وڕێنەیەک لە سەردەمی کۆرۆنادا - بەشی یەکەم

نووسینی: ئەمجەد شاکەلی
ئەدەب 2020-03-28 کۆمێنت 1379 جار بینراوە

کاکەحەمەی دێبنە و باوکم (ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر)، ئەحمەد[i]و منیان، بە خۆمان و دشداشە و چاکەتەکانمانەوە، بردە دووکانەکەی حەمەی وەستا زۆراب و سەرو پانتۆڵ و سەرو کراسیان بۆ کڕین. هەردووکمان چون یەک، پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی سپی. هاوین بوو، ئێمە چووبووینە کفری بۆوەی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی شەشەمی سەرەتایی ساڵی 1961/1962دا بەشدار بین. یەک ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەکە، ئەو جلانەیان بۆ کڕین. ئەوە یەکەم جارم بوو پانتۆڵ لە پێ بکەم. تا پێش ئەوە و تا ئەو تەمەنە هەر دشداشەم لەبەر کردبوو. دشداشە بۆ ماڵ، بۆ گەمەکردن، بۆ میوانی، بۆ جووڵانەوەی ڕۆژانە، بۆ جەژن، بۆ خوێندنگە، بۆ خەوتن و بۆ هەموو شتێک لەبەر دەکرا. لە ڕۆژەکەی دوای ئەو ڕۆژەوە، ئیدی پانتۆڵ جێگەی دشداشەی گرتەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تا ئێستا هاتووە.
لە ساڵانی 1980دا هاوڕێم کاک ڕەمزی قەیتوولی لە گەڕانەوەیدا لە گەشتێکی بۆ لەندەن، دشداشەیەکی سپی وەک دیاری بۆ هێنام، کە ئێستایش ماومە. جارجار لە ماڵەوە بۆ خەوتن لەبەری دەکەم یا کە نەخۆش دەکەوم و دەکەومە سەر جێگە لەبەری دەکەم. ساڵی 2018 یش (ڕاز)ی کچم لە حەج گەڕایەوە، دشداشەیەکی مەیلەو بۆر- قاوەیی بە دیاری بۆ هێنام، ئیدی بووم بە خاوەنی دوو دشداشە.
لە سەردەمێکدا لە ماڵی خۆمان، لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیدا، جاروبار، کە حەزم لە بینینی هەندێ میوان یا کەسێک یا مەیلی چوونەدەرەوە و دیتنی خەڵکم نەکردبا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیانی خۆیشم بووایەن، لەنێو ماڵدا پاڵم لێ دەدایەوە و دادەنیشتم و نەدەچوومە دەرێ. دایکم دەهاتە ژوورێ و بە شێوەزارە گەرمیانییەکەی خۆی دەیگوت: «ئەوە بۆ ناچیتە دەشتۆ، خۆ خەتەنە نەکریایتە، وا لەبن ماڵا خۆت مات داوە، هەڵسە هەڵسە دەی بچۆ دەشتۆ!» ئەو سەردەمە کەسێک کە خەتەنە دەکرا، دشداشەیەکی لەبەر دەکرد و پاڵی لێ دەدایەوە و نەدەچووە دەرێ.
ئێستا بە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە ماڵەوە پاڵم داوەتەوە و دشداشەیشم لەبەر کردووە. دشداشە وەک هێمای ئاریشە و کێشە و جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو. تەنێ لە نێوان 15-20 میترێکی بۆشایی نێو ئەپارتمانە 56میترییە چوارگۆشەکەمدا دێم و دەچم. لە دوو پەنجەرەوە دەرێ دەبینم و ئاگاداری هاتوچۆ و جووڵانەوەی گەڕەکم، کە ئەسڵەن بۆ خۆی گەڕەکێکی مردووە. کۆرۆنایش نەبێت هەر مردووە، لێ ئێستا لەم وەرزی کۆرۆنایەدا کپ و بێگیان و مردووترە.
تاکەتاکە مرۆڤ لە پەنجەرەکانەوە دەبینم و ڕەنگە تا دنیا ڕووناکە و تەواوی ڕۆژەکە ژمارەیان نەگاتە 50 کەسێک. بەیانیانی زوو، لە بن دیواری خوارێی ژووری خەوتنەکەم، دەنگی ترپەی پێیە بچکۆلەکانی زارۆکە گچکەکانی باخچەی منداڵانەکەی نزیکێ ماڵمان دێتە گوێم، کە لەلەکانیان دەیانبەنە دەرێ و بەدەم وردە ڕۆیشتنەوە دەنگە ناسکە منداڵانەکانیان، دێنە گوێم.
ئەوەی زۆرتر دڵم پێی خۆشە، سەگەکانن! دوو سەگخانە(باخچەی سەگەل یا سەرپەرشتیخانەی سەگەل یا ماڵەسەگ)، نزیکی ماڵەکەی منن. هەموو ڕۆژانی کار، دووشەممە تا هەینی، کچەکان، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 16-20 ساڵێکدایە، لەلەکانی سەگەکان، کە بۆ خۆیان 3-6 کیژێک دەبن، ئیدی زیاتر یا کەمتر، هەریەکەیان سەری 10-12 پەتی بەدەستەوەیە و ئەوسەری پەتەکان لە ملی 10-12 سەگێکدا ئاڵاون و ژمارەی سەگەکان لە کەمترین جاردا لە 40 سەگێک کەمتر نییە. سەگی گەورە و زەبەلاح، سەگی گچکەی زۆر گچکە، دێڵ، گەماڵ، سەگی سپی، سەگی ڕەش، سەگی قاوەیی، سەگی سادەی یەک ڕەنگ، سەگی دوو ڕەنگ و تێکەڵ، سەگی بۆرە، سەگی بازە، سەگی سەر بە ڕەگەزی جیاواز، سەگی سەر بە بنەچەی جیاواز و هەموو جۆرە سەگێک، ئارام و بێدەنگ بەدەوری لەلەکانیاندا وەک بازنەیەک، مانەندی سەرباز و مەشقپێکراو، دەڕۆن و نە گەنگەشە و نە شەڕ و نە دەنگەدەنگ، نە جیاوازیی چینایەتی و نە فشەکردن و خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و نە ئێرەیی و نە تێڕەیی و چاوچنۆکی، هێمن هێمن، بەڕێز بەڕێز، لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوئاهەنگی و یەکگرتووییدا، نەرم نەرم دەڕۆن و چێژ لەو سروشتە جوانەی دەوروبەری خۆیان وەردەگرن. جارجار لەلەکان ڕادەوەستن و ئەوانیش هەر هەموو ڕادەوەستن. هەموو چاوەنۆڕی فەرمانی دادەکانیانن. من زۆربەی ڕۆژان، نەک بە سایەی کۆرۆناوە، بەڵکە بە سایەی خانەنشینییەوە، ڕۆژانە ئەو دیمەنە، شادییەک، گەشی و خۆشییەک، بە ڕۆحم دەبەخشێ. بۆ من ئەو دیمەنە دەکاتە؛ ژیان. ئێستایش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، کە ئەو گەلە سەگ و لەلە و سرووتە ڕۆژانەیە دەبینم، تێدەگەم، هێشتا خەڵک دەچنە سەرکار، چون ئەو سەگانە بۆیە خراونەتە ئەو سەگخانانە، لەبەروەی خاوەنەکانیان کار دەکەن و چۆن منداڵەکانیان دەبەنە، زارۆکخانە، باخچەی منداڵان، بەو جۆرەیش سەگەکانیان لەو سەگخانانە دادەنێن تا ئەودەمی نزیکەی سەعات 17-18ی ئێواری لە کار دەگەڕێنەوە و سەگەکان و زارۆکەکانیان دەبەنەوە ماڵێ. تا ئەو سەگانە ڕۆژانە ببینرێن، واتە؛ ژیان نەوەستاوە، واتە؛ هێشتا ژیان بەردەوامە.
کۆرۆنا، جموجووڵی مرۆڤ و فڕۆکە و ماشێن و شەمەندەفەر و گەشت و سەیران و هاتوچۆی ڕاگرت و وەک چۆن جاران بەرخ دەکرانە کۆزەوە و مامر دەکرانە کولانەوە، کۆرۆنا، کۆزەکۆزەی لە مرۆڤ کرد و کردنیە کۆزەوە و کردنیە کولانەوە. کۆرۆنا، زەنگێک بوو، دنیایەک شتی وەبیر مرۆڤایەتی هێنایەوە و چەپۆکێک بوو، سروشت، نادادی، هەژاری، هەڵاواردنی مرۆڤ، جیاکاری، ژینگە، کێشایان بە تەپڵی سەری مرۆڤدا بۆ وەئاگاهێنانەوەی، ئەگەر بڕیار بێت وەبیرهێنانەوە و وەئاگاهێنانەوە، زەنگێک بن مرۆڤ بێدار بکەنەوە و دید و وزەیەکی نوێی پێ ببەخشن و وانەیەکی نوێی ژیانی فێر بکەن! کەمجار مرۆڤ وانەیەک لە هەڵەکانی خۆی و هەڵەکانی خەڵک و جڤاک فێر دەبێ!
ئێستا ئێمەی، کە ناچینە سەرکار، ئێمەی لە ماڵەوە تەڕاح و پاڵلێداوە، ئەو کەسانەین، لە کارکردن دووکەوتووینەوە. لاوەکان دەچنە سەر کار، ئێمە ناچین. ئێمە لە ماڵەوە تەنیاین. هەموو هاوتەمەنانی ئێمە، ئەگەر لە هیچ شتێکدا، لە چین و ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و....چون یەک و یەکسان نەبین، لە تەنیاییدا یەکسانین. ئێمە هەموومان لە ماڵەوەین. هەندێکمان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە، خەڵکانی تێپەڕبوو دەژمێرن و هەندێکمان سەگەل دەژمێرن و هەندێکمان هەر چای دەخواتەوە و هەندێکمان هەر خەریکی شیولێنانە و هەندێکمان تەماشای فیلم و تیڤی دەکات و هەندێکمان خجڵی فەیسبووک و وەتس ئاپ و ڤایبەر و ئیمۆ و ئینتەرنێتە و هەندێکمان وەدووی هەواڵدا هەڕا دەکات و هەندێکمان نوقمی لاپەڕەی کتێبانە و هەندێکمان وشە ڕیز دەکات و گوتەیەک، هزرێک، خەیاڵێک دەدەرێنێت، هەندێکمان سوودووکۆ دەکات و هەندێکمان گوێ دەداتە مووزیک و هەندێکمان نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێتەوە و هەندێکمان دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و هەندێکمان بەنێو لیستی ناوی هاوڕێ و دۆست و کەسەکانی نێو تەلێفۆنەکەیدا دەگەڕێ و ئەوەی چوار ساڵیشە پێوەندیی پێوە نەکردووە، زەنگی بۆ لێ دەدا یا لەو جۆرە کەسانەوە زەنگی بۆ لێ دەدرێ و هەندێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەل و زەمتە هیچ، هەر هیچ ناکات و فەلسەفەی «خۆت تەمبەڵی، پاڵدانەوە، هیچنەکردن، دوای ئەوەیش وچاندان و ئیسراحەتکردن» پێڕۆ دەکات، ئەم فەلسەفەیە، لەگەڵ (پەری)ی کچمدا هەردەم توێژینەوەی لەسەر دەکەین و خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکەین و شتی نوێی دەخەینە سەر و جارجار لە (ناز) و (ڕاز)یشەوە سرووشمان پێ دەبەخشرێت. دیارە هەندێکیشمان زۆرێک لەوانەی گوتران، پێکەوە لە ماڵی دەکات. ئێمە هەموومان تەنیایی یەکیخستووین. تەنیایی، کە پتر دەردێکی پێشکەوتن و نوێگەرایی و جڤاکی مۆدێرنە و کەمتر لە جڤاکگەلێ ڕۆژهەڵاتییدا هەبوو و هەیە، هەرچەندە ئێستا مۆبایل و تیڤی و ئینتەرنێت و جیهانگەری و لاساییکردنەوە سەدان تڕوتەشقەڵەی شێوژیانی ڕۆژاوایی و تەکنۆلۆجیا و بەزمی دیکە، پەتای تەنیایی گەیاندووەتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت جڤاکە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانیش. لێرە لە ئەوروپا و بەتایبەت لەم سوێدە، تەنیایی پێوەر و نموونەی ژیانی ستانداردە و پێچەوانەکەی ناستاندارییە.
هەواڵەکانی وەدوویاندا وێڵین، هەواڵی ژیان و مەرگن. لە نێوان ژیان و مەرگدا توێژاڵێکی هێندە تەنک هەیە، کە ئێستا لە هەموو دەم زیاتر، ئێمەومانان هەستی پێ دەکەین و دەیبینین. میدیاکان پەیتا پەیتا هەواڵی مەرگمان بەسەردا دەبارێنن و وێنەکانی مەرگمان پێشان دەدەن و پێ دەگەیەنن. مرۆڤی پێش ئەم پەتایە، دیارە نە هەموو مرۆڤ، تەنێ یەک شتی دەزانی، ڕاکەڕاکەی ژیان و هەڵپە، بۆ زیاتر پەیداکردنی سامان، پارە، دەوڵەمەندی، دەسەڵات. مرۆڤ وەدووی دنیاویستی و دنیاری و خۆویستیدا غاری دەدا. مرۆڤە گەورەساڵەکان، کاتیان بۆ زارۆک، بۆ خۆیان، بۆ خێزان و خۆشەویستانیان نەبوو. کاتیان نەبوو بیر بکەنەوە. کاتیان نەبوو جوانیی ببینن. کاتیان نەبوو چێژ لە سروشت لە دەنگی سروشت، لە هاژەی با، لە جریوەی مەل، لە دەنگی بێدەنگی، لە دەنگی ئاژەڵ، لە دەنگی خاک، لە دەنگی گیا و گوڵ و ئاو و درەخت و ژین وەربگرن. ئەگەر کۆرۆنا وانەیەک بە مرۆڤ ببەخشێت، ئەوا مرۆڤی دوای کۆرۆنا، وەک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نابێت. کۆرۆنا ئێمەی تەنیا خست و ئێمەی کەنار خست، ئێمە ئێستا تەنێ خۆمانین و کەسمان لەگەڵ نییە. ئێمە تەنێ بیر لە دەستشۆردن و خۆخاوێنکردنەوە و دەستوەرنەدان لە دەم و کەپوو و چاو و ڕوومەتمان دەکەینەوە. ئێمە ئێستا بیر لە خواردنەوەی گەرم و شلەمەنی و شتی بەسوود بۆ بەرگریی لەش دەکەینەوە. ئێمە ئەگەر ناچاریش بین بچینە فرۆشگەیەک بۆ کڕینی پێویستییەک، خۆراکێک، خۆمان لە مرۆڤ دوور دەگرێن، نامانەوێ کەس ببینین. تۆ خەڵکی هەرکوێیەکی، چ ڕەگەزێکی، ئێستا تۆیش و هەموو ئەوانی دیکەیش لە نێوان ترس و مەرگدان، ئێمە لە بەرزەخداین، ئێمە هەموومان لەو نێوەندەداین.
ئێمە، ئێستاکە و پێشتریش، پێش کۆرۆنا و لە وەرزی کۆرۆنایشدا، دوو جۆر ئێمەین. ئێمەی پایینی پلیکانەکەی جڤاک لە ڕووی چینایەتییەوە و ئێمەکانی دیکەی باڵای پلیکانەی جڤاک لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمەگەل، بەسەر دوو چیندا و هەندێ جار پتریش دەبەش دەبین. ئەوانەی سەرێ، ئەوانەی باڵای جڤاک، سواری چ شەپۆلێک بووبوون و بەرەو کوێ هەنگاویان دەنا! ژیانیان پڕ لە پەلە و کار و جووڵە و مەشغەڵەت و فریانەکەوتن و بێکاتی بوو. خۆیان بزر کردبوو و لە ڕاستی هەڵدەهاتن. ئەوان ئێستایش لەم کۆرۆنابارانەدا دەتوانن، لە ڕەوشێکی تردا بن. ئەوان دەتوانن وڵات جێبهێڵن و بەرەو دوڕگەیەکی چۆڵ لە خەڵک، بەڵام پڕ لە ئامرازی پشوو و خۆشگوزەرانی بڕۆن و لەوێ دوور لە مرۆڤ، لەنگەر بگرن و خۆ بپارێزن و کۆرۆنا ڕوویان تێ نەکات. ئەوان دەتوانن بە زەنگێکی تەلیفۆن یا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، نەک سێ ژەمە، بەڵکە چوار ژەمە و حەفت ژەمە و فرەتریش، لەگەڵ نایابترین جۆری خواردنەوە و سەد بەزمی دیکە، بهێننە بەردەرکەی ژووری خەوتنەکەیان. ئەوان دەتوانن ئەگەر تووشی دەردیش بن، بە زەنگێک، باشترین پزیشکی تایبەت و باشترین نەخۆشخانەی تایبەت و نایابترین دەرمان، بگەنە خزمەتیان و چارەسەری دەردەکانیان بکرێت. هەرچی ئێمەکانی خوارێی پلیکانەکەین، کونجی ماڵ و چاوەڕوانی خۆمتکردن، تەنانەت ئەگەر دەردەکەیش سەر و دڵی گرتین، تاکە ڕێگەمانە لەم کاتەیشدا. ئێمە باجی کارە چەپەڵەکانی ئەوانەی سەرێی پلیکانەکە دەدەین. ئێستا، کە کۆرۆنا بەر دەرکەی لێ گرتووین، ئێمەکانی خوارێ، خۆمان دەدۆزینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندە لاوازین، چەندە هیچ نین، چەندە بێدەسەڵاتین. ئێستا، لە ڕۆژێکداین، هێندە دەستەپاچەین، دەزانین هیچ شتێک دادمان نادات، ئێمە، ئێستا باجی تەواوی ئەو کارە نابەجێیانەی دەسەڵاتداران و زلهێزان و دارایانی ئەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەدەین. ئێستا پێویستمان بە ڕاوەستان و تێگەیشتنمانە لە سەرقاڵی و خجڵبوون.
ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لەوەی، کە زەوی هێندە باری گرانە، ئیدی توانستی هەڵگرتنی ئەو هەموو کاڵا و بەرهەم و شتومەکە بێفەڕ و بێکەڵک و زیادە و ژینگەوێرانکەرانە نەماوە. ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە گرنگیی پێوەندداری، تێکەڵاوی، یەکدی بەسەرکردنەوە، خۆشەویستی، کات تەرخانکردن بۆ یەکدی. ئێمە لە کەشوفش و تەرەفێکدا دەژیاین، تەنیا بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەبینی. پێمان وابوو ئەوانە هەموو کێشەکانمان وەلاوە دەنێن. ئێمە هەمیشە ترس و دڵەوڕاکێی لەدەستدانی بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان بوو. ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانمانی ئاڵۆز کردبوو و مێشک و بیر و دیدمان ئاڵۆزکاو بوو. هەموومان مرۆڤگەلێکی ئاڵۆزکاو بووین. کۆمەک و هاریکاری و بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤی خودان پێویستی و لێقەوماومان فەرامۆش کردبوو. ئێمە نەماندەزانی، هەموو مرۆڤایەتی گرێدراوی یەکدین. ئێمە دەبێ جیهان بە جۆرێکی دیکە بینا بکەینەوە. جیهانێک بهێنینە گۆڕێ و دروست بکەینەوە، مێشک و بیر و دەروونی مرۆڤ، لەسەر بنەما و بناخەی خۆشەویستیی مرۆڤ و هاریکاری و کۆمەک و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی، بینا بکاتەوە، چون بێ ئەوانە، بێ مێشک و دەروونی ئاسوودە و دروست و ئارام، لەشساغی نایەتە گۆڕێ.
جیهان بۆ دەبێ دوای ڕێبەر و دارا و دەسەڵاتدارگەلێک بکەوێت، خۆیان بخەنە پێش هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە و هەموو بەرژەوەند و ئارەزوو و خواستەکانی خۆیان، بە پێویست بزانن و وەپێش هەموو کەس و هەموو شتێکی دیکەی بخەن! وەها ڕێبەرگەلێک دەبێ نەمێنن و وەلا نرێن. بۆ بەرەوڕووبوونەی هەر نەهامەتی و دەرد و پەتا و ئاریشەیەک، مرۆڤ، گەل، خەڵک پێویستیان بە شارەزا و زانای باوەڕپێکراو هەیە، پێویستیان بە باوەڕبوون بە دەسەڵاتدارانێکی دڵسۆز هەیە، دەسەڵاتدارگەلێک، هەرچەندە دەگمەنن، کە خەمی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەخۆن، وڵاتەکانیش پێویستیان بە باوەڕبوون بە یەکدی هەیە. لە جیهاندا سەدان میلیۆن مرۆڤ هەن تەنانەت سەرەتاییترین مەرجەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤیان نییە، ئیدی لە ئاوی خواردنەوەوە بیگرە و بە نان و کوڵبەیەک بۆ تێدا ژیان و پۆشاک و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە تا دەگاتە خزمەتی تەندروستی و پزیشک و دەرمانیان نییە، کە هەموو ئەوانە دەبنە هۆی مەترسی و دژواری، نە تەنێ بۆ ئەوان، بەڵکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
دەوڵەتەکان، نەتەوەکان، لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، تەنێ بیر لە لەشساغی لەنێو وڵات و خەڵکانی خۆیاندا بکەنەوە، لێ دابینکردنی چارەسەر و تەندروستیی باش بۆ هەر وڵاتێک چین، ئیتالیا، کووبا سۆمال یا ئێران، بە قازانجی گەلانی فرانسا، ئەمەریکا، برازیل یا سوێدیش دەگەڕێتەوە. تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆنا یا هەر پەتایەکی دیکە، لە ئێران، چین، ئیتالیا یا سپانیا، هەڕەشەیەک نییە تەنێ بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرانە، بەڵکە بۆ هەموو یەکێک لە ئێمە لەم جیهانەدا. هەموو مرۆڤایەتی لەسەر یەک تۆپی زەوی دەژین، ئاو و هەوا و خۆر و سروشت و ژینگە و خاک و ئێستا و داهاتوویان، گرێدراوی یەکدین و لە ژیان و مردندا هاوبەشن. هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە پاراستنی هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو ئاژەڵێک، هەموو درەختێک، لە هەموو وڵاتێک، لە هەموو جیهاندا. ڕێبەر و سەرکردەی توانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار بۆ کارەساتگەلێکی وەک کۆرۆنا لە جیهاندا پێویستن.
ئێمە، کە لەنێو ماڵدا خۆمان حەشارداوە، ئەگەر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەیڵێین، وادەزانین لەبەر هەموو دەرگا و هەموو پەنجەرەیەک و لەژێر هەموو بەرد و تاوێرێک و لەبان هەموو دار و دەوەن و بنجک و تەختە و هەموو توێکڵە میوەیەک و لەبن هەموو دیوارێکدا، کۆرۆنا خۆی مەڵاس داوە و زۆرجاران وا بیر دەکەینەوە و وامان بە خەیاڵدا دێت، کە ئەگەر دەرگا یا پەنجەرە یا هەر کونێکی ماڵەکەمان کراوە بێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەلام و چاک و خۆشی، خۆی وەژووردا دەکات، وەک چاوەڕوانی کردنەوەی دەرکە و پەنجەرە و دەلاقە و کون و کەلەبەر بێت بۆ هاتن بۆ نێو ماڵ.
ئەوەی ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، باجی هەڵسوکەوت و بەرخورد و ڕەوشتە نامرۆڤانەییەکانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکانی سەر گۆی زەوییە. زادەی چاوچنۆکی و گەنهزرینی ئەوانەن، هەوساری جیهانیان بەدەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان داژۆن و مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەبەینچوون دەبەن. ئێستا جیهانی سەرمایەداری زۆر ئاشکرا و بێ شاردنەوە، لە زمانی سەرکردەکانیانەوە، باس لەوە دەکەن، کە چاوەڕوانی لەبەینچوونی70%ی خەڵکانی وڵاتەکانیانن و داوا لە خەڵک دەکەن، ئامادەی ئەوە بن، ماڵاوایی و خوداحافیزی، بۆ دواجار، لە خۆشەویستان و کەسە نزیکەکانیان بکەن، چونکە ئیدی ڕەنگە نەیانبیننەوە! ئەو کەسە نزیکانە و ئەو خۆشەویستانەی ئەوان باسیان دەکەن، پیرەکانن، حەفتاساڵان و بانتر. ئەوانەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو کارا و پڕهێز و گورجوگۆڵ، کاریان دەکرد و بەرهەمیان هەبوو و خشتیان دەخستە سەر خشت و ئەم جیهانەی ئەمڕۆیان دروست دەکرد.
جیهانی سەرمایەداری، ئەورووپا، ئەمەریکا و... ڕێژەی پیر لە وڵاتەکانیاندا 70% پێکدەهێنن و گەنجیان کەمترە. کەمتر زاوزێ دەکەن و منداڵیان کەمتر دەبێت. مرۆڤیان تەمەندرێژن و درەنگ دەمرن. هەشتا و نەوەت و سەت ساڵانیان فرەن و زۆر جاریش لە دەرێ دەبینرێن و چالاکن و وەرزش دەکەن و دەژین. ئەو پیرانە، نزیکەی هەر هەموویان بەتەنێ دەژین. ئەگەر لە ماڵێکیشدا بەتەنێ نەژین، لە خانەی پیران هەریەکە و ژووری خۆی هەیە. ڕۆژاوا و جیهانی سەرمایەداری، لەوە تێدەگەن، کە ئەم هەموو پیرە، کار ناکەن، بەرهەمیان نییە، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، دەمیان هەیە و دەستیان نییە، پێویستیان بە دەرمان و کۆمەکی لەشەکی و مەسرەف و خۆراک و هەموو شتێکە و بۆ خۆیشیان توانستی دابینکردنی ئەو هەموو شتەیان نییە، ئیدی بوونی ئەمانە، لە چاوی سەرمایەداری و ڕۆژاوای بێدڵ و بێبەزەییەوە، زیادەیە و کەمبوونەوە و نەبوون و نەمانیان، سەرمایەداری و سەرمایەداران، بە قازانجی دادەنێن.
ئەو تێڕوانینە بۆ خەڵکانێکی بێبەرهەم و «دەمدار و بێدەست»، زادەی ئەم ڕۆژگارە نییە، بەڵکە بنجوبناوانێکی لە بڕێک دید و هزردا هەیە، کە لەمێژە لەنێو جڤاکی ڕۆژاوادا هەن. هزر یا تیۆرییەکەی مالسۆس2[ii] لەمەڕ زانستی دانیشووانەوە، کە لە 1798دا، لەژێر ناونیشانی «گوتارێک لەمەڕ بنەما گشتییەکانی دانیشتووان»دا، بڵاوی کردەوە، دەڵێ: «هێزی زیادبوونی دانیشتووان مەزنترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا.» مالسۆس، پێی وایە ژمارەی مرۆڤ هەر 25 ساڵ جارێک بەگوێرەی یەک بەدوای یەکی ئەندازەییدا (4-8-16-32-64-128...) زیاد دەکات، هەرچی بەرهەمی خۆراکە بە گوێرەی یەک بە دوای یەکی ژمارەییدا (10-20-30-40-50...) زیاد دەکات. مالسۆس دەڵێ: «مادام مرۆڤ بەبێ خۆراک ناتوانێت بژی، ئەم دوو هێزە نایەکسانە لە گەشەسەندندا، دەبێ هەندەک ڕێگر بێتە ڕێیان بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێ بێت، واتە: کەمکردنەوەی ڕێژەی زیادکردنی دانیشتووان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا هاوتا ببنەوە.» بەگوێرەی مالسۆس ئەم ڕێگرییانەی، کە ڕێگری لە زاوزێی خەڵک دەکەن، هەم نەرێنی و هەم ئەرێنین. هۆکارە نەرێنییەکان، لە شوونەکردن و ژننەهێناندا بە هۆی دەستکورتییەوە دەبینرێن، هەرچی هۆکارە ئەرێنییەکانن لەپاش سەرنەکەوتنی هۆکارە نەرێنییەکان دێن، کاتێک سروشت و مێژوو، بە نەخۆشی و برسییەتی و جەنگ، قڕ دەخەنە نێو مرۆڤ، ئەو کاتە ئیدی هاوسەنگی لە نێوان دانیشتووان و خۆراکی دەستەبەرکراودا ڕادەگیرێت. ئەوەی مالسۆس ئاماژەی پێ دەکات، لە ململانێیەکانی باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاری تۆپی زەویدا و لە سیاسەتی ڕێژیمە نازیست و فاشیست و سەرمایەدارییەکاندا، هەمیشە بینراوە. هەموو ئەم ڕێژیمانە، قڕکردن و کوژتنی بەکۆمەڵی گەلانیان، ئافراندووە و ئەنجام داوە. لە دوو جەنگی جیهانیدا و لە دەیان جەنگی کۆڵۆنیالیزمدا، دیوە دزێوەکەیان وەدەرکەوتووە.
کورتەی بیرۆکەیەک مالسۆس دەریدەبڕێ دەڵێ: «ئەو مرۆڤەی کەسێکی نییە بیژێنێت و ناتوانێت لەنێو جڤاکدا کارێکی دەست کەوێت، دەیشبینێت لەسەر خاکەکەی خۆیشیدا، چ بەشە خۆراکێکی چنگ ناکەوێت و نییە، ئیدی لە ئەنجامدا، ئەو کەسێکی زیادەیە لەسەر خوانی سروشت، چون ئەو دەورییەکی نییە لەنێو دەورییەکاندا و بەو پێیەش سروشت فەرمانی پێدەدا زەمەن جێبهێڵێت.»
کە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و کەمیی بەرهەم، بگاتە بارگرانیی زەوی و تەحەممولنەکردنی (carrying capacity of land)، بە بۆچوونی مالسۆس، ئیدی ڕەوشەکە دەگاتە قۆناخی چڕی و تەقینەوەی دانیشتووان و بەو پێیەش ڕۆژێک دادێ خۆراک بەشی دەمە برسییەکان ناکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی جەنگ لەپێناوی خۆراک و ئاودا، ئەوە لایەنە نێودەوڵەتی و جیهانییەکەی، هەرچی پێوەندداریشە بە یەک جڤاکەوە، لەنێو یەک جڤاکدا، دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤە بەهێز و تواناکان. ئیدی هەژاری و دەرد، بڵاو دەبێتەوە و جەنگیش لە نێوان دەوڵەتاندا و هەژاری لەنێو یەک جڤاکدا دەبنە واقیع و ڕاستی.
مالسۆس دەڵێ: «جڤاکی مرۆڤایەتی بەم جۆرە تەنێ ململانێیە، ژیان بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، باشترین و سامان و داراییش لەم ململانێیەدا، تەنێ خەڵاتە بۆ ئازا و لێهاتووەکان.» هەموو ئەو ڕێگرییانەی بەلای مالسۆسەوە پێویستن گەرەکە بکرێن یا بێنە دی: برسییەتی، دەرد، جەنگ، هەموو ئەمانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار و گەشەنەسەندوودا ڕوو دەدەن و دەبنە هۆی لەنێوبردنی بەشێک لە دانیشتووان، کە ئیدی هاوتایی و هاوسەنگیی بۆ دانیشتووان و چەندیەتی خۆراک دەگێڕدرێتەوە، دیارە بۆ دەسەڵاتداران و دارایانی ئەو وڵاتانە، نەک هەموو مرۆڤەکان. ڕێگرییە خۆپارێزی و ئارەزوومەندییەکان، ژنومێردایەتی نەکردن یا دواخستنی، ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا باوە، کە لە کۆتاییدا هاوسەنگییەک لە نێوان ژمارەی دانیشتووان و چەندیەتیی خۆراکدا دێتە گۆڕێ.
مالسۆس، گۆڕان و گەشەکردنی دۆزینەوە و داهێنانە زانستییە نوێیەکان و ئاستە هونەرییەکانی، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم بە ڕێژەیەکی زۆر، لەبەرچاو نەگرتووە. هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاگایی فەرهەنگی، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زاوزێ، نەک بە هۆی ژنومێردایەتینەکردن، یا دواخستنی، بەڵکە بە هۆی بەکارهێنانی ئامرازی زانستیی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی، لەبەرچاو نەگرتووە. ئێستا ڕێژەی زیادەی خۆراک گەلێک لە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان زیاترە، بەتایبەت لە گەلێک لە وڵاتانی پیشەسازییدا، مالسۆس ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە. مالسۆس، نادادی و ناهاوسەنگی و ناهاوتایی، لە دابەشکردنی خۆراکدا، لە نێوان وڵاتانی دەوڵەمەندی باکووری زەوی و وڵاتانی هەژاری باشووری زەوی، کە کەمینە بەشی زۆرینە دەخوات، لەبەرچاو نەگرتووە. لەگەڵ هەموو کێماسییەکدا لە تیۆرییەکەی مالسۆسدا، ئەم تیۆرییەی بوو بە بنەمایەک و تیۆری (چێبوون و گەشەکردن/ Theory of Evolution/ نظریة النشوء والإرتقاء)ی چارڵس داروین[iii] و تیۆری (مانەوەی تواناکان /بەهێزەکان/ Theory of Survival of the fittest / البقاء للأصلح)ی فرێدریک نیچە[iv] (Friedrich Nietzsche]ی بەرهەم هێنا، کە بوون بە سرووشبەخشی نازیزم و فاشیزم و کۆڵۆنیالیزم و کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.




[i] ئەحمەد شاکەلی.
[ii] تووماس ڕۆبێرت مالسۆس/Thomas Robert Malthus/1766-1834)، ئابووریناس، نووسەر، ئامارکار، زانای دانیشتووان، قەشە، کۆمەڵناس، ماتماتیکزان و زانایەکی ئینگلیز بوو. خاوەنی چەندین تیۆری و کتێبە لە بواری ئابوورییدا.
[iii] داروین(Charles Robert Darwin/ 1809-1882)، زانایەکی مێژووی سروشت و جیۆلۆجییەکی بریتانییە.

[iv] نیچە(FriedrichNietzsche / 1844- 1900) ، فیلۆسۆف و ڕخنەگری فەرهەنگی و شاعیر و ئاوازدانەر و زمانەوان و توێژەرێکی ئەڵمانییە و لە زمانانی لاتینی و یۆنانییدا توێژینەوەی کردووە و کارەکانی گەلێک کاریگەرییان لەسەر فەلسەفەی ڕۆژاوایی و مێژووی هزری نوێ و هاوچەرخ هەبووە. کتێبی «زەردەشت وای گوت»، کە بە ئەڵمانی (Alsosprach Zarathustra)یە، بە گرنگترین کتێبەکانی نیچە دادەنرێت.

تاگەکان    
یادەوەری مێژوو سۆفیگەری فیکر کۆرۆرنا بوووژانەوە ئازادی پارەی ئیلیکترۆنی فەرهەنگ فەلسەفەی ئەخلاق مانا فەڵەستین ئایین ڕانانی کتێب ئیسرائیل
ئەدەب
2020-03-28 کۆمێنت 1379 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی