فێڵی ژنان

وەرگێڕانی : هێمن خورشید
ئەدەب 2020-05-30 کۆمێنت 980 جار بینراوە

حەججاجی کوڕی یووسفی سەقەفی کچێکی بە ناوی هند، بەزۆر و بێ ڕازیبوونی خۆی و باوکی، مارە کرد و گواستییەوە.
   ساڵێک بەسەر زەماوەندەکەیاندا تێپەڕیبوو، جارێکیان هند لەبەردەم ئاوێنەدا دانیشت، ئەم چەند بەیتە شیعرەی لەبەر خۆیەوە دەگوتەوە:
   «وما هند إلا مهرة عربية
   سليلة أفراس تحللها بغل
   فإن ولدت مهر فلله درها
   وإن ولدت بغل فقد جاء به البغل»
   واتە:
   (هند ماینێکی عارەبییە، نەوەی ئەسپە و کەr توخنی کەوتووە، ئەگەر مایینی بوو ئەوا سوپاسی خوای دەوێت، ئەگەر کەریشی لێ بوو، ئەوا بەری کەرەکەیە.)

   حەججاج گوێی لێی بوو، تووڕە بوو، ڕۆیشت بۆ لای خزمەتکارەکەی و پێی گوت؛ «بڕۆ بۆ لای و بە دوو وشە تێی بگەیەنە کە من تەڵاقم داوە، تەنیا دوو وشە بڵێ، یەک وشەی بۆ زیاد بکەیت زمانت دەبڕم، ئەم بیست هەزارەیشی بدەرێ.»

   خزمەتکارەکە ڕۆیشت، پێی گوت: «کنت، فبنت»، بە کوردی: بوویت، دوور خرایتەوە.
   واتە: کەیبانووی بوویت، تەڵاقی دایت.
   ژنە لە خزمەتکارەکە ڕەوانبێژتر بوو، پێی گوت:
   «کە بووین هیچ دڵخۆش نەبووین، کە تەڵاقیش دراین هیچ خەمبار نەبووین!»
   پێیشی گوت: «ئەم بیست هەزارەیشی بۆت هێناوم، وەک مژدانەی هێنانی ئەو هەواڵە بۆ خۆت ببە.»

   ژنە دوای ئەوەی حەججاج تەڵاقی دا، کەس نەیوێرا داخوازیی بکات، ئەویش بە کەسێکی خوارتر لە پایەی حەججاج قایل نەدەبوو. هەندێ شاعیری بە پارە هەڵنا ئەوەندەیان پەسنی خۆی و جوانییەکەی لەلای عەبدولمەلیک کرد، تا سەرسامی بوو و ناردییە داخوازیی. والیی حیجازیشی نارد بۆ لای، تا لە نزیکەوە ژنە ببینێت و بگەڕێتەوە بۆی وەسف بکات. والی پەیامی بۆ ناردەوە کە ژنە هیچ کێماسییەکی نییە.
   ژنە وەڵامی ئەرێی خوازبێنییەکەی خەلیفەی دایەوە، نامەیەکی بۆ نارد، تیایدا نووسیبووی: «لاریم نییە، بەڵام بە یەک مەرج؛ لێرەوە تا بارەگای خەلیفە، حەججاج جڵەوی حوشترەکەم ڕابکێشێت.» خەلیفەیش داواکەی قبووڵ کرد و فەرمانی بە حەججاج دا ئەو کارە بکات.

   حەججاج لە گەرمەی حوشترڕانیندا بوو، ژنە دینارێکی لە دەست کەوتە خوارەوە، ڕاستییەکەی بەئەنقەست پارەکەی فڕێ دایە سەرزەوی. بە حەججاجی گوت؛ «ئەهای غوڵام! درهەمێکم لێ کەوت، بۆمی بگێڕەوە.»
   حەججاج دانەوییەوە و پارەکەی هەڵگرتەوە و پێی گوت؛ «درهەم نییە دینارە.» ژنە خیسەیەکی لێی کرد و گوتی؛ «سوپاس بۆ ئەو خوایەی درهەمێکی بە دینارێک بۆ قەرەبوو کردمەوە!»
   حەججاج تێ گەیشت، وەلێ لە دڵی خۆیدا هێشتییەوە، زانیی مەبەستی ئەوەیە شووی بە یەکێکی لەم باشتر کردووە.

   وەختێ گەیشتنە هەقەجێ، حەججاج لە تەویلەدا خۆی خەریکاند، لە کاتێکدا خەڵکی هەموو بۆ ئاهەنگەکە تاویان دەدا. خەلیفە کە بینیی حەججاج دیار نییە، ناردی بە دوویدا و داوای لێ کرد بێت بۆ لای. حەججاج وەڵامی بۆ ناردەوە: «دایکم وەهای پەروەردە کردوومە، لە بەرماوەی خەڵکی نەخۆم!»

   خەلیفە لە مەبەستەکەی حاڵی بوو. فەرمانی دا هاوسەرەکەی بخرێتە یەکێک لە کۆشکەکانەوە و توخنی نەکەوت، لێ هەموو ڕۆژێک لە دوای نوێژی عەسر سەرێکی لێی دەدا. ژنە لە هۆکاری نزیکنەبوونەوەی خەلیفە گەیشت، بۆیە فێڵێکی دۆزییەوە، ڕۆژێکیان بە کەنیزەکەکانی گوت؛ هەر کاتێک خەلیفە هات بۆ ئێرە، زوو ئاگاداری بکەنەوە. پێشتریش پەیامێکی ناردبوو کە ئیشی بە خەلیفەیە و دەیزانی زۆر نابات پەیدا دەبێت.

   ملوانکە گەوهەرینەکەی بەقەستی بڕییەوە و کاتێ خەلیفە وە ژوور کەوت، کراسەکەی بەرز کردبووەوە و دانە دانە گەوهەرەکانی کۆ دەکردەوە و دەیکردنە کۆشی. عەبدولمەلیک کە چاوی پێی کەوت، شۆخی و جوانییەکەی کەمەندکێشیان کرد و لەوەی لەسەر قسەیەکی حەججاج تا ئێستا توخنی نەکەوتبوو پەشیمان بوویەوە.

   ژنه بەدەم گردکردنەوەی دەنکە گەوهەرەکانەوە گوتی: «سوبحانەڵڵا.»
   خەلیفە گوتی: «سوبحانەڵڵا بۆ چی؟»
   ژنە گوتی: «خودا ئەم گەوهەرانەی بۆ پاشاکان دروست کردووە، کەچی حیکمەتی خودا وەهایە تەنیا قەرەج دەتوانن کونیان بکەن!»
   خەلیفە یەکڕاست لە مەبەستەکەی تێ گەیشت. بەحەژمەتەوە گوتی؛ «وەڵاهی ڕاست دەکەیت. خوا ڕووی ئەو کەسە ڕەش بکات لەسەر تۆ تانەی لێ دام.»
   هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵی چووە کەژاوەوە. بەوەیش فێڵی ژنە پشتی فێڵی حەججاجی لە عاردێ دا.

* دەقی چیرۆکەکە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

تاگ    چیرۆک
ئەدەب
2020-05-30 کۆمێنت 980 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی