بکوژە شاراوەکانی دنیای مەجازی

نووسینی: قانع خورشید
فیکر 2020-07-15 کۆمێنت 1691 جار بینراوە

ئەوەی ئاگای لە دنیای ئەدەبییات و بواری دەروونناسی و دەروونپزیشکی بێت، بەدڵنیاییەوە دۆستۆیڤسکی دەناسێت. ئەو تەنیا یەک کەس و خاوەنی یەک زەینییەت و لێکدانەوە نییە، بەڵکە لە یەک کاتدا کۆڕبەندێکە لە چەندین پسۆڕی شارەزای چەندان بوار و زانستی جیاواز، کاتێک لە شرۆڤەی دەروونیی کەسێکدا گەرم دەبێت و لە چەند ڕەهەندی جیاوازەوە بۆی دەڕوانێت، وا نازانیت یەک شارەزا بەتەنیا قسان دەکات، بەڵکە بیرت بۆ ئەوە دەچێت لە کۆبوونەوەیەکدایت و هەشت - نۆ کەسی پسپۆڕ دانیشتوون و ئەو کەسێتییە دەخوێننەوە. من لافی ئەوە لێ نادەم شتی زۆرم خوێندووەتەوە و ئاگاداری کەسایەتیی فرەم، وەلێ لەو سنوورە دیاریکراوەی من ئاگام لێیەتی، کەسی هاوشان و مرۆڤناسی وەک ئەم بەڵایەم نەدیتووە، ئەلهەقی کەسێتییەکی زۆر ورد و کونجکۆڵی تری نزیک لەم کە بیناسم، ئەبووحامدی غەززالییە. سوێند بخۆ ئەم دوو پیاوە، چەندین ساڵ لە بەشی ناوخۆیی یا سەربازگە یا زینداندا، پێکەوە هاوژوور بوونە و سەدان سەعات بەیەکەوە بابەتیان تاوتوێ کردووە! من، دەزانم لە خوێندنەوەی کەسێتیی مرۆڤەکانی چواردەورم و شیکاریی دەروونییاندا زۆر ورد نیم، وەلێ زۆرم کەیف بە پیاوی ورد و بیرتیژ دێت و شەیدای خوێندنەوەیانم بۆ دەروون و تەبیاتە جیاوازەکان. بەترسیشەوە ڕێگە بە خۆم دەدەم خوێندنەوە بۆ هەندێ شتی دۆستۆیڤسکی بکەم، بەڵام ئیتر بیرۆکەیە و بە مێشکدا دێت و ناکرێت دایم بەری پێ بگرین.

   ڕۆمانی یادگارییەکانی خانەی مردووان (ذکریات من منزل الأموات)، یەکێکە لە شاکارە ئەدەبییەکانی دۆستۆیڤسکی و کتێبە بێوێنە یا کەموێنەکان دەربارەی زیندان. ئەم کتێبە تۆمارکردنێکی ورد و سامناکی زیندان و مەنفای سیبیریایە. نووسەر شیکاری و خوێندنەوەیەکی دەگمەن و دانسقەی بۆ ژیانی نێو زیندان و دەروونی زیندانییان کردووە، هێندە زەریف و هێمن و قووڵ ئازار و مەینەتی و ناڕەحەتیی گیراوەکانی خستووەتە ڕوو، کە دوای چاپبوونی -وەک سامی دەرووبی و حەمەکەریم عارف لە پێشەکییاندا بۆ ڕۆمانەکە نووسیویانە-، یاسای زیندانی کاری سەخت و ئەشکەنجەی جەستەیی گۆڕا و بە بڕیاری دەوڵەت لێدان و سزای جەستەیی لابرا و بەیەکجاری نەما و کۆمەڵێک ئاسانکاری و خۆشگوزەرانی بۆ زیندانییان دەستەبەر کرا.

   وەرگێڕانە عەرەبییەکەی دکتۆر دەرووبی بۆ ڕۆمانەکە، کە من خوێندوومەتەوە، 480 لاپەڕەیە، ئەوەی ڕاستی بێت ئەگەر بمەوێت بە دڵی خۆم لەسەر شرۆڤە دەروونییەکانی دۆستۆیڤسکی بووەستم و قسەیان لەبارەوە بکەم، لانی کەم پێویستم بە 840 لاپەڕە دەبێت. ئای قسە و لێکدانەوە منی ڕاگرت و وای بە دیار قووڵبوونەوەوە وەستام و حەپەسام! ئەوەیان ناکرێت و بیشکرێت، نامەوێت و بە کاری خۆمی نازانم، ئەوی بۆ من زۆر گرنگ بوو، بەشی حەوتەمی کتێبەکە بوو کە باسی کەسێتییەکی نێو زیندانەکە دەکات بە ناوی پترۆفەوە. ئەم، وەک خۆی دەڵێت تاقەتی هاوڕێتیی کەسی نەبووە و بەهۆی ئەوەیشەوە کە نەجیبزادە بووە، کەس حەزی پێ نەبووە و یەک دوو کەسێک نەبێت، هیچ زیندانییەک هاوڕێتیی نەکردووە. یەکێک لەوانەی بێ ئەوەی ئەم بزانێت بۆ(؟) لێی نزیک بووەتەوە و سەری لێ داوە، کابرایەکە ناوی پترۆفە. خوێندنەوە و شیکاریی دۆستۆیڤسکی بۆ دەروونی پترۆف منی بردە نێو خەیاڵێکی قووڵەوە و هەندێ کەسی هێنایە بەر زەینم، کە ڕۆژانە لە فەیسبووک و تۆڕەکانی تر هەڵسوکەوتی سەیریان لێ دەبینین و تاوێک بان و تاوێک باران و دەمێک ئاگرن و دەمێکی دی ئاو ... ئیتر پێم خۆش بوو شتێک دەربارەی ئەو جۆرە ئادەمیزادانە بنووسم، بۆیە وردە وردە لەپاڵ قسەکانی دۆستۆیڤسکیدا، نموونەی ئەمانەی لای خۆمان دەهێنمەوە و پێکەوە بەراوردیان دەکەم. ئەو دەقانەیشی کە لێرەدا لە ڕۆمانەکەوە دەیانهێنم، هیی وەرگێڕانەکەی مامۆستا حەمەکەریم عارفە بە کەمێک چاککردنەوە.

   دۆستۆیڤسکی، دەربارەی شێوە و ڕوخساری پترۆف دەڵێت: «دەموچاوی لەو دەموچاوانە بوو کە دەچوونە دڵەوە: ڕەنگ کاڵ، گۆنا زەق، نیگا تیژ و زیت. لە تەمەنی خۆی بچووکتر دیار بوو، هەرچەندە تەمەنی چل ساڵان بوو، بەڵام کە تەماشات دەکرد قەت نەتدەگوت لە سی ساڵ زیاترە. سەربەستانە قسەی دەگەڵ دەکردم، زۆر بە نەزاکەتەوە ڕەفتاری دەگەڵ دەکردم.» من بڕوای تەواوم بەوە هەیە وێکچوونی ڕوخسار و قەد و باڵا تا ڕادەیەکی زۆر بەڵگەیە بۆ بەیەکچوونی تەبیعەت و دەروونیش. وا دەزانم هەرکەس ڕوخسار و شێوەیەکی وای هەبوو، دەبێت خاڵی هاوبەشیشی لەتەک پترۆفدا زۆر بێت. ئەمەیش شتێکی نوێ نییە و من دۆزیبێتمەوە، بەڵکو دەیان سەدەیە لە زانستی قیافە یا بیچمناسیدا بەوردی باس کراوە.

   لە ڕووی دەروونی و پێکهاتەی کەسێتییشەوە، پترۆف کەسێکی نائاسایی و نامۆیە، بە کەسی تری ئەو نزیکانە ناچێت، دۆستۆیڤسکی ئاوای وەسف دەکات:
«نازانم بۆچی باوەڕم نەدەکرد کە ئەم پیاوە لە هەمان زیندانی مندا دەژی، بەڵکو -وەهام هەست دەکرد- لە ماڵێکی تردا، لە شارێکی دوور دووردا دەژی و، تەنیا جار جارێ دێت بۆ زیندان تا سەردانی من بکات و لە ژیان و گوزەرانم بپرسێت و ئاگادار بێت، هەمیشە بەپەلە بوو، لە تۆ وایە ژووانی لەگەڵ کەسێکدا هەیە، کەسێک بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی دەکات، یان کارێکی بەنیوەچڵی جێهێشتووە و دەبێت بەپەلە بگەڕێتەوە سەری و تەواوی بکات. متمانەیەکی سەیر لە چاوانیدا هەبوو، نیگاکردنی سەیر بوو، تەنکەسێبەرێکی بوێری و تەوسی بەسەرەوە دیار بوو، دەیڕوانییە دوور، لە تۆ وایە دەڕوانێتە ئەودیوی ئەو شتانەی بەردەمی. ئەمە جۆرە حەواسپەرتییەکی تێدا بوو، هەندێک جار لە خۆم دەپرسی: باشە ئەم پەلەپەلەی لە چییە؟ کە لای من دەڕوات، بۆ کوێ دەچێت؟ ئایە لە شوێنێکی دی چاوەڕوانی دەکەن؟ ئەوەی ڕاستی بێت، یان خۆی بە قاوشێک لە قاوشەکاندا دەکرد، یان بەشێنەیی خۆی بە مووبەقەکەدا دەکرد، ئەگەر کۆڕی گفتوگۆ گەرم بووایە، لە لای یەکێک لە گفتوگۆکارەکانەوە دادەنیشت و بەوردی گوێی لە گفتوگۆکانیان دەگرت و هەندێک جاریش بەگەرمی بەشداریی لە گفتوگۆکاندا دەکرد و پاشان سارد دەبوویەوە و بەبێدەنگی و ئارامی لێی دادەنیشێت. بەڵام چ لە کاتی قسەکردندا و چ لە کاتی بێدەنگیدا، وا دەهاتە بەرچاو کە بیری لە شوێنێکی ترە، لە شوێنێکی دوورە و لەوێندەر چاوەڕوانی دەکەن.»

   ئەم جۆرە ئادەمیزادانە، خەڵەتێنەرن و ناخی ڕاستەقینەیان لە زۆر کەسی خاوەن فیکر و خوێنەواریش ون دەبێت، مرۆڤی زۆر کونجکۆڵ دەتوانێت پەی بە هەناو و دەروونیان ببات و لەو دیوی ڕوخسارە کپەکەیانەوە، ناخی شەکەت و ژاوەژاوی خەونە مردووەکانیان و گۆڕانی بۆ ڕق و ئیرەیی، ببینێت. ئەمانە کەسانێکن لە ڕووکەشدا ئارام و بێباک لە دنیا، کەچی لە حەقیقەتدا لەرزۆک و خۆهەڵقورتێن لە گشت ئەو ڕووداوانەی وا هەست دەکەن جێمان و بچووکییان دەخاتە دەر و بۆ دەوروبەریانی ئاشکرا دەکات.
«سەیر ئەوە بوو ئەم پیاوە هەرگیز کاری بۆ خۆی نەدەکرد، جگە لە سوخرە و بێگاریی زیندان کە بە خۆرتی بەسەریاندا دەسەپاند، هیچ کارێکی تری نەدەکرد، هەموو کاتی خۆی بە دەستبەتاڵی دەبردە سەر. هیچ کارێکی نەدەزانی، بۆیە هەمیشە بێپارە بوو، تاقە عانەیەکی پێ نەبوو، بەڵام ئەمەی لەبەر گران نەبوو.»

   ئەمە قسەیەکی تری دۆستۆیڤسکییە دەربارەی کاراکتەری پترۆف. ئێمە ئەگەر لە بکوژەکانی دنیای مەجازی و فەیسبوک و تۆڕەکانی تر ورد ببینەوە، ڕێک ئەم سیفەتە دەبینین، ئەمانە کەسانێکن هێندە بێئیشن، ئامادەن 40 سەعات شەڕەکۆمێنت بکەن و ئەوەندە زۆربڵێن، هەموو چاولێکەرانیان ماندوو دەکەن، لە ڕۆژێکدا دە پۆستی بێمانا و قسەی سوک و نوکتەی ماوەبەسەرچوو بڵاو دەکەنەوە و بە بێدەنگبوونی نەیارەکانیشیان دڵتەنگ دەبن! وەختێک مرۆڤێکی دەروونشڵەژاوی وەها دەبینیت، چاوت ئەبڵەق دەبێت، شەڕت پێ دەفرۆشێت، کە دەبینێت کڕیار نیت، غەم دایدەگرێت، لە لایەکی ترەوە دێتەوە و دەڵێت «ئەگەر پیاویت، وەرە مەیدان و با شەڕ بکەین!» ئەویش چ شەڕێک؟ شەڕەجنێوی منداڵانە و بازاڕی. بیریشی چووە تۆ لەبەر ئەوەی پیاویت، ئامادە نیت بچیتە شەڕێکی وەها ناشیرین و ناپیاوانەوە، کە براوەکەیشی هەر دۆڕاوە! هەروەک چۆن پترۆف کارێکی تایبەت بە خۆی نەبووە، ئەمانەیش پرۆژە و پەیامێکی تایبەتیان نییە و ناتوانن هەیانبێت، بەڵکو ئەو چۆن بێگاریی خەڵکی دەکرد، ئەمانیش ڕقەکاریی ئەو عالەمە بووەتە کار و پەیامیان!

   لەوەیە زۆر کەس وا بزانن ئەم جۆرە بەشەرانە لە هەمووان ڕووڕاستتر و بێماسکترن، وەلێ ئەگەر زیاتر ڕابمێنن و بفکرن، دەزانن هەڵەن و بە شکڵی سادەی ئەم کەسانە خەڵەتاون. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمانە نە دەتوانن قووڵ بفکرێن و نە خەمێکی مرۆیی گەورەیشیان هەیە، بەڵکە هەندێ قسە لێرە و لەوێ دەبیستن و پێی سەرسام دەبن، ئیتر بێ ئەوەی لێی بکۆڵنەوە و شەنوکەوی بکەن، دەبنە لایەنگری و پیاوی لەسەر دەکوژن، دۆستۆیڤسکی ئێژێت:
«ئەو جۆرە پیاوانە پیاوی قسە و تیۆرییان نین، ناتوانن خەڵکی هان بدەن یان ڕێبەرایەتی و سەرکردایەتیی شۆڕش بکەن، بەڵام خەڵکانێکی ئیشکەر و جێبەجێکارن، زۆر بەسادەیی، بێ هیچ خوتە و بۆڵەیەک، بەکڕی کار دەکەن، لە پێشی پێشەوە بەسەر لەمپەر و سەنگەراندا دەدەن، لە پێشەوە هێرش دەبەنە سەر مەتەرێزان، بە سینگی ڕووتەوە پێشڕەوی دەکەن، نە بیر دەکەنەوە و نە لە هیچ شتێ دەترسن، خەڵکی هەموو کوێرانە دوایان دەکەون، تا دەگەنە شوورە و دیواران کە لەوێدا عادەتەن دەکوژرێن و تیا دەچن.»
   ئێوە کاتێک ئەم دەقە دەخوێننەوە، چاو بنووقێنن و لە جیاتی سەنگەر و مەتەرێز، ئەکاونتی خەڵک و لاپەڕەی تایبەتی فەیسبوک و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی لە خەیاڵی خۆتاندا وێنا بکەن و ئەو گشت شاڵاوە لە کۆمێنتی نەشیاو و جنێو و ئەو هەموو شەڕفرۆشتن و یەخەگرتن و بێڕیزییانە بێننە پێش چاوتان کە هەندێ ئادەمیزادی لە چەشنی پترۆف دەیاننووسن، ئیتر وێنەکەتان لا ڕوونتر دەبێت.

   ئەمانە بێ شەڕ و بێڕێزیکردن بە خەڵک نایانکرێت و ئەگەر ڕۆژێکیان بەسەردا تێبپەڕێت و دڵ و شعووری کەسێک بریندار نەکەن و بێئەدەبی بەرانبەر کەسێک نەکەن، ناحەوێنەوە. هەر بۆیە خێر لە خۆیان نابینن، ڕەنگە شانازییش بەم خێرلەخۆنەدیوییەوە بکەن و وا بزانن لە مەردایەتی و چاونەترسی و حەقبێژییانە، نازانن ئەمە ئازایەتی نییە، بەڵکە بێفکرییە، چون زۆر چاونەترسی هەن لە عەقڵ و تێگەیشتنەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکە لە کەمفامی و بێشعوورییەوە هەڵدەقوڵن، وەک چۆن منداڵ کاتێک دەست بۆ شتێکی گەرم دەبات، مانای وا نییە لە باوک و دایکی ئازاترە! دوور نییە ئەم کەسانە ڕووبەڕووی دەیان کێشە و سکاڵای یاساییش بووبێتنەوە، ڕۆژێکیش تووشی ناحاڵییەکی وەکو خۆیان ببنەوە و پەنێکیان بەسەردا بێت، ڕەنگە هەر نانی شێتیی خۆیشیان بخۆن و کەس ئامادە نەبێت دابەزێتە ئاستیان و ئەم بێنەزاکەتییەیان بۆ بچێتە سەر. دۆستۆیڤسکی دەڵێت:
«باوەڕ ناکەم خێر هاتبێتە ڕێگەی پترۆف: چونکە ئەو سەرە سەری خۆی نەبوو، خۆ ئەگەر تا ئێستا نەمردبێت، لە پیاوەتی و ئاقڵیی خۆی نییە، بەڵکە هیی ئەوەیە ڕێک نەکەوتووە و تووشی مردن نەبووە. بە هەر حاڵ کێ دەزانێت؟ لەوەیە پاش ئەوەی بێکار و سەرگەردان، بێ مەبەست و ئامانجان، ئێرە و ئەوێ، دنیا تەی دەکات، تەمەنێکی زۆر بکات، پیری پیر ببێت و ئەوجا بە ئیسراحەت و ئارامی بمرێت.»

   ئەمانە لە دانیشتنی ڕوواوڕوو و لە باری ئاساییدا بۆت کەشف نابن و بەئاسانی ناشێیت بیانخوێنیتەوە، وەلێ ئەگەر بەدوای قسە و ڕەوتاریاندا بچیت و جوان چاودێرییان بکەیت، ئەوجا لە هەندێ کات و هەڵوێستی تایبەتدا حەقیقەتی خۆیانت بۆ دەردەخەن! دۆستۆیڤسکی دەڵێت: «پیاو هەندێک جار لە ژیاندا خەڵکانی وەکو پترۆف دەبینێت کە لە ساتەوەختێکی نیگەرانیدا یان لە ساتەوەختێکی هەڵچووندا دەردەکەون و خۆ دەنوێنن.» لەم دەمانەدا هەرچیی کپی و فەقیرۆکەیی و لافی ئەخلاقیبوون و نەرمونیانی و کرانەوەییان هەیە، با دەیبات و گورگەکەی ناوەوەیان کەڵپەی ڕق و حیرس و تۆڵەسەندنەوەی ڕۆ دەکات و نیشان دەدات.

   ئەم ئادەمیزادانە، گوتەیشیان وەکو کردەیان سەیر و سەمەرەیە، بابەت تێکەڵ دەکەن و نازانن بە نەفەسی درێژەوە ماوەیەک لەسەر مەسەلەیەکی دیاریکراو بدوێن، هەر لە خۆیانەوە بابەت دەگۆڕن و لە گەرمەی تاوتوێی باسێکی جدیدا نوکتەیان بۆ دێت و وشەیەک حەواسیان پەرت دەکات و دەیانخاتە سەر جادەی خۆڵ، کە قسەیان بۆ دەکرێت، ڕەنگە بۆ ماوەیەک بەجوانی گوێ ڕادێرن، وەلێ ناتوانن بۆ مودەتێکی زۆر گوێ بگرن تا قووڵ تێبگەن، بەڵکو زوو خەیاڵیان بۆ لای پرسیاری داهاتووی خۆیان یا قسەیەکی ئامادە بۆ گوتنیان، دەڕوات. دوور نییە هەر بەهۆی ئەم نەفەستەنگی و حەواسپەرتییەوە نەتوانن خوێندنی ئەکادیمییش تەواو بکەن و وەک پترۆف ئاستی خوێندنیان سەرەتایی بێت! دۆستۆیڤسکی باسی پترۆف دەکات و دەڵێت:
«ڕەنگە بپرسیت باسی چیی لەگەڵ دەکردم؟ وەڵامم ئەمەیە کە قسەکانیشی وەک خۆی غەریب بوون. بۆ نموونە کاتێ دەیبینیم لەپشت زیندانەکەوە بەتاقی­تەنیا و بەوپەڕی خەمینییەوە پیاسە دەکەم، خێرا پێچێکی دەکردەوە و بەلەز دوام دەکەوت و بە قسەوە مژووڵی دەکردم.
هەمیشە خێرا دەڕۆیی و، زوو زوو ئاوڕی دەدایەوە. ئەوەتا وا بەپەلە خۆی گەیاندمێ.
-  ڕۆژ باش!
-  ڕۆژ باش!
-  ناڕەحەتم نەکردوویت؟
-  نەخێر.
-  ویستم شتێکت دەربارەی پۆناپەرت لێ بپرسم، ویستم بپرسم ئایە بە خزمایەتی دەگاتە ئەو یارۆیەی کە لە ساڵی 1812دا هێرشی کردە سەر ڕووسیا؟ (بۆ زانیاریی زیاتر، پترۆف لە قوتابخانەی سەرەتایی سوپایی خوێندبووی و، خوێندن و نووسینی دەزانی.)
-  با خۆیەتی.
-  دەڵێن گوایە سەرۆکە، سەرۆکی کوێیە و سەرۆکی چییە؟
پرسیارەکانی پترۆف هەمیشە بەپەلە و پچڕپچڕ بوون. دەتگوت دەیەوێت بە زووترین کات زۆرترین زانیاری و وەڵامی دەست بکەوێت.»

   لە کۆتاییەکانی بەشی حەوتەمیشدا دۆستۆیڤسکی لەبارەی گفتوگۆکانی خۆی و پترۆفەوە ئاوا ئێژێت:
«بەدەم قسانەوە بە دزییەوە تەماشام دەکرد تا بزانم ئاخۆ پێم ڕانابوێرێت، گاڵتەم پێ ناکات، کەچی دەمبینی زۆر بەجدی و بەوردی گوێم بۆ ڕادەدێرێت، بەڵام ئەو جدییەتە زۆری نەدەخایاند و خەیاڵی دەڕۆیی و حەواسی پەرت دەبوو، هەندێک جار بەمە قەڵس و تووڕە دەبووم. ئەو پرسیارانەی لێی دەکردم هەمیشە ڕوون و ورد و ئاشکرا بوون. وەڵامەکانیشی بەلاوە گرنگ نەبوون!»

   بڕواکردن بە دڕندەیی ئەم جۆرە بەشەرانە ئاسان نییە، شتێکی سەلمێنراو نییە، بەڵکە هەستەکییە، دەبێت لە ناخەوە هەستی پێ بکەیت، بە جۆرێک لە کەشفی سۆفییانە پێی دەگەیت نەک بەڵگەکاری عەقڵی، بۆیە کە خۆیشت قەناعەتت کرد ئەمانە لە ڕووی دەروونییەوە تەواو نین و تاوانبارێکی دڕندە لە هەناویاندا خۆی مەڵاس داوە، ناتوانیت بەسانایی قەناعەت بە کەسانی تر بکەیت. هەرچەند لە زەمانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا زووتر دەستی هەمووان ڕۆ دەبێت و ئاسانتر دەناسرێن، بەڵام هێشتا بۆ هەندێک کەس بڕواکردن بە خراپیی و دڕندەیی پترۆفەکان، قورس و زەحمەتە. دۆستۆیڤسکی دەڵێت:
«حەزم دەکرد زانیاریی زیاتر لەمەڕ پترۆف پەیدا بکەم. «م» کە بەم پەیوەندییەی منی دەگەڵ ئەو پیاوەدا زانی، هەستی کرد لەسەرێتی ئاگادارم بکاتەوە. یەکێک لە قسەکانی ئەوە بوو کە هەوەڵ جار هاتووەتە زیندان سڵی لە زۆریان کردووەتەوە، لە گەلێکیان بەگومان بووە، تەنانەت ترساویشە، بەڵام ئەوەندەی لە پترۆف ترساوە، لە کەسی تر، تەنانەت لە «گازین»یش، نەترساوە. «م» پێی گوتم:
- پترۆف لە هەر هەموو زیندانییەکانی ئێرە دڕتر و بێپەرواتر و ترسناکترە. لە هیچ شتێک ناپرینگێتەوە. کە کەڵکەڵەیەکی کەوتە سەر، هێز نییە لە مێشکی دەربکات، هەر جێبەجێی دەکات. ئەگەر لەپڕ هات بەسەریا بتکوژێت، دەتکوژێت. هەر ئەوەنەی زەحمەتە ئەو بیرۆکەیەی بکەوێتە سەر، ئیدی بێ چەند و چۆن، بێ هیچ ترس و دوودڵییەک ئەنجامی دەدات، کە ئەنجامیشی دا هەست بە هیچ جۆرە پەشیمانییەک ناکات، لەوە دەچێت شێت بێت.
ئەم قسەیەی «م»م زۆر بەلاوە گرینگ بوو، زۆرم مەبەست بوو، بەڵام «م» نەیتوانی بۆمی ڕوون بکاتەوە بۆچی ئەو بۆچوونەی دەربارەی پترۆف هەیە. سەیر ئەوەیە بەدرێژاییی چەندین ساڵ، هەموو ڕۆژێ ئەم پیاوەم دەبینی و ڕۆژانە پێکەوە قسەمان دەکرد، زۆریش لەگەڵمدا بە لوتف و دڵسۆز بوو، هیچ کارێکی ناجۆرم لێ نەبینی
-هەرچەندە هۆی ئەمەم نەدەزانی-، کەچی وێڕای ئەمەیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر قەناعەتم بە قسەکانی «م» دەهات، هەرچەندە کابرا هەمیشە هێمن و ئاقڵ و میانڕەو بوو و قەت ڕەفتارێکی ناسازی لێ نەوەشایەوە، کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر قەناعەتم دەهێنا کە ڕەنگە ئەم پیاوە دڕترین زیندانیی ناو زیندانیییەکان بێت، بێباکترینیان بێت، مل بۆ هیچ زەبت و ڕەبتێک نەدات. بەڵام بۆچی؟ وەڵامی ئەو پرسیارەم بۆ هەڵنەدەهات».

   لە دنیای واقیعی و ژیانی ئاساییدا کەمتر هەڵدەکەوێت ئەمانە حەقیقەتی خۆیان دەربخەن، بۆیە بەزۆری هێمن و سەلار و شەرمن دێنە بەرچاو، ئیتر بۆیە درەنگ درەنگ ڕووە ڕاستەقینەکەی پترۆف بینراوە و زۆر بەکەمی ڕێک کەوتووە ناخی ئاشکرا بکات. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە، ئەم کەسانە لە فەیسبوک و نامەگۆڕینەوەدا وەک ژیانی واقیعی ڕەوتار نانوێنن، بەڵکە لەم فەزا مەجازییەدا شەرمیان کەم و جۆرئەتیان زیاد دەکات و گورجێ دەماریان دەگیرێت و هەڵدەچن و ناخی سیخناخ لە ڕق و ئیرەیی و تووڕەییان دەردەخەن. ئەم جۆرە ئادەمیزادانە، لەبەر گرێی دەروونی و هەستی چەوساوەیی و جێمان، ڕەنگە لەسەر شتی بچووکیش لە دۆخی تایبەتدا وەها تووڕە و دەیری ببن، مرۆڤ بکوژن، خۆ ئەگەر نەیانتوانی کەسەکەی بەرانبەریان بکوژن، کەسێتیی دەڕووشێنن و بە وشەی بازاڕی و دەربڕینی پیس و تۆمەتی ناڕەوا و نییەتخوێندنەوەی هەڵە لێی دەدەن و پێیدا هەڵدەشاخێن. بڕوانن پترۆف چۆن بووە و چی کردووە:
«پترۆف، هەمان ئەو زیندانییەیە کە کاتی خۆی بۆ ئیمزای سزایەکەی بانگ کرا، ویستی مێجەر بکوژێت، ئەوەم گێڕایەوە کە چۆن مێجەر «بە موعجیزە ڕزگاری بوو» چونکە بەر لە ئیمزاکردنی سزایەکە بە دەقیقەیەک ڕۆییبوو. پترۆف بەر لەوەی بگیرێت و حوکم بدرێت سەرباز دەبێت، کۆلۆنێلەکەی لە کاتی مەشق و ڕاهێناندا لێی دابوو، پێموایە پێش ئەو کەڕەتە زۆر جاری تریش لێدانی خواردبوو، بەڵام ئەو ڕۆژە مجێز و حەواسی تەواو نابێت و، هیچ تەڵفیسی و سووکایەتی و لێدانێک قەبووڵ ناکات. ئیدی بە ڕۆژی نیوەڕۆ و بە بەرچاوی هەموو ئەندامانی کەتیبەکەوە، لە گەرمەی مەشقی سوپاییدا، کۆلۆنێل سەردەبڕێت. هەڵبەتە من هەموو شتێکی ئەم چیرۆکە نازانم، چونکە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەم بەسەرهاتەی بۆم نەگێڕابووەوە. هەڵبەتە بەدەگمەن ئەم حاڵەتانەی لێ دەهات، مەگەر بەسەریا هاتبا، هەنگێ بە خۆی نەدەوەستا. بەڵام لە حاڵەتە ئاساییەکاندا نەک هەر پیاوێکی ئاقڵ بوو، بەڵکو هێمن و ئارامیش بوو. بەڵام ئەڵها و کەڵکەڵە و پەنهانەکانی لە ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێش دەچوون.»

    لەبەر ئەوەی ئەم قۆناغە ناخۆشەی وڵاتی ئێمە، پڕە لە جەوگیران و بێزاری و ڕۆژی چەند جار باری گیانت گران دەبێت، ئیتر چاوەڕوانکراوە پترۆفەکان ڕۆژانە چەقۆ بووەشێنن و هەوڵی کوشتن و تیرۆری مەعنەویی مرۆڤەکانی چواردەوریان بدەن. بۆیە کەسی وریا و ژیر بە شێوەی دەرەکی و لافی زارەکیی ئەمانە ناخەڵەتێت و لە ئاکار و ڕەوتاریان ورد دەبێتەوە. دەڵێن «بە وشترێکی قوڕاوییان گوت: لە کوێوە دێیت؟ گوتی: لە حەمامەوە. ئیتر بەلاقرتێوە پێیان گوتەوە: نابینیت، بە سەر و شکڵتەوە دیارە!» جا ئەمانەیش ڕەنگە لەوپەڕی توندوتیژیدا خۆیان بە شەیدای عیسای مەسیح و عوسمانی کوڕی عەففان بزانن، یا بە دنیایەک ترسنۆکییەوە بڵێن عاشقی گڕگرتووی ئیمامی عەلیین، یاخود بەوپەڕی بێنەزاکەتی و دوورییانەوە لە ئەدەب لافی موریدێتیی کاک ئەحمەدی موفتیزادە لێ بدەن، یانیش بە نەڕە نەڕ و بەڵگەی لاوازەوە بڵێن: ئێمە قوتابیی مامۆستا شەماڵ موفتیین! وەلێ مرۆڤی ئاگا و هۆشیار گوێ لە قسەی زاران ناگرێت و دیقەت لە ئیش و کاران دەدات، بۆ خاڵی هاوبەشی ئەمان و ئەو زاتانە دەگەڕێت، کە بەدرۆ خۆیانی بە شوێنکەوتە دەزانن، ئیتر گورجێ بەها و ناڕاستییانی بۆ دەردەکەوێت.

   هەرچەند وەک گوتم، ئەم جۆرە ئادەمیزادانە لە ڕووکەشدا ئەهلی خۆهەڵنان و بەخۆنازین نین و وا نیشان دەدەن لە عالەم بێنیازن و مننەتیان بە کەس نییە و شەرم و فەقیرۆکەییشیان پێوە دیارە، وەلێ کە حەقیقەتیان دەرخست یا بە تێپەڕینی کات باشتر ناسییانت، دەبینیت ئەوەندە بەرژەوەندیخواز و چڵێسن و هێندە ڕووقایم و بێنەزاکەتن، کامە بنیادەمی خراپە ناچار دەبێت، خۆییان لێ لابدات و نایکرێت هاوڕێتییان بکات یا دەمەدەمیان لەگەلدا بکات، بۆیە دەبینیت ئەوەی ڕۆژێک بەجدی لە ڕایەکیانی دابێت و قسەکەی قورساییەکی هەبووبێت و ئێشی پێ گەیاندبێتن، وەها دەبێت بە ناخۆشییان، دەبێت یەکێکیان ئەوی دی بلۆک بکات!
«قەت ڕۆژێ لە ڕۆژان نەمبینی وەکو زۆربەی زیندانییەکانی دی سینگ دەرپەڕێنێت و بە خۆ بنازێت. بەدەگمەن شەڕی دەکرد. جگە لە سیروتکین دۆستایەتیی کەسی تری نەدەکرد، هەڵبەتە دۆستایەتیی دەگەڵ ئەویشدا زۆر گەرم نەبوو، وەختێ دۆستایەتیی دەکرد کە پێویستییەکی پێی بوایە. کەچی وێڕای ئەوەیش ڕۆژێک دیتم کە زۆر توڕە بووبوو. داوای شتێکی کردبوو و نەیاندابوویە، هەستی بە سوکایەتی کردبوو، ئیدی لەسەر ئەوە دەگەڵ زیندانییەکی دیدا لێیان بووبوو بە شەڕ. نەیارەکەی، زیندانییەکی باڵابەرزی تۆکمەی ناوشانپان بوو، لە وەرزشەوانان دەچوو، نێوی ئانتونۆف بوو، ئەم پیاوە بە دڕی و دڕندەیی و شەڕفرۆشی و دەمپیسی و گۆساخی بەنێوبانگ بوو. ئەمە لە زیندانییە مەدەنییەکان بوو، پیاوێکی ترسنۆک نەبوو. کەوتنە دەنگە دەنگ و پێم وا بوو ئەم شەڕەیش وەکو شەڕەکانی دی دەگاتە شەڕە مست و بۆکسانێ. کەچی بەپێچەوانەی پێشبینییەکەی منەوە، پترۆف لەپڕ ڕەنگی هەڵبزڕکا، لێوی شین هەڵگەڕاو کەوتە تەتەڵە، هەناسەی تەنگ بوو، بەئەسپایی لە جێی خۆی ڕابوو، هێندە بەهێواشی کەوتە ڕێ کە گوێت لە دەنگی پێی نەدەبوو (پترۆف هاوینان حەزی دەکرد بەپێخاوسی بگەڕێت)، هێدی هێدی بەرەو ئانتونۆف ڕۆیی، زیندانییەکان کە لە بەینی خۆیاندا مژوولی پێکەنین و قسەکردن بوون، لەناکاو بێدەنگ بوون، بێدەنگییەکی ئەوتۆ باڵی بەسەردا کێشان، ئەگەر دەرزییەک بکەوتبایە سەر عاردی گوێت لە دەنگی دەبوو. هەموو زیندانییەکان چاوەڕوانی ئەوە بوون لەپڕ بقڵیشێتەوە. ئانتونۆف ڕەنگی بووبوو بە جاوی سپی، بەرەی نەیارەکەی گوڕی بەستەوە. تەحەمولی ئەم دیمەنەم نەکرد، لە قاوشەکە وەدەر کەوتم، دڵنیابووم پێش ئەوەی بگەمە قاڵدرمەکان، گوێم بە دەنگی هاواری کەسێک دەزرینگێتەوە کە دێتە سەربڕین. بەڵام ئەو شتە ڕووی نەدا، پێش ئەوەی پترۆف بیگاتێ، ئانتونۆف ئەو شتەی بۆ هەڵدا کە شەڕیانبوو لەسەری، شتەکەیش پەڕۆ شڕەیەک بوو، کۆنەئەستەڕێکی ڕزیو بوو.»

   هۆی ئەوەی کەم کەس تاقەتی شەڕ یا مشتومڕی لەتەک ئەمانەدا هەیە، ئەوە نییە ئەم ئادەمییانە بەڵگە یان توانایان زۆرە یا بەهێزە و قسەی بەرانبەر دەبڕن، بەڵکە ئەوەیە، ئەمان ئەوەندە بێئاوەزن، هەر زوو لەسەر شتی زۆر بێنرخ و بچووک دەیگەیێننە شەڕ و جمێندان و دوور نییە جنێوی نامووسییش بدەن ... چاونەترسیی ئەمانە لە ئازایەتی و بوێرییەکی شەریفانەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکە لە بێفیکری و بێهەستییانەوەیە، کەسی بەرانبەریش کە لە غەمی ناو و ڕێزی خۆیدایە، ناچار سڵیان لێ بکاتەوە. عەلیی کوڕی جەهم دەڵێت:

بـــــلاء لـیــس یشـــــبهــە بــــــلاء      عـداوة غیـر ذي حســـب ودیـن
یبیحـک منـــە عرضـاً لـم یصنە      ویرتع منک في عرض مصون
یانی: (دژمنایەتیکردنی کەسی ناڕەسەن و بێدین، بەڵایەکە، وێنەی نییە، چون ئەو لەو دژایەتییەدا ئاوڕوویەکی کە نییەتی دەخاتە گرەوەوە و دەم دەخاتە شکۆ و شەرمێکیشەوە کە تۆ هەتە و پاراستووتە.)

   ئەمانە کەسانێکی بێبەرنامە و سەرگەردانن، زۆر جار وای نیشان دەدەن غەمی میلەتێکیان لە کۆڵ ناوە و نایانپەرژێتە سەر سەروبیچمی خۆیشیان، کەچی ڕاست ناکەن و هەر لەبەر ئەوەی نازانن چ دەکەن و چییان دەوێت، بە دوای نوکتە و قسەی حەلەق­مەلەقدا دەگەڕێن و شەو و ڕۆژ کاتیان بە شت و قسەی پووچەوە دەکوژن و خەڵکێکی زۆریش بە خۆیانەوە مەشغووڵ دەکەن. پترۆف دوای ئەو شەڕەی لەتەک ئانتونۆفدا کردی، سەرقاڵی کاتکوشتن دەبێت:
«دوای یەک چارەکە سەعات، وەکو هەمیشە وێڵ و بێکار، بێ خەم و خەیاڵ بە قاوشەکەدا دەسووڕایەوە و، لە کەسانێک دەگەڕا قسەیەکی خۆش یا نوکتەیەکیان لێ بژنەوێت. زۆر سەرقاڵ و مژووڵ دەینواند، کەچی وێڕای ئەوەیش زۆربەی کات خەمسارد و بێدەربەست بوو، وێڵ و سەرگەردان، بێ هیچ مەبەست و ئامانجێک بەتاڵ و حەتاڵ لێرە و لەوێ دەسووڕایەوە. وەکو کرێکارێکی زۆر توانا و کارامە دەهاتە بەرچاو، کرێکارێک کە ئیشوکار لەبەریا بلەرزێت و خۆی نەگرێت، لەو دەمەدا کە کار چاوەڕوانی بێت تا هێز و بازووی خۆی بخاتە کار، بچێت دەگەڵ منداڵانی بچووکدا گەمە بکات.»

   ئەمانە یەکجار کەلەڕەق و یەکلان، هەرچەندی دەکەن بیسەلمێنن لێبوردە و دڵکراوەن، ناتوانن، چون شەوێک تا بەیان چی دەڵێن، بە یەک هەڵوێست هەمووی پووچ دەکەنەوە. خوو بە شتێکەوە دەگرن و لەسەری دەچن، پڕ پڕن لە دژیەکی و ناتەبایی، ڕەنگە شانازییش بەم سیفەتە ناڕێکەوە بکەن. دۆستۆیڤسکی دەروونی پترۆف و هاوشێوەکانی وەها شیکاری دەکات:
«توانست و بەهرەی بڕیاری دروستم تیایا نەدەبینی. خەڵکانی وەکو پترۆف لەگەڵ بیرۆکە و تەبیعەتێکدا لە دایک دەبن، ئەم بیرۆکەیە بەدرێژایی ژیان بە ڕاست و بە چەپدا دەیانخولێنێتەوە و بەو جۆرە، خۆبەخۆ دەخولێنەوە تا تووشیان دەبێت بە تووشی شتێکەوە و ئارەزوویەکی توندیان لەلا بێدار دەکاتەوە. کە تووشی ئەم شتە بوون و ئارەزوویان بزوا، ئیدی بۆی دەچن ئەگەر سەریشیان لە پێناوی ئەو شتەدا دانابێت. هەندێ جار سەرم لەوە سوڕدەما چۆن پیاوێک کە لەسەر لێدانێکی ئاسایی کۆلۆنێلەکەی خۆی کوشتبوو، بەو ئاسانییە، بێ دەربڕینی هیچ ناڕەزاییەک مل دەدات و پاڵ دەکەوێت بەر شەلاقان بدرێت و فەلاقە بکرێت!»

   ڕێک ئەم بکوژانەی دنیای مەجازی وەهان، ڕەنگە چەندین کەس قسەیان پێ بڵێن و شەڕەکۆمێنتی نەشیاویان لەتەکدا بکەن و باکیان نەبێت، کەچی بە پۆست و نووسین و قسەیێکی دی -کە ڕاستەوخۆ ڕوویشی لەمان نییە، وەلێ بەجدی ڕەخنەی تێگەیشتنی کورت و کەمیان دەکات- تووڕە و هار ببن و هەوڵی لەکەدارکردن و کوشتنی مەعنەوییانەی خاوەنەکانیان بدەن. هەموو پەیامداری و هەبوونی پلانێک بە هەڕەشە بۆ سەر بێبەرنامەییەکەیان و سوکایەتیکردن بە بێدەسەڵاتی و شپڕێویی خۆیان دەزانن، ڕقیان لە جوانی و گەورەییە و چاویان بەوەدا هەڵنایەت مرۆڤێک کەسێتییەکی خۆشویستراوی هەبێت و هەندێ مرۆڤی تری لە دەور جەم بن.

   لە هەموو ئەوەی ڕابورد سەیرتر ئەوەیە، ئەم بەشەرانە هێندە بچووکن، بۆ تێرکردنی حەزێکی کاتی دەست بۆ دزی دەبەن، ئیتر دزییەکە لە هەرکەس بێت، نەیاریانە یا دۆست و یار، کێشەیان نییە، گرنگ ئەوەیە بگەنە حەزەکەی خۆیان.
«یەکێک لە خووە سەیرەکانی پترۆف ئەوە بوو سەربارەی ئەوەی خۆشیدەویستم و ڕێزی دەگرتم، زۆرجار دزیی لێ دەکردم. ڕۆژێک تەوراتەکەی لێ دزیم، تەوراتەکەم دایێ کە بۆم بخاتە شوێنی خۆی، شوێنی تەوراتەکە تەنیا چەن شەقاوێک لێوەی دوور بوو، خێرا لە مەودای ئەو چەند هەنگاوەدا یەکێکی پەیدا کرد و تەوراتەکەی پێ فرۆشت و، خێرا پارەکەی دابوو بە مەشرووب، وا دیارە لەو کاتەدا زۆری حەز لە مەشرووب کردووە و خۆی پێ کۆنترۆڵ نەکراوە ... ئیدی پترۆف پترۆفە بە شەرت، کە شتێک دای لە کەللەی هەر دەبێت بیگاتێ و بیکات. پترۆف ئامادە بوو لە پێناوی ٢٥ کۆپیکدا زەلامێک بکوژێت، بۆ هیچ نا، تەنیا بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بدات بە نیو پەرداخ مەشرووب و بیخواتەوە. لە غەیری ئەم حاڵەتانەدا پارەی بە هیچ نەدەزانی، سەدان هەزار ڕۆبڵ لەو گۆڕە بکەوتایە بێزی نەدەهات دەستی بۆ ببات.»

   ئەگەر پترۆف پێویستی بە پارە و حەزی لە مەشرووب بووبێت، پترۆفەکانی فەیسبوک پێویستیان بە ناسراوی و حەزیان لە لایک و کۆمێنتە، ئیتر لە جێی شتی مادی و بەرجەستە، بیرۆکە و قسە دەدزن، دوور نییە نوکتە و سوعبەتێکی ئاسایی دۆستێکیان کە لە نامەی تایبەتدا بۆی باس کردوون، بدزن و بڵاوی بکەنەوە و خۆیانی پێوە هەڵبنێن، دواییش هیچ تەریق نەبنەوە. هەروەک ئاساییە دزیلێکراوەکەیش بە غەشیم و خەڵەتاو دابنێن و گاڵتە یا بەزەییان پێدا بێت. ئەمانە بریندارت دەکەن و تا بتوانن بێڕێزی و بێئەدەبی دەنوێنن، دواییش پاکانە دەکەن و پاساو دەهێننەوە و دەڵێن شتێکی وامان نەگوتووە، خۆ ڕوونە تەنیا داوای لێبوردن لەوانە دەکەن کە دەزانن لە داهاتوودا پێویستییان پێیان دەبێت و دەشێت ببنە فریادڕەسیان نەک ئەوەی تووشی عەزابی ویژدان ببن و وەفای دۆستایەتییان بجووڵێت و دنەیان بدات.
«هەڵبەتە کە دزیی لێ دەکردم لە دڵی خۆیدا دەیگوت: داماوە! چ پیاوێکی سەیر و بێدەستەڵات و غەریبە! ناتوانێت شتەکانی خۆیشی بپارێزێت. پێم وایە لەبەر ئەوە خۆشیدەویستم. جارێکیان، وەک بڵێی لە دەمی دەرچوو، پێی گوتم:
- ئەلکساندەر پترۆفیچ! تۆ باشبوونت کردووە بە گاڵتەی منداڵان، یانی ئەوەندە باشیت، ناخۆشت کردووە، ئەوەندە سادە و ساویلکەیت، بەڕاستی پیاو بەزەیی پێتدا دێتەوە! دوای دەقیقەیەک لەسەری ڕۆیی:
- ئەلکساندەر پترۆفیچ، قسەکەم بە خراپ وەرمەگرە، لێم زویر مەبە. ئەم قسەیەم لە
دڵسۆزییەوەیە ها ...»

   دوادێڕی بەشی حەوتەمی ڕۆمانی یادگارییەکانی خانەی مردووان، دەکەم بە کۆتا قسەی ئێرە: «من پێم وایە کە «م» ڕاستی دەکرد، پترۆف لە هەموو زیندانییەکان دڕتر، بێپەرواتر، بێباکتر، سەختگرتر، لەخۆباییتر و سەرکێشتر بوو.» ئەمە وەسفێکی پڕبەپێستی پترۆفەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەخۆش و گرێدارەکانی دنیای مەجازییە.

تاگ    دەروونناسی
فیکر
2020-07-15 کۆمێنت 1691 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی