مەهتاب وای وت

نووسینی: ڕەزا بابایی وەرگێڕانی: عەلی حسێن
ئەدەب 2020-08-11 کۆمێنت 2130 جار بینراوە
شێخ حەسەنی جەهرومی دەڵێت: ئەو ساڵەی ڕێم لە جوندیشاپوور کەوت، قسەیەکم لە محەمەدی مەهتاب بیست، تا ماوم ئازارم دەدات. بینیم لەبەر هەتاوی هاوین دانیشتووە و بەن دەڕێسێت و لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەڵێت. وتم پیاوی خوا، فێری ئەوینداریم بکە، تا بە وێنەی ئەوینداران خوا بپەرستم. محەمەدی مەهتاب وتی: سەرەتا بڵێ، ئایا هەرگیز خەتێکی جوان، تۆی حەپەساندووە؟ وتم: نا. وتی: هەرگیز پشکووتنی گوڵێک لە باخچەی ماڵەکەتدا، خەمە بێشومارەکانی لە بیر بردوویتەتەوە؟ وتم: نا. وتی: قەت دەنگێکی خۆش و دڵکێش، خرۆشاندوویتی؟ وتم: نا. وتی: هەرگیز ڕوومەتێکی جوان، وای ژێروژوور کردوویت، نەزانیت چی بە چییە؟ وتم: نەخێر. وتی: هەرگیز لەژێر نمەنمی باراندا دەنگت هەڵبڕیوە؟ وتم: نە. وتی: هەرگیز لە چاوەڕوانیی بەفردا، لە ئاسمانت نواڕیوە، تاوەکو بە دەموچاوی خۆتیدا بهێنیت و گەرمای ناخی پێ دامرکێنیتەوە؟ وتم: نە. وتی: هەرگیز بزەی منداڵێکی نازدار، تووشی مەستیی تامەزۆریی کردوویت؟ وتم: نا. وتی: هەرگیز غەزەلێک، یان دێڕەشیعرێک، یاخۆ وتەیەکی پاراو، هێندە بێئاگای کردوویت، ئەگەر دانیشتبیت، هەڵبستیت و گەر بە پێوە بیت، دانیشیت؟ وتم: نا. وتی: هەرگیز ڕۆشنیی ئاو، یان بەرزیی سەرو، یا نەرمیی پەڕەگوڵ، یاخۆ تێکۆشانی مێروولەیەک، فرمێسکی شادیی لە چاو دەرهێناویت؟ وتم: نە. وتی: قەت بووە، لەبەر کەنینی کەسێکی تر، بکەنیت و لەبەر گریانی کەسێکی تر، بگرییت؟ وتم: نەخێر. وتی: هەرگیز زیاد لەو کاتەی بە خواردنیەوە بەسەری دەبەیت، چاوت لە سێو یان هەنارێک بڕیوە؟ وتم: نا. وتی: هەرگیز عاشقی کتێب، نیگار یان فێرکارێک بوویتە؟ وتم: نە. وتی: هەرگیز دەستت بە ڕوومەتی خۆتدا هێناوە و لەگەڵ چاو و گوێچکە و برۆی خۆتدا دڵداریت کردووە؟ وتم: نە. وتی: لاچۆ لە بەرچاوم نەفرەتی، بەرد فێری ئەوینداری ببێت، تۆ فێر نابیت.
تاگەکان    
ئایین کرێکار تەکنۆلۆژیا دەروونی مۆدێرنیتە ئەیاد قنێبی کۆمەڵکوژیی بۆسنە بوومەلەرزە وەلی ئەمر کۆرۆنا کۆرۆرنا ڕانانی کتێبب دەروونناسی هاوڕەگەزخوازی فەلەستین
ئەدەب
2020-08-11 کۆمێنت 2130 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی