ئایا سۆفیا و بوونەوەی بە مزگەوت

نووسینی: عەلی قوبادی
فیکر 2020-07-13 کۆمێنت 2933 جار بینراوە

ئایا سۆفیا کە دەکەوێتە بەشە ئەورووپییەکەی ئیستەنبووڵەوە، کڵێسەیەکی مەسیحییەت بوو، لە ساڵی 537ی زایینیدا دروست کراوە. ئەم کۆنە کڵێسایە بووبوو بە ڕەمزی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتیی مەسیحی و، دەڵێن گۆیا مێژووی بیناسازیی سەروژێر کردووە.

   بۆ مەسیحییەکان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەبووە، هەروەسا بۆ ئیمپراتۆرییەتەکەیش، ئاخر هەر ئایین یان دەسەڵاتێک، جیا لە هێزە مەعنەوییەکەی، پێویستیی بە ناوچەیەکی جوگرافی و دانانی بەرد لەسەر بەردە، بۆ نیشاندان و بەرجەستەکردنی هێزەکەی، بۆ ئەوەی پێش بینینی هەر کردەیەک، بە بینینی ئەو ناوچە یان باڵەخانەیە، هێزی ویت بۆ دەربکەوێت. ئەم بەرجەستەکردنی هێزە، شتێکی خواکردییە و بۆ مرۆڤ ماوەتەوە. دەبینین کە بەزۆری، نێرینە لەشولارێکی بەهێز و پتەوتری هەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر لە کاتی بینیندا هەست بە هێز بکەیت، بەڵام ئەمە بۆ مێیینە جوایەزە، چونکە خواکردی لەشولاری قایم و زلیان پێ نەدراوە، بەڵام جوانی و نەرمونییانییەکیان پێ دراوە، کە نیشانەی ئارامی و هیواپێدانن.
   
   هەمیشە و بۆ زۆرینەی ئایینەکان، شوێنی پەرستش دەرخەری هێز و ئارامی بووە. لە بابەتی تەلارسازیدا، هەر شتێک بە باری ستوونیدا بوو، مانای هێز و دەسەڵاتە. بەڵام ئەوی لەسەر باری ئاسۆییدا بوو، یانی ئارامی، ئیسراحەت و نەبوونی جووڵە. ئەم دوو خاڵە لە ئایا سۆفیادا کۆ بوونەوەتەوە.

   لە ساڵی 1453دا، سوپای عوسمانییەکان بە سەرۆکایەتیی سوڵتان محەمەد فاتیح، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بێزەنتییەکان هێنا و شاری قوستەنتینییەیان فەتح کرد. دەڵێن گوایە لەو کاتەدا، موسوڵمانەکان بەزۆر ئایا سۆفیایان داگیر کردووە و کردوویانە بە مزگەوت. بەڵام ڕاستییەکەی بەو جۆرە نەبووە و محەمەد فاتیح بە بڕە پارەیەک، بە ڕازیبوونی مەسیحییەکان، ئایا سۆفیای لێیان کڕی و یەکەم بانگیان تێدا دا. تەنانەت ئەو هونەر و وێنانەی مەسیحییەکان کە لە ئایا سۆفیادا بوون، وەکو ڕێزێک بۆ مەسیحییەکان، پاراێزران و تا ئێستایش وەکو هونەرێک لە مزگەوتەکەدا ماونەتەوە. تا ئێستا بەڵگەنامەی کڕینی ئایا سۆفیا لە بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی تۆماری عەقاریی ئەنقەرە ماوە و نوسخەیەکی دیکەیشی لە مۆزەخانەی ئاسەواری تورکیای ئیسلامییە لە ئەستەنبووڵ بە ژمارە 2182.

   لە ئێستادا تورکیا ژمارەی دانیشتووانی هەشتاوچوار ملیۆنە، لەم ژمارەیە، تەنیا نەوەد هەزاریان مەسیحین. یانی گەر هەزار کەس بچنە ئایا سۆفیاوە، تەنیا یەک کەسیان مەسیحی دەبێت.

   گرنگیی ئایا سۆفیا تەنیا لەوەدا نییە کە دانەیەکی تر لە ژمارەی مزگەوتەکانی جیهان زیادی کردووە، بەڵکو ئەمە گێڕانەوەی شکۆ و وەستانەوە دژی ئەو بڕیارە کینلەدڵانەی  ئەتاتورک بوو کە لە ساڵی 1935 مزگەوتەکەی دوای زیاد لە چوارسەدوهەشتا ساڵ بە بڕیارێک دژی ئیسلام، گۆڕیی بۆ مۆزەخانە و دووبارە بانگی تێدا نەدرایەوە. ئەم بڕیارەی ئەتاتورک لەگەڵ ئەو بڕیارانەی تریدا بوو بۆ سڕینەوەی کلتووری ئیسلامی لە وڵاتەکەدا، ئاخر ئەتاتورک بڕیاری قەدەغەکردنی بانگی دا، نووسینی لە پیتی عەرەبییەوە گۆڕی بۆ لاتینی و  یاساغی جبە و عەمامەی کرد و شەپقەی  ڕۆژاواییانی کرد بە باو. 
   
   بۆ گۆڕینی ئایا سۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت، پازدە ملیۆن واژۆ کۆ کراوەتەوە. ئەسڵەن بڕیارێک نەدراوە بۆ گۆڕینەکە، بەڵکو بڕیاڕێکی پێشتر هەڵوەشاوەتەوە. گەر گۆڕینی ئایا سۆفیا لە کەنیسەوە بۆ مزگەوت بە سووکایەتی بزانرێت -کە وا نییە- بڕیاری گۆڕینی بۆ مۆزەخانە دە هێندە عەیبەیە. ئاخر گەر بدرایەتەوە مەسیحییەکان بە بڕە پارەیەک، زۆر لەوە ئەهوەنتر بوو کە لە موسوڵمانان سەندرایەوە و کرا بە مەتحەف.
     
   کاتێک دەبینین مەسیحییەکان لەناو جەرگەی ئیتاڵیادا سەربەخۆییان بە وڵاتۆچکەیەک داوە کە هیچ تایبەتمەندییەکی وڵاتبوونی تێدا نییە و ڤاتیکانیان کردووە بە سەنتەری مەسیحییەتی جیهان، بۆچی نائاسایی بێت کە ئایا سۆفیا مافی مزگەوتبوونی بۆ بگەڕێندرێتەوە. هەموومان دەزانین، ڤاتیکان و پاپا تەنێ وەکو ڕەمزێک ماون، بەم لاوازییەیشیانەوە هێشتا وڵاتان حساب و کتابی تایبەتی خۆیان بۆ ئایین و پاپاکەیان هەیە.
   
   کاتێک جووەکان دێن و خاکی موسوڵمانان داگیر دەکەن، بۆچی کەسێک نییە بڵێت کاکە ئۆغر، ئەم خاکەی تۆی تێدایە، ماڵی کەسێکی ترە، ئەم شارەی تۆ خۆت کردووە بە خاوەنی، ڕۆڵەی خۆی هەیە و پێیان ناخۆشە! کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت قودس پێتەختی ئیسڕایلە، بۆچی کەسێک ناڵێت، لێت هەڵە بووە و بەپێچەوانەوە خەوتووی!
  
   کردنەوەی ئایا سۆفیا گوتارێک بوو بۆ هەموو جیهان؛ کە دەکرێت مافی خوراو وەربگیرێتەوە، ناحەقی بتوێنرێتەوە  و شێری پیر گەنج ببێتەوە.

تاگەکان    
ئەیاد قنێبی ئایا سۆفیا ڕانانی کتێبب تەوبە فەڵەستین تەکنۆلۆژیا خێوەتگە دوعا دەروونناسی شیرک چیرۆک زانست خاڵبەندی مێژوو زمان
فیکر
2020-07-13 کۆمێنت 2933 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی