مرۆڤە لاڵەکە

نووسینی: شێروود ئەندرسن وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2020-04-27 کۆمێنت 2041 جار بینراوە

وەرگێڕانی بۆ فارسی: سادق عەسکەرى

 

 حەکایەتێکە لە گێڕانەوەى وەڕەزم. هیچ قسەیەکم بۆ گوتن نییە. بەنێزیکەیى چیرۆکەکەم لەبیر کردووە. ئەگەرچى هێندێک جار دێتەوە یادم. 
چیرۆکەکە لەبارەى سێ پیاوەوەیە لە شەقامێکدا کە؛ گەر لە دەربڕینى وشەکاندا لێهاتوو بام، دەمگێڕایەوە. ئەوم بە گوێى ژنان و دایکاندا دەچپاند. لە شەقامەکاندا هەڕام دەکرد و سەربوردەکەم دووبارە و دووبارە دەگێڕایەوە. بە شێوەیەک کە زمانم لەنێو ددانەکانمدا درێژ دەبوویەوە و بە ددانەکانم دەمگرت.

سێ پیاو لە ژوورێکى ئەو ماڵەدان.
یەکەمیان گەنجە و شیکپۆش. ئەو هەمیشە دەخەنێت.
پیاوى دووەم ڕیشێکى سپیى درێژى هەیە. ئەو بەردەوام تووشى گومان و دوودڵى دەبێت، بەڵام جارانێکیش کە گومان و دڕدۆنگییەکەى لەبەین دەچێت، دەچێتە خەوێ.
پیاوى سێیەمیش هەس بە چاوانێکى بەدفەڕەوە. ئەو پەشۆکاوانە دەسووڕێتەوە و دەستانى لێکدى دەساوێت.
هەرسێ پیاوەکە لە چاوەڕوانیدان، چاوەڕوانى.
لە نهۆمى سەرەوەى خانووەکەدا ژنێک لە تاریکوڕوونى سێوەرى پەنجەرەکەدا پاڵى دابوویە دیوارەکەوە.
ئەم ئافرەتە بنچینەى حەکایەتەکەى منە و هەرچییەکى بمەوێت بزانم، لەودا کورت بووەتەوە.
دێتەوە یادم پیاوى چوارەم پێى خستە ماڵەکەوە. کابرایەکى سپیپێستى لەسەرەخۆ.
هەموو شتێک وەک دەریا لە شەودا کپ بوو. هەنگاوەکانى وى بەسەر پۆشەرە بەردینەکەى ژوورەکەدا کە سێ پیاوەکەی لێ بوون، هیچ دەنگێکى لێوە دەرنەدەچوو.
پیاوەى کە چاوانێکى ئازاردەریان پێوە بوو بێحەوسەڵەیى دەکرد. هاوشێوەى ئاژەڵێک  کە لە قەفەسدا گرفتار بێت بە دەوروپشتدا غارى دەدا. پیاوە ڕیشسپییەکەیش، دووچارى نائارامیى خۆى بووبوو و بەردەوام گەمەى بە ڕیشى دەکرد.
پیاوى چوارەم، هەمان پیاوى سپیپێستى ئارام بۆ نهۆمى سەرەوە ڕۆیشت.
ماڵ هێندە بێدەنگ بوو کە هەتا دەنگى تیک­تۆکى سەعاتى هاوماڵەکان دەگەیشتنە گوێ. ژنى نهۆمى سەرەوە وێڵى دووى ئیشق بوو. بنچینەى سەربوردەکەیش دەبێت هەر ئەوە بێت. ئەو بە تەواوى بوونیەوە تینووى ئەوین بوو. دڵى دەیویست ئەویندار بێت. ئەو وەختێک هەستى بە دەرکەوتنى کابراى سپیپێستى هێمن کرد گورجێ هەستا. لێوەکانى جووڵا و بزەیەکیان لەسەر نیشت.
کابراى سپیپێست هیچى نەگوت. لە چاوەکانیڕا نیشانەیەک لە سەرکۆنە و دوودڵى نەدەبینران. چاوانى هاوشێوەى ساردیى ئەستێران بوون.
لە قاتى خوارەوە پیاوەى بەدخوو دەیناڵاند و چەشنى تووتکەسەگێکى برسى و داماو بە دەوروپشتیدا هەڵدەهات. کابراى ڕیشچەرموو هەوڵى دا بە دوایدا بڕوات وەلێ بەزوویى هیلاک بوو و لەسەر زەوییەکە خەوى لێ کەوت. ئەو چیدى هەڵنەستایەوە.
هەروەها کوڕیژگەى بێئاوەزیش لەسەر زەوییەکە ڕاکشا. ئەو دەخەنییەوە و بە سمێڵە ڕەش و چکۆلەکەى وازیى دەکرد.
تواناى دەربڕینى پەیڤەیلێکم نییە بۆ شیکردنەوەى ئەوەى لە چیرۆکەکەمدا ڕوو دەدات. من تواناى گێڕانەوەى چیرۆکەکەم نییە.
پیاوەى سپیپێستى هێمن ڕەنگە نیشانەى مەرگ بێت.
ژنەى تامەزرۆ و چاولەڕێیش لەوانەیە نیشانەى ژیان بێت.
پیاوەى ڕیشسپى و پیاوەى ئازاردەر هەردووک؛ منیان گێژ کردووە. هەرچی لە فکران ڕاچووم نەمتوانى لێیان تێ بگەم. ئەگەرچى هەموو کاتەکە بیرم لەو دووانە نەکردەوە بەڵکوو هەوڵم دا لەبارەى کوڕیژگەى بەدئاکاریشەوە کە بە درێژایى مەوداى حەکایەتەکەم دەخەنییەوە، لێى ڕامێنم.
ئەگەرەکوو بتوانم پەى بەو ببەم دەتوانم لە هەموو شتێک حاڵى ببم. دەتوانم گێڕەرەوەى سەربوردەیەکى سەرسامکەر بم بۆ تەواوى خەڵکانى جیهان. ئەوکات ئیدى لاڵ نەدەمام.
بۆچى من تواناى دەربڕینى پەیڤەکانم نییە؟ ئاخر بۆچى گەرەکە من لاڵ بم؟
من چیرۆکێکى سەرسووڕهێنم بۆ گێڕانەوە هەیە، بۆ ناتوانم ڕێیەک بۆ گوتنەوەى ببینمەوە.

 

* جێی خۆیەتی سوپاسی هاوڕێی ئازیزم عەلی قوبادی بکەم، هەردوو دەقە کوردی و ئۆرگیناڵەکەی بەراورد کردن و چەند سەرنجێکی جوان و بەجێی پێ گوتم.

تاگەکان    
بوونەوەری ئاسمانی ڕەزا بابایی #پیری خوێندنەوە ئەدەبیاتی فارسی جەنگی هۆشیاری کۆمەڵکوژیی بۆسنە باران کونە ڕەشەکان چەواشەکاریی لۆژیکی مردن عێڕاق حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی دەروون وەرزش
ئەدەب
2020-04-27 کۆمێنت 2041 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی