ھەڵوەشاندنەوەی گرێیەک، لەپەنای کۆرۆنادا

نووسینی: دیار بەرزنجی
فیکر 2020-03-30 کۆمێنت 2377 جار بینراوە

بڕوام بەوە ھەیە کە قوربانیکردن و نوێژ و دۆعا، بەڵا و ناڕەحەتی لەسەر خەڵکی لا دەبەن، ھێندێ یاسای گەردوونی ھەن کە خودا دایناون و، بڕوای تەواوم پێیانە.
گومانم لەوەیش نییە کە دەبێت ھۆکارەکانی تری وەک خۆپاراستن و چارەسەرکردن ڕەچاو بکرێن و، تا پێمان دەکرێت گەرەکە وریا بین.
دۆعاکردن و قورئانخوێندن و قوربانیکردن، جگە لەوەی ھۆکارێکن بۆ لادانی بەڵا و نەھامەتی، ھاوکات ئارامی بە دەروون دەبەخشن و دڵنەوایین بۆ باوەڕدار. ئەوانە ترس و دڵەڕاوکێ کەمتر دەکەنەوە و، متمانە دەگێڕنەوە بۆ خاوەنەکەیان. کەشێکی ئارام لە ناخی مرۆڤدا دەخوڵقێنن و، مرۆڤ لە پەنایاندا دەحەوێتەوە.
ئەوانە دۆخی نەرێنیی دەروونی مرۆڤ بەرەو ئەرێنی دەگۆڕن و، بەرگریی مرۆڤ ھێندەی تر تۆکمە دەکەن.
ئێستا کە لە دۆخێکی مەترسیداری ئاواداین، پێویستمان بە دۆخێکی ئەرێنیی باش ھەیە و، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە زیاتر لە ھەر شتێک پێویستمان بە بەرگرییە، جا چ بەرگریی دەروونی بێت یان جەستەیی، کە ھەردووک بەپێی وتەی پزیشکەکان بێت، ڕاستەوانە پابەستی یەکترن.
 لە دۆخێکی ئاوادا، نابێ بە کەم سەیری ئەو لایەنە جوان و بەسوودەی پەرستشە ئایینییەکان بکەین کە دەروونی باوەڕداریان بەھێز کردووە.

پێم سەیرە ھێندێک بەناو ڕۆشنفکر و بیرمەند، کەوتوونەتە وێزەی باوەڕداران و شەق لەو ئومێد و بڕوایەی خەڵک ھەڵدەدەن. نایەڵن خەڵکی دەست بەو ئومێدەوە بگرن کە فریادڕەس و دڵنەواییکەریانە.
گەمە* بە پەرستش و نزا و قوربانیی باوەڕداران دەکەن و، بە چاوی کەمەوە دەڕواننە ئەو کارانە. پلار* دەھاوێژنە ھەر کەسێک کە بڕوای بەمانە ھەبێت و، بە دواکەوتوو و کۆنەپەرستی ناو دەبەن.
ئەمەی ئەو بەناو ڕۆشنفکرانە دەیکەن، تێنەگەیشتنە لە دین و، لە دونیا. ئەوی لە دین تێبگات دەزانێت ئەو پەرستشانە تەنیا کاری ڕووکەشی نین و، پەیامێکی قووڵیان لە پشتەوەیە-لێرەدا من ناچمە سەر ئەو باسە و ھەر لەم سایتەدا چەند بابەتێکی تایبەت بەو باسە نووسراون و دەتوانیت بیانخوێنیتەوە-، ئەوەیشی لە دونیا حاڵی بێت و شارەزای ژیان و ژیاری مرۆڤایەتی بێت، تێدەگات ئەو پەرستشانە چ ڕۆڵێک دەگێڕن لە ژیانی مرۆڤدا و، لە ساتەوەختی بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدا چۆنایی دەبنە قەڵغانێکی دەروونیی تۆکمە و پەنای مرۆڤ دەدەن.
ئەوی لەمانە حاڵی بێت، ئەوا بەو چەشنە، کوێرانە ھێرش ناکاتە سەر ئەو جۆرە پەرستشانە.
ئەوەی ئەوان دەیڵێن زادەی گرێی فیکری و دەروونین و، ھەق وایە لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکرێن.

ھەر چاوێک بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕە، دەبینی ھەر وڵات و نەتەوەیەک بە شێوازێک دژی ئەم نەخۆشییە دەوەستنەوە و، ھەر یەکە و بە چەشنێک لە ھەوڵی بەرزکردنەوەی ورەی خەڵکی خۆیدایە، دەبینی وڵاتان بەپێی کلتوور و فەرھەنگی خۆیان کار لەسەر ھێمنکردنەوەی دەروونی خەڵک دەکەن. ئەوان باش درکیان بەمە کردووە، بۆیە زوو وەخۆ کەوتن و، چ کارێکی پێویست بێت، کردوویانە.
کەمێک بەر لە ئێستاکە، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دیتم لە ئیسپانیا گرۆیەک پۆلیسی سەر شەقام، گیتاریان پێیە و بەناو کۆڵانەکاندا دێن و دەچن، گۆرانی دەڵێن و ئاھەنگ دەگێڕن بۆ ئەو خەڵکەی کە لە ماڵەوە دابڕ کراون تا بێتاقەت نەبن.
ئەوە لە ئیتاڵیا ھەموومان دەبینین کە لە بالکۆنی باڵەخانەکانەوە چ نمایشێک دەکرێت، یەک بە پیانۆ و یەک بە گیتار و یەکی دی بە کەمانچەوە، یەکێ گۆرانی دەڵێ و یەکێ سەما دەکات، گۆرانی دەچڕن و ھونەری خۆیان نمایش دەکەن و دڵی یەکدی دەدەنەوە.
ئەوە لە ئەڵمانیا سەرباری گشت ھەوڵەکانیان بۆ ھێمنکردنەوەی ھاووڵاتیانیان، حکوومەت داوای لە موسوڵمانان کردووە لە مزگەوتەکانەوە بانگ بدەن و قورئان بخوێنن.
ئەمریکای وڵاتی سەرمایە و خودان ھێزی ئاسمانی و دەریایی و سەرقافڵەی زانستی سەردەم، ئەوەتا ڕۆژێک بۆ نوێژخوێندن دیاری دەکات و داوا دەکات پەنا وەبەر نزاکردن ببرێت، چەندین وڵاتی تری لەم شێوەیە ھەن کە پێویست ناکات باسیان بکەم.
ئەوە کارێکی گەمژانەیە بکەویتە گیانی ئەو خەڵک و وڵاتانە و  بڵێی، گۆرانی و مۆسیقا و نوێژ و نزا ڤایرۆسەکە ناکوژن و خۆتان لە گێلی مەدەن، دوای کڵاوی بابردوو مەکەون!
ئاخر کەسێک گەر وا بڵێ، نە لە نەخۆشییەکە تێگەیشتووە، نە لەو خەڵکەیش کە خەریکی دڵدانەوەی یەکترن.
زۆرێک لەو خەڵکەی لای خۆمان کە وەھا ڕەخنەیەک لە باوەڕداران دەگرن، ڕێک ئاوا ناحاڵی دێنە پێش چاوم، ئاخر کە ئەو خەڵکە ئومێدێکیان بۆ خۆیان دەست کەوتووە، تۆ چیت داوە بە سەریانەوە؟  لێ گەڕێ ئومێد و باوەڕی خۆیان لە ھەرکوێیەک ھەیە بەدەست بھێنن، شەڕی فکر و ئایدۆلۆجیا کاتی نییە و بۆ کەمێکیش بێت بیخەنە لاوە.
وڵاتی ئێمە زۆرینە موسوڵمانین و، باوەڕمان بەوە ھەیە کە گەڕانەوە بۆ لای خودا نەھامەتیمان لەسەر لا دەبات، ئێمە ھەرکات ناڕەحەتی ڕوومان لێ بکات دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەینەوە و، خێر و خێرات لەسەر زەوی دەبەخشینەوە، تا خودا دەرگای ڕەحمەتمان لێ واز* بکات. ئەمە کلتوور، مەزھەب و دینی ئێمەیە و، ڕەگی بەناو مێژووی ھەزارساڵەماندا ڕۆ چووە، ھەڵەیە بێین دژی ئەم کلتوورە بووەستینەوە و، ئارامیی خەڵکەکەیش بشێوێنین.
پێم خۆشە بە ھەرجۆرێک کرا با ورەی خەڵکی بەرز بکرێتەوە و ترس و تۆقین لە دڵیاندا لا ببرێت، بەو مەرجەی پێچەوانەی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبێت.
چەن پێم خۆشە فەلەیەک* بە خاچێکی سەر سنگییەوە نزا بکات و لە خودای خۆی داوای ھیوا و یارمەتی بکات، زۆر دڵخۆش دەبم برایەکی یەزیدیم دەست بخاتە سەر دڵی و لە خودای خۆی ئومێد بخوازێ. بابای کاکەیی و یارسانی و زەردەشتی و ھەر ئایین و ئایینزایەکی تر، ھەرچۆنێک ئومێد دەخوازن با بیخوازن.
با چی ھونەرمەند، مۆسیقار و نیگارکێشمان ھەن، بێنە مەیدان و ھونەری خۆیان وەگەڕ بخەن، دڵمان پڕ کەن لە خۆشی و ئاھەنگ، تاوێک لەم ناڕەحەتییە دوورمان خەنەوە.
تۆی مرۆڤ، بە ھەر کلۆجێک* دەیکەیت بیکە، تەنیا ئومێد و ھیوا بگێڕەوە بۆ خەڵکێک کە خەریکە لە دەست ئەم نەخۆشییە دەتۆقن. خەڵکمان بە چی دڵخۆش دەبن ئەوەیان پێشکەش کە.
ھونەر و ئایین و ھەرچی فیکر و مەزھەبێکە بیخەنە خزمەت مرۆڤەوە و، ماڵی دڵی ڕووناک کەنەوە.
بھێڵن مرۆڤ ئومێدی ھەبێت، ھەرکێ و ھەرچۆنێک دەدۆزێتەوە با بیدۆزێتەوە، مرۆڤایەتی ئاتاجی* تۆسقاڵێک ئومێدە.

فەرھەنگۆک:

* گەمە: گاڵتە
* فەلە: لەناو کورددا، کەسێک مەسیحی بێت، پێی دەڵێن فەلە.
* بە ھەر کلۆجێک: بە ھەر شێوەیەک.
* ئاتاج: پێویست، موحتاج.
* وازکردن: کردنەوە
* پلار: تانە و سەرکۆنە.

تاگەکان    
یاری قەدەر ئیلحاد کۆمەڵکوژیی بۆسنە موناجات کورد عێڕاق سایکس-بیکۆ کرێکار وەلی ئەمر فیکر بووژانەوە زمان یاسا نائومێدی
فیکر
2020-03-30 کۆمێنت 2377 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی