چه‌واشه‌کارییە لۆژیکییەکان: داهۆڵ

نووسینی: محەمەد جەبار
فیکر 2020-04-14 کۆمێنت 1811 جار بینراوە

یەکێک لە بەناوبانگترین چه‌واشه‌کارییه‌ لۆژیکیيەکانى ژیانی ڕۆژانە که‌ لە دیبەیت و گفتوگۆکاندا به‌کار دێت، پەنابردنی لایەنێکی ده‌نگه‌شه‌یه‌ بۆ داهۆڵ (straw man logical fallacy). داهۆڵ بریتییه‌ له‌ وەڵامدانەوەی بابەتێک به‌ جۆرێک ڕازاندنه‌وه‌ و ترش و خوێوە کە خاوه‌نه‌که‌یشی نه‌یناسێتەوە. که‌سی به‌رانبه‌رت گوته‌کانت زۆر دەگۆڕێت و کۆپییەکی لاواز لە قسەکانی خۆتت ده‌داتێ، پاشان وەڵامی ئەو کۆپییە لاوازە ده‌داته‌وه‌ نه‌ک قسه‌ ئه‌سڵییه‌که‌؛ چونکە ئه‌مه‌یان ئاسانترە.

سەبارەت بە ناونانی ئەم چه‌واشه‌کارییه‌ به‌ داهۆڵ:
وەک زانراوه‌، لەنێو بێستان و کێڵگه‌دا، جووتیاران بۆ ترساندنی باڵنده‌کان دارێک له‌ زه‌وی ده‌چه‌قێنن و سەروێنێکی لێ ده‌پێچن و له‌ شێوه‌دا وه‌کو مرۆڤی لێ ده‌که‌ن، باڵندەکانیش وا دەزانن بابای جووتیار لەناو بێستان و کێڵگه‌که‌دایه‌ و هیچیان نزیکی بەروبوومەکە ناکەونەوە؛ له‌ حاڵێکدا باخەوانەکە له‌ ماڵه‌وه‌ ڕاده‌کشێت، ئه‌م داره‌ مرۆڤشێوه‌یه‌ پێی ده‌گوترێت داهۆڵ. ئه‌گه‌ر باڵنده‌کان بۆیان ده‌ربکه‌وێت ئه‌مه‌ خودی جووتیاره‌که‌ نییه‌، ئیتر ترسیان لێی ده‌شکێت و پێی ده‌وێرن.
لە ده‌نگه‌شه‌ و مشتومڕیشدا ئەو لایەنەی خۆی لە وەڵامی ئیشکالی جددیی بەرانبەر دەدزێتەوە و بەو شێوەيه بابەتەکە دەسووڕێنێت کە بۆ خۆی گونجاو بێت، هه‌رچه‌ند لای گوێگران و بینەرانيش وا دەربکەوێت وەڵامی به‌رانبه‌رى داوه‌تەوە و، بەم شێوه‌یه دڵی خۆش بکات که‌‌ ئاوی نێوچاوانی خۆی ده‌پارێزێت و خۆی له گیرۆدەبوون قوتار ده‌کات، هه‌ر لاوازه‌ و بۆ ژیران دیاره‌ بێوه‌ڵامه‌. بە واتایەکی تر بە بەرانبەر و بەڵگەکانی ناوێرێت، دەڕوات لە داهۆڵەکەی دەدات.
لە کوردیدا ده‌رباره‌ی ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ دەوترێت «وه‌ک ماسییە، کەس لە قسەدا نایگرێت!»
چه‌ند نموونەیه‌کی کورت و خێرا بۆ گفتوگۆیه‌ک که‌ لایه‌نێک تێیدا ده‌ست بۆ ئه‌م جۆره‌ی چه‌واشه‌کاری ده‌بات:
- لە ئايینی ئیسلامدا، فرەژنی ئاساییە.
+ لە ئايینەکەی ئێوەدا مافی ئافرەت یەکسانە بە یەک لەسەر چواری مافی پیاو، ئايینەکەتان بۆ که‌لتووری ئێمە ناشێت.

- قۆپیکردن و گزی حەرامن، منداڵەکەت لەگەڵ کەسێکدا کە ڕەنجی دابێت یەکسان دەکات؛ منیش ناتوانم چاوپۆشیی لێ بکەم.
+ تۆ کەسێکی زۆر بەخیلیت، ئیره‌یی بە مناڵەکەم ده‌به‌یت و ناتەوێت سەر بکەوێت، بۆ ئەوەی دوایی بە خول و وانه‌ی تایبەت بێته‌وه‌ لات و پاره‌ی لێ وه‌رگریت.

- تیۆريی پەرەسەندن ئەگەر ڕاستيش بێت، بۆ هیچ حاڵەتێکی دروستکردنی پرۆتین لە سوتفە و بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەخت ده‌ست نادات و ناشێت. ئەم بابەتە، تا ڕادەیەک لە تیۆریی پەرەسەندندا يه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌، ئیتر ئه‌گه‌ر هەزار ساڵيش بە دەوریدا بخولێنەوە، لایەنگرانی ئەو تیۆرییە ناگەن بە ئەنجامێک.
- هەموو بەبەردبووەکان ئاماژەن بۆ ڕاستيی پەرەسەندن، ئيتر تۆ ناتوانیت بە کۆمەڵە پرۆتینێک ئەو تیۆرییە بە هەڵە بخەیتەوە. بەڵگە هەیە کە بەکتریاکان بەرگريیان دژی «دژەزیندەگییەکان» دروست کردووە.
(زانراوە که‌ بازدانە جینییەکانی بەکتریا نابنە هۆی دروستبوونی پرۆتین، بەڵکو زۆربەیان لە ئەنجامی لەدەستدانی سووڕێکی «زیندە کارلێک» کە دەبێتە هۆی ناچالاککردنی دژەزیندەگییەکان به‌رگری په‌یدا ده‌که‌ن. ئيتر ئه‌و وەڵامە بۆ پرسیارێک کە دەربارەی زیادبوونی خەسڵەتێکی پرۆتینییە، زۆر لاواز و نه‌گونجاوه‌.)
ئەم نموونە بۆ بەڕاستزانین یان بەهەڵەخستنەوەی تیۆرییەکە نییە!

لە زۆربەی وڵاتان لە کاتی دیبەیتدا لەلایەن بەڕێوبەری دیبەیتەکەوە ڕەچاوی ئەتەکێتی دیبەیت دەکرێت، ئه‌ڵبه‌ت ئەو هەڵە لۆژیکییانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی هێزی گفتوگۆکە و دابه‌زاندنی ئاسته‌که‌ی. باشترین پەرچەکردار بۆ ئەو ڕه‌فتارە، بڕینی راستەوخۆی قسەی به‌رانبه‌ره‌ بە داواکردنی وەڵامی ته‌واو و به‌جێی قسەکەی خۆت.
لە کۆمەڵگەی خۆماندا هه‌مووان، لە منداڵێکەوە بیگره‌ کە دەیەوێت خۆی لە ئەرکێک بدزێتەوە تا کەسە فامیدە و گەورەکانمان، په‌نا بۆ ئەم جۆرە له‌ چه‌واشه‌کاری ده‌به‌ن. ئه‌مه‌ له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ به‌ دیارده‌، گرووپەفيکرييه‌کانی فەیسبووک و چایخانەکانیش گەواهیدەرى ئه‌م ڕاستییه‌ن!

تاگەکان    
حزبی ئیسلامی مانا کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین ئیسرائیل ئازادی مۆدێرنیتە کۆیلایەتی ژیانی پێغەمبەر حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی سۆفیگەری بوونەوەری ئاسمانی چەواشەکاریی لۆژیکی ڕانانی کتێبب ڕانانی کتێب یادەوەری
فیکر
2020-04-14 کۆمێنت 1811 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی