بۆ خەڵکی، ڕۆڵی هەبێت. هەروەها لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا ڕێنیشاندەر بێت و، لە فێڵی دوژمنان بەرچاوڕۆشنی بدات. 

   لە کۆندا مزگەوت لە هاندان بۆ جیهاد لەپێناو خودا و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی میللەت لە جەنگی زۆرداراندا، ڕۆڵی خۆی هەبوو.

   ڕاپەڕینە موبارەکەکەی زەویی پێغەمبەران (فەلەستین) لە مزگەوتەوە سەری هەڵدا و بانگەشەکانی سەرەتای شۆڕشەکە لە شوێنی بانگدانەوە هەڵقوڵا، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە ناو نرا شۆڕشی مزگەوت.

 

 لە شۆڕشی ئەفغانستان و هەموو شۆڕشەکانی ئیسلامدا، مزگەوت ڕۆڵی بێنکۆڵیی هەبووە.

   بیرمە ساڵی ١٩٥٦ز کاتی جەنگی سێ دوژمنەکە -بەریتانیا و فڕەنسا و ئیسرائیل- بەرانبەر بە میسر، لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بانگ کرام -کە ئەوکات شێخ ئەحمەد باقووری وەزیری بوو- تا وتاری هەینی لە یەکێک لە مزگەوتە گەورەکانی قاهیرەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆحی مەعنەوی لای خەڵکی بدەم. لەگەڵ ئەوەی من لەو کاتەدا قەدەغە کرابووم لە وتاردان و وانەوتنەوە و هەر کارێک کاریگەری لەسەر خەڵکی هەبووایە، بەڵام زەرووری و ناچاری وای کرد داوای یارمەتی لە من بکەن. 

   وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری مزگەوت ماوە ماوە داوایان لە وتاربێژان دەکرد، کە وتار لە بابەتگەلێکی دیاریکراو بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی بدەن، وەکو لەناوچوونی ئابووری، بەرهەڵستیی توندوتیژی، بەگژداچوونی زیادەڕەوی، بانگەواز بۆ یەکپارچەیی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە سەرخۆشکەرەکان ... کە هەموویان لە کڕۆکی سیاسەتن.



کەواتە مەبەست لە غەرەزی سیاسی -کە بابەتی پرسیارەکەیە- چییە؟

ئەوەی کە لەم پرسیارە و نموونەی ئەم پرسیارە دەخوێندرێتەوە، بەکارهێنانی سیاسەتە لە مزگەوتەوە بۆ بەرگریکردن لە حکومڕانی.

   بە بۆچوونی من، ئەمە بەڕەهایی مەنع ناکرێت و بەڕەهاییش قبووڵ ناکرێت.

   ئەوەی جێی قبووڵ نییە، باسکردنی ناوی دیاریکراو و درێژەپێدانی بابەتی لاوەکییە، لەسەر شێوەی تانە و بریندارکردن و ناوزڕاندن، جا مینبەر نابێت بۆ ئەم شتانە بەکار بهێنرێت و، جائیز نییە بکرێت بە شوێنی شەڕەجوێن و دەمارگریی حیزبی.

   بەڵکوو مزگەوت تەنیا بەرەنگاری هەر شتێک پێچەوانەی شەرع بێت، دەوەستێتەوە، ئەگەر سیاسەتی حکوومەتیش بێت. مزگەوت بۆ چەسپاندنی شەرعی خودا بنیات نراوە، نەک چەسپاندنی سیاسەتی حکوومەتێکی دیاریکراو.

   گەر حکوومەت پێچەوانەی شەرعی خودا جووڵایەوە، مزگەوت لە ڕیزی شەرع دەوەستێت نەک ڕیزی حکوومەت.

   بەئاگاهێنانی ئوممەت و ئاگەدارکردنەوەی لەو تاغووتانەی کە ئایینەکەی تەخشانوپەخشان پێ دەکەن و فەرمانڕەواییەتیی ئوممەت بە هەوا و ئارەزووی خۆیان یان گەورەکانیان -ئەوانەی کە هیچ کات فریایان نەکەوتن و لەدەست خودا ڕزگاریان ناکەن- دەکەن، مافی لەپێشینەی مزگەوتە. لە هیچ بارودۆخێکدا دروست نییە مزگەوت لەم مافە سروشتی و لۆژیکی و مێژووییەی داببڕدرێت و مەنع بکرێت.

   لە هەندێک وڵاتی ئیسلامیدا، حکوومەت یاسایەکی پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بۆ خێزان دەرکردووە، زانایانیش بەرەنگاری بوونەتەوە و، لە مزگەوتەکانەوە جاڕیان بۆی داوە، کە جگە لە مزگەوتەکانیش هیچ شتێکی دیکەیان شک نەبردووە، بەو پێیەی هەموو هۆکارەکانی تری ڕاگەیاندن موڵکی حکوومەتن. دەستەڵاتی زۆرداریش هیچ شتێکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە دەرکردنی بڕیاری سێدارە و سووتان بۆ ئەم زانا بلیمەت و بوێرانە، نموونەی ئەوەیش وەکو ئەوەی لە سۆماڵ لە سەردەمی محەمەد سەییاد بریدا ڕووی دا، کە دواتر گەل دوای ئارامگرتنێکی درێژ شۆڕشیان دژی کرد و لایان دا.

   دەستەڵاتداران دەیانەوێت مزگەوت بەتەواوی بۆ سیاسەتی خۆیان بەکار بهێنن، گەر لەگەڵ ئیسرائیلدا سوڵحان، ئەوە سوڵح خێرە و خودایش دەفەرمووێت: (وَإِنْ جَنَحُوا لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ) (الانفال: ٦١) (گەر دوژمنان بە لای ئاشتیدا دایانشکاند و پێی ڕازی بوون، ئەوە تۆیش (ئەی پێغەمبەری خودا) مەیلی ئاشتی بکە و پشت بە خودا ببەستە.)

   خۆ گەر پەیوەندییان بەرەو خەراپە دەچوو، ئەوە بێگومان یەهوود سەرسەختترینی دوژمنانن بەرانبەر بە باوەڕداران، جا سوڵح لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر حەرام و خیانەتە.

   بەو شێوەیەیش مینبەر نابێتە زمانێکی ڕاستگۆ بۆ پەیامی ئیسلام، بەڵکوو دەبێتە ئامێری ڕیکلام بۆ سیاسەتی فەرمانڕەوایان، ئەوەیش متمانەی مزگەوت لەدەست دەدات و فەشەل بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئوممەت دەهێنێت و لە قەدری زانایان و بانگخوازانی ڕێگەی خودا کەم دەکاتەوە.

خودای گەورە دین و دنیامان سەلامەت بکات.

تاگەکان    
وەلی ئەمر گێڕانەوە چەواشەکاریی لۆژیکی فەڵەستین کۆرۆرنا موناجات ئەدەبیاتی فارسی سیاسەت یاری ئازادی فەلەستین #پیری وەچەخستنەوە باران مۆدێرنە
فیکر
2020-08-31 کۆمێنت 2368 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی