شیفا لە تەماشاکردنی ناوەوەدا دەست پێ دەکات.

نووسینی : سارا شەوکەت
فیکر 2020-06-13 کۆمێنت 439 جار بینراوە

«Where you place your attention is where  you place your energy.»
(ئاگاییت بخەیتە سەر هەرکوێ (هەرچی) وزەکەیشت لەوێیە.)

ئەمە قسەی دکتۆر جۆ دیسپێنزایە. ئەم بابەتەی من لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم، پەیوەستە بە چۆنێتیی مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا و تێگەیشتن لەوەی کە هەر یەکە لە مێشک و تەواوی ئۆرگانە ناوەکییەکانی ئەو چۆن کار دەکەن.
   هەر یەکێک لە ئێمە، ڕۆژانە بەدەست هەڵسوکەوتێکی نەویستراوی خۆمانەوە ڕەنگە بێزار بووبێتین. لێرەدا  لۆمەی خۆمان دەکەین کە بۆ هەمیشە ئەم هەڵسوکەوتە دووبارە دەکەینەوەو و بۆ ناتوانین خۆمان کۆنترۆڵ بکەین. یان ڕەنگە کەسانی دەوروبەرمان بە هۆکاری هەڵسوکەوتە ناخۆشەکانی خۆمان بزانین.

   ئێمە لێرەدا بە مێشکی ئاگایی(conscious mind)، بە خۆمان دەڵێین کە جارێکی دیکە ئەمە دووبارە ناکەمەوە و  بەڵام ئەمە  لە مێشکی نائاگاییدا (subconscious mind)دا شوێنی گرتووە و خەزن بووە، بۆیە دەبێت هەر لەو مێشکەیشدا بۆ چارەسەر بگەڕێین و بڕۆینە نێو ئەو مێشکەیانەوە تا بتوانین جارێکی دیکە خۆمان پڕۆگرام بکەینەوە. چونکە ئەم پڕۆگرامبوونە وەکو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان وایە کە پێشتر پڕۆگرام کراوە و لە کاتی ئیشکردنیدا  چاوەڕێ ناکات ئێمە پێی بڵێین ئاوا بڕۆ یان ئاوا مەڕۆ. بەڵکو ئەو خۆی کاری خۆی دەزانێت و گوێ لە مێشکە ئاگاییەکەی ئێمە ناگرێت.
   نموونە بۆ ئەمە، حاڵەتی کاردانەوەیە؛ کاتێک مرۆڤ کاردانەوەی دەبێت بەرانبەر شتێک کە پێی خۆش نییە، لە کاتی کاردانەوەکەدا  بە خۆی ناڵێت ئادەی تۆ با کاردانەوەت هەبێت، بەڵکو فڕۆکەکە بێفڕۆکەوان دەکەوێتە ئیش و کاردانەوەی خۆی دەبێت و دواتر ئێمەیش دەخاتە حاڵەتی پەشیمانی و ناخۆشەوە، کە خۆمان ئەمەمان ناو  لێ ناوە خوو یان عادەت.
   نموونەیەکی دیکەیش؛ مرۆڤ بۆ ئەوەی لە شوێنی کارەکەیەوە بڕواتەوە بۆ ماڵ پێویست ناکات بەئاگا بێت، بەڵکو ئەمە لە مێشکی نائاگاییدا خەزن بووە و هەر ئەو مێشکەیش خۆی دەزانێت کە چۆن ئەم کارە بکات.
   بەمەیش لە کاتی هەر ئەزموونێکی خۆش یان ناخۆشدا، مرۆڤ ئاگایی خۆی دەخاتە سەر ئە هۆکارانەی کە لە دەرەوەی جیهانی ناوەوەی خۆیین، خۆشی و  ناخۆشییەکانی دەبەستێت بە دەرەوەی خۆیەوە.

   لە ئەزموونە ناخۆشەکاندا خۆی وەکو قوربانییەک دەبینێت و هەمیشە هەوڵ دەدات هۆکارە دەرەکییەکە لا ببات، تا ئەم هەست و بیرە  ناخۆشانە کە دەبن بە ئەزموونەکانی، لا ببات.
  
   بەمەیش مرۆڤ چاوی لەسەر هەست و بیرەکان -کە جیهانی ناوەوەی خۆیین- لا بردووە و، چاوی لەسەر جیهانی فراوان (جیهانی وزە) کە دەتوانین بڵێین جیهانی ڕووحی لا بردووە و چاوی خستووەتە سەر جیهانی ماددە.
   بێگومان ناتوانین بە ماددە کار بکەینە سەر ماددە و بیگۆڕین، ناتوانین بە لابردنی ماددەیەک کە لە دەرەوەی خۆماندایە. بۆ نموونە بە لابردنی هۆکارێکی دەرەکی کە دەبێتە هۆی یەکێک لە ئەزموونە  ناخۆشەکانی ئێمە، جیهانی ناوەوەی خۆمان بگۆڕین، چونکە ئەگەر هۆکارە دەرەکەییەکەیش لا بدەین ئەو سێرکتەی کە بۆ ئەزموونەکان  دروست بووە لەمێشکماندا هەر بوونی هەیە. دەکرێت دوای لابردنی ئەو هۆکارەیش هۆکارێکی تری دەرەکی دووبارە ئێمە کۆنترۆڵ بکاتەوە و ئێمە بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
   بە قەولی دەروونناسی سوویسری کارڵ یۆنگ (Carl Gustav Jung) هەر ئەم خوو و عادەتە نائاگایانەن بەشێکی زۆری ژیانی ئێمە بەڕێوە دەبەن و ئێمەیش ناوی لێ دەنێین قەدەر. جا لێرەدا من ئەگەر ئەوە شی بکەمەوە کە چۆن بڕۆینە نێو ئەم مێشکە نائاگاییەوە و چۆن ئەم نائاگاییە بەئاگا بهێنینەوە، ئەوا پێویستم بە کتێبێکی تەواو دەبێت. بۆیە بۆ خوێنەری جێ دەهێڵم گەڕانی خۆی بکات و سەرچاوەیەکیش[1] لێرەدا دادەنێم کە ئەمەی بەجوانی ڕوون کردووەتەوە.
   گەر بۆ جوانیی مەعریفە بگەڕێین، لەوێدا جوانییەکەی دەردەکەوێت کە مرۆڤ بەم مەعریفەیە بتوانێت بە شێوازێکی دروست مامەڵە لەگەڵ خۆیدا بکات و بتوانێت لە چۆنێتیی سەرسوڕهێنەری کارکردنی مێشکی خۆی تێ بگات و بەم خووە نائاگایانەی خۆی بەئاگا بێت و بیان گۆڕێت.

   شیفای ئێمە کاتێک دێت، کە چیتر ئەم جیهانە بچووکانەی خۆمان، کە جیهانی ماددەن، هێدی هێدی گرنگییان کەم دەبێتەوە و چاومان دەخەینە سەر جیهانێکی فراوانتر کە ئێمە بە پێنج هەستەکانمان هەستیان پێ ناکەین. بەڵکو پێویستمان بە هەستگەلی ناوەکییە، تا ئەم جیهانە فراوانەی پێ بچێژین و بۆنی خۆشی بگاتە گیانمان.
   ئەوساتەی ئێمە ئاگاییمان فراوان دەکەینەوە، سنوورەکانی زیهنمان تێدەپەڕێنین، ئەو جیهانە فراوانە دەچێژین و دەبێت بە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی ناوەکیمان. ئەوسا هیچ شتێک لە دەرەوەمان ناتوانێت ئەم ئەزموونە ڕاستەقینەمان لێ بسێنێت.
   کاتێک ئەم شیرینییەی ناوەوە دەچێژین چیتر جیهانەکەی دەرەوە وەک و سەرەتا نابێتەوە بەجێگای گرنگیمان، چونکە ئەم چێشتنە لە هەر چێشتنێکی فیزیکی، زیاتر کاریگەرییەکەی لەسەرمان جێ دەمێنێت و زیاتر ڕاستەقینە و ڕوونە بۆمان.
   بەو جیهانە مرۆڤ دەتوانێت بەسەر جەستەی فیزیکیی خۆیدا زاڵ بێت و بۆ ئەو شوێنە هەنگاوی پێ بنێت کە  ناوەوەی داوای دەکات.

 

 

 

[1] دکتۆر جۆ دیسپێنزا (Joe Dispenza) نووسەر، وتاربێژ و توێژەر، بە سوودبيبين لە زانستی دەمار (neuroscience)، زانستی نوێی کوانتەم فیزیک (quantum physic) و زانستی سەرووجینەکان  (epigenetic) یاسای خۆی دادەڕێژێت.
   ئەو لە کتێبەکەی خۆیدا «becoming  supernatural»، مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا، وەکو هەر پسپۆرییەکی تر ناو دەبات کە مرۆڤ مەشق دەکات بۆ ئەوەی فێری ئەم پسپۆرییە بێت و، ببێت بەو کەسەی کە دەیەوێت.
   لەم کتێبەدا و لە یوتیووبیش چەندین نموونە باس کراون کە لە سەرانسەری جیهاندا، چەندین نەخۆش نەخۆشییە فیزیکی و دەروونییەکانی خۆیان بەم فۆرمولانەی جۆ، بەبێ بەکارهێنانی دەرمان و بە شوێنکەوتنی ئەو یاسایانەی کە جۆ دایناون، چاک کردووەتەوە.


فیکر
2020-06-13 کۆمێنت 439 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی