مەگەر چیین ئێمەی مرۆ!

نووسینی: تارا ڕزگار
ئەدەب 2020-07-17 کۆمێنت 1861 جار بینراوە
ھێندە زوو زوو لە خۆمان و ھەموو شت بێزار دەبین! ھەر بەزووییش پڕ پڕ لە موحیبەت دەبینەوە و تەنانەت ئەو کەس و شتانەیشمان خۆشدەوێت کە پێشتر ڕقمان لێ بوون.
مەگەر کێین وا خۆیشمان خۆمان ناناسین؟!
وا ھەر عەوداڵین بزانین کێین و چیمان دەوێت!
ئێمە تەنانەت نایشزانین کەیفمان بە چی دێت و بە چی ناشادین!
ھەتا دەژین ھەر دەگەڕێین، ھەر مژووڵین، ھەر دەپرسین، داخۆ ئێمە کێین و چیین؟
چەنند کەساسن، چەند بێباکن، ئەوانەی نازانن چین و نایشیانەوێت بزانن.
ئێمە چەند خۆزگە بەوانە دەخوازین کە گەیشتوون بە ڕێیەک، بە جێیەک، بە ڕووناکاییەک.
خودایە شوکرم بۆ تۆیە، چەند خۆشبەختین ئێمە کە تۆمان ھەیە، چەندیش داماوین کە دڵتەنگ دەبین بۆ شتێکی ھیچ و لەبیری دەکەین کە تۆمان ھەیە.
چەندە بەخشندەی تۆ خودا، وا دوای ھەر ڕۆیشتنێک بەندەی زەلیل و غافڵ دووبارە وەردەگریتەوە.
مەگەر ئێمە کێین وا ھەر دەمانبەخشیت!
مەگەر چیین وا خۆمان قەدری خۆمان نازانین و ھەر ڕق بەرپا دەکەین. ھەر یەکتر دەشکێنین، دڵەکان ورد دەکەین و ھەموومان تەنیا خۆمان پێ قبووڵە.
خودا ئەوانە چەند خۆشبەختن کە دڵێکت پێ بەخشیون جێگەی ڕقی تێدا نابێتەوە و حەسوودیی تێدا نێژراوە.
خودا گەر ئێمەیش داوا بکەین بە قابیلمان دەفەرموویت؟
توخوا خودا ئاوڕێ لە بەندەی غافڵیش بدەرەوە، بەڵکو شایەنی کەمێک ھیدایەت و چۆڕێک بەخشین بێت. 
خودایە دڵخۆشییەکی وامان پێ قابیل نەفەرموویت کە خۆتمان بیر بباتەوە.
تکای ئەم بەندەیەت ھەر ئەوەندەیە کە ئارامی و دڵخۆشیەکمان پێ ڕەوا ببینیت کە ھەر لەژێر پەڕ و باڵی خۆتدا بین. 
خودایە ئەم بەندەیەت بەم نزیکی خۆرھەڵاتنی بەیانە دڵی تینووی کەمێک ھیدایەت بووە، کەمێک نزیکی لە خۆتی پێ ڕەوا ببینە کە نە ڕێگەیەک، نە جێگەیەک و نە کەسێک جگە لە تۆ هەیە خودایە.
خودایە ئێمە ھەر داوا دەکەین و بێشەرمانە ھەر دەڵێین، ھەر ئەمجارە و ھەر ئەم شتە، وەلێ دوای ھەر جارە و شتێکی دیکە بەرۆکمان پێ دەگرێت و داوا دەکەینەوە. 
مەگەر خۆت نەتفەرمووە: «ادعونی أَستجب لكم»
دەسا ئەڵڵای ھەموو گەردوون، خودای ھەموو جیھانیان ئەگەر لە تۆ داوا نەکەین، ئەی لای کێ ڕازی دڵمان بەیان کەین!
دەسا خودای تاک و تەنیا، خالقی کەون و گشت دونیا، ھەر ئەوەندەی کە بزانین بە بەندەی خۆت قبووڵت کردوین، ئیتر ئێمەی مەخلووقی ئاڵۆز کە خۆیشمان نازانین چۆنین، ئاسوودە و ئارام ئارام بەرەو مەنزڵی تۆوە دێین. ئەسڵەن ھەر ئەوەی کە خۆت ئێمەت بەدی ھێناوە وخالقی ئێمەی؛ ئەوپەڕی خۆشحاڵیمانە.
تاگەکان    
پۆرن زانست یاسا وەچەخستنەوە لۆجیک شەڕ سۆفیگەری تەنیایی باران ڕانانی کتێب بووژانەوە تەلارسازی فەلسەفەی ئەخلاق ئایین جوانی
ئەدەب
2020-07-17 کۆمێنت 1861 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی