کۆیلایەتی لە نێوان ئیسلام و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییدا-بەشی یەکەم

نووسینی: محەمەد حەیدەر
فیکر 2020-04-08 کۆمێنت 5433 جار بینراوە

کۆیلایەتیکردنی مرۆڤ بە مرۆڤ لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیدا سەری هەڵداوە. لە ژیارە کۆنەکانی وەک ڕۆمانییەکان، بابلییەکان، چینییەکان، میسری کۆن و ... هەبووە. ڕەوایەتیدان بە کۆیلایەتی تەنانەت لەلایەن مرۆڤێکی وەک ئەرستۆ کە خودان عەقڵیکی گەوەرەبوو دەبینین کاتێک مرۆڤەکان دەکاتە سێ دەستەوە. مرۆڤە زێڕینەکان؛ کە یۆنانییە ئازادەکان دەگرێتەوە، مرۆڤە زیوییەکان؛ کە مرۆڤە ئازادەکانی دەرەوەی یۆنان دەگرێتەوە و کۆیلەکان. مرۆڤەکان تەنانەت ئایینەکانیان تێک دا، بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەنە کۆیلە وەک چۆن لە تەوراتدا زیاد لە سێسەت دەق دەبینین کە باس لە ڕەوایەتیدان بە کۆیلایەتی دەکات و لە شەڕی خاچهەڵگراندا بە هەمان شێوە مەسیحییەکان دیلەکانیان دەکردە کۆیلە. سیستمی کۆیلایەتی درێژەی کێشا تا سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام کە هەر لە سەرەتاوە دژی سیستمی کۆیلایەتی بوو. شوێنکەوتووانی ئیسلام بەبەردەوامی هەوڵیان دەدا کۆیلەکان ئازاد بکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی توانای داراییان سنوردار بوو، نەیانتوانی کۆتایی پێ بهێنن. ئیسلام سەرچاوەکانی کۆیلایەتیی وشک کرد، بەتایبەت لە ساڵی هەشتەمی کۆچیدا بەڕوونی دوای دابەزینی ئایەتی ٢٥ی سوورەتی محەمەد سیستمێکی نوێ سەری هەڵدا ئەویش سیستمی دیلایەتی بوو؛ کە قەدەغەی دەکرد دیلەکانی جەنگ بکرێنە کۆیلە و ڕێگەی بە مسوڵمانان دا دوژمنانیان بە دیل بگرن تا کۆتاییهاتنی ئەو جەنگە ڕەوایانەی کە دەوڵەتی ئیسلامی دەیکرد بۆ بەرگریکردن لە خۆی. دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە بە وەرگرتنی بەرانبەرێک یان بەبێ بەرانبەر ئازادی دەکردن، وەک ئازادکردنی هۆزی هەوازن کە شەش هەزار دیل بوون.
ئەم سیستمی دیلایەتییە لە سەردەمی خولەفای ڕاشیدینیشدا بەردەوام بوو، تاکە سیمای کۆیلایەتییەک مابێت بریتی بوو لە مامەڵەکردن بە کۆیلەکانی پاشماوەی سەردەمی نەفامی، بەڵام دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئەمەوی بە هۆی لادان لە بەرنامەی قورئان سیستمی دیلایەتی لە کار خرا و بە کۆیلەکردنی دیلەکانی جەنگ سەری هەڵدایەوە و لەم ماوەیەدا فیقهێکی ناڕاست بۆ تێڕوانینی ئیسلام بۆ کۆیلایەتی پەیدا بوو؛ کە ڕەوایەتیی دەدا بەم کارەی دەسەڵاتدارانی ئەوکات لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوچەشن (المعاملة بالمثل). ئەم کارە درێژەی کێشا لە سەردەمی عەباسی و سەردەمی عوسمانییەکاندا تا ساڵی ١٨٤٧ کە بەفەرمی قەدەغە کرا، بەڵام تا ساڵی ١٩٠٥ بەردەوام بوو! دواتر لە پەیماننامە و جاڕنامە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغە کرا، بەڵام سیستمی کۆیلایەتی تا سەردەمی ئەمڕۆمان بە شێوازی جۆراوجۆر لەژێر سیستمی سەرمایەداریدا بەردەوامە. ئەمە پوختەیەک بوو لەسەر بابەتەکە، ئێستایش بەوردی باسی دەکەین:


یەکەم: بۆچی سیستمی سەرمایەداری کۆیلایەتیی قەدەغە کرد؟
لە ساڵی 1926دا، بەفەرمی کۆیلایەتی لە جیهاندا قەدەغە کرا، هەرچەندە لە چەند شوێنێک درێژەی کێشا وەک لە ئەفریقیای باشوور تا ساڵی ٢٠١٠.
بەڵام ئەم ئازادکردنی کۆیلەیە لەو سەردەمەدا بە هۆی نەمانی پێویستی بوو بە کۆیلەکان کاتێک ئامێرەکان شوێنی کۆیلەکانیان گرتەوە لە کارکردندا و کۆیلەکان بووبوونە بارگرانی بەسەر سیستمی سەرمایەداریەوە، چونکە دەبووایە خواردن و شوێنی حەسانەوەیان بۆ دابین بکردنایەت، بۆ ڕزگاربوون لەم بارگرانییە جاڕی جاڕنامەی مافی مرۆڤیان دا و کردیان بە چاکە بەسەر مرۆڤایەتیدا.
لەژێر سیستمی سەرمایەداریدا کۆیلایەتی تا ئێستا بە جۆرێکی تر بەردەوامە کە کۆیلەکان تیایدا هەست بە کۆیلایەتی ناکەن، بەڵکو خاوەنەکانیان ناناسنەوە! ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە کۆمپانیاکان کە کارمەندەکانیان بەبەردەوامی کار دەکەن بەپێی بەرژەوەندی خاوەنی کۆپانیاکە، ئەم جۆرە لە کۆیلایەتی لە ڕووی دەروونییەوە لە کۆیلایەتی سەردەمی کۆن خراپترە، چونکە کۆیلەکانی سەردەمی کۆن دڵنیا بوون لە بەردەوامیی خۆراک و پۆشاک و شوێنەکانیان کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بۆیان فەراهەم دەکرا، بەڵام کۆیلەکانی سەردەمی مۆدێرنە بەبەردەوامی خەریکی دڵخۆشکردن و ڕازیکردنی خاوەنی کۆمپانیاکەن؛ ئەوەیش لە ترسی دەرکردن لە کارەکانیان و لەدەستدانی خۆراک و شوێنەکانیان! دڵەڕاوکێی لەدەستدانی کار و بژێوی بۆتە مۆتەکە بەسەر زۆرینەی کارمەندەکانی کۆمپانیاکان.
 جۆرێکی دیکەی کۆیلایەتی بریتییە لە بازرگانیکردن بە ئافرەت بۆ سێکس، بەپێی توێژینەوەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ڕۆژنامەی (هەواڵی تورکی ١٩ نیسان، ساڵی ٢٠١٢)دا بڵاو کراوەتەوە؛ نزیکەی سی ملیۆن ئافرەت لە جیهاندا بەکار دەهێنرێن بۆ کاری بەدڕەوشتی وەک پیشە و ساڵانە پێنجسەت هەزار ئافرەت دەڕفێنرێن بۆ هەمان مەبەست سەت ملیار دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت. گەر ئەو ژمارانە یەک لە سەدی ڕاست بن، ئەوا ئەنجامێکی مەترسیدار دەدەن بە دەستەوە، کە چەند بەخراپی لەپێش چاوی یاسایی نێودەوڵەتیدا مرۆڤ بە کۆیلە دەکرێت!


دووەم: ئایە بەکۆیلەکردنی ئەو دیلانەی کە لە مێژووی ئیسلامیدا هاتوون دەبنە بەڵگە؟
ئاشکرایە لە مێژووی ئیسلامیدا لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە دەست بە کۆیلەکردنی دیلەکانی جەنگ کرا و ئەم کارە درێژەی کێشا لە سەردەمی عەبباسی و عوسمانییەکاندا تا ساڵی ١٨٤٧ کە بەفەرمی قەدەغە کرا. بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە تا بڵێین بەکۆیلەکردنی دیل لە ئیسلامدا ڕەوایە، چونکە تەنیا قورئان و سوننەت دەبنە بەڵگە، مێژوو نابێتە بەڵگە، بۆ نموونە؛ هەر لە سەردەمی ئەمەوییەکاندا دەسەڵات کرا بە پشتاوپشت و سیستمی شوورایان هەڵوەشاندەوە و سیستمی پشتاوپشت درێژەی کێشا تا لە ناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی، خۆ ناکرێت ئەم مێژووە بکەینە بەڵگە بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستمی پشتاوپشت!
زانایانی فیقهی ئیسلامییش لەم بابەتەدا بەخراپی تێکەوتوون کاتێک دژایەتی سیستمی کۆیلایەتییان نەکرد لەو سەردەمەدا بە بیانووی بنەمای هاوچەشنی، هەرچەندە هانی مامەڵەکردنی باش و ئازادکردنی کۆیلەکانیان دەدا. گەر چاوێک بخشێنینەوە بە سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خودای لێ بێت) دەبینین کە دەوڵەتی ئیسلامی چۆن دژی کۆیلایەتی هەنگاوی ناوە، بۆ نموونە لەو سەردەمەدا بازاڕێک نەبووە تیایدا بناسرێتەوە کە کڕین و فرۆشتن بە کۆیلەی تێدا دەکرێت، لە کاتێکدا لە سەردەمی نەفامیدا بازاڕی لەو جۆرە هەبوون وەک بازاڕی عوککاز (عکاظ) و لەسەردەمی ئەمەوی و عەبباسییەکاندا بازاڕی ئەننەساخە (النخاسة) هەبوو.
ئەو مامەڵەکردنانەی لە سەردەمی پێغەمبەردا بە کۆیلە کراون دەگەڕێتەوە بۆ پاشماوەی سەردەمی نەفامی کە کۆیلەیەکی ئێجگار زۆری لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە بووبوون بە بڕبڕەی ئابووریی ئەو سەردەمە.
لە ساڵی هەشتەمی کۆچی و دوای دابەزینی ئایەتی «... فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاءً ...» (محمد، ٤) مامەڵەکردن لە گەڵ دیلەکاندا ئازادکردنیان بوو بە بەرانبەرێک یان بە منەتکردن بەسەریانەوە بەبێ بەرانبەر.
پێغەمبەر لە چەندین حاڵەتدا دیلەکانی جەنگی بەکۆمەڵ ئازاد کردووە و پێش کۆچی دوایی هەموو دیلەکانی ماڵی دەوڵەت (بیت المال)ی ئازاد کرد کە ژمارەیان چل دانە بوو، (کتانی، التراتیب الإداریة، ٢٨، السنن الکبری للبیهقی، ١١) هەروەها شەش هەزار دیلی لە هەوازن بەبێ بەرانبەر ئازاد کرد و بەبەردەوامی هانی ئازادکردنی کۆیلەکانی دەدا. هیچ هاوەڵێکی پێغەمبەر کڕین و فرۆشتنی بە کۆیلە، نەکردووە بە پیشە.

سێیەم: بۆچی ئیسلام بە ئایەتێکی یەکلاییکەرەوە کۆیلایەتی قەدەغە نەکرد وەک چۆن خواردنەوەی کهوولی قەدەغە کرد؟
لە وەڵامدا دەڵێین:
 ١. کۆیلایەتی لەو سەردەمەدا بووبوە بڕبڕەی ئابووریی جیهان و ڕێژەی کۆیلەکان لە ئازادەکان زیاتر بوو و ئازادکردنیان دەبووە هۆی خستنەوەی پشێوییەکی گەورە، چونکە کۆیلەکان شوێنی نیشتەجێبوون و کاریان پێویست بوو کە لەو سەردەمەدا هیچ دەوڵەتێک لە توانایدا نەبوو کە دابینیان بکات.
٢. فەرمانەکانی ئیسلام بە نەکردنی دیل بە کۆیلە و مامەڵە نەکردن پێیانەوە ئەو کەسانەی نەدەگرتەوە کە پاشماوەی سەردەمی کۆیلایەتی بوون، هەرچەندە هانی باوەڕداران دەدرا بە پێی توانایان کۆیلەکان ئازاد بکەن، بۆیە لەو سەردەمەدا مامەڵە کردن بە کۆیلەکانی پاشماوەی سەردەمی نەفامی بەردەوام بوو لەلایەن خەڵکی ئەو سەردەمەوە.
٣. دەبێت لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونیی ئەو کۆیلانە لەبەرچاو بگرین کە هەر لە منداڵییەوە بە کۆیلە کراون و ڕاهێنراون لەسەر ژیان بەو شێوەیە، بۆیە کارێکی ژیرانە نییە کە هەموویان دەستبەجێ ئازاد بکرێن بەبێ ڕێگەخۆشکردن بۆ ڕاهێنانیان بە ژیانێکی ئازادانە، گرنگترینیان دابینکردنی ئیشێکە بۆیان تا بژێوییانی پێ فەراهەم بکەن و لەوکاتەدا دەوڵەتی ئیسلامی توانای وەها کارێکی نەبوو.

چوارەم: ئایە هاتنی وشەی کۆیلە لە قورئاندا دەبێتە بەڵگە بۆ ڕەوابوونی کۆیلایەتی لە ئیسلامدا؟
هاتنی وشەی کۆیلە لە قورئاندا نابێتە بەڵگە بۆ ڕەوابوونی کۆیلایەتی لە ئیسلامدا، بەڵکو دەبێت بەڕوونی ئاماژە بە ڕەوابوونی بدات، بۆ نموونە؛ وشەی «خمر» (خواردنەوە کهولییەکان) لە سێ جێگەی قورئاندا هاتووە و، تەنیا لە سێیەمین جاردا لە سوورەتی «المائدة، ٩٠»دا ئاماژە بە یاساغبوونی دراوە، بۆیە ناکرێت ئەو ئایەتانەی لە سوورەتی «النحل و البقرة»دا کە باسی خواردنەوە کهوولییەکان دەکەن بکەینە بەڵگە بۆ حەڵاڵبوونی.

پێنجەم: بۆچوونی فیقهی تەقلیدی دەربارەی بەکۆیلەکردنی دیلەکانی جەنگ:
١. ئافرەتی دیل دەکرێت بە کۆیلە، پیاوی دیلیش دەکوژرێت یان دەکرێت بە کۆیلە بەپێی بۆچوونی فەرمانڕەوا. (‌احکام القران، الجصاص و تفسیر ابن الکثیر ...)
٢.  گێڕانەوەی ئافرەتی کڕدراو گەر عەیبێکی تێدا دەرکەوت لە دوای جووتبوون تەنانەت گەر ماوەیەکی زۆریشی بەسەردا تێپەڕی. (ابن الحزم الاندلسی، المحلی، المسألة ١٥٨٥(7/584)
٣. کەنیزەک موڵکداری ناکات چوونکە خۆی موڵکە و ئەو مارەییەی کە وەریدەگرێت مافی خاوەنەکەیەتی. (الرازی، الجوهرة النیرة، باب شروط الصلاة).
٤. مەزهەبەکانی شافیعی، حەنبەلی و زەیدی دەڵێن: «بەکۆیلەکردنی دیل ڕێگەپێدراوە.»
حەنەفییەکان دەڵێن: «بەکۆیلەکردنی دیل بە بڕیاری فەرمانڕەوا ڕێگەپێدراوە.»
مالکییەکان دەڵێن: «فەرمانڕەوا دەتوانێت بەبێ بەرانبەر ئازادیان بکات یان بە کۆیلەیان بکات.» ( وهبة الزحیلی، اثار الحرب، ل.٣٩٣، وەرگیراوە لە کتێبی علی رضا دمیرجان، بیان حکم إسترقاق الاسیرات ...)
ئەمە پوختەیەک بوو لە بەشێک لە بۆچوونەکانی زانایانی سەردەمی کۆن، ئەم تێگەیشتنە تەقلیدییە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و زۆرینەی زاناکانی ئەمڕۆیش هەمان بۆچوونیان هەیە لەوانە:
١. سید قطب، في ظلال القرآن، تفسیر الآیة٦٠ التوبـة.
٢. المودودی، تفهیم القرآن، المودودی، تفسیر الآیة ٦ المؤمنون.
٣. محمد حامد اللە، نبی الإسلام، ل. ٥٧٥
٤. محمد أبو زهرة، خاتم النبیین صلی اللە علیە و سلم، ل. ٣٨٥، ٤٠٣
زانایانی فیقهی تەقلیدی ئەم بۆچوونەیان لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوچەشن (المعاملة بالمثل) بنیات ناوە.

شەشەم: بنەمای مامەڵەی هاوچەشن (المعاملة بالمثل):
بنەمای هاوچەشنی لە سەردەمی کۆن و نوێدا بنەمایەکی نێودەوڵەتیی کارپێکراوە، دوژمنانی دەوڵەتی ئیسلامی ئەو سەردەمە لە جەنگەکاندا  دیلەکانی مسوڵمانانیان بە کۆیلە دەکرد، بۆیە بە هەمان شێوە زانایانی فیقهی تەقلیدی ڕێگەیان بە بەکۆیلەکردنی دیلەکانی دوژمنان دا. لە ڕووی مامەڵەکردنی مسوڵمانانی ئەو سەردەمەوە لەگەڵ کۆیلەکاندا، بەگشتی مامەڵەکردنێکی باش بووە چونکە دەبوایە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، دەبوو لەو خواردنانەیان پێ بدرایەت کە خاوەنەکانیان دەیانخوارد، پۆشاکی گونجاویان پێ بدرایەت و بە هەموو شێوەیەک ئازاردانیان قەدەغە بوو. لە کاتێکدا دوژمنانی دەوڵەتی ئیسلامی بەخراپترین شێواز مامەڵەیان لەگەڵ کۆیلەکاندا دەکرد.
بەڵام ئەم بنەمای هاوچەشنییە تەنیا لە چوارچێوەی ئیسلامدا جێگەی ڕەزامەندییە نەک لە دەرەوەی ئیسلامدا. گەر بگەڕێینەوە بۆ قورئان ئەوا دەبینین خوای گەورە ڕێگری لە مسوڵمانان دەکات کار بە بنەمای هاوچەشنی بکەن، بۆ نموونە:
١. کاتێک بێباوەڕان ڕێگرییان لە مسوڵمانان کرد بچنە ناو مەککەوە بە مەبەستی حەجکردن، ئەوانیش لە کاتی گەڕانەوەیاندا بەرەو مەدینە، قافڵەیەکی بێباوەڕان بەلایاندا دەڕوات  بەرەو مەککە بە مەبەستی حەجکردن، هەندێک لە مسوڵمانەکانیش وتیان چۆن ڕێگرییان لێ کردین بە هەمان شێوە ڕێگرییان لێ دەکەین، بەڵام خوای گەورە ڕێگری لێ کردن بە ئایەتی «... وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ أَن صَدُّوكُمْ عَنِ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ أَن تَعْتَدُوا ۘ وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ ۖ وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ ...» (المائدة، ٢)
٢. ئەبووبەکر ڕەزای خوای لێ بێت، توڕە بوو کاتێک سەری یەکێک لە پیاوانی مەسیحییان لە جەنگەوە بۆ هێنا و وتی، «ئایە دەتانەوێت بە هەمان ڕێچکەی فارس و ڕۆم کار بکەم!»
٣. کوشتنی دیلەکانی مسوڵمانان لەلایەن بێباوەڕانەوە نابێتە هۆی ئەوەی مسوڵمانانیش دیلەکانی دوژمن بکوژن لەم بۆچوونەیشدا زانایان هاوڕان بەبێ جیاوازی.
بۆیە ڕێگەپێدان بە بەکۆیلەکردنی دیلەکانی جەنگ لەلایەن مسوڵمانانەوە لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوچەشن بۆچونێکی هەڵەیە و، پێچەوانەی قورئانە.

حەوتەم: ڕێگاکانی لەناوبردنی سیستمی کۆیلایەتی لە ئیسلامدا
ئیسلام بە چەندین ڕێگە هەوڵی لەناوبردنی سیستمی کۆیلایەتی داوە، گرنگترینیان:
یەکەم: پێدانی زەکات بە کۆیلە و دیلەکان بۆ یارمەتیدانیان لە وەرگرتنی ئازادی، وەک چۆن لە ئایەت شەستی سوورەتی تەوبەدا دانراون بە یەکێک لەو کۆمەڵانەی کە زەکاتیان پێ دەشێت.
دووەم: دانانی ئازادکردنی دیل و کۆیلە وەک سزایەک بۆ چوار تاوان:
١. کوشتنی هەڵە: کەسێک بەهەڵە و بەبێ مەبەست کەسێک بکوژێت. (النساء، ٩٢)
٢. الظهار: یەکێک بە خێزانی بڵێت تۆ وەک دایکم یان خوشکم وایت. (المجادلة، ٣)
٣. شکاندنی سوێند: کەسێک سوێندێک بخوات و نەیباتە سەر. (المائدة، ٨٩)
٤. جووتبوون لەگەڵ هاوژین لە ڕەمەزاندا: کەسێک بە ڕۆژوو بێت لە ڕەمەزاندا و چووە لای خێزانی. پیاوێک هات بۆ لای ئەبووهورەیرە و پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێت و وتی لەناو چووم ...
سێیەم: المکاتبة: بریتییە لە ڕێککەوتنی نێوان خاوەنی کۆیلەکە یان سەرپەرشتیاری دیلەکە بۆ ئازادکردنی گەر بێت و نرخی دیاریکراوی ڕێککەوتنەکە بدات. (النور، ٣٣)
چوارەم: هاندانی قورئان: قورئان لە چەندین شوێندا هانی ئازادکردنی دیل و کۆیلەکانی داوە و بە کارێکی چاکی داناوە. (البلد، ١١-١٣)
پێنجەم: ڕێگەخۆشکردن بۆ ئازادکردنی کۆیلە و دیلەکان: ئیسلام پەستانێکی زۆری دەخستە سەر خاوەنی کۆیلەکان بە جۆرێک هەر کەس بەبێ هۆ لە کۆیلە یان دیلەکەی بدایەت؛ ئەو کۆیلە یان ئەو دیلە ئازاد دەبوو.
شەشەم: وشککردنی سەرچاوەکانی کۆیلایەتی: لە پێش سەردەمی ئیسلامدا چەند سەرچاوەیەک دەبوونە هۆی کۆیلایەتی بریتی بوون لە: دیلی، لەدایکبوون لە دایبابێکی کۆیلە، تاوانکردن، هەژاری و ڕفاندن. ئیسلام هەموو سەرچاوەکانی کۆیلایەتی قەدەغە کرد. بەڵام دیلێتی وەک سیستمی جێگرەوە بۆ سیستمی کۆیلایەتی دانا، کە لە ئەنجامی جەنگی ناچارییەوە بەرۆکی ئیسلامی دەگرت و دیلەکانیش چارەنووسیان لە کۆتایدا ئازادی بوو و، بە هیچ شێوەیەک نەدەکران بە کۆیلە. بۆیە دەبێت کاتێک ئەو ئایەتانەی باس لە کەنیزەک و کۆیلە دەکەن پێکەوە وەرگرین؛ بەمەیش دەگەینە ئەو بڕوایەی کە  قورئان ڕێگەی بە سەرپەرشتیارانی کۆیلە و کەنیزەک نەداوە کە دیلەکان بە کۆیلە بکەن.

تاگەکان    
یاری دیزاینی زیرەک فەڵەستین موناجات مۆدێرنیتە زانکۆ دەروونناسی بوووژانەوە کورد نەتەوایەتی گەڕان پۆدکاست کتێب حەمەدۆک حزبی ئیسلامی
فیکر
2020-04-08 کۆمێنت 5433 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی