مەرگی نووسەرێکی زمانجوان

نووسینی: عەلی حسێن
ئەدەب 2020-04-06 کۆمێنت 1531 جار بینراوە

یەکەم جار ناویم لە ڕێی مامۆستا قانع خورشیدەوە بیست. دوو بابەتی ئەم پیاوەی لە دوو کاتی جیاوازدا بۆ ناردم، یەکەمیان کۆمەڵێک وتە بوو و دووەمیان نووسینێکی کورت لەبارەی عەبدولکەریم سرووشەوە. بە خوێندنەوەی ئەم دوو نووسینە، زانیم زۆر بایەخ بە زمان دەدات و بیری لای سادەنووسی و جواننووسییە. دوایی بووم بە خوێنەرێکی سەرسەختی نووسینەکانی و بەردەوام کەناڵی یادداشتەکانیم بەسەر دەکردەوە. زۆر جار کە دەمبینی بابەتێکی نوێی بڵاو کردووەتەوە، دەتوت دیارییەکی گرانباییان پێ بەخشیوم. بە یەک جار خوێندنەوە، تێرم لە نووسینی نەدەخوارد، هەر بۆیە زۆر بابەتێکیم چوار پێنج جار دەخوێندەوە. دوایی وای لێ هات، بەمەیش تێر نەدەبووم، ئەوە بوو دەستم برد بۆ وەرگێڕانی هەندێک لە بابەتەکانی.
جارێک نامەم بۆ ئەکاونتی تێلیگرامیی خۆی نارد و دەستخۆشییەکی گەرمم لێ کرد، بەڵام دوای ماوەیەک، هەستم کرد لەسەرمە زیاتر دەسخۆشیی لێ بکەم، ئیتر سەرەتای (2019)، بۆ جاری دووەم نامەم بۆی هەنارد و دەردێکی دەروونیی خۆمیشم لا درکاند، ئەوە بوو وەڵامی دامەوە و پرسیی کێم و چکارەم و لە کوێم. کە وەڵامم دایەوە و پێم ڕاگەیاند هەندێک لە بابەتەکانی کەناڵەکەیم بە کوردی کردووە، وتی وا دەزانم گەر پوختەیەک لە کتێبی (دیانت و عقلانیت)ەکەم بکرێتە کوردی، خاڵی نابێت لە سوود. کە ناوی کتێبەکانیم لێ پرسی، وتی تەنیا دوو سێ دانەی دواییان بە کەڵک دێن و ئەوانی دیکە وا نین. وتی کتێبی دیکەم بۆ چاپ ئامادەیە و دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی گونجاو شک نابەم بۆم بوەشێنێت. پڕ بووم لە داخ و ئاخ کە بینیم زمان و هزری لە زێدی خۆیدا بەرز نانرخێنرێن. لەبەر سەرقاڵیی ئەو، دەمەتەقێکەمان بە کورتی بڕییەوە. دوای مانگێک لەو قسانە، ڕێم کەوتە ئێران و بە هەڵەداوان بە دوای کتێبەکانیدا گەڕام، سێ لە کتێبەکانیم بە دەست کەوت کە ناوونیشانەکانیان ئاوایە: (دیانت و عقلانیت)، (یادداشت‌ها و گفتارەهای خارج از نوبت) و (بهتر بنویسیم). لە ماوەی دە دوازدە مانگی ڕابردوودا، دوو کتێبەکەی دواییانم خوێندەوە. باسی چیت بۆ بکەم، ئاخر تا خۆت نەچیتە خزمەتی، ناتوانیت لە وردی و قووڵیی ئەم پیاوە بگەیت. کتێبی (بهتر بنویسیم)، بۆ ئەوە نووسراوە، وەک وانە بخوێنرێت و پڕە لە ڕێنوێنیی بەکەڵک بۆ نووسەران لەبارەی ڕاستنووسی، سادەنووسی و جواننووسییەوە. باسی خۆی و کتێبەکانی زۆری دەوێت و بە ئاسانی تەواو نابێت.
مانگی ئەیپرڵی (2019)، شتێکی کورتی لە کەناڵەکەی خۆیدا نووسی، تێیدا بە ئاماژە وتبووی کە ناساغە و نەخۆشییەکی سەخت بەرۆکی گرتووە. لەو کاتەوە بەردەوام بیرم لای بوو و حەزم دەکرد بزانم دۆخی چۆنە، پێش دە ڕۆژێک نامەیەکی دیکەم بۆ نارد، تێیدا نووسیم زۆرم سوود و چێژ لەو دوو کتێبەی بینیوە و هیوادارم زوو چاک ببێتەوە، بەڵام مەرگ مەودای نەدا نامەکەم ببینێت و پێچایەوە. ناسینی ئەم پیاوە بۆ من، یەکێکە لە ڕووداوە خۆشەکانی ژیانم و لەدەستدانیشی بە تراژیدیایەک دەبینم. دڵخۆشم توانیومە چەند بابەتێکی بۆ کوردی وەرگێڕم، ئاخر لە ناخی دڵەوە خۆم بە قەرزاری دەزانم. دڵنیام زۆری لێوە فێر بوومە و هیچم بۆ نەکردووە. بە ڕاستی دڵم بۆ نووسینە ڕۆژانە و هەنووکەییەکانی تەنگ بووە، چون بووبوو بە بەشێک لە ژیانم و دڵنیام نەمانی، کەلێنێکم تێدا درووست دەکات، بە هیچ نووسەرێک پڕ نابێتەوە.
تێبینی: ڕەزا بابایی ساڵی (1964) لە دایک بووە و خوێندنی لە حەوزەی زانستی تەواو کردووە. دوای چەند مانگ جەنگان لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا، ڕۆژی (6ی ئەیپرڵی 2020) دنیای بە جێ هێشت. کەناڵێکی تێلیگرامیی چالاکی هەبوو بە ناوونیشانی (یادداشت‌ها). لە ژیانیدا زیاد لە سی کتێبی نووسیوە، گرنگترینیان ئەمانەن: (چو تختەپارە بر موج)، (بهتر بنویسیم)، (یادداشت‌ها و گفتارەهای خارج از نوبت) و (دیانت و عقلانیت). خوای گەورە بە بەهەشتی بەرین شادی بکات.

تاگەکان    
گۆرانی فیکر دەروونی فەلەستین وەلی ئەمر چیرۆک دەروونناسی فیلم قودس دوعا ئیلحاد ڕەزا بابایی قەدەر ڕانانی کتێب کتێبی هاوسانی
ئەدەب
2020-04-06 کۆمێنت 1531 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی