ڕۆژگارێکی بێڕەنگوبۆ

نووسینی: ئەمجەد شاکەلی
ئەدەب 2020-05-06 کۆمێنت 1196 جار بینراوە
خۆشەویستی، هەمیشە و لەو دەمەیڕا مرۆڤ هەبووە، بەهێزترین و تەمەندرێژترین و تۆکمەترین ڕایەڵەیەک بووە، مرۆڤ و دەوروبەری، مرۆڤ و ژینگەی، مرۆڤی سروشتی، مرۆڤی و مرۆڤی، وێکڕا گرێداوە و درێژەی بە ژیان داوە. جوانترین ئاوازێک، ناخ و هەستی مرۆڤی هەژاندووە، بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکە نەبووە. خۆشەویستییە، ڕەنگ، چێژ، جوانی، هێز، ئومێد، بەخشندەیی، پێکەوەژیان و تەواوی باشییەکانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤی ئاراستە کردووە، بەوەی بژی و داهێنان بکات. جیهانی بێخۆشەویستی، جیهانێکە بێڕەنگ، پڕ لە ڕق، تاریک، بێگیان و مردوو.

   یەکدیبەسەرکردنەوە، یەکتربینین، پێوەندی، تێکەڵاوی، سەردانی یەکدی، پێکەوەدانیشتن، ژوان، دەستگوشین، لەئامێزگرتن، ماچ و هەموو جۆرە نێزیکایەتییەکی مرۆڤێک و یەکێکی دی، نیشانەکانی خۆشەویستی و وزەبەخشی ماشینی خۆشەویستین. پێش ئەم پەتا نەفرەتییەی کۆرۆنایە، هیچ یەکێک دەستبەرداری گچکەترین دانەیەکی لەو نیشانانەی خۆشەویستییە نەدەبوو و دوورکەوتنەوە و پشتگوێخستنیان، نیشانەی کەمتەرخەمی، دڵڕەقی، بێهەستی و ناتەواوییەک بوو.
ئەدی ئێستا! 

   پەری، لە پیاسەیەکییەوە هاتە بەر دەرگە و زەنگی دەرگەکەی لێ دا، ئەو دەیزانی من لە ماڵم و وەک زۆرێک لەوانەی لە کۆرۆنا دەترسن، لە ژوورێ خۆم حەشار داوە. دەرگەم کردەوە و لە دوورایی سێ میترێکەوە، هەندێ قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشت.

   فەرهاد، بڕێک خۆراکی بۆ کڕیم و ئێوارەیەکی دوای گەڕانەوەی لەسەر کار، بۆی هێنام و لە دووریی چوار میترێکەوە هەندێ قسەمان کرد و ئیدی ڕۆیشت. 

   ڕاز و پەری، دوو جار، بە کۆمەڵێک توورەکە و دەڵقی پڕ لە میوە و سەوزە و وشکەوە هاتنە بەر دەرگە و لە دوورایی چوار پێنج میترێکەوە، لە خوارێی پلیکانەکە ڕاوەستابوون، بڕێک قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشتن.

   ڕاز، لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، زەنگێکی بۆ لێ دام و گوتی دێمە نزیکی ماڵ و تۆیش وەرە بەر پەنجەرەی ناندینەکەت و ماوەیەک بە تەلیفۆن قسە دەکەین. منیش وام کرد و بڕێکمان قسە کرد و دواتر ڕۆیشت.

   ئەمڕۆ یەکەمی مەی (یەکی ئایار، یەکی مایس)ە، ڕۆژی کارگەرانی جیهانە. یەکێکە لە ڕۆژە هەرە خۆشەکانی ساڵ، کە هەمیشە دوانزدە مانگ چاوەنۆڕی هاتنەوەییم و نوێبوونەوە و چێژێکی گیانەکی بە تەواوی هەستەکانم دەبەخشێت. ئەگەر ساڵێک، بە هۆی نەبوونم لە سوێد، لە بەشداربوون لەم بۆنەیەدا، لە ڕێپێوان، خۆپێشاندان و ئاهەنگگێڕان، دابڕابم، لەو دوورییەم لە سوێد و لەو ڕۆژەدا، پەشیمان بوومەوە و هەرگیز خۆمم نەبەخشیوە و سەرزەنشتی خۆمم کردووە و پێم وابووە، کەلێنێک کەوتووەتە ژیانمەوە و زیانێکی گرانم بەرکەوتووە. ساڵانە و ئەم ڕۆژە، پەری، لەوەتی هێشتا لە گالیسکەی زارۆکاندا بوو و تا ئیدی پێڕەوکە بووە و کەوتووەتە سەر پێی خۆی و وردەوردە ئاگاییشی پەیدا کردووە، هاوڕێی ئەم جەژنگێڕانەم بووە و وێکڕا و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەدا، لەگەڵ سەندیکالیست (SAC)، ئەنارکیست، ناپەرلەمانی و ناحیزبییەکاندا، ڕۆژێکی گەش و دەمبەخەندە و خۆش و پڕئومێد وزەبەخشمان گوزەراندووە، لێ ئەمساڵ نەء! ئەمساڵ یەکی مەی، نە جەژن و نە ئاهەنگ و نە ڕێپێوان و نە دیداری هاوڕێ و خۆشەویستان!

   هاوڕێیەکانم، کە جاران، ڕۆژێکی خۆرەتاوی خۆش، کەنار زەریاچەیەک، پیاسەیەکی چەند سەعاتی، قاوەخانەیەک و کووپێک قاوە، خواردنێکی چینی، تایلاندی، ڤیێتنامی، یا فەلافیلێک، دەردەدڵێک، بڕێک شۆخی و قسەی خۆش، خڕبوونەوەیەک، ئاهەنگێک، زەماوەندێک، پرسەیەک، تەنانەت پرسەیەک و سەرگۆڕستانێک، کۆی دەکردینەوە، ئیدی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، هیچ یەکێک لەوانە نامانگەیەنێتە یەکتر. میوان، کە لە کوردەواریدا دەڵێن خۆشەویستی خودایە، تەنانەت میوان و میواندارییش، خەریکن لەبیر دەچنەوە! 

    ئێستا، ئەوەی خۆشت دەوێ و ئەوەی خۆشی گەرەکی، دەبێ خۆتی لێ دوور بگریت و دوورایی نێوانتان بە میتر بپێوی، چمانی ئاگر و بەنزینن، لە یەکدی نێزیک نەبنەوە. ئێستا، نزیکی پێوەری خۆشەویستی نییە، دوورکەوتنەوە نیشانەی خۆشەویستییە و تەلیفۆن، تەنێ تەلیفۆن، هەستەکانمان بۆ یەکدی دەگوێزێتەوە. ئێستا، ڕۆژەکان، بێجگە لەوەی بێتامن، هیچی دیکە نین! ئاو، هەرچەندە بنەمای هەموو زیندەوەر و زیندووییەکە1، لێ کە پێناسە دەکرێ، دەگوترێ، شلەیەکی بێڕەنگ و بێبۆنە، ئێستا ڕۆژگارێکە بێڕەنگوبۆیە! 


1. ﴿وَجَعَلْنَا مِنَ ٱلْمَآءِ كُلَّ شَىْءٍ حَىٍّ
، القرآن الکریم، الأنبیاء: 30. 
تاگەکان    
باران جوانی شیعر یاری بوووژانەوە زمان چەواشەکاریی لۆژیکی زانست کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین خێوەتگە كتێب ئایین ئەنیمی کتێبی هاوسانی چیرۆک
ئەدەب
2020-05-06 کۆمێنت 1196 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی