‎ژیانی پێغەمبەر ترسناکتر لە کۆرۆنا‎

نووسینی: شاڵاو جەلال
ئەدەب 2020-05-13 کۆمێنت 2436 جار بینراوە
دەستپێکی بانگەواز بۆ ئایینی یەکتاپەرستی و «لا الە الا اللە» لەنێو جەرگەی بتپەرستیدا بوو!
   پێش ئاشکراکردنی بانگەوازی ئەم ئایینە نوێیە نامۆ بەو گەل و هۆزە، ڕاستگۆترینی نێو گەلەکەی ناسرابوو، دەستپاکترین و ئەمانەتپارێزترینیان بوو، هەر سیفەتێکی باش و جوان کە بە زیهنی مرۆڤدا دێت و دەکرێت لە مرۆڤێکی سەر ئەم زەمینەدا بەرجەستە بێت، لە جەنابی محەمەد مستەفادا (د.خ) بەرجەستە بوو.
   لەگەڵ هەموو ئەم سیفاتە باشانە و خاوەن بنەچە و باوانێکی ڕوون و بەهەیبەت و خاوەن ناو لەنێو هۆز و گەلی عەرەبدا، بەڵام قبووڵنەکراوبوو کە ئەو فرستادە و گەیەنەری کۆتا پەیام و کتێبی ئاسمانی بێت!

   چۆن دەکرێت خودا کەسێکی لە خۆمانمان بۆ ڕەوانە بکات کە ئاگادارکەرەوە و ترسێنەرمان بێت؟! ئەگەر ڕاست دەڵێیت و کە تۆ پەیامی خودات پێیە ئەوا دەبووایە دوو فریشتەی ئیلاهیت لەگەڵدا یاوەر بووایەن؟!
   ئەو جەنابەی کە لە پێشدا بە ڕاستگۆی دەستپاک (صادق الامين) ناسرابوو، ئێستا لە چاوتروکانێکدا قسەکانی بە قسەی مەجنوونان، دەستلێوەشێنراوان، شاعیران و فاڵگرەوان ناوزەد دەکرێت!

   ڕێککەوتن کرابوو کە هەرکات ئەو دەست بە قسان بکات دەبێت کۆمەڵێک لە ئێوە لەو جێگەیەدا دەنگەدەنگ و هەرا بنێنەوە و ڕێگە بەوە نەدەن ئەو قورئانەی کە دەیخوێنێتەوە بگات بە گوێی خەڵکی، چون زانستیان بەوە هەبوو ئەو قسانەی لە زاری وییەوە دێنە دەرێ هەروەک چۆن ئاو تینوێتی دەشکێنێت، ئاوایش ئەو قسانە تۆوی خۆشەویستی و بیروبڕوایەکی پاک و دروست دەچێنێت و، تەخت و تەراجی ئەمانیش لە بن دێنێت.
   بەرهەڵستی بەجۆرێک بوو کە بازرگانان و زیارەتکارانی ماڵی خودای دروستکراوی دەستی ئیبراهیمی نەبی (د.خ) لەپێش هاتنیان بۆ مەککە و لەپێش دەروازەی شارەکەدا ئاگادار دەکرانەوە لە مەترسیی قسەکانی ئەو جەنابە (د.خ)، قسەکانی بە قسەی فاڵچی و جادووگەران ناوزەد دەکرا، پێناسی وییان بە ناشرینترین تانە و گوفتاری ناڕەوایان دەڕازاندەوە، تا ئەوەی بازرگانان و زیارەتکارانی کەعبە سڵ لە نزیکبوونەوە لێوەی بکەن، چ بگات بەوەی دانیشتبن و جەنابی ڕیسالەتپەنا (د.خ) قسانێکی نەبیستراو کە نووسراوی لەوحی مەحفووز بوون بە گوێیاندا بچرپێنێت و تۆوی هیدایەت و ڕێگەی ڕاستیان نیشان بدات.
   سڵكردنەوەی وان بە جۆرێک بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان یەکێک لە کەسە بەشانوشەوکەتەکانی هۆزێکی دەرەوەی مەککە کە بە شاعیری و زمانپاراوی ناوی لەنێو ناواندا بوو، لەگەڵ داخلبوونی بە سنووری مەککە لۆکەی لە گوێیەکانی ئاخنیبوو! تا نەبادا گوێیەکانی قسانێکی بەرکەوێت کە سەرانی کەعبە لێی زیز و نائارام ببن، هەروا هاتوچۆی دەکرد و تا ئەوەی زیهنی وەکار خست و بیری کردەوە و لەپێش خۆیەوە وتی: «خۆ من منداڵ نیم تا بە قسەی کابرایەک هەڵخەڵەتێنرێم، خۆ ئەگەر شاعیریش بێت ئەوا من لەو زاناترم لەو بوارەدا، هەر ئەم بیرکردنەوە وای لێ کرد کە نەک هەر ئەوەی سڵ نەکاتەوە لە گوێگرتنی ئەو گفت و لفتانەی کە لە دەروازەی شاردا هۆشداریی پێ درابوو، بەڵکو خودی خۆی و بە پێیەکانی چوو بۆ دیداری تا گوێ بە قسە ناڕەواكانی -لە چاو و گوێی قوڕەیشەوە- بگرێت.

   هەر ئەوەی کە بە دیدار گەیشت، گوێی بە قسانێک گەشایەوە کە تا ئێستا قسانی وا شیرینی لە زاری هیچ مرۆڤێکی ئەم سەرزەمینەوە نەبیستبوو! باشە خۆ من شارەزام لە هەموو وەزن و قافییەیەکی شیعری دەی سا بە خودا ئەمانە شیعر نین! خۆ قسەی فاڵچییانیشمان زۆر دیوە و شارەزاین لەو قسانەدا، دەی سابەخودا ئەمانە ئەو قسانەیش نین! ئەمانە قسانێکن کە ئاوی دڵەکان دەدەن و تۆوی خۆشەویستی، دادپەروەری، یەکسانی و مرۆڤایەتی دەچێنن. من چۆن دەبێت کات بەفیڕۆ بدەم لە شوێنکەوتنی ئەم پەیامە، چی بکەم تا سنووری پەیامی ئێوە قبووڵم بکات؟
   شایەتی بدە بەوەی جگە لە ئەڵڵا هیچ خودایەکی دیکە بوونی نییە و محەمەدیش بەندە و فرستادەی کۆتا پەیامی وییە، بڵێ، «اشهدو الا الە الا اللە و اشهدو ان محمدا رسول اللە.»

   ڕەسولی خودا (د.خ) و یار و یاوەرانی ڕووبەڕووی هەموو ئەشکەنجە و دوورخستنەوە و سزایەک دەبوونەوە لەلایەن سەران و گەورەی هۆزەکانی قوڕەیشەوە. بە لێدان لەسەر گابەردی بیابان و بە قرچەی گەرمای هاوین، و گوێلێبوونیان لە «ئەحەدون ئەحەد» لەسەر زاری ئەشکەنجەدراواندا هێندەی تر ڕق و کینی دڵ تاوی دەسەند، تا ئەوەی دەست برا بۆ بەستنی پەیماننامەیەک بۆ ئابڵووقەدانی بەنی هاشم و ئەبوو تالیب و ڕێگەلێگرتن لە خەڵکی مەملەکەت لە هەر کڕین و فرۆشتنێک لەگەڵیاندا و قەدەغەی ژن و ژنخوازییش.
   ئەم هەموو سزا و ئەشکەنجەیەی کە یار و یاوەران بەگشتی و خودی جەنابی ڕیسالەتپەنا (د.خ) بەتایبەت دەیانچەشت بەدەستی شوێنکەوتووانی لات و عوزاوە، زەحمەتە پێناسە بکرێت و بهێنرێتە پێش چاو کە لە چی دۆخێکدا بوون، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا هەستم کرد ڕێگەیەکی باش بوو تا ئەوەی دۆخی جەنابی خاوەن پەیامی ئاسمانی (د.خ) وەپێش چاوانم کەوێت!

   بە خراپی نازانم بەراوردێک بکەین لە نێوان کەسێکی ئاشکرابوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا بێت لەگەڵ پێغەمبەری ئاخر زەمان (د.خ)
   ئاشکرابوونی کەسێک کە هەڵگری ڤایرۆس و دەردی بێدەرمانی کۆرۆنایە بەتەواوی دەبێت پەراوێز بخرێت و لە خەڵکی دوورەوە بخرێت، تا نەبادا خەڵکیش تووشی دەردی بێدەرمانی وی ببن، خۆ گەر کابرای توشبوو بە ڤایرۆس، بە ئازادی بیەوێت وەنێو خەڵکیدا سووڕ بخوات ئەوا بەردبارانکردنی دوور نییە لەلایەن خەڵکییەوە و ئەگەر ڤایرۆسی هەڵگر نەیکوژێت خۆ بەرد و تانەی مرۆڤەکان دەیکوژن!
   دەی نمونەی بەرز بۆ سەروەرمان (د.خ) دەتوانین بڵێین خودی پێغەمبەر هەمان کەسی ئێستای تووش بوو بووە لە سەردەمی خۆیدا! واتە مەبەستمە بڵێم بەو شێوەیەی ئێستا و توندتریش پەراوێز خرابوو، بە جۆرێک خەڵکی سڵی لە مەترسیی نزیکبونەوە لێوەی دەکرد و، بەم پەراوێزخستنەیش سوکنایی دڵیان دادی نەدەدا و تا لە کۆتاییدا پیلانی تیرۆرکردنیشیان بۆ داڕشت ئەمەیش هەمووی تەنیا لەپێناو ئەوەی محەمەد (د.خ) دەیویست ڕزگاریان بکات لە نەفامی و پێیان بڵێت ئەو خودایانەی کە خۆتان بۆ خۆتان دروستتان کردوون، ناتوانن نە زیان و نە قازانجێکتان پێ بگەیەنن. وەرن خودای تاقانە و دروستکەری ئاسمانەکان و زەوی بپەرستن.
   بەڵام جیاوازیی سەروەرمان (د.خ) لە کەسێکی هەڵگر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە جێگەی هەڵگرتنی دەردی بێدەرمان، دەرمانی دەردانی هەڵگرتبوو، لە بەرانبەری ڕق و کینە، خۆشەویستی و لێبووردەیی هێنابوو، لە جێگەی درۆ و خیانەت، ڕاستگۆیی و ئەمانەتپارێزیی لە هەگبەدا بە دیاری هەڵگرتبوو، لە جێگەی زیندەبەچاڵکردنی کیژان، ڕێز و تەقدیری بۆ وان هەبوو و لە بەرانبەر ستەم و نادادی، یەکسانی و دادپەروەریی بە دیاری بۆ تەواوی مرۆڤایەتی هێنابوو ...
   بۆ پاراستنی خەڵکی لە کەسی تووشبوو بە کۆرۆنا پزیشکان ڕێنوێنیی بڵاو دەکەنەوە بە بەستنی دەمامک و لەدەستکردنی دەستکێش، بۆ پاراستنی خەڵکی لە پەیامی محەمەد مستەفا (د.خ) ڕێنوێنیی بتپەرستان و سەرانی قوڕەیش بۆ خەڵکی ئاخنینی لۆکە بوو لە گوێیەکانیان تا نەبادا گوێیان بە پەیامی ئاسمانی بگەشێتەوە.
   چۆن ئێستا پزیشکان ئاگادارن بەوەی ئەو ڤایرۆسە چەند خێرا تەشەنە دەکات و هۆشداریی دەدەن لە مەترسیی خێرابڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ئاوایش سەرانی بتپەرستان زانستیان بەوە هەبوو گەر هۆشدارییەکانیان لەلایەن خەڵکییەوە جێبەجێ نەکرێت ئایینی ئیسلام بەخێراییەکی زۆر گەشە دەکات!

   گەر کەسێک بە دڵ گوێ لە پەیامی محەمەد (د.خ) بگرێت بە شێوەیەک دامەزراو دەبێت لەسەر ئەو ئایینە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر دەستبەرداربوون لە ئایینەکەی ناکات. دەی هەر ئەوە بوو لە سوڵحی حودەیبییەدا یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتننامەکە ئەوە بوو گەر هەرکەسێک لە قوڕەیش و هاوپەیمانەکانی موسوڵمان بوو، پاشان کۆچی بۆ مەدینەی پێغەمبەر کرد ئەوا دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ نێو هۆز و شاری خۆی، بەڵام بەپێچەوانەوە گەر هەرکەسێک لە موسوڵمانان پاشگەز بوونەوە لە دینەکەیان ناگەڕێندرێنەوە بۆ مەدینە!
   فەرمایشتەکانی ئەو پێغەمبەرە گەر شوێنکەوتووانی بەجوانی جێبەجێی بکەن ئەوا دونیا دەبێتە شامی شەریف و هەرگیز لەژێر قەڵەمڕەویی ئیسلامدا گوێبیستی ئەوە نابیت کەسێک بەناحەق کەسێکی کوشت. ڕێژەی هەژاری، دزی، درۆ، زینا و کاری داوێنپیسی لەو کۆمەڵگەی بەڕاستی و دروستی شوێنی فەرمایشتەکانی ئەو نازدارە (د.خ) کەوتبێتن بەتەواوی ڕوو لە کەمبوون دەکات و بەڕاددەیەک یەکێک لەو کارانەی سەرەوە گەر ببینرێت یان ببیسترێت دەبێت بە کارێکی نامۆ بەو کۆمەڵگەیە!
   ئێمەیەکی شوێنکەوتەی پێغەمبەری ئیسلام گەر گوێ لە فەرمودە و فەرمایشتە جوانەکانی وەک «چیت بۆ خۆت پێ خۆشە دەبێت بۆ برا موسوڵمانەکەیشت پێت خۆش بێت و هەر شتێکت بۆ خۆت پێ ناخۆشە دەبێت بۆ برا موسوڵمانەکەیشت پێت ناخۆش بێت.» ببینین تێ دەگەین ئەم فەرموودە شیرینانە تۆوی برایەتی دەچێنن لە کۆمەڵگەدا.
   شارەزابوون لە ژیانی سەروەرمان (د.خ) واتای شارەزابوونمانە لە ئاکار و ڕەوشتە قورئانییەکان دەی هەر ئەوەیە دایکە عائیشە دەربارەی دەیفەرموو «كان خلقه القرآن» واتە: پێغەمبەر (د.خ) قورئانێکی بەرجەستە بوو، کە بەسەر زەویدا دەگەڕا و دەژیا.
   شارەزابوونمان و شوێنکەوتنی ئەو نازدارە بەدروستی وڵاتێکی وەک سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی عەبدولعەزیزمان بۆ دروست دەکات، دەبێت هەژارێک نەمێنێتەوە لە وڵات و کەسێک نەدۆزرێتەوە بۆ وەرگرتنی زەکات، نەک هەر ئەوەی تەنیا مرۆڤەکان بن ژیانێکی خۆش و شایستەیان بۆ فەراهەم کرابێت، نا بەڵکو دەبێت گەنم و دانەوێڵە لەسەر لوتکەی چیاکان بڵاوە پێ بکەین و ژیانێکی سەلامەت و شایستە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکانیش فەراهەم بکەین!

   باشترین کارێک کە ئێمە بتوانین ئەنجامی بدەین و دڵی پێغەمبەری ئازیزی پێ خۆش ببێت لە بەرانبەر ئەوەی ئەو ئێمەی لە کۆت و زنجیری نەفامی و ئاگری بەبڵێسەی جەهەننەم ڕزگار کرد، شوێنکەوتنی پەیام و ئایینەکەیەتی بەڕاست و دروستی، هەڵبەت ئەمەیش بە شارەزابونمان دەبێت لە ژیانی بەگشتی و شوێنکەوتنی ئاکار و گوفتارە شیرینەکانی بەتایبەت.
تاگەکان    
چیرۆک ژیانی پێغەمبەر ئاوی زەمزەم شەڕ قەدەر ئیسرائیل نامە مێژوو یاری یادەوەری کوردستان سەرفیترە کۆرۆرنا پۆرن گفتوگۆ
ئەدەب
2020-05-13 کۆمێنت 2436 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی