بێدەنگبوون لەبەرانبەر ستەمکاردا، بەشداریکردنە لە ستەم

نووسینی: ئەسعەد فەتحی وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیکر 2020-08-23 کۆمێنت 2937 جار بینراوە
خودای گەورە لە فەرموودەیەکی قودسیدا دەفەرمووێت: «يا عبادي إني حرمت الظلم على نفسي، وجعلته بينكم محرما، فلا تظالموا: ئەی بەندەکانم، من ستەمم لەسەر خۆم حەرام کردووە و، لەنێوان ئێوەیشدا حەرامم کردووە، کەواتە ستەم بەرانبەر یەکتر مەکەن.»

   ئەمە فەرمانی خودایە لە فەرموودە قودسییەکەدا هاتووە، خودا پێش قیامەت، هەر لە دنیادا پشتی ستەمکار بە زەویدا دەدات، ئەمە بەڵێنی خودایە و قسەی تێدا ناکرێت. هەر کەس مێژووی ستەمی خوێندبێتەوە، ناشیرینترین کۆتایی بۆ ستەمکار بینیوە و، هەر کات ستەم زیادی کردبێت، سزایش زیادی کردووە. جا دەبێت چی ڕوو بدات، کاتێک کوشتن و ستەم یەک بگرن؟! وەکو ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتە موسوڵمانەکاندا دەیبینین و بینیومانە.

   ستەمکار چەند ئامرازێکی هەیە، لە کاتی ستەمدا پشتیان پێ دەبەستێت، یەکەم ئامراز، ڕاوێژکار و یارمەتیدەرانێتی، پاشان ئامرازە جێبەجێکارەکانی وەکو سوپا و هۆکاری ئەمنی، هەندێک هۆکاری تریش هەن -وەکو ڕاگەیاندن- کە باشییەکانی پەخش و بڵاو دەکەنەوە و خەراپەکانیشی بە جوان و ڕازاوە دەردەخەن. هەروەها دامەزراوەی شەرعێنەری هەیە بۆ ستەمەکەی، وەکو شێخەکانی دەستەڵات و زاناکانیان و دادوەرانیان، (وَكَذَلِكَ نُوَلِّي بَعْضَ الظَّالِمِينَ بَعْضًا بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ: هەر بەو شێوەیەیش ستەمکاران دەکەینە پشتیوان و خۆشەویست و هاوکاری یەکتر، بە هۆی ئەو کار و کردەوانەی کە دەیانکرد.) (الأنعام: 129)

   لە مەترسیدارترین و گەورەترین و قورسترین ئامرازەکانی ستەمکار، گەل و خەڵکییە، بەڵێ؛ لە ستەمەکەیدا بەکاریان دێنێت. بەڵکوو گەر ئەوان نەبوایەن، نەیدەتوانی ستەم بکات، کەسی بۆ ستەمکردن نەدەنارد، ستەمی درێژەی نەدەکێشا و لەخۆبایی و زاڵ نەدەبوو. چونکە زاڵم گەر دامرکێنەرەوەیەک داینەمرکێنێتەوە و، لە پێشیدا نەوەستێت، ستەم و زۆردارییەکەی زیاد دەکات و، توانا و دەستەڵاتەکەی بەرزتر دەبێت. ئەوکات بەناحەق پەلامار دەدات، بەناحەق زیندانی دەکات، بەناحەق وێڵ و سەرگەردان دەکات و، بەڵکوو بەناحەقیش دەکوژێت، تا وای لێ دێت خۆی بە خودا دەکات و، سزای هەر کەسێک کە پێچەوانەی ئەو بێت، دەدات و، لەوانەیە هەر کەسێکیش کە خۆشی نەوێت، سزا بدات.

   لێرەدا قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەریش (د.خ)، ئاگاداریی بێدەنگنەبوون لەبەرانبەر ستەمکار دەدەن، چون بێدەنگی یارمەتیدانی ستەمکارە، چ پێی  بزانین یاخود نا. خودای گەورە لە لۆمەی قەومی فیرعەون و، باسکردنی حاڵیان لەگەڵ فیرعەوندا، دەفەرمووێت: (فَاسْتَخَفَّ قَوْمَهُ فَأَطَاعُوهُ: -فیرعەون- قەومەکەی بە سووک سەیر دەکرد و، ئەوانیش گوێڕایەڵییان دەکرد.) (الزخرف: 54) یانی گەر ئەوان سووکایەتییەکەیان قبووڵ نەکردایە، فیرعەونیش نەیدەتوانی بۆ پەرستنی خۆی ناچاریان بکات.

   گەر هەموو ئەو دەقانەی کە باسی فەرمانکردن بە چاکە و نەهیکردن لە خەراپە دەکەن و، هەموو ئەو دەقانەی دییش لەم بابەتەدا یەک دەگرنەوە، جیا بکەینەوە، ئەوا ژمارەیەکی زۆری دەق، لەسەر ئەم بابەتە -چ لە قورئان یان فەرموودەدا- دەبینین:

   سەرەتا، دەبینین خودای گەورە لە یارمەتیدانی ستەمکار و مەیلکردن بۆ لای،  ئاگەدارمان دەکاتەوە و دەفەرمووێت: (وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنْصَرُونَ: نەکەن مەیلی دڵتان لەگەڵ ئەوانەدا بێت کە ستەمیان کردووە، چون دووچاری ئاگری دۆزەخ دەبن و، جگە لە خودایش هیچ پشتیوانێکتان نابێت، پاشان یارمەتییش نادرێن.) (هود: ١١٣)

   قورئانی پیرۆز دڵنیای کردووەتەوە، کە هیدایەتی ستەمکاران نادات، بەڵکوو هەتا بێت گومڕایییان زیاتر دەکات، (يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالْقَوْلِ الثَّابِتِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ وَيُضِلُّ اللَّهُ الظَّالِمِينَ وَيَفْعَلُ اللَّهُ مَا يَشَاءُ: ئەوانەی کە بڕوایان هێناوە، خودا لە ژیانی دنیا و لە ڕۆژی دواییشدا، بە وتەی دامەزراو دامەزراویان دەکات و، ستەمکارانیش گومڕا دەکات و، خودا چیی بوێت، دەیکات.) (إبراهيم: ٢٧)

   خودای گەورە، لەو سزایە ئاگەدارمان دەکاتەوە، کە نەک تەنیا ستەمکاران، بەڵکوو هەمووان دەگرێتەوە، (وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْكُمْ خَاصَّةً وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ: هەروەها خۆتان لە ئاشووب و بەڵایەک بپارێزن، کە تەنیا ئەوانەتان ناگرێتەوە ستەمیان کردووە -هەمووتان دەگرێتەوە- بیشزانن بەڕاستی خودا، تۆڵەی زۆر بەزبرە.) (الأنفال: ٢٥)

   ئەوەیشی ڕوون کردووەتەوە کە لەناوچوون و فەوتان، ئەنجام و کۆتاییی ستەمکارانە، (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِرُسُلِهِمْ لَنُخْرِجَنَّكُمْ مِنْ أَرْضِنَا أَوْ لَتَعُودُنَّ فِي مِلَّتِنَا فَأَوْحَى إِلَيْهِمْ رَبُّهُمْ لَنُهْلِكَنَّ الظَّالِمِينَ: بێبڕوایان بە پێغەمبەرانی خۆیان گوت، بەڕاستی لە خاک و وڵاتەکەمان دەرتان دەکەین، یان دەبێت بێنەوە ڕیزی ئایینەکەی ئێمە، جا خودای گەورە پەیامی بۆ ناردن، کە بێگومان ستەمکاران لەناو دەبەین.) (إبراهيم: ١٣) و، دەفەرمووێت: (وَتِلْكَ الْقُرَى أَهْلَكْنَاهُمْ لَمَّا ظَلَمُوا وَجَعَلْنَا لِمَهْلِكِهِمْ مَوْعِدًا: ئەوەتا ئەو هەموو وڵات و شارانە، کاتێک ستەمیان کرد وێرانمان کردن، بۆ لەناوبردنیشیان کاتێکی دیاریکراومان دانابوو.) (الكهف: ٥٩) و، دەفەرمووێت: (وَكَذَلِكَ أَخْذُ رَبِّكَ إِذَا أَخَذَ الْقُرَى وَهِيَ ظَالِمَةٌ إِنَّ أَخْذَهُ أَلِيمٌ شَدِيدٌ: ئا بەو شێوەیە سزادانی پەروەردگارت، کاتێک خەڵکی شارەکان بە هۆی ستەمکارییانەوە سزا دەدات، بەڕاستی سزای ئەو، ئازاربەخش و توندە.) (هود: ١٠٢)

   جیا لەوانە، سەبارەت بە بێدەنگنەبوون لەبەرانبەر ستەمدا دەفەرمووێت: (إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَذَكَرُوا اللَّهَ كَثِيرًا وَانْتَصَرُوا مِنْ بَعْدِ مَا ظُلِمُوا وَسَيَعْلَمُ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَيَّ مُنْقَلَبٍ يَنْقَلِبُونَ: جگە لەوانەیان بڕوایان هێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە و، یادی خودایان زۆر کردووە و، پشتیوانییان لەو باوەڕدارانە کردووە کە ستەمیان لێ کراوە. ئەوانەی ستەمیان کردووە، دەزانن کاتێک دەگەڕێنەوە لای خودا، چۆن ژێرەوژوور دەبن و تیا دەچن.) (الشعراء: ٢٢٧) و، دەفەرمووێت: (وَالَّذِينَ إِذَا أَصَابَهُمُ الْبَغْيُ هُمْ يَنْتَصِرُونَ: هەروەها ئەوانەی کاتێک دەستدرێژی و ستەمیان لێ دەکرێت، تۆڵەی خۆیان دەستێنن و سەر داناخەن.) (الشورى: ٣٩) ئیمامی قورتوبی بە ڕەحمەت بێت لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێت: «واتە سزای ئەو کەسە دەدەن کە زۆردارییان بەرانبەر دەکات، خۆیان نادەنە دەست ستەمی دەستدرێژکارەوە.»

   سەید قوتب بە ڕەحمەت بێت دەڵێت: «ئەو کۆمەڵەیەی ڕێ دەدەن کۆمەڵێکی تر ستەمیان لێ بکات؛ بە شێوەیەک لە شێوەکانی ستەم -ستەمترین ستەمیش، دوورخستنەوە و نەویستنی شەرعی خودا و ڕێبازەکەیەتی بۆ ژیان- بە ڕووی ستەمکاراندا ناوەستن و، ڕێ لە خەراپەکارانیش ناگرن، ئەوە گرۆیەکن، شایەن بەوەن بەر تاوان و لەناوچوونی ستەمکاران و خەراپەکاران کەون …

   ئیسلام ڕێبازێکی هاوبەرپرسیاریی ئەرێنییە، بەرانبەر ستەم و خراپەکاری و کاری ناپەسەند، ڕێ بە دانیشتنی دانیشتووان و تەماشاکردنیان نادات، تا لەبەرانبەریدا بێدەنگ بن و، ئەویش بڵاوە بکات -ئەمە جگە لەوەی گەر ببینن خەڵکی شوێن ئایینی خودا ناکەون، بەڵکوو بۆ کاتێکە ببينن نكۆڵی لە تەنیاپەرستنی خودا دەکرێت و، پەرستنی بەندەکان جێگەی گرتووەتەوە!- پاشان گەر ئەرکی خۆیان ئەنجام دا، داوا لە خودا دەکەن لەنێو فیتنە و ئاشووبە دەریان بێنێت، چون ئەوان ئەوکاتە چاکەخوازن.

   هەروەها چەندان فەرموودەی مەزنیش، لەسەر واجببوونی وەستان بە ڕووی ستەمکاران و گرتنی دەستی چەوسێنەراندا، هاتووە: 

1. عن ابن مسعود قال: قال رسول الله ﷺ:  "إن أول ما دخل النقص على بني إسرائيل أنه كان الرجل يلقى الرجل، فيقول: يا هذا، اتق الله ودع ما تصنع فإنه لا يحل لك، ثم يلقاه من الغد وهو على حاله، فلا يمنعه ذلك أن يكون أكيله وشريبه وقعيده، فلما فعلوا ذلك ضرب الله قلوب بعضهم ببعض، ثم قال :لُعِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ بَنِي إِسْرائيلَ عَلَى لِسَانِ دَاوُدَ وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ذَلِكَ بِمَا عَصَوْا وَكَانُوا يَعْتَدُونَ كَانُوا لا يَتَنَاهَوْنَ عَنْ مُنْكَرٍ فَعَلُوهُ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَفْعَلُونَ تَرَى كَثِيرًا مِنْهُمْ يَتَوَلَّوْنَ الَّذِينَ كَفَرُوا لَبِئْسَ مَا قَدَّمَتْ لَهُمْ أَنْفُسُهُمْ - إلى قوله – فاسِقُون) (المائدة: 78-81) ثم قال: كلا، والله لتأمرن بالمعروف، ولتنهون عن المنكر، ولتأخذن على يد الظالم، ولتأطرنه على الحق أطرا، ولتقصرنه على الحق قصرا، أو ليضربن الله بقلوب بعضكم على بعض، ثم ليلعننكم كما لعنهم"  (رواه أبو داود والترمذي)

(ئیبنومەسعوود ڕەزای خوای لێ بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خودا دروودی خوای لێ بێت فەرموویەتی: لە سەرەتاوە یەکەم کەموکوڕی لە نەوەی ئیسڕائیلدا ڕووی دا، ئەوە بوو کاتێک پیاوێکیان دەگەیشت بە پیاوێکی تریان پێی دەگوت: کابرا! لە خودا بترسە و واز لەو کارە بێنە کە دەیکەیت، پاشان بۆ سبەینێ لەسەر ئەو حاڵە پێی دەگەیشتەوە، بەڵام -ئەمجارە- قەدەغەی لێ نەدەکرد، بەڵکوو خۆیشی لەگەڵیدا دەیخوارد و دەیخواردەوە و دەبوو بە هاونشینی، جا كاتێک ئەو کارەیان کرد، خودا دڵیانی تێکەڵ و پێکەڵ کرد و دای بەیەکدا، پاشان پێغەمبەری خودا ئەم چەند ئایەتەی خوێندەوە: «نەفرین کرا لەوانەی بێبڕوا بوون لە نەوەکانی ئیسڕائیل لەسەر زمانی داوود و عیسای کوڕی مەریەمەوە، ئەویش لەبەرئەوەی سەرپێچییان کرد و دەستدرێژییان دەکرد. ئەوان قەدەغەی یەکتریان نەدەکرد لە خەراپە و تاوانێک کە دەیانکرد، بەڕاستی کارێکی زۆر ناپەسەندیان دەکرد. دەبینیت زۆربەیان بە خۆشەویستی و پشتیوانیی ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون، ڕازین، خراپترین دەستپێشخەرییان بۆ خۆیان ئەنجام دا ... ئینجا فەرمووی: نەخێر، سوێند بە خودا دەبێت فەرمان بە چاکە و نەهی لە خەراپە بکەن و، بەر بە زۆرداریی زۆردار بگرن و، بیهێننەوە بۆ سەر ڕاستەڕێ و نەیەڵن بە موو لە حەق لا بدات، یان ئەوە دەکەن، یاخود خودا دڵەکانتان تێکەڵ و پێکەڵ و بەیەکدا دەدات، سەرەڕای ئەوەیش وەک لەعنەتی لەوان کرد لە ئێوەیشی دەکات.)

2. عَنْ أمِّ المؤمِنينَ أمِّ سَلَمةَ هِنْد بنتِ أبي أُمَيَّةَ حُذَيفةَ -رَضْيَ اللهُ عَنْهما- عَنْ النَّبيِّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم - أنَّه قَالَ: «إنَّه يُستَعملُ عَليْكُم أمراءُ فتَعرِفونَ وتُنكِرونَ، فمَنْ كرِه فقَدْ بَرِئ، ومَنْ أنْكَرَ فقدْ سَلِمَ، ولكنْ مَنْ رَضِيَ وتَابعَ»، قالوا: يَا رسولَ اللهِ، ألَا نقاتلُهم؟ قَالَ: «لا، ما أقامُوا فيكُمُ الصَّلاةَ» رواه مُسلم. (دایکی بڕواداران؛ ئوم سەلەمە ڕەزای خوای لێ بێت لە پێغەمبەری خوداوە دروودی خودای لێ بێت، دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: ڕۆژێک دێت کاربەدەستانێک دەبن بە فەرمانڕەواتان، چاک و خەراپ تێکەڵ دەکەن، جا هەر کەس خەراپەکەی پێ ناخۆش بێت، ئەوە لێیان بەریئە و خۆی ڕزگار دەکات، هەرکەسیش بەرهەڵستی بکات، ئەوە خۆی سەرفراز دەکات، بەڵام ماڵوێران ئەو کەسەیە بەو خەراپەیە قایل دەبێت و پەیڕەوییان لێ دەکات. گوتیان: ئەی پێغەمبەری خودا، ئایا لەگەڵیان نەجەنگین؟ فەرمووی: نا، تا ئەو کاتەی لەنێوتاندا نوێژ بکەن.)

3. عن أبي بكر الصديق -رضي الله عنه-ـ قال: يا أيها الناس إنكم تقرءون هذه الآية: (يا أيها الذين آمنوا عليكم أنفسكم لا يضركم من ضل إذا اهتديتم) وإني سمعت رسول الله صلى الله عليه وسلم يقول: "إن الناس إذا رأوا الظالم فلم يأخذوا على يديه أوشك أن يعمهم الله بعقاب منه" (رواه أبو داود والترمذي والنسائي بأسانيد صحيحة) (ئەبووبەکری سدیق ڕەزای خوای لێ بێت فەرمووی: ئەی خەڵکینە، ئێوە ئەم ئایەتە دەخوێننەوە -دەیکەن بە بیانوو بۆ وازهێنان لە فەرمان بە چاکە و نەهی لە خەراپە!-: «ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، ئێوە خەمی خۆتان بخۆن و چارەسەری خۆتان بکەن، گەر ئێوە ڕێگەی ڕاستی خۆتان بگرن، ئیتر بەدکاری و گومڕایی خەڵكی تر زیان لە ئێوە نادات.» من گوێم لە پێغەمبەری خودا بوو فەرمووی: هەر کات خەڵکی، ستەمکاریان بینی ستەم دەکات و، ئەمانیش دەستیان نەگرت و بە گژیدا نەچوون، ئەوە زۆر نێزیکە خودا سزایەکی گشتی بۆ هەموویان بنێرێت.)

4. قال رسول الله -صلى الله عليه وسلم- : «إذا رأيتم أمتي تهاب فلا تقول للظالم يا ظالم فقد تودع منهم" (رواه الحاكم وصححه). (پێغەمبەری خودا دروودی خوای لێ بێت فەرموویەتی: گەر بینیتان ئوممەتەکەم ترسا بە ستەمکار بڵێت، ئەی ستەمکار، ئەوە ئیتر هیچ خێرێکی تێدا نییە و دەستی لێ بشۆ.)

   ئەوەی سەیری ئەم دەقانە و جگە لەمانەیش بکات، تەواو دڵنیا و بێگومان دەبێت، کە بە گژداچوون و لێپرسینەوەی ستەمکاران واجبە، بەبێ گوێدان بەو ڕێگایەی کە بەرانبەریان دەیگرێتە بەر، مادام تاوان نەبێت یان خوێنی خەڵکی حەڵاڵ نەکات یان بە هۆیەوە خراپەکاری لە زەویدا بەرپا نەبێت. ئەمڕۆ چەندان ڕێگا و ئامرازی جۆراوجۆر هەن، کە دەتوانرێت لە ڕێیانەوە تا ڕادەیەک بەر بە ستەم بگیردرێت. چەندان هۆکاری تریش کە پێویستە بگیردرێنە بەر، تا ستەم تەشەنە نەکات و پەرە نەسێنێت.

تاگەکان    
#پیری فەلسەفەی ئەخلاق خێوەتگە زمان کۆرۆنا شەڕ زانایان پۆرن چەواشەکاریی لۆژیکی ئاوی زەمزەم بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن یادەوەری جەنگی هۆشیاری دەروونناسی عیرفان
فیکر
2020-08-23 کۆمێنت 2937 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی