خانووی دێوودرنج

نووسینی: ڕوزبە موعین وەرگێڕانی: عەلی قوبادی
ئەدەب 2020-05-02 کۆمێنت 2429 جار بینراوە
بەوەی چەندین ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتانەکینێ توێ بە توێی شتەکانی ئەو شەوەی بیستمن و بینیمن، لە یادمن.
تازە ماڵمان گواستبووەوە خانووە تازەکەمان و لە کۆڵانە نوێیەکەماندا، خانۆچکەیەکی کۆن و مارزیایی لێ بوو، کە مناڵێلی گەڕەک، پێیان دەگۆ دێوخانە.
من چ کاتێک قسەکانیانم پێ قووت نەدەچوو، چون هەر باوەڕم بە دێوودرنج نەبوو! بەڵام منداڵەکان دەیانوت، لە شەوانێکی تایبەتدا، پیرەپیاوێکی ئەڵاجەوی، دەچێتە خانووەکەوە و بانگهێشتی دێوەکان دەکات. تەنانەت دەیانوت، خێوەکان خێزانێکن و لەوێ دەژین و، جاروەجارێ دەنگی مراک و چنگاڵ دێت!
تا وای لێ هات بۆ ئەوەی بۆیان یەکلا بکەمەوە کە لەو خانگەدا هیچ دێوودرنجێک نییە؛ بە دیوارەکەدا هەڵزنام و چوومە ژوورەوە.
دروست بەو شێوەیەی منداڵەکان وتیان، پیاوتۆقێن بوو. بە ڕووناکیی چراقەوەکە خانووەکەم پشکنی، قاپوقاچاخی خانووەکە دەستیان لێ نەدرابوو. وەختێک تەفرەنجەی وێنەکانم دا، بۆم ڕوون بووەوە لە خانووەکەدا ژن و پیاوێک لەگەڵ کچ و کوڕە گچکەکەیاندا دەژین.
 لەناکاو دەنگی کردنەوەی دەرگای حەوشەم بیست و زانیم پیرەپیاوەکە هات، خێرا لە دۆڵابێکدا خۆم شاردەوە و دەرگاکەیم پێوە دا. هەموو جێیەک تاریک بوو، بەڵام دەمتوانی گوێم لە دەنگی پێی یارۆی پیر بێت کە بەرەو ئەو هۆدەیەی منی لێ بووم دەهات و فایلەکانی دەستی لەسەر قەنەفەکە دانا. دەنگی شقارتەکەم بیست و هەستم کرد لەبەر خۆیەوە قسە دەکات، بەگومان بووم و لایەکی دۆڵابەکەم تۆزێک کردەوە. پیرەپیاوەکە مۆمێکی داگیرساندبوو. تەنیا توانای بینینی سێبەرەکەیم لەسەر دیوارەکە هەبوو. پاشی هەنێک بێدەنگی، دەنگی پیاوەکەم گوێ لێ بوو، وتی: «ئەمە چۆن کار دەکات؟ ئەها، دەی ئەوە لە کوێن؟ من چاوەڕێتانم.»  ژنێک وتی: «ئەوە دێین، پەلەت نەبێت.»
دواتر تەقەتەقی کەوچک و چنگاڵ و کەنینی دوو منداڵم بیست. سەرتاپام دەلەزری، جنێوم بە خۆم دەدا کە بۆچی بڕوام بەوە نەکرد ئەم خانووە دێوی هەیە! دەنگەکان ڕوونتر بوون و کوڕەکە وتی، «بۆچی لە جێگاکەی من دانیشتووی؟»
کچەکە وتی: «جێی خۆمە، بڕۆ ئەولاترەوە.»
ژنە گوتی: «دانیشن منداڵەکان، دەمهەوێت هەنارتان بۆ بتەکێنم.»
پیاوەکە وتی: «شەوی یەڵدا بێت، خاتوون گیان هەنارت بۆ بتەکێنێت و سۆڵان لە خۆت بدەیت، چی دەبێت! ئەوە دیوانی حافز لە کوێیە فاڵێک بۆ منداڵەکان بگرم؟»
ژنەکە گوتی: «دایە گیان، دیوانی حافز لە دۆڵابەکەدایە، بچۆ بیهێنە بۆ باوکت.»
هەر کە ئەوەم بیست، وتم چۆن ئەم هەڵەیەم کرد و بە پێی خۆم هاتوومەتە نیو ماڵی چوار خێوی سەرلێشێواو، نەزانستە هاوارم کرد، «نا نا، دەرگاکە نەکەیتەوە.»
سێبەری پیرەپیاوەکەم بینی کە لە شوێنی خۆی بڵند بووەوە و وتی: «کێ لەوێیە؟»
وتم: «ئەی دێوی مەزن، تکایە ڕێم بدە بڕۆم، بەڵێن دەدەم جارێشکە سەر بێرەدا نەکەمەوە.»
پیرەپیاوەکە نزیک بووەوە و دەرگای دۆڵابەکەی کردەوە. من هاوارم دەکرد و ئەو دەگریا، بەڵام کاتێک چاوم بە مێزەکە کەوت، حەپەسام؛ لەسەر مێزەکە تەنیا ئامێرێکی تۆمارکردنی دەنگ کاری دەکرد!
تاگەکان    
گۆرانی مانا یاسا زانکۆ ئاوی زەمزەم گێڕانەوە کونە ڕەشەکان ئەیاد قنێبی زمان دەروونناسی ڕۆژاوا سایکس-بیکۆ خاڵبەندی کورد ژن
ئەدەب
2020-05-02 کۆمێنت 2429 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی