گەڕان بە دوای بوونەوەری ئاسمانیدا

نووسینی: د. عوسمان هەڵەبجەیی وەرگێڕانی: میران مەجید
فیکر 2020-04-19 کۆمێنت 1475 جار بینراوە

سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار و، دروود و سه‌لام له‌ گه‌وره‌مان محه‌مه‌د و ئال و یار و شوێنكه‌وتووانی بێت.


زۆر جار له‌لایه‌ن بێباوه‌ڕەکانه‌وه ڕه‌خنه‌یەک ده‌بیستین و ده‌خوێنینه‌وه كه‌ له‌ مسوڵمانەکانی ده‌گرن‌‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ زانستییه‌ی قورئان و پێغه‌مبه‌رەکه‌یان باسی كردووه‌، ئه‌وان باسی ناكه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی زانایانی نامسوڵمان به‌ هۆی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونەکانیانه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ ئاشكرا دەکه‌ن و پێی ده‌گه‌ن، خێرا زانا مسوڵمانەکان‌ له‌ ده‌قەکانی قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌رەکه‌یاندا ده‌ست  به‌ گه‌ڕان دەکه‌ن، به‌و هیوایه‌ی شتێک بدۆزنه‌وه‌ وەکو ئه‌وه‌ وا بێت كه‌ ئه‌و زانا گه‌ردوونناس و فیزیازان و دكتۆرانه‌ و كه‌سانی تر باسیان كردووه‌.
ئه‌م ڕه‌خنه‌یەیش به‌شێک له‌ ڕاستیی تێدایه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌و دۆزینه‌وانه‌ كه‌سانی نامسوڵمان پێی هه‌ستاون و، سته‌مێكی گه‌وره‌ و لادانێكی زۆریشی له‌ ڕاستی سه‌باره‌ت به‌ زانایانی مسوڵمان‌ تێدایه‌ و،‌ واقیعەکه‌ی به‌ یەک شێوه‌ سه‌یر كردووه‌؛ ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌یه‌ كه‌ دێن:


یەکه‌م: هیچ گرنگ نییه‌ بڵێین قورئان هاوڕای بیردۆز و ڕاستییه‌ زانستییەکانه‌؛ یەکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قورئان له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ به‌ بۆچوون و دۆزینه‌وەکانی مرۆڤ به‌راورد بكرێت و، دووه‌میش قورئان پێش ئه‌و دۆزینه‌وانه‌ دابه‌زیوه‌، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت قورئان هاوڕای ئه‌وانه‌، ئه‌وه‌ ڕاستیی ئاوه‌ژوو كردووه‌ته‌وه‌ و، سته‌می له‌ قورئان كردووه‌، ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ بگوترێت ئه‌و دۆزینه‌وانه‌ هاوتای قورئانی پیرۆزن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌رازووەکه‌ قورئانی پیرۆزه‌، نەک ئه‌و بۆچوون و دۆزینه‌وه‌ زانستییانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی پێی گه‌یشتوون.

دووه‌م: ئه‌وه‌ی له‌ دیدی زانایانی مسوڵمانه‌وه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناگونجێت ڕاستییەکی زانستی هه‌بێت به‌‌ پێچه‌وانه‌ی قورئانی پیرۆزه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر شتێكی وامان به ‌دی كرد، ئه‌وه‌ ئه‌و كات كێشەکه‌ یان له‌ ڕاڤه‌ و تێگه‌یشتنی ئێمه‌دایه‌ بۆ قورئانی پیرۆز، چونكه‌ تێگه‌یشتن و ڕاڤەکان وەکو ده‌قەکان پیرۆز نین، به‌ڵكو هه‌وڵدانێكی مرۆییه‌ و وەکو هه‌موو ماندووبوونەکانی تری مرۆڤ هه‌ڵه‌ و خه‌یاڵی بێبنه‌ما ئه‌میش ده‌گرێته‌وه‌، یان كێشەکه‌ له‌و دۆزینه‌وانه‌دایه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زۆر جار بینیومانه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێک زانا گه‌یشتوونه‌ته‌ كۆمه‌ڵێک ئه‌نجام و كۆمه‌ڵه‌ بیردۆزه‌یەکیان دۆزیوه‌ته‌وه، پاشان كۆمه‌ڵێک زانای تر هاتوون عه‌یب و عار و هه‌ڵەکانیان ده‌رخستوون، زانایانی گه‌ردوونناسی بۆ چه‌ند سه‌ده‌یەک، هه‌ر له‌ زه‌مانی به‌تڵیمۆسه‌وه‌ هه‌تا سه‌ده‌ی پانزه‌ كۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ زه‌وی چه‌قی گه‌ردوونه‌، هه‌تا كۆپه‌رنیكۆس و گالیلۆ گالیلی هاتن و بەته‌واوه‌تی وته‌یەکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان وت، دانیشیان به‌ هه‌ڵه‌ی به‌تڵیمۆس و هه‌زاران زانای دوای ئه‌ویشدا نا.
نموونه‌یەکی تر له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی زانایان و تیۆریاكانیان، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی «ئیسحاق نیوتن» بوو‌ كه‌ وتی زه‌مه‌ن ڕه‌هایه‌، زاناكانیش وایان گومان برد كه‌ ئه‌م وته‌یه‌ی نیوتن ڕاستییەکی زانستیی وه‌هایه‌ كه‌ ناگونجێت لێی لا بده‌ین، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی «ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین» تیۆریای ڕێژه‌یی زه‌مه‌نی هێنا و قسه‌ی نیوتنی به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌ت كردەوه‌.

سێهه‌م: قورئانی پیرۆز كۆمه‌ڵێک ڕاستیی زانستی زۆری تێدایه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ زانایان نه‌یانتوانیوه‌ بیدۆزنه‌وه‌، لێ زانایانی كۆنی ئێمه‌ چوارده‌ سه‌ده‌ له‌مه‌وپێش تێی گه‌یشتوون و له‌ قورئان هه‌ڵیانگۆزیوه‌، ئه‌م ئایه‌ته‌یش كه‌ ئێمه‌ به‌ته‌مای باسكردنین، یەکێكه‌ له‌و نموونه‌ زۆره‌ ڕاستییه‌ زانستییانه‌ی قورئان كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.
په‌روه‌ردگار له‌ ئایه‌تی دوانزه‌ی سووره‌تی ته‌ڵاقدا ده‌فه‌رمووێت: ﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ يَتَنَزَّلُ الْأَمْرُ بَيْنَهُنَّ لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا: خوا ئه‌و زاته‌یه که حه‌وت چین ئاسمانی دروست کردووه و فه‌رمانی خوا له نێوانیاندا داده‌به‌زێت، هه‌روه‌ها به‌ وێنه‌ی ئه‌وان فه‌رمانی خوا بۆ زه‌وییش داده‌به‌زێت و جێبەجێ ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن که به‌ڕاست خوا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌، بێگومان خوا به زانست و زانیاریی خۆی گه‌مارۆی هه‌موو شتێکی داوه‌.﴾
ئیبن عه‌باس زانای گه‌وره‌ی ئوممه‌ت -ڕه‌زای خوا له‌ خۆی و باوكی بێت- به‌ڵگه‌ به‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر بوونی ژیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆی زه‌وی و، هه‌روه‌ها بوونی كۆمه‌ڵێک دروستكراوی زیندوویش له‌ حه‌وت چینی زه‌ویدا.
ئیبن جه‌ریری ته‌به‌ری له‌ ڕاڤه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌دا، ده‌فه‌رمووێت: «حدثنا عمرو بن علي ومحمد بن المثنی، قالا: حدثنا محمد بن جعفر، حدثنا شعبة، عن عمرو بن مرة، عن أبي الضحی، عن ابن عباس ﴿ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ ﴾ (الطلاق:12) عه‌مر ده‌ڵێت: له‌ هه‌موو زه‌وییەکدا وێنه‌ی ئیبراهیم و هه‌موو دروستكراوەکانی سه‌ر زه‌وی هه‌یه، ئیبن موسه‌نایش ده‌ڵێت: له‌ هه‌موو ئاسمانێكدا ئیبراهیمێک هه‌یه‌.»

له‌ ئیبن عه‌باسه‌وه‌ -ڕه‌زای خوا له‌ خۆی و باوكی بێت- سه‌باره‌ت به‌م ئایه‌ته‌ ده‌فه‌رمووێت: ﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ﴾ (الطلاق:12) ئه‌گه‌ر له‌ ڕاڤەکه‌ی ئاگادارتان بكه‌مه‌وه‌ كافر ده‌بن، كفرەکە‌یشتان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ درۆی ده‌زانن.
له‌ سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یره‌وه‌، ده‌ڵێت: پیاوێک به‌ ئیبن عه‌باسی وت: ﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ ﴾ (الطلاق:12) ئیبن عه‌باس وتی: هیچ ئه‌مانێك هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر تەفسیرەکە‌یت پێ بڵێم كافر نه‌بیت؟ (1)
ته‌به‌ری له‌ قه‌تاده‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌: ﴿ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ ﴾ (الطلاق:12). حه‌وت ئاسمان و حه‌وت زه‌وی دروست كردووه‌؛ له‌ هه‌ر ئاسمانێک له‌ ئاسمانەکانیدا و، له‌ هه‌ر زه‌وییەک له‌ زه‌وییەکانیدا؛ دروستكراوێک له‌ دروستكراوەکانی و، فه‌رمانێک له‌ فه‌رمانەکانی و، قه‌زایەک له‌ قه‌زاكانی هه‌یه‌. (2)

به‌یهه‌قی له‌ كتێبی «الاسماء والصفات»دا له‌ ئیبن عه‌باسه‌وه‌، ده‌ڵێت: «له‌ هه‌موو زه‌وییەکدا پێغه‌مبه‌رێكی وەکو پێغه‌مبه‌رەکه‌ی ئێوه‌، ئاده‌مێک وەکو ئاده‌مەکه‌ی ئێوه‌، نوحێک وەکو نوحەکه‌ی ئێوه‌، ئیبراهیمێک وەکو ئیبراهیمەکه‌ی ئێوه‌ و، عیسایەک وەکو عیساكه‌ی ئێوه‌ هه‌یه. »
هه‌روه‌ها به‌یهه‌قی‌ لێوه‌ی ڕیوایه‌ت دەکات و، ده‌ڵێت: «له‌ هه‌موو زه‌وییەکدا وێنه‌ی ئیبراهیم هه‌یه‌ (سه‌لامی خوای لێ بێت)» (3)
قورتوبی ئه‌م وته‌یه‌ پاڵ ده‌داته‌ لای زۆرینه‌ی زانایان، ده‌ڵێت: «‌﴿وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ﴾ (الطلاق:12) یانی حه‌وت و، زانایانیش دوو وته‌یان له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌: یەکه‌میان كه وته‌ی زۆربه‌ی زانایانه‌: حه‌وت زه‌وین و چین له‌سه‌ر چینن، نێوانی هه‌ر زه‌وییەک بۆ زه‌وییەکی تر، وەکو نێوانی ئاسمانێک بۆ ئاسمانەکه‌ی تر وایه‌ و، زه‌حاک ده‌ڵێت: (ومن الأرض مثلهن)، واته‌: حه‌وت زه‌وی، به‌ڵام له‌سه‌ر یەک هه‌ڵچنراون به‌بێ ئه‌وه‌ی نێوانیان هه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاسمانەکانه‌وه‌ و، به‌ڵام وته‌ی یەکه‌میان ڕاستتره‌. (4)‌ 

ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی قورئانی پیرۆز بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ستن‌ به‌ بوونی دروستكراوی زیندوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی زه‌وی، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:
خاڵی یەکەم: هیچ به‌ڵگه‌یەک له‌ قورئانی پیرۆزدا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دروستكراوانی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆی زه‌ویدا، نییه‌.
خاڵی دووه‌م: ده‌توانین له‌پاڵ ئایه‌تهکه‌ی سوورەتی ته‌ڵاقدا، به‌ڵگه‌ به‌ ئایه‌تی بیست و نۆی سوورەتی شورا بهێنینه‌وه‌ كه‌ ده‌فه‌رمووێت: َمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ ۚ وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ: له ‌نیشانه‌ و به‌ڵگه‌کانی گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی خوا: دروستکردنی ئاسمانه‌کان و زه‌وی و ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌یه که تیایاندا بڵاوی کردۆته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و زاته کاتێک بیه‌وێت توانا و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌یاندا هه‌یه‌.﴾ ( الشورى: 29)
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی ئاماژه‌پێكردنه‌، جێناوی لكاوی «هما»یه‌ له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا «فیهما» ( الشورى: 29) كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاسمان و زه‌وی و، له‌مه‌یشدا كه‌ جێناوی لكاوه‌ بۆ كه‌سی سێهه‌می كۆ* به‌ شێوه‌یەکی ڕاشكاو دان به‌ بوونی گیانله‌به‌ر له‌ ئاسمانەکان و زه‌ویدا ده‌نێت، نەک ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ زه‌ویدا بوونی هه‌بێت.
له‌وه‌ ده‌چێت یەکێک بڵێت: مه‌به‌ست له‌ «دواب» له‌ ئاسماندا مه‌لائیكه‌ بێت، ئه‌مەیش به‌ڵگه‌یەکی پووچه‌ و، له‌ سێ ڕووه‌وه‌ ئه‌م پوچێتییه‌ی ده‌سه‌لمێنین:

یەکەمیان: مه‌لائیكه‌ گیانله‌به‌ر نین (یانی پێكهاته‌ی له‌شیان وەکو مرۆڤ نییه‌)، به‌ڵكو ئه‌وان لاشه‌ی نورانیی فڕیون، خوای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تی یەکەمی سوورەتی فاطردا ده‌فه‌رمووێت: ﴿ الْحَمْدُ لِلَّهِ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ جَاعِلِ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا أُولِي أَجْنِحَةٍ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ ۚ يَزِيدُ فِي الْخَلْقِ مَا يَشَاءُ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ: سوپاس و ستایش بۆ خوایەک، که به‌دیهێنه‌ری ئاسمانه‌کان و زه‌ویه‌، فریشته‌کانی کردووه به فرستاده‌ی خۆی که خاوه‌نی چه‌ندان باڵن، هه‌یانه دوو، یان سێ، یان چوار باڵه‌، له دروستکردندا هه‌رچی بوێت زیادی دەکات. به‌ڕاستی خوا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌ ﴾ (فاطر: 1)

دووه‌میان: قورئانی پیرۆز مه‌لائیكه‌ت و داببه‌ی جیا كردۆته‌وه‌، هه‌ر وەک له‌ ئایه‌تی چلونۆی سووره‌تی نه‌حلدا هاتووه: ﴿وَلِلَّهِ يَسْجُدُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ مِنْ دَابَّةٍ وَالْمَلَائِكَةُ وَهُمْ لَا يَسْتَكْبِرُونَ﴾ (النحل: 49)
سێیه‌میان: خوای په‌روه‌ردگار پێناسه‌ی داببه و په‌له‌وه‌ر‌ی فڕیو (طائر)ی بۆ كردووین و، ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَاللَّهُ خَلَقَ كُلَّ دَابَّةٍ مِنْ مَاءٍ ۖ فَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ بَطْنِهِ وَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ رِجْلَيْنِ وَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ أَرْبَعٍ ۚ يَخْلُقُ اللَّهُ مَا يَشَاءُ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ: هه‌روه‌ها خوا هه‌موو زینده‌وه‌رێکی له ئاوێکی تایبه‌ت دروست کردووه‌، جا هه‌یانه له‌سه‌ر سکی ده‌ڕوات، هه‌یشه له‌سه‌ر دوو قاچ ده‌ڕوات، هه‌یشه له‌سه‌ر چوار پێ ده‌ڕوات، خوا هه‌رچی بوێت دروستی دەکات، بەڕاستی خوا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌.﴾ (النور:45)
پاشان قورئانی پیرۆز داببه‌ و په‌له‌وه‌ری جیا كردۆته‌وه و، ده‌فه‌رمووێت: ﴿‌وَمَا مِنْ دَابَّةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا طَائِرٍ يَطِيرُ بِجَنَاحَيْهِ إِلَّا أُمَمٌ أَمْثَالُكُمْ ۚ مَا فَرَّطْنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ ۚ ثُمَّ إِلَىٰ رَبِّهِمْ يُحْشَرُونَ﴾ (الانعام: 49)
ئه‌مەیش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ داببه‌ و په‌له‌وه‌ر یەک شت نین؛ داببه‌ ده‌ڕوات و، هه‌رچییش له‌سه‌ر زه‌ویدا بڕوات پێی ده‌وترێت داببه‌، وەکو مێرووله‌، مرۆڤ، فیل و گیاندارەکانی تر، به‌ڵام په‌له‌وه‌ر به‌ دوو باڵەکه‌ی ده‌فڕێت و، زانراویشه‌ كه‌ مه‌لائیكه‌ خاوه‌نی باڵن وەکو ئایه‌تەکه‌ی سووره‌تی «فاتیر» ڕوونی كرده‌وه‌: ﴿جَاعِلِ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا أُولِي أَجْنِحَةٍ﴾ (فاطر: 1)
له‌به‌ر ئه‌مه‌ زانایانی ته‌فسیر وتوویانه‌: ده‌گونجێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زه‌وییش گیانله‌به‌ری تر هه‌بن.
زه‌مه‌خشه‌ری ده‌فه‌رمووێت: «هیچ دوور نییه‌ كه‌ له‌ ئاسمانەکاندا گیانله‌به‌ر دروست بكات و بێن و بچن وەکو مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی، پاكوبێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌ی شتانێكی دروست كردووه‌ كه‌ نایانزانین و، نایشزانین چه‌ند جۆر دروستكراوی هه‌یه.»‌ (5)  
ڕازییش له‌ ته‌فسیرەکه‌یدا ده‌فه‌رمووێت: «هیچ دوور نییه‌ كه‌ بوترێت: خوای گه‌وره‌ چەندان جۆر گیانله‌به‌ری له‌ ئاسمانەکاندا دروست كردووه‌ كه‌ هاتوچۆ دەکه‌ن هه‌ر وەک چۆن مرۆڤەکان له‌سه‌ر زه‌وی هاتوچۆ دەکه‌ن.» (6)
قاسمی ده‌فه‌رمووێت: «لێتوێژه‌وەکانی بواری ئایه‌ته‌ فه‌لەکییەکان و جیهانه‌ به‌رزەکانی ناو قورئانی پیرۆز، مانایەکی تریان له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ گرتووه‌، دەکە‌قه‌ی ئه‌وه‌یه‌: «خوای گه‌وره‌ له‌ ئاسمانەکاندا ده‌وابی دروست كردووه‌ و، به‌ڵگەیش به‌م فه‌رمووده‌یه‌ی په‌روه‌ردگار ده‌هێنرێته‌وه‌: ﴿وَاللَّهُ خَلَقَ كُلَّ دَابَّةٍ مِنْ مَاءٍ ۖ فَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ بَطْنِهِ وَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ رِجْلَيْنِ وَمِنْهُمْ مَنْ يَمْشِي عَلَىٰ أَرْبَعٍ ۚ يَخْلُقُ اللَّهُ مَا يَشَاءُ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ﴾ (النور:45)، ده‌واب لێره‌دا مه‌لائیكه‌ نییه‌ وەکو ڕاڤەکاران ده‌فه‌رموون، به‌ڵكو گیاندارن وەکو گیاندارانی زه‌وی و، هیچ دوور نییه‌ گیانله‌به‌ری خاوه‌ن ژیری وەکو مرۆڤیشیان تێدا بێت و، بۆ ژیانی ئه‌و گیاندارانەیش وا پێویست دەکات ڕووەک، دارودره‌خت، ده‌ریا و ڕووبار هه‌بێت، هه‌ر وەک له‌م سه‌رده‌مه‌دا‌ بۆ چاودێرانی گه‌ردوونناسی ده‌ركه‌وتووه‌.
پاشان ده‌ڵێت: به‌ گیانی خۆم، ئه‌م ئایه‌ته‌ی كه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر محه‌مه‌د -دروودی خوای لێ بێت-، پێش هه‌زار و سێسه‌د و بیست ساڵ،‌ په‌ڕجووه‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌‌، جا چ په‌ڕجوویەکیش! ئایه‌تێكه‌ بۆ ئه‌هلی زانست و فه‌لسه‌فه‌ كه‌ هه‌موو ماڵ و ڕۆحیان به‌بێ ئه‌ندازه‌ ده‌به‌خشن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نهێنییەک له‌ نهێنییەکانی گه‌ردوون بگه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو هه‌وڵه‌ زۆر و به‌رده‌وامه‌یشدا له‌ ماوه‌ی ئه‌م سێسه‌د ساڵه‌دا، هه‌ر به‌گومانه‌وه‌ گه‌شتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ هه‌واڵی له‌بارەوە داوه‌. (7)
خاوه‌نی مه‌ناریش له‌ تەفسیرەکە‌یدا له‌ باره‌ی ئایه‌تی سیوهه‌شتی سوورەتی ئه‌نعامه‌وه‌: ﴿وَمَا مِنْ دَابَّةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا طَائِرٍ يَطِيرُ بِجَنَاحَيْهِ إِلَّا أُمَمٌ أَمْثَالُكُمْ ۚ مَا فَرَّطْنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ ۚ ثُمَّ إِلَىٰ رَبِّهِمْ يُحْشَرُونَ﴾ (الأنعام: 38) سوودی تایبه‌تكردنی ده‌واب به‌ زه‌وییه‌وه‌ باس دەکات و ئەوەیش ڕوون دەکاته‌وه‌ كه‌ بۆ باسی ده‌وابی ئه‌ستێرەکانی تری نەکردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ بوونیان هه‌یه‌:
«له‌به‌ر ئه‌م واتایه‌ تەنیا باسی ده‌وابی زه‌ویی كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوێندراوانی ئایه‌تەکه‌ به‌گشی هه‌ر ئه‌م ده‌بینن و، هاوشێوه‌ی له‌مدا به‌ دی دەکه‌ن نەک ده‌وابی ئاسمانەکانی تر، كه‌ ئه‌وانیش ده‌گونجێت ژیانی ئاژه‌ڵییان ببێت، هه‌ر وەک چۆن خوای گه‌وره‌ پێی فه‌رمووین له‌م ئایه‌ته‌دا: ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ ۚ وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ: له‌ نیشانە و به‌ڵگه‌کانی گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی خوا: دروستکردنی ئاسمانه‌کان و زه‌وی و ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌یه که تیایاندا بڵاوی کردوونەته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و زاته کاتێک بیه‌وێت توانا و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌یاندا هه‌یه‌.﴾ (الشورى: 29) (10)
عه‌بدولكه‌ریم خه‌تیبیش له‌ ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ ۚ وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ﴾ (الشورى: 29) ده‌فه‌رمووێت: «له‌م ئایه‌ته‌دا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ جیهانەکانی تردا -جگه‌ له‌ جیهانی زه‌وی- دروستكراوی زیندوو هه‌یه‌، له‌سه‌ر شێوه‌ و ڕوخسارێک كه‌ هه‌ر خودا خۆی ده‌زانێت چۆنه‌ و، مردن و ژیانیشی هه‌یه‌ و، لەژێر ده‌سه‌ڵاتی خوادایه‌، ڕۆزییان ده‌دات و ده‌یگرێته‌وه‌ و، ده‌یانمرێنێت و زیندوویان دەکاته‌وه‌ و، له‌م زه‌وییه‌یشدا هه‌ر یەک شێواز له‌ شێوەکانی ژیان هه‌یه‌، كه‌ چه‌ندین شێوه‌ ژیانمان له‌م بوونه‌ گه‌وره‌یه‌دا هه‌یه‌. (9) 

سێهه‌م: به‌یەکگه‌یشتنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌دا و ده‌نگوباسەکانیان، شتێكی بێگومانه‌، ئایه‌تەکه‌ی سوورەتی شورا پێمان ده‌ڵێت كه‌ ڕۆژێک دێت خوای گه‌وره‌ ئێمه‌ و ئه‌وان به‌ یەکتر ده‌گه‌یه‌نێت، كاتێک خوای گه‌وره‌ به‌ڕاشكاوی باسی ئه‌وه‌ دەکات كه‌ گیانداری تر له‌ ئاسمانەکان و زه‌ویدا هه‌یە، ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ﴾ (الشورى: 29) ده‌ربڕینه‌ قورئانییەکه‌ زۆر ورده‌ له‌ بەکارهێنانی «إن» له‌باتی «إذا»دا، جیاوازیەکی وردیش‌ له‌ نێوان «إن» و «إذا»دا هه‌یه -هه‌ر وەک لای‌ هیچ شاره‌زایەکی زمانی عه‌ره‌بیدا شاراوه‌ نییه‌-؛ كه‌ یەکەمیان، واته‌ «إن» بۆ ئه‌گه‌ره‌؛ وەکو خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت: ‌﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکی متمانه‌پێنه‌کراو هه‌واڵێکی گرنگی بۆ هێنان، خێرا بڕوای پێ مه‌که‌ن، به‌ڵکو سه‌رنج بده‌ن، لێی بکۆڵنه‌وه تا بۆتان ڕوون ده‌بێته‌وه‌، نه‌وەکو به‌نه‌زانی ئازار و ناخۆشی و گیروگرفت بۆ خه‌ڵکی دروست بکه‌ن، جا دوایی په‌شیمان ببنه‌وه‌ له‌و کاره‌ی که ‌پێی هه‌ستاون.﴾ (الحجرات: 6) چونكه‌ هاتنی فاسق ئه‌گه‌ری هه‌یه‌، لێ مه‌رج نییه‌ هه‌ر ده‌بێ بێت، دووه‌میان، واته‌ «إذا» بۆ به‌دیهاتنه‌، هه‌ر وەک خوای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تی پێنجی سوورەتی فه‌له‌قدا ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَمِنْ شَرِّ حَاسِدٍ إِذَا حَسَدَ: له شه‌ڕ و خراپه‌ی حه‌سوود و به‌خیل، کاتێ که حه‌سوودی و به‌خیلی ده‌بات.﴾ (الفلق: 5)؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌سوود ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و سیفه‌ته‌ی تیدا نه‌بێت پێی ناوترێت حه‌سوود، زانایانی نه‌حو لێره‌دا ده‌ڵێن: ناگونجێت بڵێیت: «إن طلعت الشمس»، به‌ڵكو ده‌بێت بڵێیت: «إذا طلعت الشمس»، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵهاتنی خۆر شتێكی بڕاوه‌یه، جیاواز له‌وه‌ی بڵێیت: «إن جاء زید أكرمته.»، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هاتنەکه‌ی دڵنیا نیت.
زه‌مه‌خشه‌ری ده‌فه‌رموێت: «إن» له‌و واتایانه‌دا بەکار ده‌هێنرێت كه‌ ئه‌گه‌ر و گومان هه‌ڵده‌گرێت، بۆیه‌ په‌سه‌ند نییه‌ بڵێیت: «إن احمر البسر كان كذا، وإن طلعت الشمس آتیك إلا في الیوم المغیم.» (10)

له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا بەکارهێنانێكی وردی «إذا» كه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌دیهاتن، ده‌بینین، ئه‌مه‌یش واته‌ كۆكردنه‌وه‌ی مرۆڤ و ئه‌و به‌د‌یهێنراوانه‌ی تر كه‌ بوونیان له‌ ئاسمانەکاندا هه‌یه‌، حه‌تمه‌ن ڕوو ده‌دات، ئیتر هه‌رچه‌نده‌ كات و چۆنێتییەکه‌ی له‌ ئێستادا‌ بۆ ئێمه‌ دیار نه‌بێت.
قاسمی ده‌ڵێت: «به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بوونەکه‌ی -واته بوونی قسه‌وباس له‌گه‌ڵ دروستكراوه‌ ئاسمانییەکاندا- له‌ كۆتایی هه‌مان ئایه‌تدا ده‌هێندرێته‌وه كه‌ ده‌فه‌رمووێت: «وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ»، هیچ دوور نییه‌ كه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ یەکتردا بكه‌ن و فكریان یەک بخه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ لاشەیش به‌ یەکتری نه‌گه‌یشتن، با فه‌لەکییەکان له‌م واتایه‌ی كه‌ ئایه‌تەکه‌ له‌ خۆی گرتووه‌ بنۆڕن و، ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویشمان كه‌ سه‌رسامن به‌ زانسته‌ سه‌رده‌مییەکان و، زانسته‌ ئیسلامییەکان وه‌لا ده‌نێن، به‌ هه‌مان شێوه‌ با بنواڕن له‌و حیكمه‌ت و باسكردنه‌ی كه‌ له‌ كتێبەکه‌ی خوادا هه‌یه‌.
ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌، ئه‌و وته‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت گیاندارانی تر له‌ ئه‌ستێرەکانی تردا هه‌یه‌، ڕاسته‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ له‌ قورئاندا ده‌فه‌رمووێت: ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِنْ دَابَّةٍ ۚ وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ﴾ ( الشورى: 29) هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمووێت: ﴿يَسْأَلُهُ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ كُلَّ يَوْمٍ هُوَ فِي شَأْنٍ﴾ ( الرحمن: 29) (11)

چواره‌م: گه‌یشتنی مرۆڤیش به‌و بوونه‌وه‌ره‌ ئاسمانییانه، یان به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ مرۆڤ بچێته‌ لایان، یان ئه‌وان بێنه‌ لای مرۆڤ، هه‌ر دوو ڕێگەکەیش ده‌گونجێت و، هیچ ئاسته‌م نییه‌.

پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر مرۆڤ ژیر بێت و عه‌قڵی وه‌لا نه‌نێت ئه‌وا پێویست ناكات له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌و بوونه‌وه‌ره‌ ئاسمانییانه‌وه‌ بترسێت و، ده‌توانێت سوود له‌و یاسایانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ گه‌ردووندا دایناون‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه‌ هه‌مووی بۆ مرۆڤ دروست كراوه‌ و، بۆ ئه‌و ڕام كراوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر توانیی سوودیان لێ ببینێت ئه‌وه‌ ده‌یبینێت و، ئه‌گه‌ر بشتوانێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ڕامیان بكات، ئه‌وه‌ ملكه‌چی ده‌بن و، ئه‌گه‌ر مرۆڤ عه‌قڵیشی وه‌لا بنێت و، سوود له‌ یاساكانی خوا له‌ گه‌ردووندا وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وه‌ ئه‌وانی تر به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بن هه‌ر وەک چۆن ڤایرۆسێكی بچكۆله‌ به‌ سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت.
قورئانی پیرۆزیش له‌ زیاد له‌ شوێنێكدا جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ كۆی گه‌ردوون بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ خوا ڕێزی لێ ناوه‌ و كردوویه‌تی به‌ سه‌رداری دروستكراوەکان، ڕام كراوه‌‌.

پاشان «هه‌ر وەک چۆن دره‌خت به‌روبومی هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ مرۆڤیش به‌روبومی هه‌بێت، لێره‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی مرۆڤ بووه‌ به‌ به‌ڕێزترین به‌روبومی دره‌ختی گه‌ردوون.» (12)
ئه‌مەیش -ئه‌ی خوێنه‌ری به‌ڕێز- كۆمه‌ڵێک ئایه‌تن‌ كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ڕامكردنی گه‌ردوون بۆ مرۆڤ دەکه‌نه‌وه‌:
﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَأَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجَ بِهِ مِنَ الثَّمَرَاتِ رِزْقاً لَكُمْ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْفُلْكَ لِتَجْرِيَ فِي الْبَحْرِ بِأَمْرِهِ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْأَنْهَارَ * وَسَخَّرَ لَكُمُ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ دَائِبَيْنِ وَسَخَّرَ لَكُمُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ * وَآَتَاكُمْ مِنْ كُلِّ مَا سَأَلْتُمُوهُ وَإِنْ تَعُدُّوا نِعْمَةَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا إِنَّ الْإِنْسَانَ لَظَلُومٌ كَفَّارٌ﴾ (إبراهیم: 32-34)
﴿اللَّهُ الَّذِي سَخَّرَ لَكُمُ الْبَحْرَ لِتَجْرِيَ الْفُلْكُ فِيهِ بِأَمْرِهِ وَلِتَبْتَغُوا مِنْ فَضْلِهِ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ* وَسَخَّرَ لَكُم مَّا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا مِّنْهُ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ﴾ (الجاثیه‌: 12-13)
مرۆڤی ژیر كاتێک ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌ست به‌ ئه‌ندازه‌ی ڕێزگرتنی خوای په‌روه‌ردگار له‌ مرۆڤ، دەکات، هه‌روه‌ها هه‌ست به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ڕامكردنه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ هه‌موو گه‌ردیلەکانییه‌وه‌ بۆ ئه‌م دروستكراوه‌ لاوازه‌یش‌، دەکات.
ئای چه‌نده‌ بێئاگایه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ خزمه‌تكارەکانی دەکات به‌ سه‌رداری خۆی!

مامۆستا سه‌عید نوورسی -ڕه‌حمه‌تی خودای لێ بێت- ده‌فه‌رمووێت: «ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزانه‌ ئه‌وه‌ ڕوون دەکه‌نه‌وه‌ كه‌ چۆن خوای په‌روه‌ردگار ئه‌م گه‌ردوونه‌ی وەکو كۆشكێک بۆ مرۆڤ چێ كردووه‌ و، ئاوی ژیانیشی له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆ زه‌وی ناردووه‌، ئاسمان و زه‌ویشی وەکو دوو خزمه‌تكار كه‌ كاریان گه‌یاندنی ڕۆزییه‌ بۆ گشت مرۆڤەکان، ڕام كردووه‌، هه‌ر وەک چۆن كه‌شتیی بۆ ڕام كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ هه‌ر تاكێک بڕه‌خسێنێت، سوود له‌ سه‌رجه‌م به‌روبومەکانی زه‌وی وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی دابین بێت، تاكەکان له‌ناو خۆیاندا ئاڵوگۆڕی به‌روبومی كۆشش و كار و كرده‌وەکانیان دەکه‌ن؛ واته‌: بارودۆخێكی تایبه‌تی بۆ هه‌ریەک له ده‌ریا، دره‌خت و با ڕه‌خساندووه‌، به‌ شێوه‌یەک كه‌ با وەکو قامچی و، كه‌شتی وەکو ئه‌سپ و، ده‌ریایش وەکو بیابانێكی فراوانی لێ دێت له‌ژێر ئه‌و ئه‌سپه‌دا، هه‌ر وەک خوای گه‌وره‌ په‌یوه‌ندیی بۆ مرۆڤ دروست كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی ناو دنیادا كه‌ به‌ كه‌شتی و هۆكاره‌ سروشتییەکانی تری گواستنه‌وه‌ی ناو جۆگه‌ و ڕووبارەکان ده‌گوێزرێنه‌وه‌ و، خۆر و مانگی بۆ به‌گه‌ڕ خستووه‌ و كردوونی به‌ دوو شۆفێری كارگوزار له‌ به‌ڕێوه‌بردنی چه‌رخی گه‌وره‌ی بوونه‌وه‌رانی گه‌ردوون و، ئامادەکردنی وه‌رزه‌ جیاوازەکان و به‌خششه‌ خواییەکانی ناویاندا، هه‌ر وەک شه‌و و ڕۆژی بۆ ژێربار خستووه‌ و، شه‌وی بۆ كردووه‌ به‌ پۆشاک تا تێیدا بحه‌وێته‌وه‌ و، ڕۆژیشی بۆ كردووه‌ به‌ كاتی كه‌سابه‌ت و ده‌ستخستنی مایه‌ی ژیان و گوزه‌ران. 
ده‌گونجێت یەکێک بڵێت: هیچ مرۆڤێک ناتوانێت له‌ زه‌وی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤ په‌یوه‌سته‌ به‌ زه‌وییه‌وه‌، له‌ ده‌رەوه‌ی زه‌وی ناژی، وەکو خوای په‌روه‌ردگار له‌ ئایه‌تی بیستوچوار و بیستوپێنجی سوورەتی «ئه‌عراف»دا باسی دەکات: ﴿قَالَ اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ ۖ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَىٰ حِينٍ قَالَ فِيهَا تَحْيَوْنَ وَفِيهَا تَمُوتُونَ وَمِنْهَا تُخْرَجُونَ﴾ (الأعراف‌: 24- 25) و له‌ ئایه‌تی په‌نجاوپێنجی سوورەتی «تاها»یشدا ده‌فه‌رمووێت: ﴿مِنْهَا خَلَقْنَاكُمْ وَفِيهَا نُعِيدُكُمْ وَمِنْهَا نُخْرِجُكُمْ تَارَةً أُخْرَىٰ﴾ (طه: 55)

وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگەیەیش -به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌- هه‌ڵده‌گرین بۆ بابەتێکی تر له‌ زنجیره‌ی: ده‌قەکان و تێگه‌یشتنەکان.


سبحان ربك رب العزة عما یصفون، وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العامین.
وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه أجمعین.


* له‌ كوردیدا تاک و كۆمان هه‌یه‌ و وەکو عه‌ره‌بی موسه‌نامان نییه،‌ بۆیه‌ لێرەیشدا وامان دانایه‌وه‌.


سه‌رچاوەکان:
(1) جامع البيان في تأويل القرآن، محمد بن جرير الطبري (المتوفى: 310هـ)، المحقق: أحمد محمد شاكر، مؤسسة الرسالة، الطبعة: الأولى، 1420 هـ - 2000 م: 23/ 469 - 470، وتفسير القرآن العظيم، أبو الفداء إسماعيل بن عمر بن كثير الدمشقي (المتوفى: 774هـ)، المحقق: محمد حسين شمس الدين، دار الكتب العلمية، منشورات محمد علي بيضون - بيروت، الطبعة: الأولى - 1419 هـ: 8/ 178 - 179.
(2) جامع البيان: 23/ 470، وتفسير ابن كثير: 8/ 178 - 179.
 (3) الأسماء والصفات، أحمد بن الحسين بن علي بن موسى، أبو بكر البيهقي (المتوفى: 458هـ)، حققه وخرج أحاديثه وعلق عليه: عبدالله بن محمد الحاشدي، مكتبة السوادي، جدة - المملكة العربية السعودية، الطبعة: الأولى، 1413 هـ - 1993 م: 2/ 267 - 268.
 (4) الجامع لأحكام القرآن، أبو عبدالله محمد بن أحمد بن أبي بكر شمس الدين القرطبي (المتوفى: 671هـ)، تحقيق: أحمد البردوني وإبراهيم أطفيش، دار الكتب المصرية - القاهرة، الطبعة: الثانية، 1384هـ - 1964 م: 18/ 174 - 175.
 (5) الكشاف عن حقائق غوامض التنزيل، أبو القاسم محمود بن عمر بن أحمد، الزمخشري جار الله (المتوفى: 538هـ)، دار الكتاب العربي - بيروت، الطبعة: الثالثة - 1407 هـ: 4/ 225.
 (6) مفاتيح الغيب (التفسير الكبير)، أبو عبدالله محمد بن عمر بن الحسن بن الحسين، الملقب بفخر الدين الرازي (المتوفى: 606هـ)، دار إحياء التراث العربي - بيروت، الطبعة: الثالثة - 1420 هـ: 7/ 599.
 (7) محاسن التأويل، محمد جمال الدين بن محمد سعيد بن قاسم الحلاق القاسمي (المتوفى: 1332هـ)، المحقق: محمد باسل عيون السود، دار الكتب العلمية - بيروت، الطبعة: الأولى - 1418 هـ: 8/ 369.
 (8) تفسير القرآن الحكيم (تفسير المنار)، محمد رشيد بن علي رضا (المتوفى: 1354هـ)، الهيئة المصرية العامة للكتاب، سنة النشر: 1990م: 7/ 327.
 (9) التفسير القرآني للقرآن، عبدالكريم يونس الخطيب (المتوفى: بعد 1390هـ)، دار الفكر العربي - القاهرة: 13/ 57.
 (10) المفصل في صنعة الإعراب، أبو القاسم محمود بن عمر بن أحمد، الزمخشري جار الله (المتوفى: 538هـ)، المحقق: د. علي بو ملحم، مكتبة الهلال - بيروت - الطبعة: الأولى، 1993م: ص440.
 (11) محاسن التأويل: 8/ 370.
 (12) الكلمات، بديع الزمان سعيد النورسي، ترجمة: إحسان قاسم الصالحي، شركة سوزلر، الطبعة الخامسة، 2008م، الكلمة الثلاثون - ص: 628.
 (13) الكلمات - الكلمة الخامسة والعشرون - ص: 482 - 493.
 

تاگەکان    
وەلی ئەمر دوعا خاڵبەندی ستەم فیلم کتێبی هاوسانی سایکس-بیکۆ دەروونی گۆرانی پارەی ئیلیکترۆنی نەتەوایەتی ڕەخنە خێوەتگە کۆرۆرنا مردن
فیکر
2020-04-19 کۆمێنت 1475 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی