بەخۆداچوونەوە

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
ئەدەب 2020-04-04 کۆمێنت 2107 جار بینراوە
چەند ڕۆژێک لەمەو بەر، کەوتبوومە نێو زەریای خەیاڵەوە، لەو ساتانەی ژیانمدا بووم کە دەمخواست لە هەموو شتێک ڕابمێنم، هیچ چرکەیەک بەفیڕۆ نەدەم، جار جاریش دەمویست بزماری سەرنجم لەسەر نوختەیەکی دوور دابکوتم و لەنێو جەرگەی ژاوەژاوی خەستەخانەدا، بۆ تاوێ وەنەوزێک بدەم!
برادەرێکم، کە هەروەک برام وایە، کەسایەتییەکی تا بڵێیت تایبەت و جیاوازی هەیە، ئەوەی نەیناسیبێت، پەی بە گەورەیی و دەگمەنییەکەی نابات، بەڵام ڕێک لەو جۆرە مرۆڤانەیە، کە تا زیاتر لێی نزیک ببیتەوە، مەزنی و جوانییەکانیت پتر بۆ ڕوون دەبێتەوە.

ئەو هەمیشە خەریکی چاودێریکردنی خۆیەتی، زێدەڕۆییم نەکردووە ئەگەر بڵێم، خولەک بە خولەکی ژیانی دەژمێرێت و بەردەوام خەریکی لێپێچینەوە لەگەڵ خۆیدایەتی.
زۆرجار بە کونجکۆڵییەوە گوێ بۆ قسە و باسەکانی شل دەکەم، ئاخر جار نییە بە دەستی بەتاڵ بمهێڵێتەوە و پیچەک لە جوانییەکانی خۆیم پێشکەش نەکات.

ئەو وەختەی تەوژمی خەیاڵ، هەستی منی ڕاپێچابوو، ئەو بە گازکردنێکی برایانە خەبەری هێنامەوە و پێی گوتم؛ «ئەزانی من ئێستا لەچاو جارانمدا گەلێک خراپ گۆڕاوم!»

گوتم: «باشە بە چیدا دەزانیت زۆر گۆڕاویت؟!»

گوتی: «ئاخر من زۆربەی شەوەکان، بەر لەوەی بخەوم، لە دەفتەری یادگارییەکانمدا، گشت ڕووداوە گرینگەکانی ئەو ڕۆژەم دەنووسمەوە، لەوەتەی پێم ناوەتە تەمەنی تازەلاویمەوە، خووم بە یاداشتکردنی یادگارییەکانمەوە گرتووە و زۆرجار تا قسەکانم نەنووسمەوە، خەو ناچێتە چاوانم. ئەوە ماوەیەکە، کە لە دەفتەری یادگارییەکانم ورد دەبمەوە، زۆر شت لە ئێستای خۆمدا دەبینم، کە پێچەوانەی ڕابردوومن، ڕابردوویەکی پاک و جوان!»

گوتم: «ئەلهەق خوویەکی جوانە، بەڵام حەقیقەتێکی سامناكت بیری من هێنایەوە، ئاخر من زۆرجار بە خۆم دەڵێم؛ نا، من هێشتا وەکو جاران ماوم، جارێ دووکەڵ و گەردەلوولەکانی ژیان تەپوتۆزاوییان نەکردووم، من هەر کوڕە مەبدەئییەکەی پێشووم، تەنیا هەراوهوریاکانی ڕۆژگار و زۆربوونی بەرپرسیارێتییەکان سەرقاڵیان کردووم، باشە  ئەگەر منیش لەو ساتانەی تەمەنمەوە خۆمم بنووسیبایەتەوە، دەبوو ئێستا چۆن سەیری خۆمم بکردبایە؟!»


من هەردەم بەوە دڵی خۆمم دەدایەوە، کە هێشتا زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی جارانم تێدا ماون، هەر بەوەیش هەستی گەڕانەوە بۆ منداڵی و مانەوەم لە پاکییەکانی لاوێتیدا، لە دڕندەیی و ناشرینییەکانی ئێستام وەردەگرتەوە!
ئێمە خۆمان نانووسینەوە، بۆیە ئەوەی وا دەزانین لەوەتەی هەین، هەر وا بووگین، فێڵ و درۆیەکی فریودەرە، خۆمان لەگەڵ خۆماندا دەیکەین!

زۆرجار، گەر ئاوێنەی ئێستامان وردوخاش بکەین و بەتاسەوە بۆ بچووکترین پارچەی ڕابردوومان بگەڕێین، کوتە شووشەیەکیشمان دەست ناکەوێت، ئەوەی  تێدا ببینینەوە کە مەبەست و پەیامی سەرەکیمان بوو!
ئەگەر بە زێدەڕۆیی لەسەرم حسێب نەبووایە دەمگوت؛ هێندێك جار وەكو گریگۆر سامساكەی لای فرانز كافكا، دوای تێپەڕبوونی تەمەنێك، كە لە خەوی غەفڵەت وەئاگا دێینەوە، ڕێك بووینەتە قالۆنچە و ئەوەی بەدی نەكەین، خۆمانین، بەڵام بۆ دڵدانەوەی دەروونمان پەنا وەبەر وێنەكانی ڕابردوو دەبەین و خاڵی لێكچوون لە نێوان ئێستا و ئەوساماندا وەچنگ دەخەین، بڕوا بكەن ئەگەر بە چاوێكی تیژ و وردەوە زوو زوو لە خۆمان نەڕوانین، ڕووحمان دەبێتە  قالۆنچە و گەلێك دزێو و خراپتریش!   

بووینەتە مەخلووقێکی تر، بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤین، لە فەرامۆشییەکی بەردەوامداین، بۆیە هەردەم ئێستامان ڕامانناچڵەکێنێت و وەک کایەکانی دیکەی ژیان، بە هەموو شتێک ڕادێین و بێباکانە بە لایاندا تێدەپەڕین.

من دوژمنم ڕاهاتنە، حەز دەکەم هەموو شتێک وەک خۆی ببینم، کە دەیشمەوێت ئەم داوایەی ناخم جێبەجێ بکەم، پتر لە شێتی نزیک دەبمەوە وەک لە عاقڵی، بۆیە خێرا بۆ ئەو بێپەرواییە دەگەڕێمەوە کە لێی هەڵهاتبووم، چون بەرگەی وردبوونەوە لەو هەموو سەمەرەیە ناگرم، ئاخر هیچ شتێک بەو ئاسانی و سادەییە نابینم کە خەڵکی لێی دەڕوانن!
لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو، ئەو برادەرەی کە خۆی وەک بەدگۆڕاوێک دەهاتە پێش چاو، لەو جۆرە کەسایەتییانەیە کە دە ساڵ جارێک، ملیمێکیش چییە، ناگۆڕێن، ئاخر خاوەن پرەنسیپ و کۆمەڵە بنەمایەکە، کە گۆڕان و فەوتانیان بە لایەوە، وەک نەمان و سڕانەوەی خۆی وەهان!

ئااای چەنێکمان بە هەزاران کیلۆمەتر لەوەی خۆمان بە ڕاست و جوانمان دەزانی، دوور کەوتووینەتەوە و هێشتایش وا دەزانین هیچێکمان لێ نەقەوماوە، هەر وا دەزانین ملیمێکیش چییە، لەوەی ڕابردوو دوور نەکەوتووینەتەوە و هەر کات خۆمان بمانەوێت، لە بن مستماندایە!

بێئاگا لەوەی، لەگەڵ هەر هەنگاوێک دوورکەوتنەوەدا، دە هەنگاو گەڕانەوەمان سەختتر دەبێت، خۆزگە ڕابردوومان بنووسیایەتەوە، تا ئەوەندە زوو، خۆمان بیر نەچووایەتەوە!

گۆڕان و هەڵزنان بەرەو مەزنی، لۆمە ناکرێت، لێ داخوران و پووکانەوە ناشرین و حەپەسێنەرە، دابڕان لە خراپە، جوان و خۆشەویستە، بەڵام تێوەگلان و کوێرەوەبوون، پیس و نەگریسە.
لێت تێک نەچێت، دوورکەوتنەوە لە پاکی و جوانی و هەڵکەنران لە ڕەسەنایەتی، بەرەوپێشچوون و وەرچەرخان بەرەو گەورەبوونی پێ ناگوترێت، بەڵکو سڕانەوە و لەبەینچوون، بەدگۆڕان و غلۆربوونەوەی بەرەو بچووکی پێ دەگوترێت.

تاگەکان    
زمان گۆرانی عەبدولکەریم سرووش گێڕانەوە شیرک کتێب کۆرۆنا حزبی ئیسلامی ژن لۆجیک ڕەخنە چیرۆک کوردستان فەرهەنگ ڕەزا بابایی
ئەدەب
2020-04-04 کۆمێنت 2107 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی