(بە ئەندازەى کارکردن) گاڵتەیەکى مەزنە!

وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2020-05-01 کۆمێنت 2339 جار بینراوە

هەتا ئەو ڕۆژانەیشى کە پشوو وەردەگرین، دەبێت کار بکەین.

 فەرمانبەران هەمیشە دەبێت لە بەردەستدا بن. کۆتایى هەفتەکان، پشووەکان و ئیزن­وەرگرتنەکان جیاوازییەکى ئەوتۆیان لەگەڵ بەیانیانی شەممەدا نییە. بەردەوام کارێک بۆ بەدواداچوون هەیە. جیا لەوەیش نەک تەنیا دەبێت ئەو بەدواداچوونانەمان حەز لێ بێت، بەڵکوو گەرەکە ئاشقى بین. وەگەرنا جەنابى بەڕێوەبەر ئێوە بە هەزار کەموکورتى تۆمەتبار دەکات: تەنبەڵى، بێدەربەستى، کەمتەرخەمى و لەم جۆرە بڕوبیانووانە.
سەپاندنى بەڕێوەبەرى فەرمانگەیش نەبێت، مەقامخوازیى خۆمان دەستهەڵگر نییە. هەتاکوو سنوورى مەرگ یاخود پتریش کار دەکەین.
بەڵام لە جێیەکدا دەبێت دەست هەڵگریت، ئەوکات ئیدى دەگونجێت دەست بە ژیان بکەیت.

هونەرى ژیرانەى کەمترکارکردن

 نووسەرى «چێژى دەستهەڵگرتن» دەڵێت: «زاڵبوون بەسەر حەزەکانمان لەبۆ ئەزموونکردنى هەموو شتێک ڕەنگە شادترمان بکات.»
ئەو وێنەیەى کە ڕۆژگارى ئێمە بۆ مرۆڤى سەرکەوتووى چێ کردووە، کەسێکە کە ڕۆژ هەتا شەو ئیش دەکات تا پارە دەربهێنێت و پاشتریش ئەو پارەیە لە شتومەکى زۆر بریقوباق و گەشتگەلى سەر­بەگۆبەنددا خەرج بکات و، هەمدیسان زیاتر کار بکات تا زێتر دەربهێنێت و فرەتر خەرج بکات. ئەم سووڕە کۆتاییەکى نییە، جێیەک نادۆزیەوە گەر پێى بگەیت، ئیدى بتوانى هەناسەیەکى ئارام هەڵبکێشیت و داسەکێیت. سویند برینکمان، فەیلەسووفى دانیمارکى، دەڵێت، «ڕەنگە کاتى ئەوە هاتبێت کە ڕاوەستین و ڕێیەکى دی بگرینە بەر.»


لە سەرەتاى هەفتەدا، هیچ کەسێک بە هۆى دەستبەکاربوونەوە سوپاسى خودا ناکات
سەرەنجام، لۆژیکى کارى زیادلەئەندازە، بێگومان، هەرەسى زەین و جەستەیە

ئەگەر لە ئەوەڵى هەفتەدا لە هاوکارەکەت بپرسى «حاڵت چۆنە؟»، دوور نییە بڵێت «ئەمە کەى پرسیارە کە دەپرسى؟ ئاشکرایە باش نیم». وەلێ هاوکارەکەتان تووشى گوناهێکى گەورە بووە، ئاخر لە فەرهەنگى پڕکاریى تازەدا ئەرکى سەرشانە لە بەرایى حەوتوودا سەرتان بۆ ئاسمان بڵند بکەن و، بەتاسووقێکى زۆرەوە، هاوار بکەن سوپاس خودایا. بەڕێوەبەران هەمیشە ئامۆژگاریى بەردەستانیان وەها دەکەن کە نابێت ئیشەکەتان حەز لێ بێت، بەڵکوو دەبێت ئاشقى بن، ئەوەیش تا ئەو ڕادەیەى ئەو ئیشقە تۆ ناچار بەوە بکات لە هەفتەکەدا ١٤٢ کاتژمێر کار بکەیت. بەڵام دۆخى پڕکارى چ بەڵایەک بەسەر فەرمانبەراندا دێنێت؟

بۆچى نابێت کۆتایى هەفتەکان کار بکەین؟

بەڕێوەبەران و خاوەنکاران پێداگرن لەسەر ئەوەى گەرەکە هەموو کارمەندان سەرى کاتژمێرى دیاریکراو ئامادە بن، وەلێ هێندە بەلایانەوە خۆش نییە لە کاتژمێرى دانراودا دەست لە کارەکە هەڵبگرن. لە واقیعدا، لە دیدى ئەوانەوە، کار هیچ کات تەواو نابێت. جیاوازییەکى ئەوتۆى نییە یانزدەى شەو بێت یاخۆ ڕۆژى پشووى حەوتوو، هەروەختێک دەگونجێت وە دواى کارێکدا بچیت. هەرچەندە ئەم دۆخە ژیانى کۆمەڵایەتى و خێزانیى ئێمە خراپ دەکات، لە وەها حاڵێکدا وا دەردەکەوێت بۆ ئابوورى باش بێت. وەلێ ئابووریناسان لەبارەى ئەم تاقە سوودەیشەوە فرە دڵنیا نین.

ڕەنگە سووچى ئادام سمیس بێت کە هێندە لە ئیشکردن بێزارین...
سەرژمێرییەکان دەڵێن نەوەد لە سەدی فەرمانبەران لە ئیشى خۆیان بێزارن، چلۆن شتێکى وا ڕێى تێ دەچێت؟

 ئادام سمیس بڕواى وا بوو مرۆڤەکان بە سروشت تەمەڵن و حەزیان لە کارکردن نییە. کەوابوو تەنێ پێویستییەکانى ژیانە کە ئەوان وا لێ دەکات دەست بۆ چالاکى ببەن. سادەتر بڵێین: پاڵنەرى سەرەکى پارەیە. لێ توێژینەوەگەلێکى فرە ئەوە پێشان دەدەن ئینسانەکان ئەوەیان پێ باشترە هەقدەستێکى کەمتریان هەبێت، بەڵام کارێک ڕاپەڕێنن کە مانایەکى زێتری بۆیان هەیە. پارە گرنگە، لێ هەموو شتێکیش نییە. لە دیدى برى شوارتزیشدا، ئەم ڕاستییە سادەیە، دەتوانێت وێناى ئێمە بۆ دنیاى پێوەندییەکانى کار، بگۆڕێت.

لەم ڕۆژەدا زۆرێک لە کارمەندانى فەرمانگەکان لەباتیى ڕۆژێک حەسانەوەى ژێر بەتانى، ناچارن «دوورکارى» بکەن

 شەو ساخ و دڵشاد دەچیتە جێخەوەکەت، بەڵام بەیانییەکەى بە تا و قوڕگژانەوە لە خەو بێدار دەبیتەوە. لەتەک خۆتاندا دەکەونە ڕاوێژەوە ئایا دەتوانیت بڕۆیتە سەر کار، یان باشترە لە ماڵەوە بمێنیتەوە و پشوو وەربگریت؟ لە کۆتاییدا بڕیار دەدەیت لە ماڵەوە بمێنیتەوە. بۆ شوێنى کارەکەت زەنگ لێ دەدەیت هەتا پشوو بۆ چارەى دەردەکەت وەربگریت. بەرپرسەکەیشتان قەبووڵى دەکات، لێ دەڵێت ئێستا کە لە ماڵەوەى تکایە ئەم ڕاپۆرتەیش بنووسە و ئەو باسانەیش پەیجۆرى بکە. بۆ فرەیەک ڕۆژانى نەخۆشییش ئیتر جیاوازییەکى واى لەگەڵ ڕۆژانى تردا نییە.   

 

 

*ئەم نووسینەم لە سایتی «تەرجومان»ەوە وەرگرتووە، هەڵبەت ناوی نووسەری پێوە نەبوو.


تاگەکان    
مانا ژیانی پێغەمبەر بووژانەوە جوانی فێمینیزم کۆرۆرنا #پیری قودس گێڕانەوە کوردستان ئایین پارەی ئیلیکترۆنی سیاسەت باران دیمانە
ئەدەب
2020-05-01 کۆمێنت 2339 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی