شۆڕشی ڕەشپێستە موسڵمانەكانی بەڕازیل لە دژی كۆیلایەتی - بەشی سێیەم (کۆتایی)

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-06-21 کۆمێنت 1734 جار بینراوە

وەختێک دەمەوێت دەست بۆ گێڕانەوەی دیرۆکی ڕەشپێستەکان و بەتایبەت موسڵمانە ڕاگوێزراوەکانی بەڕازیل ببەم، خەمێکی قووڵ، توند توند پەنجەکانی لە خنخنۆکەم گیر دەکات، ئازارێک لە شێوەی برینێکی کۆندا ویژدانم دەکولێنێتەوە، سەرتاپێی ژیانم بە تەمی زوڵمێکی ئاشنا، لێڵ و تاریک دەبێتەوە. ئاخر باش دەزانم، لە ئاست گواستنەوەی ژان، دەردیسەری، کۆڵەواری، دەربەدەری، بێنازی و وێنە خەماوییەکانی ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتە ستەملێکراوەدا، چەنێک دەستەوەستانم و هەستیشم بەو واقیعە تاڵە کردووە، کە شۆڕبوونەوە بەنێو ناخی یەکە بە یەکەی لێقەوماوانی ئەو جەغزە مێژووییەدا و گەیاندنی هاوار و ئازاریان، بە ئادەمیزادە دڕندە و هەلپەرستەکانی ئەم سەردەمە، کە هیچ شتێک لەبەردەم حەزە شەڕەنگێز و پاوانخوازییەکانیاندا، نابێتە بەربەست و دزێوترین پاساو لەپێناو گەیشتن بە چەپەڵترین ئامانجدا، بە ئاسایی و هێزی سروشتی لێک دەدەنەوە؛ گەلێک سەختە و وەک مەحاڵ وایە!


   فەرهادی شاکەلی لە کتێبی «دەنگی ڕووناکی لە گێتییەکی تاریکدا»دا، وەختێک لەبارەی سێ ڕۆمانەکەی چینوا ئەچێبێی نووسەری بە ڕەچەڵەک ئافریقایی و نایجیریاییەوە دەدوێت، خاڵێکی زۆر گرینگ و جوان لەمەڕ ئەم بابەتەوە دەخاتە ڕوو، کە تاڕادەیەک ئاوێک بە دڵی ئینساندا دەکات و بەو تێبینییە مەعریفییە وردەی، پەردە لەسەر ڕووی هەقیقەتێک هەڵدەماڵێت، کە هەردەم ئازاری ویژدانی خوێنەران و کەسانی هەستیار دەدات، ئەویش شاراوەبوونی لایەنی دەروونی، بێئاگایی لە ئاست هاواری ویژدان و هەستنەکردن بە ئازاری مرۆڤەکانی نێو جەغزێکی مێژوویە، بەتایبەت وەختێک لە ڕێگەی خوێندنەوەی لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکانی ئەو بوارەوە، زانیارییەکانی ئەو ڕووداوە مێژووییەمان وەچنگ دەکەوێت.


   بۆیە فەرهاد شاکەلی، دوای ڕانانە دانسقەکەی لەمەڕ هەر سێ ڕۆمانەکەی ئەچێبێوە، لە ئەنجامگرییەکەیدا دەڵێت: «بۆ ناسینی پاشخانی فەرهەنگی، فکری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە و وڵاتێک، هەرگیز ئەوە بەش ناکات مێژووی سیاسیی ئەو نەتەوەیە بخوێنیتەوە. ئەوەی مێژووی سیاسی پێمان دەڵێت، تەنیا کۆمەڵێک ڕووداوی وشک و بێگیانە، چونکە مێژوونووس، بەتایبەت کە دەیەوێ لایەنی بێلایەنی و زانستکاری جەخت بکات، چەندە بتوانێت هێندە خۆی لە بەکارهێنانی هەست و سۆز دوور ڕادەگرێت. بەپێچەوانەی ئەو هەڵوێستەوە، نووسەرێک دەتوانێ مێژوویەکی پاراو و زیندووتری وڵاتێک و گەلێک بنووسێتەوە و بە هەموو هەستەکانیەوە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و گەشەکردنیاندا بەشداری بکات. تەنانەت نووسەرێک کاتێک ڕۆمانێک دەکاتە ئەو کەرەستە هونەرییەی وێنەگرتنی ڕابردوویەک، هەوڵ دەدات لایەنە زۆر بچووک و ورد و نەبینراوەکانی ئەو کۆمەڵەیش وێنا بکات. ئەو نەک تەنیا ڕووداو و شتە بەرچاوەکان باس دەکات، بەڵکە هەوڵ دەدات لەبارەی ناوەوەی مرۆڤەکانیشیەوە بدوێت.»[1]


   وێڕای ئەوەی ڕۆمان لە چوارچێوەی زاستە مرۆڤییەکاندا، وەک ژانرێکی ئەدەبی لە قەڵەم دەدرێت، کە پتر لە هەست و سۆز و خەیاڵی نووسەرەوە نزیکە، وەک لە ڕووداوێکی واقیعیی ڕووت و لە بەرهەمی ئەدەبییشدا ئەوە ئەستەمە، نووسەر بتوانێت خۆی لە بێلایەنبوون بپارێزێت و بە قاڵبەکانی زانستی پەتییەوە پابەند بێت، بەڵام هێشتا دیوێکی جوانی ئەوەیە، بە ناخی کاراکتەرەکانیدا غلۆر دەبێتەوە و دەیان وێنەی نەدیتراومان دەخاتە بەرچاو و سەدان ناڵەی نەبیستراومان بە گوێدا دەچرپێنێت، کە بەبێ بوونیان، هەست بە لەدەستدان و پێنەزانین و جۆرێک لە نادادی دەکەین!

   بۆیە ئەگەرچی ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەکان، ناکرێت وەک سەرچاوەی زانستی پشتیان پێ ببەسترێت و بیروبۆچوونی یەکلاکەرەوە و سەرەکییان لەسەر بنیات بنرێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی دەروونی، زۆر حەوجێ بەو ژانرانەیە، کە بە شێوەیەکی ناسک و هونەرمەندانە و نزیک لە ڕاستییەوە، گوزارشت لە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکانێکی ستەمدیدە و مافخوراو دەکەن.

   ئەوەی لە باسوخواسی مێژووی ئافریقاییە لە زێد هەڵکەندراو و نیشتمان داگیرکراوەکاندا، زیاتر خوێ بەسەر برینەکەدا دەکات، ئەو ڕەگەزپەرستی، چەواشەکاری و دەستپیسییەی مێژوونووسە بە ڕەچەڵەک داگیرکەرەکانە، کە دەڵێیت هەر بەئەنقەست، بەو هەموو ستەمەی ڕابردوو، دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە و بۆ ئەوەی لە کاروانی دەمارگیری و ستەمکاریی باوباپیرە سپیپێستە ڕەگەزپەرستەکانیان بەجێ نەمێنن؛ جوانی، مەزنی، شۆڕشگێڕی، نەبەردی و جوامێریی کەسایەتییە ئافریقاییە موسڵمانەکان و ڕاپەڕین و وەستاوەنەیان لە دژی زۆر و ستەمدا، دەشارنەوە و لە ئاست خستنەڕووی وردەکاری و ڕاستییەکاندا هێندە بێپەروان، مرۆڤ دەخەنە دۆخی خنکانەوە.

   بۆ ئەوەی ئێمەیش بە هەمان دەردی بێویژدانی و بێئەمەکیدا نەچین، دەبێت ئەو شایەتییە بدەین، کە پاراستن و گواستنەوە و لێکۆڵینەوەی زۆرێک لەو ڕووداوە مێژووییانە، لەلایەن کەسانی سپیپێستی بەویژدانەوە کراوە، ئەسڵەن هەوڵە پاک و دوور لە دەمارگیرییەکانی هێندێک لەوانە نەبووایە، لەوەیە ئەوەی ئێستایش دەیزانین، هەرگیز پێمان نەگەیشتایە و ئەو ڕەگە مێژووییە گرینگەی، کە ڕۆڵی لە ڕۆنانی داهاتوو و پێداچوونەوەی مامەڵەمان لەتەک داگیرکەراندا هەیە، هەر وا لەکیس بچووبایە و لە سۆنگەی ڕابردووەوە، تووشی هەڵەی زەق و زۆپ و کارەستبارتر بووبووینایە.

   دوای تێکشکاندنی دەوڵەتی پاڵماریسی موسڵماننشین[2]، هەڵمەتێکی زۆر قێزەونانەی پاکتاوکردنی موسڵمانان، لەلایەن پورتووگالییە کۆڵۆنیالیستەکانەوە دەستی پێ کرد[3]، وەنەبێ پێشتر وڵات شامی شەریف بووبێت و ئەوەیان نەکردبێت کە ئێستا دەیکەن، بەڵام لە دوای شۆڕشەکەی زۆمبییەوە، ئیدی شاڵاوی هێرش و کوشتوبڕەکان، زۆر زیاتر و گەلێک تۆختر بوونەوە.

   لە میانەی ئەو ساڵەنەدا، کۆڵۆنیالیستەکان لەپێناو سڕینەوەی یەکجارەکیی ناسنامەی موسڵمانان و شۆردنەوەی مێشکی ڕۆڵەکانیان، گشت هۆکارێکیان دەگرتە بەر. جگە لە بەرژەوەندیخوازی و هەڵپەی بەرهەمی زیاتریان، بۆ ڕاماڵینی فەرهەنگ، زمان، نەتەوە، ئایین، ڕەچەڵەک و بنەمای یەکە بە یەکەی کۆیلە هاوردەکراوەکان، شەو و ڕۆژیان خستبووە سەر یەک و هەر چتێک بۆنی فەرهەنگی ئافریقایی و ئایینی ئیسلامی لێ بهاتبایە، یەکڕاست بێ یەک و دوو، هەڵیان دەتەکاند و لە جێگەیدا، ئایین، زمان، بیروباوەڕی کۆڵۆنیالیستانەی خۆیانیان تێ دەئاخنی.

   لەو دوو بەشەی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی سەرپێییانە، ئاوڕێکمان لە هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانی موسڵمانە ڕەشپێستەکان دایەوە، لێ لەو نێوەندەدا، دەیان شۆڕشی دیکە، بە شێوەی پچڕپچڕ و سەرنەگرتوو ڕوویانداوە، بە هۆی ترسان لە درێژدادڕییەوە، ناتوانین خۆ لە قەرەی باسکردنیان بدەین.

   لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا، ئەو وەختەی بەڕازیل بەرەو قۆناغی سەربەخۆیی دەڕۆیشت، وەڵات لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو داتەپین شۆڕ دەبوویەوە، ئەمەیش شەپۆلی ناڕەزاییەکانی تا دەهات زیاتر و زۆرتر دەکرد، لە ساڵانی 1807، 1809، 1813، 1814، 1816، 1826، 1827، 1828، 1830 و دواتر شۆڕشە مەزنەکەی 1835 و ساڵانی تریشدا، زوو زوو لێرەولەوێ، ئافریقاییە ژێردەستەکان و بەتایبەت کۆیلە موسڵمانەکان، هەوڵی قوتاربوونیان لەدەست زوڵم و زۆری سپیپێستان دەدا، بەڵام تەقەلاکانیان وەک خۆری بەر بەفر زوو دەتوایەوە و چ بەرهەمێکی وای لێ شین نەدەبوو، کەمێک چاویان پێی ڕوون بێتەوە و بە دڵی خۆیان بۆ نیشتمانی خۆ بگەڕێنەوە. هەوڵ و یاخیبوونەکانیان، پتر لە چوارچێوەی تاکە تاکە و تاقمی بچووک بچووکدا بوو، بە شێوەیەکیش ڕێک نەخرابوون، دەنگدانەوەی کاریگەر بەدوای خۆیاندا بێنن.

   دوای ئەوەی لە ساڵی 1822دا، بەڕازیل بەفەرمی سەربەخۆیی بەدەست هێنا، قەیرانە ئابوورییەکان سەخت و قووڵتر دەبوونەوە، نرخی شتومەکە سەرەکی و پێویستەکان چەند قات بوونەوە، هەڵاوسانێکی خەیاڵی لە بەهای کەلوپەل و خواردەمەنییەکاندا هاتە کایەوە، کە جڵەوی بەڕێوەبردنی خەڵکەکەی لەلایەن دەستڕۆیشتووە سپیپێستەکانەوە، هێندەی دی دژوار و سەختتر کردبوو.

   لەو ساتە پڕ لە تەنگانە و کولەمەرگییانەدا، زانا و بانگخوازە موسڵمانەکانی بەڕازیل، کە خۆیان بە ڕەچەڵەک ئافریقایی و ڕەشپێست بوون، بە شێوازێکی نهێنی و لە کونجی ماڵە لە ڕواڵەت ئاساییەکاندا[4]، کە زۆرێکیان لەلایەن ڕەشپێستە ئازادبووەکانەوە بە کرێ گیرابوون، وەک مزگەوت و جێگای فێرکردن و پەرستش بەکار دەهێنران، بۆ ئەوەی خەڵکانێکی زیاتر لەو کۆیلانەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ناوچە کەناراوییەکانەوە وەک کۆیلە ڕاگوێزرابوون؛ موسڵمان ببن و ئیسلام وەک ئایینی خۆیان هەڵبژێرن، لە تێکۆشانێکی بەردەوام و ناخهەژێندا بوون.

   مێژوونووس و لێکۆڵەری بەنێوبانگی بەڕازیلی، جاو خۆزێ ڕیس، لە ئەنجامی وردبوونەوە و بەدواداچوون و تێهەڵچوونەوەی تۆمارە ئەرشیفییەکانی بەندکراو و کوژراوە موسڵمانەکان و ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان پۆلیسە بەڕازیلییەکان و گیراوە شۆڕشگێرەکاندا ڕوویانداوە، بە شێوەیەکی بێلایەن و بابەتییانە خەریکی نووسین و توێژینەوە لە مێژووی کۆیلە و ژێردەستەکانی ئەمریکای لاتین و بەتایبەت وڵاتی بەڕازیلە و زۆر بەوردی، لەسەر هەڵوێستی موسڵمانانی بەڕازیل و ڕۆڵی ڕەشپێستە ئافریقاییەکان، لە کۆتاییهێنان بە سیستمی کۆیلایەتی و بەگژداچوونەوەی ستەمی زۆرداریدا، دواوە.

   یەکێک لەو شۆڕشانەی جاو خۆزێ ڕیس پتر جەختی لەسەر دەکاتەوە و لە کتێبە گرینگەکەیدا بە ناوی «Slave Rebellion in Brazil»، زێتر وەک نموونە دەیهێنێتەوە و دواتر چەند دەرەنجامێکی پڕبایەخی لەمەڕ کاریگەریی ئایین و نەژادەوە لێ هەڵدەگۆزێت؛ ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1835ی ویلایەتی باهیای شاری سەلڤادۆرە، کە موسڵمانەکان سەرپەرشتییان دەکرد و سەرچاوەی هەڵسانەوەکەیش[5]، لە ماڵێکی موسڵمانی ڕەشپێستەوە بوو، کە خانووەکەی خستبووە خزمەتی کۆیلە موسڵمانەکانەوە[6]، تا وەک مزگەوت و فێرگەی ئایینی بەکاری بهێنن و بانگی بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی لێوە بڵند بکەنەوە.

   لە ساڵی 1835ی زایینیدا، لە ڕێککەوتی 25ی جێنیوەریی بەرانبەر 27ی ڕەمەزاندا، لە شاری سەلڤادۆری پایتەختی ویلایەتیی باهیای ڕۆهەڵاتی بەڕازیلدا، کۆمەڵێک لە موسڵمانە ڕەشپێستەکان، کە زۆربەیان بە ڕەچەڵەک مالی بوون، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بە شێوەیەکی تۆکمە و بەرنامەبۆداڕێژراو پلانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەرییان کێشابوو، لە نیوەشەوی لەیلەتولقەدردا بە نیازی بەگژداچوونەوەی ستەم و بەدەستهێنانی سەربەرستی و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، ڕژانە سەر شەقامەکان و کۆمەڵێک لە کۆیلە ناموسڵمانەکانیش، کە بە ڕەگەز ڕەشپێست و ئافریقایی بوون، لەپێناو هەمان مەبەستدا، هاتنە ڕیزیانەوە.

   خۆپیشاندەران بە جلوبەرگی سپی و داپۆشراوەوە، کە سیمای موسڵمانێتی بوو، هاوزەمان هەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشمی ئایینی، لە شێوەی چاوەزار و ملوانکەی نقێمداردا، کە ئایەتی قورئانیان لەسەر نەخشێنرابوو، لەتەک بەرزکردنەوەی وێنەی سەرکردە جان جاک دیسالیندا، کە بە سەرخەر و ڕابەری شۆڕشی هایتی لە قەڵەم دەدرێت[7]، ڕووبەڕووی پۆلیس و دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی شاری سەلڤادۆر بوونەوە.

   بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر، دەسەڵاتدارانی بەڕازیل تاقمێک سیخوڕیان دزە کردبووە نێو ڕێزی موسڵمانانەوە، بە پلانی شۆڕشە مەزنەکەیان زانیبوو و باش باش ئاگایان لە وردودرشتی پێشهاتەکە بوو[8]، بۆیە دوای سێ سەعات ململانێ و شەڕوشۆڕی بەردەوام لەنێوانیاندا، دواجار ئاگری شۆڕش خامۆش کرایەوە و دیسان خەونی چەند ساڵەیان لەگۆڕ نرایەوە.

   من بەم دەمودەستە، بەوەدا ڕاناگەم وێنەکانی ئەو شۆڕشە بە وردودرشتییەوە بگێڕمەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا ویستم تیشکی بخەمە سەر، زیاتر ڕای مێژوونووسی بەناوبانگ، خۆزێ ڕیس بوو.

  نووسەر لەو کتێبەیدا، گەلێک گرینگی بە ڕۆڵی ئایین و نەژاد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادیدا دەدات، ئاخر شۆڕشە مەزنەکەی سەلڤادۆر، پتر لەلایەن موسڵمانانەوە هەڵگیرسا و ڕابەڕانی یاخیبوونەکەیش هەر ئەوان بوون[9]. زۆرێک لە مێژووناسان پێیان وا بووە، شۆڕشەکە زادەی پاڵنەرێکی ئایینیی ڕووتوقووت بووە و لەژێر چەمکی جیهاددا سەری هەڵداوە، هاوزەمان هێندێکی دی ڕۆڵی ئایینیان لە مەسەلەکەدا لەبەرچاو نەگرتووە و دین بەلایانەوە، هیچ کارکردێکی وەهای نەبووە کە شایەنی لالێکردنەوە بێت، بەڵکو ئەوە جیاوازیی چینایەتی و پاڵنەری نەژادی بووە، کە بەو شێوەیە، تۆوی بەرەنگاربوونەوەی لەنێو ناخی تاکە بە تاکەی کۆیلە ڕەشپێستەکاندا چاندووە.

   هەرچی خۆزێ ڕیسە، ڕەچاوی هەرتک پاڵنەرەکەی کردووە و شتاقیانی بە کەم نەزانیوە و بەلای ئەوەوە، شۆڕشەکەی ویلایەتی باهیا، مەلێک بووە و بە هەردوو باڵی ئیسلام و نەژاد، لە ئاسمانی شکۆمەندی و نەفسەبەرزی، پەرۆشیی بۆ زێد و نیشتمان و قبووڵنەکردنی ستەمدا، لە شەقەی باڵی داوە.

   خۆزێ ڕیس، ئەوەی ڕەت کردووەتەوە موسڵمانان، شۆڕشەکەیان لە سۆنگەی فەتح یان جیهاد یاخود جەنگێکی پیرۆزی کلاسیکیدا کردبێت، چونکە موسڵمانانی شۆڕشگێڕ لە سەروەختی یاخیبوونەکەیاندا، کۆیلە ئافریقاییە ناموسڵمانەکانی تریان بۆ پاڵپشتیی خۆیان هان داوە و پتر وەک شۆڕشێکی ئافریقایی کە لەپێناو بەدەستهێنانەوەی ئایین و فەرهەنگ و ناسنامەی خۆیدا تێدەکۆشێت، لە هەلومەرجەکەیان ڕوانیوە و ویستوویانە، جۆرێک لە هاودەنگی و هاوهەڵوێستی لە دژی دەسەڵاتی خوێنمژ و ستەمکاری ئەو سەردەمەی بەڕازیل بهێننە کایەوە، کە بە هیچ کلۆجێک مافە سەرەتاییەکانی جیاوازبوون و پابەندبوون بە ناسنامەی ئایینی و نەتەوایەتیی خۆیان پێ ڕەوا نەبینیون.

   بۆیە بە بۆچوونی ڕیس، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە ئایینی ئیسلام ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە یەکخستنی ویستی کۆیلە ڕەشپێستەکان لەپێناو بەگژداچوونەوەی نادادی و دڕندەیی و ستەمدا هەبووە.

   هەر خۆزێ ڕیس پێی وایە، شۆڕشەکەی ساڵی 1835ی موسڵمانان لە بەڕازیلدا، کاریگەرییەکی گەورە و لەبیرنەکراوی لە بنەبڕکردن و نەهێشتنی کۆیلایەتی لە ئەمریکای لاتیندا هەبووە، چونکە یەکێک بووە لەو ڕووداوانەی، فشارێکی ڕاستەقینەی لەسەر دەسەڵاتداران و کۆڵۆنیالیستان لە داهاتوودا دروست کردووە.

   ئاشکرایە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ناسنامەی فەرهەنگیی ئافریقاییە ڕەشپێستەکان، دینی ئیسلام بووە، بۆیە لەحەیبەتان، زۆر جار لەپێناو پاراستنی ناسنامەی خۆیاندا، وێڕای سروشتی ئایینی ئیسلام، کە خۆی پەیامی بەگژداچوونەوەی ستەم و بانگەوازی بۆ ڕێگای ڕاست لێوە هەڵدەقوڵێت، سەرسەختانە دەستیان بە قورئانی پیرۆز و زمانی عەرەبییشەوە گرتبوو، تەنانەت زۆرێکیان دوای شەهیدکردنیان لەلایەن بەڕازیلییەکانەوە، پارچە کاغەزی ئایەتی قورئان لەسەر نووسراو یان دوعای نووسراو بە زمانی عەرەبییان لە باخەڵیاندا دۆزیوەتەوە!

   سەپاندنی دین، زمان و فەرهەنگی پورتووگالییەکانیش بەسەر قولڕەشە چارەڕەشەکاندا، دیسان لەم چاوگەیە ئاوی دەخواردەوە، ئاخر ئەوان باش هەستیان بەوە کردبوو، بۆ لەبەینبردنی فەرهەنگی میللەتێک، دەبێت یەکەمجار دەست بۆ زمان و ئایینەکەی ببەیت[10]، ئانجاخ وردە وردە خۆی دەتوێتەوە و بەو ڕەنگەی ئەو دەیخوازێت، ڕەنگڕێژ دەبێت، ئەوانیش هەمان کاریان کرد.

    ئەم ژیارە داڕووخاوەی ئەمێستاکە ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنین، ئیشی یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە و بە ساڵێک و دووان بەم تێکشکاوییەی ئەوڕۆ نەگەیشتووە، بەڵکو کۆڵۆنیالیستان، لە دێرزەمانەوە کاریان لەسەر سڕینەوە و ژێروبانکردنی دین و فەرهەنگ و کلتوور و دەروونی مرۆڤەکانی کردووە.

   لەپێناو بێداربوونەوە و هەڵسانەوەدا، حەوجێ بە ناسینی مێژوو و پەیبردن بە ناخی شکۆمەند و بەرزەفڕی مرۆڤە شۆڕشگێڕ و لەخۆبردووەکانین، بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادیی جیهانگری، پێویستمان بە بووژاندنەوەی گیانی خەمخۆریی ڕۆڵەکانی ئوممەتە، ئاخر کاڵبوونەوەی ڕەسەنایەتی، ونبوونی حەقیقەت، نەمانی ڕووحی هەستانەوە، بێباکی بەرانبەر پیرۆزییەکان، داڕمانی ناوەکیی موسڵمانان و بێئاگایی لە ڕابردوویان، لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی داڕووخانی ناخ و قەزەمیمانە لە ئاست کۆڵۆنیالیستدا.


پەراوێزەکان:

[1] دەنگی ڕووناکی لە گێتییەکی تاریکدا، لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردن، نووسینی فەرهاد شاکەلی.

[2] بۆ زانیاریی زیاتر، بۆ بەشی دووەم بگەڕێرەوە.

[3]هێندێک لەوانەی لە دیرۆکی داگیرکەران دەکۆڵنەوە، پێیان وایە پاڵنەری سەرەکیی پورتووگالییەکان، جگە لە حەزی داگیرکاری و چاوبرسێتی و پاوانخوازییان، هۆکاری ئایینیی لەپشتەوە بووە و یەکەم هاندەریان، بڵاوکردنەوە و سەپاندنی دین و فەرهەنگی خۆیان بووە، ئاخر بەڵگەکان لەو بارەیەوە هێندە زۆرن، تا ڕادەیەک حاشاهەڵنەگرن و گەر خودا یارمەتیمان بدات، لە جێگەی تردا لەسەریان دەدوێین.

[4] ئەگەر تەنیا بمانەوێت وێنە دژوار و سەختەکانی دەستگرتن بە ئیسلامەتی و فەرهەنگی باوباپیرانی ئافریقاییە ڕەشپێستەکان بۆ خوێنەر بگوێزینەوە، بارتەقای کتێبێک باسوخواس لەو بارەیەوە هەیە و لە توێژینەوەکاندا بە شێوەیەکی تێروتەسەل باس کراون، بۆ نموونە یەکێک لەو وێنانەی لە ئەنجامی وردبوونەوە و بەدواداچوونی تۆمارە ئەرشیفییەکاندا وەچنگ کەوتوون؛ بینینی دەیان دروشمی ئیسلامی و ئایەتی قورئان و فەرموودە بووە بەسەر ڕووی جلوبەرگی بەندکراوان و کوژراوانەوە، تەنانەت بەکارهێنانی ناوی «المجلس» لەجیاتی ناوی مزگەوت و بانگەوازی نهێنیی بەردەوامی باگخوازان و دەستگرتنیان بە قورئان و دروشمە ئایینییەکانەوە، هێندە بەڵگەیان لەسەر زۆرە، پێویست بە جەختلەسەرکردنەوە و دووبارەکردنەوە ناکات.

[5] سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کەسایەتییەکی ڕەشپێستی موسڵمان ناوی «باسیفیگۆ لیکووتان» بووە، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە هەڵگیرساندنی شۆڕشدا هەبووە، خۆی بە ڕەچەڵەک لە خێڵی ناگۆ بووە و هەم لە ڕوخسار و هەم لە ڕەفتاردا زۆر هاوشێوەی بیلالی کوڕی ڕەباحی هاوەڵی پێغەمبەر بووە، ناوی بیلالیشی لە خۆی ناوە. ئەم بیلالە  کەوتووەتە ژێر دەستی ئاغایەکی سپیپێستی زۆردارەوە و بەردەوام لوولەی جگەرەی پێ پێچاوەتەوە و ستەمی زۆری لێ کردووە، ئاخر بیلال خۆی یەکێک بووە لەوانەی شارەزاییەکی باشی لە ئایینی ئیسلام و ڕێنماییە دینییەکاندا هەبووە، خەریکی گوتنەوەی قورئان و ڕاڤەرکردنی ماناکانی قورئان بۆ فێرخوازە ڕەشپێستەکان بووە، دواتر لەلایەن خاوەنەکەیەوە فرۆشراوە و دوور خراوەتەوە، کە قوتابییەکانیشی ئەم دیمەنە جەرگبڕەیان دیوە و بەو شێوەیە مامۆستاکەیان بەکزۆڵی و ستەملێکراوییەوە دیوە، ئاگر لە هەوناویان بەر بووە و هێندەی تر لەپێناو مافەکانیاندا جەنگاون. سەرچاوە: إدوارد إي. کورتيس, دعوة بلال: الإسلام في شتات الإفريقي, ص 111.
   سەرچاوەی دووەم: جاو ريس, ص 288. هەردوو سەرچاوە و زانیارییەکان لە بابەتێک بە ناوی «دعاء المستعبدين: تمرد عبيد مالي في باهيا»ەوە گوازراونەتەوە.

[6] ژێدەرە مێژووییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەوانەی لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون، زۆربەیان و بگرە هەموویان لەو کەسانە بوون، کە بە ڕەچەڵەک ئافریقایی بوون، تەنانەت ئەوانەی کۆیلەی ئازادکراو یان دووسەرە بوون، واتە دایک بەڕازیلی و باوک ئافریقایی یان بەپێچەوانەوە بوون، پتر مەیلیان بە لای کلکەلەقێکردن بۆ دەسەڵاتی بەڕازیل و بەمەزنتر تەماشاکردنی ڕەگەزی سپێستەوە بوو، وێڕای ئەوەی خۆیان ئافریقایی بوون، بەڵام هەر لەبەر ئەوەی بە ڕواڵەت ئازاد بوون و بە ناخ کۆیلەی فەرهەنگ و دابونەریتی بەڕازیلی بووبوون، ئەوەیان بە لاوە ئاسایی بوو کە سپێپێستان ئافریقاییەکان بە کۆیلە بکەن و ئەوەیان لا چەسپیبوو، کە ڕەگەزی ڕەشپێست هەر بۆ کار و کارەکەری و لێدان و چەوساندنەوە باشن!

[7]  شۆڕشی هایتی (1791-1804)، جان جاک دیسالین (1758- 1806)، یەکێک بووە لە ئیمپراتۆرە زنجییەکان، ئیمپراتۆرییەتی هایتیی لە سەرەتاوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوە بردووە، خۆی بە کۆیلەیی لەدایک بووە، سەرکردایەتیی شۆڕشی هایتی لە دژی هێزی کۆڵۆنیالیستی فەڕەنسی لە ساڵی 1804دا کردووە و بە باوکی بنەڕەتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی هایتیدا دادەنرێت. لەبەر ئەوەی موسڵمانەکان دروشمەکانی ئەویان بەرز کردووەتەوە، کەوایە ئاگایان لەو شۆڕشە بووە و شتیان لەبارەوە بیستووە.

[8] هێندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، گوایە شەوێک بەر لە یاخیبوونەکە، ژنی یەکێک لەوانەی شۆڕشەکە بەڕێوە دەبەن، کە ناوی سابیانا دا کرووزە و بە ڕەچەڵەک ناگۆیی و یەکێک لە ژنە ئازادکراوەکان دەبێت، لەبارەی پلانی شۆڕشەکەوە خەبەردار دەبێت، چونکە سەرلەئێوارە مێردەکەی دەبینێت چۆن بەهەڵەداوان بە باوەشێک جلوبەرگی ئیسلامییەوە بەرەو ماڵی یەکێک لەوانەی بە مامۆستای قورئان دادەنرا و ناوی کالاڤاتی بوو، دەڕوات.
   وەختێک کۆمەڵێک موسڵمانی لەو جۆرە بە چاوی خۆی دەبینێت و گشتیان تەمای یاخیبوونێکی سەرتاسەریی وایان لە مێشکدایە، هەر لەوێدا قەراری ئاشکراکردنیان دەدات و ڕاستەوڕاست بەرەو ماڵی یەکێک لە هاوڕێکانی کە ناوی گویلیرمینا دەبێت دەچێت و هەموو شتێکی پێ ڕادەگەیەنێت، هاوزەمان گویلیرمینا یەکێک بووە لەو ئافرەتانەی پێوەندیی لەتەک دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی بەڕازیلدا پتەو بووە، بۆیە ئەویش هەواڵەکە بەوان دەگەیەنێت و بەو شێوەیە شۆڕشەکە لەبار دەبرێت.

[9] تۆخبوونەوەی پاڵنەرە ئایینییەکان لەو شۆڕشەدا، سەرنجی توێژەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بۆ وێنە لە ڕەمەزاندا ڕوویداوە، جلوبەرگیان سپی و داپۆشراو بووە، ئایەتی قورئان و دوعایان بە دەستەوە بووە.

[10] تەنانەت دوای شۆڕشەکە، ئەوەی پارچە کاغەزێک یان هەر چتێکی دی ئاماژەی بە ئیسلامەتی و فەرهەنگی موسڵمانان بکردایە، بە تابوو و یاخیبوون لە قەڵەم دەدرا و خاوەنەکەی بە هۆیەوە سزا دەدرا.


تاگەکان    
بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن دەروون جوانی ڕانانی کتێبب عێڕاق ژیانی پێغەمبەر نامە یاری ئایا سۆفیا قودس ڕۆژاوا دەربارەی کتێب نوێژ فێمینیزم ژن
فیکر
2020-06-21 کۆمێنت 1734 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی