ئێمە پەروەردە نەکراوین

نووسینی: ڕەزا بابایی وەرگێڕانی: عەلی حسێن
ئەدەب 2020-06-16 کۆمێنت 2495 جار بینراوە
ئێمە پەروەردە نەکراوین. پەروەردەی ئێمە لەوە زیاتر نەبووە ڕێز لە کەسانی گەورەتر بگرین، وشەی دزێو بە کار نەهێنین، لای خەڵک پێ ڕانەکێشین، لاسار نەبین، بەیانییان سڵاو لە هەمووان بکەین، دەست و ڕوومەتمان بە سابوون بشۆرین، جلی خاوێن بپۆشین، پەنجە بە کونەلووتماندا نەکەین و ... بەڵام سادەترین و پێویستترین مەسەلەکانی ژیانیان فێر نەکردین.

   کوا فێریان کردین، چۆن هەناسە بدەین، چۆن دڵەڕاوکە لە خۆمان بە دوور بخەینەوە، سەرکەوتن چییە، هاوسەرگری بۆ چارەسەری چ کێشەیەکە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاردا چۆن هەڵسوکەوت بکەین؟ بە منداڵی فێریان کردین چەمووش نەبین، بەڵام پرسیارکردن و ئازادەبیری و شێوازەکانی ڕەخنەگرتنیان فێر نەکردین. دۆگڵس سیسڵ نۆرس، ئابوورزانی ئەمەریکایی و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئابووری ساڵی (1993)، دەڵێت «گەر دەتەوێت بزانیت وڵاتێک گەشە دەسێنێت یان نە، سەیری پیشەسازی و کارگەکانیان مەکە. ئەمانە دەکرێت بە ئاسانی بیانکڕیت یان بیاندزیت  یان لەبەریان بگریتەوە. دەکرێت نەوت بفرۆشیت و هەموو ئەمانە بهێنیتە وڵاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانیت پێشبینیی داهاتووی وڵاتێک بکەیت، سەر لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی بدە؛ بزانە لەوێ چۆن منداڵان فێر دەکرێن. گرنگ نییە چی فێر دەکرێن؛ بزانە چۆن فێر دەکرێن. ئەگەر منداڵانیان وا پەروەردە بکەن، پرسیارکەر، داهێنەر، پشوودرێژ، بەبەرنامە، مەترسیخواز، ئەهلی وتووێژ و مامەڵە و خاوەنی گیانی بەشداریی تێکڕایی و هاریکاریی گرۆیی بن، گومانت نەبێت ئەو وڵاتە، چەند هەنگاوێکی ماوە بۆ پێشکەوتنی بەردەوام و بەرفراوان.»

   لە «هەناسەدانەوە» بیگرە تا «گەشتکردن» و «ئەوینداری»، پێویستیان بە فێرکردن هەیە. بەشێک لە ساغیی ڕۆحی و جەستەییمان، بە هەناسەدانی ڕێکەوە بەندە. ئاخۆ دەبێت لە لاوی یان تەمەنناوەندی یان تەنانەت پیریدا ڕێمان لە یۆگا بکەوێت، تا بزانین هەناسەدان، کۆمەڵێک جۆری هەیە و شێوە ڕێکەکەی چۆنە و چەند گرنگە؟! ئێمە تەنانەت فێری ڕوانینیش نەکراین. هیچ شتێک بە ڕادەی «ڕوانین» پێویستی بە فێرکردن و پەروەردە نییە. ئەو کەسەی دەزانێت چۆن ببینێت، لە جیهانێکی تردا دەژیێت؛ جیهانێک، بینەری ناشی هەر بۆنیشی نەکردووە. هەزار کیلۆمەتر لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەچین و کاتێک بۆ ماڵەوە دەگەڕێینەوە، ناتوانین چەند دێڕێک لەبارەی ئەو شتانەوەی بینیومانن، بنووسین. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا «نەمانڕوانیوە». هەموو شتێک بە بەر چاوماندا تێپەڕیوە؛ وەک ئەو کزەبایەی کە بەسەر ئاسندا شنیاوە. ئەگەر قسەکەی مەولانا ڕاست بێت کە دەڵێت «فرع دید آمد عمل بی هیچ شک، پس نباشد مردم الّا مردمک» (بێگومان کردەوە لەسەر تێڕوانین بەندە، کەواتە مرۆ تەنیا بیلبیلەیە و بەس)، دەبێت ئەوە قبووڵ بکەین، مرۆڤبوونمان بە ئەندازەی لێوەشاوەییمانە لە «ڕوانین»دا. 

   جۆن ڕەسکین، مامۆستای مەزنی ڕوانین، لە سەدەی نۆزدەدا دەیوت «ئەگەر بە دەستی من با، وانەی وێنەکێشانم لە هەموو قوتابخانەکانی جیهاندا دەکرد بە ناچاری، تا منداڵان پێش ئەوەی خوو بە ڕوانینی لابەلاوە بگرن، فێر ببن درووست لە شتەکان بنواڕن.» دەیوت «ئەو کەسەی دەچێت بۆ وانەی وێنەکێشان تاوەکو ناچار ببێت چاکتر و وردتر تەماشای سرووشت و دەوروبەری خۆی بکات، هونەرمەندترە لەو کەسەی دەڕواتە ناو سرووشتەوە تا لە وێنەکێشاندا پێش بکەوێت.» (آلن دو باتن، هنر سیر و سفر، ل269) ئەگەر لە ماڵ یا قوتابخانەدا فێر بووباین چۆن بنواڕین، چۆن گوێ بگرین و چۆن ببیرێین، ئێستا مرۆیەکی تر بووین. ئەو کەسەی ناتوانێت بە ڕێکی سوود لە چاو و گوێچکە و زمانی خۆی وەربگرێت، هێشتا لە ئەشکەوتی دەشتەکێتی دەرنەچووە؛ هەرچەند وێنەکانی ئەشکەوتنشینان دەریدەخەن، ئەوان بە «ڕوانین» بێگانە نەبوون.

   من باوکانێک دەناسم، لە ئاگری ڤیانی منداڵانیاندا دەسووتێن و لە بۆ خۆشبژێوی و ئاسوودەییان، جێ بە خۆ ناگرن، بەڵام تا حەفتا یان هەشتا ساڵان نەیانزانی، منداڵ زیاد لە ماڵ و ئۆتۆمبیل، پێویستی بە باوەشی گەرمی باوکە و ئەوان دەبوو منداڵەکانیان بە خۆیانەوە نووساندبا و ڕایانمووسیبان و دەستی خۆشەویستییان بەسەر سەر و ڕوومەتیاندا هێنابا. کەم نین ئەو باوکانەی نازانن، ئەگەر هەموو شتێکی دنیا بۆ کچەکەیان دەستەبەر بکەن، هێندەی یەک جار لەباوەشگرتن و ماچکردنی ڕوومەتی، ئارامی و متمانەبەخۆییان نەداوەتێ.

   کۆمەڵگایەک کە باسی حەق و ناحەقی لێ دەبارێت، کەس تێیدا فێری نەکردین، چۆن بەرگری لە مافی خۆمان بکەین، یان چۆنچۆنی مافی کەسانی تر ڕەچاو بکەین و مەسەلەی «لەسەرحەقبوون» و «لەسەرناحەقبوون»ی خەڵک، بە مافەکانیانەوە نەبەستینەوە. لە ئاسماناندا بە دوای سەیروسەمەرەکانەوەین، بەڵام تاقە جارێک، چاومان نەبڕیوە لەو چڵەدارەی لە بەردەمی ماڵماندا داماوانە هەڵکشاوە. سەیرکردن، بیستن، وتن، هەناسەدان، ڕێکردن، نووستن، سەفەر، کایە، ڕابواردن، دلۆڤانی، ئەوینداری، ژنومێردایەتی و ناڕەزاییدەربڕین، پتر لە ڕێنووس و داڕشتن، ئاتاجی مامۆستا و فێرکردنن.

تێبینی. هێندەی خۆم بزانم، لە ماوەی ساڵێکدا، چوار کەس ئەم نووسینەیان بە ناوی خۆیانەوە بڵاو کردووەتەوە. کە ئەمە دۆخی نووسینێکی کەمپێزی وا بێت، تەنیا خوا دەزانێت چی بەسەر نووسین و وتارە بەنرخەکانی خەڵکدا دێت! ئێمە بە ڕاستی پەروەردە نەکراوین. نووسەر.
تاگەکان    
کۆرۆرنا ڕەخنە لۆجیک گێڕانەوە عیرفان ڕەزا بابایی ژن زانست دیمانە کۆرۆنا مۆدێرنیتە سەرفیترە ڕانانی کتێب شەڕ جنۆکە
ئەدەب
2020-06-16 کۆمێنت 2495 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی