شێتەکە و چەکەکەی

وەرگێڕانی: هێمن خورشید
ئەدەب 2020-05-19 کۆمێنت 2758 جار بینراوە

کابرای بیزنسمانی نقومبووی ژێر باری قەرز، جگە لەوەی لەسەر کورسییەکی نێو باخی گشتی دابنیشێت، ڕێگەیەکی دیکەی بۆ پشوودانێکی کورت شک نەدە‌برد، ئەو لە ترۆپکی خەم و کەسەردا بوو و بیری لەوە دەکردەوە داخۆ کەسێک هەبێت بتوانێت دەستی بگرێت و خۆی و کۆمپانیاکەی لە مایەچبوون ڕزگار بکات؟ لەپڕ پیرەمێردێک لەبەردەمیدا قوت بوویەوە و پێی گوت: «بێتاقەت دیاریت؟ وا دیارە شتێک ئازارت دەدات.» کابرایش لە خوای دەویست، زاری کونەی بەسەرهاتی خۆیی بۆ کردەوە و هەموو شتێکی بۆ گێڕایەوە. ئەختیارەکە گوتی: «بە ئەقڵ من دەتوانم هاوکاریت بکەم.» پاشان لە ناوی کابرای پرسی و چەکێکی بۆ پڕ کردەوە و دایە دەستی و پێی گوت: «ئەم پارەیە بگرە و ساڵێکی تر ئەم وەختە وەرە بۆ ئەم شوێنە و پارەکەم بۆ بگێڕەوە.» پیرەمێرد ئەمەی گوت و لێی دا ڕۆیشت، بیزنسمان بەحەپەساوی لە جێی خۆی مایەوە.
   
   چەکێکی نیو ملیۆن دۆلاریی لەنێو دەستیدا بوو،‌ ئیمزای جوون دی ڕۆکیفلەری بیزنسمانی ئەمریکایی لەسەر بوو، ڕۆکیفلەر له ‌نێوان ساڵەکانی 1839-1937دا دەوڵەمەندترین پیاوی دنیا بوو. ئەو سامانەکەی لە ڕێی کارکردن لە بواری پیترۆڵدا کۆ کردبووەوە. لە ژیانیدا نزیکەی 550 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە کاری خێرخوازیدا خەرج کرد.

   کابرا وە ئاگا هاتەوە و بەگوڕەوە گوتی: «ئێستا بەم پارەیە دەتوانم هەموو کێشەکانم چارەسەر بکەم.» قەیرێک ڕاما و هەر لەوێدا بڕیاری دا هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی کۆمپانیاکەی لە مایەچبوون بخاتە گەڕ، بەبێ ئەوەی ئەم چەکەی وەک سەرچاوەیەکی هێز لێی دەڕوانێت خەرج بکات.

   بەگەشبینییەوه ڕووەو کۆمپانیاکەی بەڕێ کەوت و هەر زوو دەست بەکار بوو. چەند دانووستانێکی سەرکەوتووی لەگەڵ خاوەن قەردەکاندا بۆ دواخستنی وادەی دانەوەی قەردەکان ئەنجام دا، توانیی فرۆشی کۆمپانیا‌کەی بەرز بکاتەوە و لە ماوەی چەند مانگێکدا قەردەکانی بداتەوە، بگرە قازانجیش بکات.

   دوای کۆتاییهاتنی ساڵەکەی پیرەمێرد‌ دیاریی کردبوو، کابرا بەگوژمەوە چوو بۆ لای باخچەکە، بینیی وا پیاوە پیرەکە لەسەر هەمان کورسیی ساڵی پێشوو چاوەڕێی دەکات. خۆیی پێ نەگیرا، بەپەلە چووە کنی، چەکەکەی پێ دایەوە و دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی کرد کە چۆن ئەو هەموو سەرکەوتنەی بەدەست هێناوه،‌ بەبێ ئەوەی دەست لە چەکەکە بدات. لە گەرمەی قساندا بوو، لەناکاو پەرستارێک بەهەڵەداوان بەرەو لایان هات و ڕووی لە پیرەمێرد کرد، دەستی گرت و گوتی: «سوپاس بۆ خوا کە لێرەدا دۆزیتمەوە.» ئینجا ڕووی لە کاورای بیزنسمان کرد و پێی گوت: «هیوادارم ئەزێتی نەدابیت. ئەم ئەختیارە فێرە ڕاکردنە لە تیمارستانەکەی تیایدایە –نەخۆشخانەی دەروونییە-، چونکە نەخۆشخانەکەی لەم باخچەیەوە نزیکە، هەمیشە ڕا دەکات و دێت لێره،‌ خۆی وەک جۆن دی ڕۆکیفلەر بە خەڵکی دەناسێنێت!» کاورای بیزنسمان بەواقوڕماوی وەستابوو، بیری لەو ساڵە دەکردەوە کە چرکە بە چرکە کاری بۆ هەستانەوە و ڕزگارکردنی کۆمپانیاکەی دەکرد و گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی یەک لە دوای یەکی دەبەست و بەهێزەوە دەچووە نێو دانووستانەوە، هەموو ئەو کارانەی بە پشتبەستن بەو باوەڕەی کە نیو ملیۆن دۆلاری بەدەستەوەیه دەکرد‌!

   لەوێدا بۆی دەرکەوت ئەوەی ژیانی گۆڕی و کۆمپانیاکەی ڕزگار کرد پارەکە نەبوو، بەڵکو دۆزینەوە تازەکەی بوو، واتە باوەڕبەخۆبوون. وەها باوەڕێک هێزێکی ئەوتۆت پێ دەبەخشێت گشت مەترسییەک تێبپەڕێنیت و گەورەترین بەری سەرکەوتن بدووریتەوە.

 

 

* دەقی چیرۆکەکە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.


تاگەکان    
زانکۆ گۆرانی بوومەلەرزە بوووژانەوە شەڕ قەدەر تەکنۆلۆژیا جەنگی هۆشیاری گفتوگۆ قوتابخانەکانی نوور کونە ڕەشەکان ئەیاد قنێبی نیشتیمان عێڕاق دەروونی
ئەدەب
2020-05-19 کۆمێنت 2758 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی