لاوان و پەروەردەی فەرهەنگی و نیشتمانی

نووسینی: عەلی حسێن
فیکر 2020-07-09 کۆمێنت 1633 جار بینراوە

ئەو نەوەیەی لەژێر چەتری دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردیدا پێگەیشتوون، لەوانەیە هەرگیز کەس فێری نەکردبن، تۆزێک زمان و فەرهەنگی خۆیان خۆش بوێت. بە بیرم دێت، بە منداڵی، لە قوتابخانە فێر دەکراین، نەخشەی عێراق بکێشین و دەستی خۆمانی لەسەر ڕابهێنین. من بۆ خۆم، نەخشەی عێراقم گەلێک پێ ڕازاوە و لەبەردڵان بوو. یەک دوو جارێک، نەخشەی باشووری کوردستانمان پێ کێشرا، بەڵام گاڵتەم پێی دەهات؛ ئاخر نەخشەی عێراقم زۆر پێ لە نەخشەی کوردستان جوانتر بوو. جارێک هاووڵاتییەکی ئاسایی باسی دەیەی هەشتا یان نەوەدی بۆ دەکردم، دەیوت ئەو کاتە، ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوارە بووین، کاتی تۆپێنی نێوان هەڵبژاردەی ئێران و عێراق، ئێمەی کوردی باشوور کە میوان بووین، لەگەڵ ئەوەیشدا ئاوارەی کردبووین، لایەنی عێراقمان دەگرت، کوردانی خانەخوێیش لایەنی ئێران، ئیتر لەسەر ئەمە دەبوو بە ملاملانە و دەمەقاڵەمان. عەبدوڵڵا پەشێو پێش ساڵانێک، سەرنجێکی لەسەر یەکێک لە کتێبەکانی قوتابخانە خستووەتە ڕوو. دەڵێت لە کتێبی قوتابخانەدا، کە باسی کوردستان لە دوای هاتنی ئایینی ئیسلامەوە کراوە، نووسراوە کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق، وەک بڵێیت، سنووری نێوان بەشەکانی کوردستان، هەزار ساڵ پێش ئێستایش هەر هەبووبێت. هەر خۆی دەڵێت، ڕاگەیاندنی کوردی هەمیشە لە جێی وشەی کوردستان، وشەی هەرێم دووبارە و سەدبارە دەکاتەوە (۱). هەموو ئەمانە دەریدەخەن، لاوی ئێستا، چۆن پەروەردە بووە و بە چی پێگەیشتووە. ئەو هەموو بێهەستی و بێخەمییەی گەنجی خوێندەواری ئەمڕۆ لە بەرانبەر زمان و فەرهەنگی خۆیدا، لە خۆڕا نییە.

   ئێمە چاومان کردەوە و بەشێک لە تەمەنمان بە ڕێ کرد، کەچی نەمانبینی کەسێک فێرمان بکات، زمان و فەرهەنگی خۆمان خۆش بوێت و لایەکیان لێ بکەینەوە. لاوی ئەمڕۆ، کە لە مافەکانی خۆی بێبەش کراوە، وا دەزانێت تەنیا ئەوەندەی لە دەست دێت، جنێو بە زمان و فەرهەنگ و نیشتمان و قەوارەی خۆی بدات و تفبارانیان بکات. ئەمڕۆ ئیتر هەموو داخوازیی زۆربەی خەڵک ئەمەیە: «مووچەم پێ بدە و دواتر هەرچی دەکەیت بیکە.» ئێمە سەدیەکی مووچە و مادە، باسی زمان و فەرهەنگ و بەرژەوەندی نەتەوەییمان بۆ نەکراوە. من بۆ خۆم، هەر لە منداڵییەوە، پەروەردەیەکی ئایینی کراوم و وا ڕاهێنراوم، شتی زۆر لاوەکیی ئایینی بە لامەوە، لە گەورەترین مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەیی، بایەخی زیاتر بێت. تۆ بنواڕە، گەلێک گەنجی دڵسۆز و خوێنگەرم هەن، کە دەبینن خەڵکی بێتاوانی گەلەکەیان لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە لە خوێندا دەگەوزێنرێت، ناوێرن بڵێن ئەمە ئیشێکی خراپە و ناحەقییە، ئاخر وا ڕاهێنراون، ئەگەر بابای موسوڵمان ستەمی کرد، کێشە نییە و ئاساییە. ئاخر کەس فێری ئەوەی نەکردوون، حەق و حەقیقەت بناسنەوە و سەیری ناو و ناوونیشان نەکەن. یەکێک لە مامۆستا و پەروەردەکەرانیان پێی نەوتوون، کێشەی تۆ و دراوسێیەکانت، کێشەی ئایین نییە، چونکە تێکڕا یەک ئایینمان هەیە. کەس لەوەی نەگەیاندوون، تا بە کوردی بدوێیت و زمانی خۆت بپارێزیت، گەلانی دوور و دراوسێ، بە هەزار بیانووەوە تێت بەر دەبن و بە هەموو جۆرێک داگیرت دەکەن. کوردانی ئایینپەروەر، خەمی ئەوەیان نییە، ببین بە خاوەنی کۆمەڵێک کەسایەتیی ئایینیی گەورە و بەناوبانگ، تا بتوانن لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی، بەرگرییەک لە مافی کورد بکەن. ئاخر مافی گەلی کورد، بە لایانەوە شتێکی زۆر سەرەکی نییە.

   ڕەنگە هیچ گەلێک نەبێت، هێندەی کورد، لە بەرانبەر زمان و فەرهەنگی خۆیدا بێباک بێت. تۆ بنواڕە، چەند حیزبمان لە کوردستاندا هەن، کەسیان جارێک لە جاران، لە ڕاگەیاندنی خۆیانەوە، باسی سەربەخۆیی کوردستان، یان پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی ناکەن. خۆ کەس ڕێی لێ نەگرتوون، بەڵام چونکە هیچ خەمێکی ئەم مەسەلانەیان نییە، بۆیە لایان بە لادا ناکەنەوە. خەڵکیش ئیتر داوای هیچ شتێکی لەم چەشنە ناکەن، تەنیا دەیانەوێت مووچەیان بدرێتێ، خوای دەکرد ئەو مووچەیە، لەسەر حسابی هەڵوەشانەوەی هەموو کۆڵەکەکانی بوون و مانەوەمان بێت. خوێندەواری ئەمڕۆ، ئاسان و بێ هیچ داڵغەیەک دەڵێت، با قەوارەی کوردی هەڵبوەشێتەوە. ئەم قسەیە، یانی ئەوەی من پێم ئاساییە، دڵی هەموو ناحەزانم خۆش بکەم؛ یانی ئەوەی، من نازانم بەرژەوەندی کورد و کوردستان لە چیدایە؛ یانی ئەوەی، ئومێدم بە بێگانە زیاترە وەک لە خزم و کەسی خۆم؛ یانی من باکم نییە، دژی دەیان ساڵ خەبات و شۆڕشی خەمخۆرانی نیشتیمانەکەم بوەستمەوە. ئەو کەسانەی وا دەدوێن، دەکرێت بە سەد جۆر بۆچوونەکانیان پاساو بدەن، بەڵام ناتوانن پێمان بڵێن، بۆچی شتانێک دەڵێن، دڵی ناحەزانی کورد و کوردستانیان پێ بگەشێتەوە.

   خوێندەواری ئەمڕۆ، تەنیا سەرنجی لەسەر دەسەڵاتە و وا دەزانێت، هەموو کێشەکان لەوێوە چارە دەکرێن. کاکی ڕۆشنبیر، بڕوای بەوە نییە، دەکرێت لە ڕێی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەوە، بناغەیەک دامەزرێنرێت و نەوەیەکی کەمێک باشتر پێبگەیەنرێت. ئەو بێ ئەوەی بزانێت، سیاسەتپەرستی لە هەناویدا لانەی کردووە و ئیتر بڕوای نە بە فەرهەنگ ماوە و نە بە ئایین و نە بە پەروەردە. ئەو نازانێت، بەم جۆرە بیرکردنەوەیەی، هەموو ئیش و چالاکیی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. نازانم ئەم جۆرە ڕووناکبیرانە، وەڵامیان چی دەبێت، گەر لێیان بپرسرێت: «ئەگەر هەموو شتێک بە دەستی دەسەڵاتی سیاسییەوەن، ئەدی تۆ بۆ خۆت بە شتانێکی بێکاریگەریی وەک فەرهەنگ و ڕووناکبیرییەوە خەریک دەکەیت؟» لە ڕۆژگارێکدا دەژیین، نەک هەر سیاسەتمەداران، بەڵکو خەڵکی ئاسایی و تەنانەت کەسانی فەرهەنگییش، بڕوایەکی ئەوتۆیان بە فەرهەنگ نییە و تەنیا چاویان لەوەیە، لە لووتکەی دەسەڵاتەوە هەموو شتێک چاک بکرێن. من چەند لە گەندەڵی و خەمنەخۆریی ئەهلی سیاسەت بێزارم، دووقاتی ئەوە، خوێندەواری ئەم وڵاتە بە خەتابار دەزانم. من دەبینم لیژنەی «19» کەسی دانیشتوون بۆ دانانی ئەلفوبێی کوردی بۆ پۆلی یەکی بنەڕەتی، کەچی هەر لە پێشەکییەکەیدا چل هەڵەیان کردووە. من دەبینم ڕاگەیاندنی کوردی، ئەوەی خەمی نەبێت، زمان و فەرهەنگی کوردییە. من دەبینم، هەزاران هاووڵاتی، خەریکی پیسکردنی ژینگەی وڵاتن. من دەبینم، ئەگەر ئاگر لە هەموو زمان و فەرهەنگمان بەر بدرێت، هێندەی هەواڵی دابەشینی چارەکەمووچەیەک، لەناو خەڵکدا نابێت بە باس. من دەبینم، خەڵکێکی زۆر، جنێویان بە مامۆستای مافخوراو دەدا، تەنیا لەسەر ئەوەی داوای مافی خۆیان دەکرد و مانیان دەگرت. من دەبینم هەزاران کەس، بڕوایەکی پتەویان بەوە هەیە، جنۆکە دەچێتە لەشەوە و هەرچیت لێ قەوما کاری جنۆکەیە. من دەبینم لەم وڵاتەدا، خێزان، قوتابخانە، زانستگا، ڕاگەیاندن، پەروەردە، ئایینداری، فەرهەنگ، تەندرووستی، پێوەندیی کۆمەڵایەتی و چەندان بواری تر، لە قەیراندان و دەیان کەلێنی گەورە و گچکەیان تێدا دەبینرێن. ئاخۆ ئەرکی تاکی ڕووناکبیر و خوێندەوار، تەنیا ئەوەیە بڵێت، حکوومەت گەندەڵە و بڕایەوە، یان لەسەریەتی ئەم دەردانە بدۆزێتەوە و کەم کەم و وردە وردە، کار بۆ چاککردنیان بکات؟ ئاخۆ بیریان لەوە کردووەتەوە، خەڵک لە حکوومەتەوە درووست دەبن، یان حکوومەت لە خەڵکەوە؟ ئەگەر خوێندەواری وڵات، چاوساغی گەل بێت، ئاخۆ ئەرکی چاوساغان نییە، لە بیرکردنەوەی ورد و قووڵدا، ببنە پێشڕۆی خەڵک؟ یان تەنیا دەبێت، دوای قەرەباڵغی بکەون و قسەی سەر زاری خەڵکی ئاسایی و عەوام پاتە بکەنەوە؟

   ئێستا کە کورد لە بەردەمی چەندان هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکیدایە، ئاخۆ من و تۆی خوێندەوار، دەبێت خەمی پاراستنی نەتەوە و زمان و قەوارەی خۆمان بێت و تۆزێک قووڵتر لە مەسەلەکان بڕوانین، یان بە بیانووی خراپیی دەسەڵاتی سیاسییەوە، خۆ لە هەر جۆرە چاکسازییەکی کردەنی دەبوێرین و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی نەیارانمان و دەڵێین، بفەوتێن کورد و کوردستان؟!


(1) میدیا، ژمارە «142»، «27/ 2/ 2003»

تاگەکان    
ڕانانی کتێبب کرێکار فێمینیزم قوتابخانەکانی نوور مۆدێرنیتە ڕانانی کتێب كتێب فیکر چەواشەکاریی لۆژیکی قەدەر وەرزش زمان خوێندنەوە چەواشەکاریی_لۆژیکی نەتەوایەتی
فیکر
2020-07-09 کۆمێنت 1633 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی