هاوڕێیەتیی کتێب

نووسینی: عەلی حسێن
ئەدەب 2020-04-20 کۆمێنت 3138 جار بینراوە

ڕۆژێک لە ڕۆژان، کتێبێکت بەرچاو دەکەوێت و سەرنجت ڕادەکێشێت، دەستی بۆ دەبەیت و دەیخوێنیتەوە، دوایی دەست بۆ کتێبی دووەم و سێیەم دەبەیت. دوای ماوەیەک، بێ ئەوەی خۆت بزانیت، خوێندنەوە بۆت بووە بە خوو و تا نەخوێنیتەوە، ناحەوێیتەوە. بۆ خۆیشت بە تەواوی نازانیت چیت لێ قەوماوە، هەر کەسەکەی جارانیت، هەموو کارەکانی پێشووت ئەنجام دەدەیت، کەچی وێڵی دوای چێژێکی گەورەتریت. هەندێک جار نازانیت عەوداڵی چییت، دەڵێیت شتێکت بزر کردووە و بۆ خۆیشت بیرت نایەت چی بووە، کاتێک پتر ڕادەمێنیت، هەست دەکەیت ونبووەکەت تەنیا کتێبە و بەس. دوای چەند ساڵێک، ئیتر ناتوانیت هاوڕێیەتیی زۆرێک لەو کەسانە بکەیت کە لە منداڵییەوە برادەری گیانیبەگیانیت بوون. دوور نییه لە تەنیشتی برای خۆتدا، هەست بە نامۆیی بکەیت و قسەیەکی هاوبەشی لەگەڵدا نەدۆزیتەوە. ئیتر ژیان لەناو کەسانی دوور لە کتێبدا، لە تۆ دەبێتە ژان و چەرمەسەری. دەکرێت لە ڕێوباندا، بە هەڵکەوت، کەسێکی نامۆی کتێببەدەست ببینیت و دەرگای وتووێژی چەندسەعاتیی لەتەکدا واڵا بکەیت، دەزانیت لەبەر ئەوەی کتێبخوێنە، زوو یەکتر تێدەگەن و بە کەمترین وشە، زۆرترین هاودڵیتان لەنێواندا دەڕوێت، گەر هیچ باسێکی هاوبەشیشتان لەنێواندا نەبێت، خەمتان نییە، ئاخر کتێبخوێنی بۆ خۆی لە دەیان باسی هاوبەش دەوڵەمەندترە. بەم جۆرە، کتێب گەر لە هاوڕێیەتیی خەڵکانێکت بکات، ئەوە هاوکات دۆستی دیکەت بۆ دەدۆزێتەوە.

تۆ لە ڕێی کتێبەوە، دەبیتە هەڵگری خەمێک، کەسێک نەیچەشتبێت، هەرگیز ناتوانێت لێت حاڵی ببێت. دەکرێت هەموو ئەو کارە بەسوودانەی لە توانستدان، ئەنجام بدەیت، بەڵام هێشتا هەست دەکەیت هەموو چالاکییەکانت شتێکی ئەوتۆ نین و کەلێنێکی گەورە لە بوونتدا ماوە. ئەو کاتانەی بە ناچاری لە کتێب دادەبڕێیت، دەڵێیت لە مەعشووقی خوێنشیرین دوور خراویتەوە و ئەوەی بووەتە مایەی دابڕانت، ئەگەر پێویستییەکی ژیانیش بێت، لێت دەبێتە ئەهریمەن. بەبێ کتێب، بەردەوام هەست بە دڵەڕاوکە و بێزاری دەکەیت، بەڵام هەر کە لاپەڕەی کتێبت هەڵدایەوە، دەڵێیت منداڵێکی لەماڵتۆراویت و بۆ ئامێزی دایکت گەڕاویتەوە. زۆر جاران کە سەر لە ماڵی هاوڕێیەکی کتێبدۆستت دەدەیت، خۆت پێ ناگیرێت تا سەرێک بە کتێبخانەکەیدا نەکەیت، بەڵام بەردەوام ترسی ئەوەیشت هەیە، کتێبێک یان پتری تێدا ببینیتەوە، کە حەز بکەیت هیی خۆت بان و لە هیچ کوێ نوسخەیانت دەست نەکەوێت و ئەمەیش ببێتە داخی دڵت. جاری وا هەیە بە ساڵ زیاتر بیرت لای کتێبێکە و دەستت نایگاتێ، کەچی هەر لە بیرت ناچێتەوە. 

دەکرێت مانگت بەسەردا تێپەڕێت و کتێبێکی تێدا نەخوێنیتەوە، بەڵام بە ئاسانی ناتوانیت بۆ هەفتەیەکیش خۆت لە بیرکردنەوە لە کتێب بدزیتەوە. بە هەڵکشانی تەمەن، زۆرێک لەو شتانەی حەزیان لێ دەکەیت، بە لاوە دەنێیت، بەڵام ڕەگی کتێبدۆستی و کتێبخوێنی هەتا بێت زیاتر بە ناختدا ڕۆدەچێت. نەک هەر خۆت، بگرە کەسانی بەتەمەنی وا دەبینیت، کە کتێبیان زیاتر لە گۆچانەکەیان بە دەستەوەیە. دەکرێت کەسانێک ببینیت، لە پێشوودا ئەهلی کتێب بووبن و ماوەیەک لەگەڵ کتێبدا نەیانمابێت، بەڵام کاتێک باسی کتێبخوێنیی ڕابردوویان لەگەڵدا دەکەیت، دەزانیت هێشتا تامی کتێب لە بنی ددانیاندایە. ئەمانە بە زۆری نە کتێبخوێندنەوە بە خاڵی لاوازیان دەزانن و نە دووری لە کتێبیش بە هۆکاری سەرکەوتن. هەیانە کاتێک باسی کتێبخوێندنەوەی ڕابردووی خۆی دەکات، وا بە تاسە و شەوقەوە دەدوێت، دەڵێیت باسی یەکەم ژوانی ئەویندارانەیت بۆ دەگێڕێتەوە. 

دەکرێت بڕێک جار لە کتێب بێزار ببیت و حەز نەکەیت هیچ بخوێنیتەوە، بەڵام سوور دەزانیت ئەمە دۆخێکی کاتییە و درێژەی نابێت. بڕێک جاران بە خۆت دەڵێیت، ئەمە چ دەردێک بوو تووشی هاتم، خۆزگە هەر نەمزانیبا کتێب بەری چ دارێکە، بەڵام دەزانیت کتێب گەر دەردیش بێت، ئەوە لە هەمان کاتدا چارەی دەردیشە و گرێی تۆ، تەنیا بە کتێب دەکرێتەوە، شاعیر وتەنی «هم دردی و هم دوای دردی.»

تاگەکان    
سایکس-بیکۆ تەلارسازی ڕۆژاوا جنۆکە خێوەتگە ئیسرائیل ئایین خوێندنەوە قەدەر کۆرۆرنا فیکر ئازادی عیرفان چیرۆک کۆمەڵکوژیی بۆسنە
ئەدەب
2020-04-20 کۆمێنت 3138 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی