شۆڕشی ڕەشپێستە موسڵمانەکانی بەڕازیل لە دژی سیستمی کۆیلایەتی - بەشی دووەم

نووسینی : یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2020-06-09 کۆمێنت 824 جار بینراوە
شۆڕشگێڕیی موسڵمانەکانی بەڕازیل، بۆچوونێکی تا ڕادەیەک بابەتییانەیە و پێوەندیی بە لایەنگریی ئەم نووسەری ئیسلامی یان ئەو توێژەری باوەڕدارەوە نییە، بەڵکو باسوخواسێکی لەمێژینە و قسەلەسەرکراوی زانستییە، ئەوانەیشی بە تەنگ ئەم بابەتەوە هاتوون، پتر خاوەن دیدێکی نائایینین و ئەسڵەن زۆربەیشیان، هیچ تێڕوانێکی ئاییندارانە لە کتێب و بیروبۆچوونەکانیاندا ڕەنگی نەداتەوە.
   یەکێک لەوانەی لەبارەی ئەم بابەتەوە پەیڤیوە و ڕای خۆی دەربڕیوە، نووسەر، شاعیر، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕی بەڕازیلی، جۆرج ئەمادۆی ڕۆماننووسی بەناوبانگی سیکۆلاریستی شیوعییە (1912-2001 ز)، کە نووسین و ڕۆمانەکانی بۆ زێتر لە سی زمانی دونیا وەرگێڕدراون، خاوەنی خەڵاتی لینین بۆ ئاشتییە و چەندین جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەبدا بەربژێر کراوە، لە نووسینەکانیدا زۆر ستایشی یەکێک لە سەرکردە ئەفریقییە موسڵمانە شۆڕشگێڕەکان دەکات و هەردەم هەوڵ و ماندووبوونەکانی بەرز دەنرخێنێت، ئەوەی پتر ئازاری دەروونی ئەم نووسەرە دەدات، شاردنەوە، پشتگوێخستن و دیزەبەدەرخۆنەکردنی کەسایەتیی ئەم سەرکردە بە ڕەچەڵەک مالییە و بە ئایین موسڵمانەیە!
   تەنانەت بەئاشکرا توانج لە مێژوونووسان دەگرێت و بە لایەوە حەیف و بێئەمەکییە کەسێکی ئاوا نەبەرد و جوامێر لە مێژووی بەڕازیلدا، وەکەنار بخرێت و ئازایەتی، تەقەلا و کۆڵنەدەرییەکانی، بە کەم یان بگرە هیچ، تەماشا بکرێن.
   هاوزەمان لە ڕوانگەی ئەمادۆوە، یەکێک لەو کەسایەتییە مێژووییانەی ڕۆڵی لە بنبڕکردنی کۆیلایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمدا هەبووە، لیکووتان ئولووفای موسڵمانی بە ڕەچەڵەک مالیی بووە!
   لیکووتان ئولووفا، ئەو سەرکردە موسڵمانە بووە، کە پێشڕەویی شۆڕشە مەزنەکەی ساڵی 1835ی کردووە و قارەمانی سەرەکیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی، موسڵمانە ڕەشپێستەکانی ویلایەتی باهییا و شاری سەلڤادۆر بووە.
   جۆرج ئەمادۆ لە زۆر شوێندا بەوپەڕی شانازییەوە خۆشەویستی، ڕێز و ئەمەکی خۆی، بۆ لیکووتان ئولووفا دەردەبڕێت، تەنانەت بە هێژاترین و خۆشەویستترین کەسایەتیی بەڕازیل، لە تەواوی مێژووی ئەو وەڵاتەدا لە قەڵەمی دەدات.
   بە ڕای ئەمادۆی ڕۆماننووس، ئەم کەسایەتییە و زۆربەی ئەوانەی لەتەکیدا بوون، بە ڕەچەڵەک مالی و بە ئایین موسڵمان بوون، وێڕای ئەوەی بەندە و بەردەستیی ئاغا پورتوگالییەکانیان بوون، لێ ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە ئەو کۆیلە ئەفریقییانە، زۆر لە سەرۆکە پورتوگالییەکانیان خوێنەوار، ڕۆشنبیر، فەرهەنگدار، بەهرەدار و تێگەیشتووتر بوون.
   یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی ئەو کۆیلانەی پێ ناسراوەتەوە، توانای نووسین و خوێندنەوەیان بووە، بگرە: «ئاغا و سەردارە پورتوگالییەکان، لە ڕێگەی کۆیلە ڕەشپێستەکانیانەوە پێوەندییان بە یەکەوە دەکرد و نامەیان دەگۆڕییەوە، ئەوەتا ئاغای کۆیلەیەک، نامەی لە ڕێگەی ژێردەستەکەیەوە دەنووسی و بۆ ئاغایەکی دیکەی دەنارد، ئەویش بە هەمان شێوەی ئەو، نامەکەی لە ڕێگەی کۆیلە ڕەشپێستەکەیەوە دەخوێندەوە.»[1]
   دکتۆر شاکر مستەفا دەڵێت: «بێگومان ئەفریقا، جگە لەوەی چەندین مامۆستای وانەبێژی پێشکەشی ڕۆڵەکانی بەڕازیل کرد، ژمارەیەکی باش زانای ئایینییشی پێ بەخشین.»[2]
   «موسڵمانانی باهییا، خودان فەرهەنگ و پێشینەیەکی مەعریفیی زیاتر بوون لە سەرکردەکانیان، ئەسڵەن زۆربەیان دەیانزانی زۆر بەجوانی بە عەرەبی بخوێننەوە و بنووسن.»[3]
   ئەگەر بە تانوپۆی ژیری، بەهرەداری، توانای ئیش، وزەی کاری ئەفریقییەکان و ڕۆڵیان لە بنیاتنانی بەڕازیلدا بێینە خوارەوە، بێگومان نووسینێکی تایبەت بە خۆی دەوێت، تەنیا هێندە دەگوترێت، زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن، کە ئەفریقییەکان ئەڵماس، ئاڵتوون و کانزاکانی دیکەیان بۆ خاوەنەکانیان دەدۆزییەوە، هەر ئەوان بوون زۆربەی پیشە هونەرییە پێویستەکانی ڕۆژانەیان وەئەستۆ گرتبوو، وەک: دەلاکی، دارتاشی، وەستایی، وێنەکێشی، پەیکەرتاشی، هەڵکۆڵین و نەخشاندن لەسەر تەختە و بەرد و دار!

   تەنانەت پورتوگالییەکان خۆیان دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە، ئەگەر بێتو ئەفریقییەکان نەبوونایە، هیچ خێروبێر و بەرهەمێکی ئەو نیشتمانەیان نەدەچنییەوە و ئەوەی پێی گەیشتن، بێ ئەوان، بە هیچ کلۆجێک نەدەکرا و ئەستەم بوو.[4]
   ئەم تایبەتمەندییانەیان وای کردبوو: «ڕەشپێستەکان، بەتەواوی جێپێی خۆیان لە وەڵاتی بەڕازیلدا قایم بکەن و ژمارەیشیان تا دەهات زیاتر و زیاتر دەبوو، ئەم بوونە کاریگەرەیان سەرنجی هەمووانی بە لای خۆیاندا ڕاکێشابوو، تا وای لێ هات؛ لە سەرەتای سەدەی شازدەیەمدا پورتوگالییەگان پێشبینیی ئەوەیان دەکرد، ڕێک دوای چوار سەدەی تر، ئەفریقییەکان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە ڕووی ئابوورییەوە لە بەڕازیلدا وازی دەکەن.»[5]
   ڕووحی ئایینەکەیان، پەیامی شۆڕشگێڕی و وەستانەوە لە دژی ستەمی لێ هەڵدەقوڵا و شێوازی مامەڵەکردنی پورتوگالییەکانیش لەتەک کۆیلەدا، بۆ ئەمانی موسڵمان زۆر نامۆ و دوور لە هەستی مرۆڤبوون بوو. ئاخر ئەوان چونکە موسڵمان بوون، دەیانزانی سیستمی کۆیلایەتی چییە و چۆنە، ئەسڵەن زۆرێکیان لەو نیشتمانەی لێی هەڵکەندرابوون، خۆیان کۆیلایەتییان دیبوو، بەڵام ئەو مامەڵە دڕندەیەی پورتوگالییەکانیان بۆ قووت نەدەچوو، چون ماف، ناسنامە، ڕەچەڵەک، ئایین و ژیانێکیان پێ ڕەوا نەدەبینرا، کە شایستەی مرۆڤ بێت!
   بۆیە کۆیلە ڕەشپێستەکان، سەرەڕای سوودی زۆریان بۆ پورتوگالییەکان، بووبوونە مووی لووت بۆیان و لە ڕەهەندە فەرهەنگی و ئایینی و ژیارییەکەوە، وەک هەڕەشە و مەترسییەکی وەڕسکەر ئەوکی ناخ و دەروونی گرتبوون، بۆیە ئاغا و دەستڕۆیشتووە سپیپێستەکان، بە گشت هێز و وزەیەکیانەوە، بەردەوام بەربەرەکانێیان دەکردن و هەوڵی سڕینەوەی ناو، ناسنامە، ئایین و بۆچوونیان دەدان، تەنانەت هێندێکان لە سەرەتای هاوردەکردنیانەوە، ئەو وەختەی دەست و پێیان بە زنجیر کۆت کرابوو، گەردنیان ئەڵقەی ئاسنینی لە دەور ئاڵێنرابوو، هەر لە ڕێگاوە، لەنێو کەشتییە چارۆکەدارەکانەوە، بەتۆبزی و بۆ تواندنەوەیان لەنێو فەرهەنگ و کلتووری وڵاتی خۆیاندا، هەوڵی گۆڕینی ناوی تاکە تاکەی بەندە غەوارەکانیان دەدا و لەپێناو لەبیربردنەوەی باوباپیر و ڕەچەڵەک و ڕەگ و بنەمایاندا، سەرسەختانە و بە هەناسەیەکی پڕ لە دووکەڵی ڕەگەزپەرستییەوە، لە تەقەلایەکی بێوچاندا بوون!
   هەر ئەمە وای کردبوو، جۆرە هەسـتێکی بەرەنگاری لە دڵ و دەروونی ئەفریقییە موسڵمانەکاندا چێ ببێت، بۆیە زۆربەیان بەوپەڕی دڵکاری و دڵسۆزییەوە، گوێیان بۆ زانای ئایینی و پیاوە ڕەسەنەکانی خۆیان ڕادەدێرا و بە ڕێوڕەسەم و سرووتە ئایینییەکانی ئیسلامەوە، وابەستە و پابەند دەبوون.
   ئەفریقییە موسڵمانەکان، لەپێناو پاراستنی کیان، ئایین و بنەمای خۆیاندا، زۆر جەختیان لەسەر تەوقەکردن، ڕۆژووی ڕەمەزان، قورئانخوێندن، نووسین بە عەرەبی و زۆربەی سیما و ڕێنماییە ئیسلامییەکان دەکردەوە!
   زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئەو ڕەشپێستە ستەملێکراوانە، کەسایەتییەکی خاکەڕا، خوێنگەرم، جەربەزە، چاونەترس، مێرخاس و دلێریان هەبووە و خودان ناخێکی بڵند بوونە و زوڵم و نادادییان بۆ قووت نەچووە!

   ئازار و تەنگانە یەک لە دوای یەکەکان، وای لە کۆیلە موسڵمانەکان کردبوو، پتر لێکدی نزیک ببنەوە و جۆرە هاوسۆزی، هاوهەڵوێستی و هاوخەمییەکیان لە دڵدا بۆ دروست ببێت، بۆیە وێڕای دووریی مەودای هێندێک لە کۆیلەکان و پچڕپچڕبوون و لێکهەڵبڕانیان، بەرە بەرە و پۆل پۆل، لە دەسەڵات و خاوەنەکانیان یاخی دەبوون و لای خۆیانەوە، بەرەو کەناراوەکانی بەڕازیل و جەنگەڵ و شوێنە دووردەستەکان هەڵدەهاتن، تا وای لێ هات، لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەمەوە، دەوڵەتۆچکەیەکی بچووک لەلایەن موسڵمانانەوە لەنێو جەرگەی وڵاتی بەڕازیلدا، بە ناوی دەوڵەتی پاڵماریسەوە دامەزرا!
   گەر یەکە بە یەکەی شۆڕش و یاخیبوونەکان بەسەر بکەینەوە، بۆخۆی کتێبێکی پێویست دەبێت، بۆیە دەکۆشین، تەنیا ڕووداوە مێژووییە کاریگەر و دیارەکان بۆ ئێوەی بەڕێز بخەینە ڕوو.

زومبی Zombie[6]، سەرکردە موسڵمانەکە
 یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کۆیلە بە ڕەچەڵەک ئەفریقییەکانی پێ جوێ دەکرایەوە، لە شەڕدا بەتوانا و لە بەکارهێنانی ڕم، شمشێر، تیربازی و هونەرە جەنگییەکاندا، کارامە و لێهاتوو بوون.
   لە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم و ڕێک لە ساڵی 1605ی زایینیدا، موسڵمانە ڕەشپێستەکان، لە ویلایەتی ئالاگواسی بەڕازیلدا و لەنێو جەرگەی ئەو وڵاتەدا، کە پورتوگالییە داگیرکەرەکان قەڵەمڕەوییان تێدا دەکرد، دەوڵەتی پاڵماریسیان دامەزراند!
   دەوڵەتی پاڵماریس، لە ئەنجامی یەکگرتنی کۆمەڵێک خێڵی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی، کە هەموویان موسڵمان بوون، دروست بووبوو. ژمارەی دانیشتووانی پاڵماریس لە سەرەتاوە، بە نزیکەی سی هەزار کەسێک دەخەمڵێنرێت، کە زۆرینەی زۆریان ڕەشپێست بوون و ئەم دەوڵەتۆچکەیە توانیبووی، سەربەخۆیی لەنێو وڵاتێکی داگیرکراودا، بۆخۆی دەستەبەر بکات.
   لەلایەن سەرکردەکانی پاڵماریسمەوە، جانجا زومبا وەک سەرۆکی هەرێمەکە دەستنیشان کرا!
   دوای بەرەنگاربوونەوە، کێشمەکێش و شەڕێکی زۆر لە نێوان سەرکردە زومبا و پورتوگالییەکاندا، دواجار قەڵەمڕەوی ئەو وەختەی پورتوگالییەکان، کە ناوی پێدرۆ ئەلمیدا بوو، پێشنیاری پەیماننامەیەکی ڕێککەوتنی بۆ سەرکردە زومبا کرد. بەوەی ئەگەر پاڵماریسییەکان بێنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی پورتوگالەوە، ئەوا گشت کۆیلە هەڵهاتووەکانی ئەو دەڤەرە، سەربەستیی تەواویان پێ دەبەخشرێت و چی دیکە، وەک کۆیلە تەماشا ناکرێن و ئەوە بوو زومبای قارەمان، بەم ڕێکەوتنە قایل بوو!
   بەڵام سەرکردەی لاوی ئەو ساتەی پاڵماریس، کە ناوی زومبی و خوشکەزای زومبا بوو، بەم ڕێکەوتنە ڕازی نەبوو، بە سووکایەتیکردن لێی دەڕوانی و لەبارەی پلانگێڕی و تەڵەکەبازیی پورتوگالییەگانەوە خاترجەم نەبوو. لەوەیە لەبەر ئەوەیش قایل نەبووبێت، کە نابێت ئازاکردنەکە، تەنیا ئەمانی پاڵماریسی بگرێتەوە و پێویستە، گشت کۆیلە ئەفریقییە ژێردەستەکانی دیکەی ئەو سەردەمەی بەڕازیل بێنە ئازادکردن.
   بۆیە وەک دەردەکەوێت، زومبی ئەو ڕێکەوتنەی لە خاڵۆکەی قبووڵ نەکرد و دواتر، سەرکردە زومبا دەرمانخوارد کرا و ئینجا زومبی، ڕەشمەی سەرکردایەتیی پاڵماریسییەکانی گرتە دەست.
   لە ساڵی 1678ەوە تاکو ساڵی 1694، زومبی هەردەم دژی پورتوگالییەکان لە جەنگدا بوو، تەواوی ئەو ساڵانە، هێزە پورتوگالییەکان سەرەڕای ئەوەی خاوەن چەک، جبەخانە، تۆپ و ناپاڵم بوون، کەچی لە ئاست بەرەوپێشچوونەکانی سەرکردە زومبیدا، تێکشکاو و دەستەوەستان بوون، تەنانەت زیاد لە بیست ناوچەکەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پورتوگالییەکانی لە هەرێمی باهییادا، خستە سایەی قەڵەمڕەویی خۆیەوە و وەک بەشێک لە دەوڵەتە تازەلەدایکبووەکەی پاڵماریس لە قەڵەمی دان. ناچار پەنایان وەبەر پیاوەکانی سەرسنوور و ناوچەکانی دیکەی بەڕازیل برد و داوای یارمەتییان لە هێزەکانی ساوپاولۆ کرد و بەو شێوەیە، شۆڕشەکانی ئەو دەوڵەتە سەرخۆیەی کە خاوەن زمان، ئایین، یاسا، بەها و بنەمای تایبەت بە خۆی بوو، لەبەین برا و جارێکی تر موسڵمانان کۆسیان کەوتەوە.
   دوای بەدیلگرتنی زومبی، دەستبەجێ لە ساڵی 1695دا، کوژرا و بە بەمەبەستی تۆقاندن و بەچەترسێنرکردنی کۆیلەکانی تری ئەو وڵاتە، ملیان لە لاشەی جیا کردەوە و ئەندامی نێرینەیشیان بە بەرچاوی هەمووانەوە بڕیبوو، ئینجا بەو لەونە، بەنێو خەڵک و ئاپۆڕەی جەماوەردا دەیانگێڕا و سووکایەتییان بە لاشەکەی دەکرد.
   ئەوەیشی لەو جەنگەدا مابووەوە، یان دووریان دەخستەوە، یاخود لەتوپەتیان دەکرد و لە ناواندا دەیانسڕییەوە، تەنانەت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، ئەوەی بۆنی ئەو کۆمەڵە و لایەنگریی ئەوانی لێ بهاتایە، یەکسەر کپیان دەکردەوە و خەڵکانێکی زۆریان لە موسڵمانان بەو شێوەیە قڕ و کۆمەڵکوژ کرد.
   کەوایە زومبی، کە ئەمێستاکە سینەمای هۆڵیوود، وەک مردووی زیندوو، هەبوویەکی دزێو و ترسناک، بێئاوەز، ئاڕاستەکراو، بێهەست و خوست، هێمای پیسی و نەخۆشی و ترسناکی، دوور لە هەر بەهایەکی ئینسانی، پێشانی بینەرانی دەدات و گوایە گیان و ژیانی، لە ڕێگەی جادووی ڕەشەوە وەردەگرێت و لەوێوە ڕێنموونی دەکرێت، کە بەو شێوە هۆڤییانە، دڕ بە خەڵکی دەدات و خواردنی سەرەکیشی، خوێن و جەستەی مرۆڤەکانە؛ بە ڕەچەڵەک سەرکردەیەکی موسڵمانی شۆڕشگێڕ بووە و لەپێناو پاراستنی ناسنامە، ئایین و بنەمای دەوڵەتێکی موسڵماندا، ژیانی خۆی خەبات کردووە!
   یەکەم فیلمێک، کە لە ڕێگەیەوە ناو و ناوبانگی زومبییان تێدا لە کەدار کرد، فیلمی سینەمایی «Day of the dead» لە ساڵی 1968دا بوو، ئیدی ئەوە بوو بە دەستپێکێکی خراپ و چەواشەکار، بۆ کردنەوەی دەگار لە بەردەم دەیان فیلم، یاریی ئەلیکترۆنی، ناونانی نەخۆشی و هۆکاری بڵاوکردنەوەی ترس و بیم و خەیاڵی پڕووپووچدا، کە بەشێنەیی وایان لە ئاوەز و بیری گەورە، مناڵ و گەنجان کردووە، ناوی زومبی ببیستێت، یەکڕاست مردوویەکی بێڕووحی دڕندەی بێتە پێش چاو، یەکبێنە لەوپەڕی بێهەستیدا، پەلامار دەدات و مێشک و جەستەی ئەوانی دی دەخوات[7].
   ئێستایش پەیکەری زومبی دۆس پاڵماریسی خەباتگێڕ و دامەزرێنەری دەوڵەتی پاڵماریسی ئیسلامی، لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ویلایەتی ئالاگواسی بەڕازیلدا هەیە و خەڵکی بە بەردەمیدا تێدەپەڕن.

   هۆڵیوود جگە لەویش، دەستی بۆ شێواندنی مێژووی دەیان کەسایەتیی دیکەی ڕۆژهەڵات و موسڵمان و شۆڕشگێڕ بردووە، تەنانەت بەئاسپایی و بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو، خەریکی تێکدانی ڕوانگەی خەڵکی بەرانبەر ئایین، ئەخلاق، دیرۆک، بەها، مرۆڤبوون، دایک، باوک، خوشک، برا، خزم و خێزان، هاوڕەگەز، ڕەگەزی بەرانبەر، جڤاک و نەتەوە و زۆر شتی دیکەیە.
   بێ ئەوەی پەلەیان بێت، لە ڕێگەی سیاسەتی چاندن، پێداگری، پاتەکردنەوە، ڕیشەدارکردن، ئاڕاستەکردن، گومڕا و گێژووێژکردن، ئاساییکردنەوە، پێویستکردن، زۆروبۆر و قەرەباڵەغکردنەوە، تێڕوانینی تاک بە تاکی مرۆڤایەتی بەرەو ئەوەی خۆیان دەیانەوێت، قەڵپەودیم و ئاراستە دەکەن!  





[1] الأدب في البرازيل ص25
[2] الأدب في البرازيل ص25
[3] توماس إوبانک  (Thomas Ewbank)الحياة في البرازيل، أو أرض الکاکاو والنخيل ص144
[4] جمعيات المارون ص170
[5] صراع اليهودية والإسلام في البرازيل ص18
[6] ئەوەی هۆلیوود و سینەمای سەردەم بەم کەسایەتییەیان کردووە، چەواشەکارییەکی بێویژدانانە و دوور لە بەهای مرۆڤانەیە، ئاخر ئەوەی ئەوان لەمەڕ ئەو کەسایەتییەوە خستوویانەتە ڕوو، تەواو پێچەوانەیە.
   ئەو مانایەی ئێستا بۆ زومبی بەکار دەبرێت، بریتییە لە بوونەوەرێکی دووپێ، لە وێنەی مرۆڤدا، بەڵام دوور لە هەموو هەستوخوستێکی مرۆڤانە، کە نە ئاوەزی هەیە و نە تێڕوانین، هەردەم مایەی دەرد و کارەسات و نەخۆشیی گوازراوەیە و ئەوەی دەیزانێت تەنیا خواردن و هەڵلووشینی بەرانبەرە و هەرگیز گوێ بە لایەنی ڕووح، سۆز، هەست و بەزەیی نادات!
   لە زمانی کۆنگۆیشدا، بە واتای بت یان خودا هاتووە و لە دیدی ئایینی ودوونیشدا بەو مارە ڕامکراوانە دەگوترێت کە لەلایەن بوکوور و هێزی جادووگەری باڵاوە جڵەو کراون و هیچ هەڵسوکەوت و ئاکارێکیان لەدەست خۆیاندا نییە و لەلایەن هێزە جادووییەکانەوە ئاراستە دەکرێن.
   مانا و مەبەستی دیکەیش لەو بارەیەوە باس کراون، بەڵام ئەیوەی دیارە، تێکدانی ئەو کەسایەتییە مێژووییەیە کە بێوچانانە گرینگی بە ناسنامەی میللەتەکەی داوە و بەردەوام خزمەتی پیاوە ڕەسەن و ئایینی و کلتوورییەکانی خۆی کردووە، بۆ ئەوەی لەنێو لێشاوی خۆسەپێنی وڵات و فەرهەنگێکی داگیرکەردا نەتوێنەوە!
[7] ناوی هێندێک لەو فیلمانەی ناوی زومبییان شێواندووە:
The Return of the living Dead 1985
Zombie wars 2007
Battle of the Bone 2008
ZMD 2010
The zombie king 2012
Warm Bodies 2013
World war Z 2013
Zombies 2018
لە چەندین یاری و گەمەی ئەلیکرتۆنیشدا کە مناڵانی پێ گۆش دەکرێن، هەمان سیناریۆ پاتە کراوەتەوە!
تاگ    مێژوو
فیکر
2020-06-09 کۆمێنت 824 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی