کۆچی ڕەزا بابایی

نووسینی: میلاد عەزیمی وەرگێڕانی: عەلی حسێن
ئەدەب 2020-04-10 کۆمێنت 1437 جار بینراوە

 

ڕەزا باباییم لە تێلیگرام ناسی. ئەوەیشی ئێستاکە دەینووسم، پشتی بە نووسینە تێلیگرامییەکانی ئەو بەستووە. کەناڵێکی هەبوو بە ناوی یادداشتەکان. نووسینەکانی لەبەردڵان بوون و دەستاودەستیان دەکرد. سادە، ڕاست، ڕوون، دڵکێش و پوخت دەینووسی. دیار بوو پیاوێکی خوێندەوارە. دوایی کە لە ئینتەرنێت گەڕام، زانیم کتێبی زۆری نووسیوە. توانا بوو لە گوشینی بابەت و خستنەڕووی ڕوون و گشتفامدا. مەعریفەی خۆی بە ڕوودا نەدەدا. وەک هەندێک لە مەلا و مەلاڕەنگەکان کە کاتێک دەیانەوێت خۆمانی و ئاسان بدوێن، نازانن ئەندازە ڕابگرن، ناقۆڵا و هەرزە نەبوو. خۆمانی و پیاوانە و قورس دەینووسی. لەگەڵ شیعر و ئەدەبییاتدا نێوانی خۆش بوو. زۆری پشت بە مەسنەوی دەبەست و حافزی خۆش دەویست. سینەفراوانی و لێبوردەیی تێڕوانینی عاریفانە و ڕەندانەی حافز و مەولانا بە نووسینەکانیەوە دیار بوون. بابەتەکانی توند و ڕاشکاون، بەڵام داخراو و دەمارگرانە نین. بە دەنگی بەرز دەیوت قەرزاری دکتۆر سرووشە و لایەنگری «ڕۆشنبیریی ئایینی». لە نووسینەکانیدا تێگەیشتن هەبوو، خەم هەبوو، خەمی ئایین، خەمی ئاکار و خەمی خەڵک. «پیاو کە خەمێکی هەبێت دڵی خۆشە». بوێر و ڕاشکاو و ورد و خەڵکدۆست بوو. نووسەری «یادداشتەکان» لەبارەی مەسەلە سەرەکییەکانی وڵاتەوە دەینووسی، بەڵام تێڕوانینی سیاسەتپەرستانەی نەبوو. ڕەخنەگر بوو بەڵام جنێودەر و نەفرەتکەر نەبوو. دیندار بوو و لە پەنجەرەی ئایینەوە لە دنیا و مەسەلە ڕۆژانەییەکانی دەنواڕی، بەڵام نەیدەخوازی ئایین کەرەستەی دەستی سیاسەت بێت. نەیدەویست ئایین ڕووگرژ و دژەزانست و دژەئازادی و تێکەڵ بە ئەفسانە بێت. پێی وا بوو، ئەفسانە بنجدارە و ناتوانین خۆمانی لێ دوور بگرین و سڕینەوەی ورد و درێژخایەنە؛ بەڵام مەترسیی سەرەکیی لەوەدا دەبینی، سیاسەت و حکوومەت، ئەفسانە ئایینییەکان بکەن بە ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی مەبەستەکانیان. هەموو ئەزموونە تاڵەکان بەو ئاکامەیان گەیاندبوو، ئەرکی سەرەکیی ئایین، پڕکردنەوەی خەڵوەت و بەمەعنەویکردنی دڵ و گیان و ڕەوشتبەخشی بە ڕێ و خۆوخدەی مرۆیە، نەک بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. دەیوت نرخی مرۆ بە ئامانجە بڵند و بە ڕواڵەت زەبەلاحەکانی نییە، بەوەیە چ مێکانیزمگەلێک بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە هەڵدەبژێرێت. ناچار ڕێزی لە ئاکار دەگرت و پاکانەی بۆ ئایینێکی ستەمکار و بێویژدان و گەندەڵ نەدەکرد.
بابەتێکی بابایی منی خستە گریان. کاتێک زانیی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووە و لەسەر ڕۆخی زەریای نەمان وەستاوە، بابەتێکی نووسی بە ناوونیشانی «گەر تەمەنێک هەبێت». ڕاستبێژی و سۆزێکی سەیر لەو نووسینەوە هەڵدەقوڵان. حیکمەتێک بوو لەناو سامی ناچاریی مەرگدا دەڕوا. نووسەر ئازاری دەچەشت و دەینووسی: « گەر تەمەنێک هەبێت، لەمەولا هیچ چاکەیەک بە هاوشانی دلۆڤانی لەگەڵ خەڵکدا دانانێم. گەر تەمەنێک هەبێت، کەمتر دەڵێم و دەنووسم و زیاتر دەبیستم و دەخوێنمەوە. ئەگەر تەمەنێک هەبێت، ئیتر چ دادگەرییەکی گچکە، لە بەرپێی ئارەزووی گەیشتن بە دادگەریی گەورەتردا، سەر نابڕم. ئەگەر تەمەنێک هەبێت، لەناو ئایینەکاندا، تەنیا ڕێبازی ویژدان هەڵدەبژێرم و لەناو فەلسەفەکاندا، ئەوەیان سەرسەری نییە و هیوای بە ڕێگا و مێکانیزمە زەوینییەکانە. ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هەر دارێک ببینم، لە باوەشی دەگرم، بۆنی هەموو گوڵێک دەکەم، گشت کەژێک بە یاریگا دادەنێم و تەنیا تاقە دوودڵییەک لە دڵمدا دەهێڵمەوە: هەڵهاتنی خۆر جوانترە، یان ئاوابوونی؟ ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هەر وەک پێشوو لە بۆ ئازادی و ئاوەدانیی وڵاتەکەم دەکۆشم. ئەگەر تەمەنێک هەبێت، خوایەک دەپەرستم، لە میحرابی واقوڕمان زیاتر، هیچ شایەنی نەبێت... ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هاوڕێیان و خۆشەویستانم زیاتر دەنرخێنم.»
کۆتا ڕستەی لە کەناڵی یادداشتەکاندا ئەمەیە، ڕووەو ئەو کەسانەی خەڵکیان لە هەر گۆڕانکارییەک بێهیوا کردووە، نووسیی «سبەینێ نەوەیەک دێن، چرای هیوایان لە جێیەکی تردا دادەگیرسێنن؛ ئەو جێیەی دەستی ئێوەی ناگاتێ».
ڕەحمەتی خوای لێ بێت کە لەبارەی دلۆڤانی، پێکەوەهەڵکردن و ویژدانەوە دەینووسی. ڕەحمەتی خوای لێ بێت کە هەوڵی دا، لە ڕێڕەوی بادا مۆمێک هەڵبکات. ڕەحمەتی خوای لێ بێت کە پیاوێکی سوودبەخش و قەدرگران بوو و خوێنەرانی هەنگاوێک پێش دەخست.
دڵم بۆ بابەتەکانی تەنگ دەبێت.

 

تاگەکان    
کۆرۆرنا شیعر یاسا چەواشەکاریی لۆژیکی فیلم ئازادی دیزاینی زیرەک فێمینیزم جوانی چیرۆک تەکنۆلۆژیا مانا ڕەخنە مۆدێرنیتە دەروونی
ئەدەب
2020-04-10 کۆمێنت 1437 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی