زانست لە نێوان بەخۆنازینی دوێنێ و دەستەوسانیی ئەمڕۆدا

نووسینی: ڕێناس ئەحمەد
فیکر 2020-03-23 کۆمێنت 2442 جار بینراوە
لە گۆڕینی سەری مرۆڤەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە دوای سەردەمی ڕێنیسانس و تیۆرییەکانی کۆپەرنیکۆس و گالیلۆ لەسەر سەنتەرنەبوونی زەوی و ڕوانینەکانی نیوتن لەسەر جووڵە و کێشکردنی زەوی و، بەدوایدا بیردۆزی پەرەسەندنی داروین لەسەر ڕەچەڵەکی مرۆڤ و، پێشکەوتنە پزیشکی و تەکنیکییەکان، پێگەی زانست زیاتر لە ئاستی خۆی بەرز کرایەوە و، کرا بە ئایینێک بۆ جێلەقکردنی هەموو ئایینەکانی تر کاری لەسەر دەکرا.
لێ لە سەدەی بیستدا تا ڕادەیەکی زۆر، تێگەیشتنەکە ئاوەژوو بووەوە، بەتایبەتتر دوای دۆزینەوەکانی ئەنیشتاین و نیلز بۆر و ماکس پلانک، لەمەڕ ڕێژەییبوونی کات و، فراوانیی گەردوون و، تیۆری کوانتەم و قسە و لێکدانەوە سەیرەکانی و، تیۆری تەقینەوە گەورەکە، مرۆڤ جارێکی تر ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جددی کردەوە کە هەر بە ڕاست زانست هێندەیش بەهێزە کە جێی خوامان بۆ بگرێتەوە؟
لێرەوە دەبینیت لە ڕۆژئاوایشدا، لەنێو خەڵکی گشتی و چینی زانایانیشدا گەڕانەوەیەک بەرەو ئایین و باوەڕهێنان بە خودا بووە مۆدێل.
مرۆڤ بەگشتی دارای تێڕوانینێکی تەنگە و، زۆرجار تەنیا ئەو شوێن و کاتە دەبینێت کە تێدایە، بۆیە بە کەوچکێک ئاو خۆی بۆ زەرگە ئامادە دەکات. بە دوو دۆزینەوەی زانستی لە خۆی دەگۆڕێت و سواری شەپۆلی زانستگەراییەکی کوێرانە دەبێت کە لەگەڵ بیروڕای چەند ساڵەیدا دژ دێتەوە - هەڵبەت خودی زانستەکە نا، بەڵکو ئەو دیدە فیکریانەی لەسەری هەڵدەچنرێن.- دیسان لەگەڵ چەند دۆزینەوەیەکی تردا کە ئەوانەی پێشوو بە هەڵە دەخەنەوە، یاخود ئەو دۆزینەوانە بچووکی و بێدەسەڵاتیی مرۆڤ دەردەخەن، جارێکی تر بارگە و بنەی دەپێچێتەوە و سواری شەپۆلێکی تر دەبێت و دەست بە ڕۆحانیبوون و خواپەرستییەوە دەگرێت. «وَمِنَ النَّاسِ مَن يَعْبُدُ اللَّهَ عَلَىٰ حَرْفٍ؛ کەسانێک هەن تەنیا لە کەناردا خوا دەپەرستن»، یانی لەسەر هێڵن و هەمیشە ئەمدیو و ئەودیو دەکەن.
لە کۆتایی سەدەی بیست و چارەکی سەدەی بیستویەکیشدا، جارێکی تر مرۆڤ زانستی بردۆتە سەر عەرشی خودایەتی و، بۆ هەموو شتێک لە بارەگایدا دەپاڕێتەوە.
زانست ئێستا بووە بە یەکەمی بێڕکابەر، ئەوەتا یەکێک لە گەورەترین زاناکانی فیزیا، ستیڤن هۆکینگ، پێمان دەڵێت؛ چی دی فەلسەفە مرد. ئاخر فەیلەسووفەکان ناتوانن بە ڕێکی و جددی زانست بەکار ببەن، بۆیە ئیتر ناتوانن بانگەشەی بوونی مەعریفەیش بکەن. لێرەوە هۆکینگ فاتیحەی هەموو دید و تێڕوانێکی دەر لە زانست دەخوێنێت.
ساڵی ٢٠١٥یش، سیرجیۆ کاناڤیرۆ،کە پزیشیکێکی ئیتاڵییە و نەشتەرگەری مێشک و دەمارە، بانگەوازی توانای گۆڕین و چاندنی سەری لە مرۆڤێکەوە بۆ یەکێکی تر ڕاگەیاند، کە ئەمە باوەڕی خەڵکی بە زانست گەیاندە ترۆپک و، هەمووان لە دەسەڵاتە ڕەهاکانی زانست وەک مۆدێرنەترین خوای مرۆڤ، گومانیان نەما!
چی دی لەناو چینی باوەڕدارانیشدا، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان بە هەر دەستەوسانی و دەردێکدا، یەکەم شتێ بیری لێ دەکەنەوە، زانستە وەک فریادڕەسێک، دوای ئەو، ئەو خوایە دێت کە بڕوایان پێیەتی.
لێرەوە جێی ئەوەیە بپرسین، ئایا زانست خودایە، ئایا دەکرێت ڕۆڵی خوا بگێڕێت؟
زانستێک سەرەتای گەردوونت بۆ شی بکاتەوە و پێت بڵێت، گەردوون لە هیچەوە دروست بووە. هەموو کارەکانی ژیانت بۆ ڕاپەڕێنێت و تەواوی ئاسانکاریت بۆ بکات و، لە سەرەتا و کۆتایی گەردوون بۆت بدوێت و، خەبەری ئۆقیانووسەکان و بومەلەرزە و پێکهاتەکانی ناخی زەویت نەک تەنیا لە ئێستادا بەڵکو ملیۆنان ساڵ پێش ئێستەیش، پێ بڵێت، ئایا ناکرێت بە خوا بزانرێت؟

مرۆڤ کائینێکی بێهێزە و، ئەمە تێڕوانینی دیندار و بێدینە، زۆرێک لە دینناسەکان باس لەوە دەکەن، کە مرۆڤ لەبەر ئەوەی کائینێکی لاوازە، پەنای بۆ دروستکردنی ئایین و خوایەکی بەهێز بردووە، ئەو هەمیشە شەیدای کەسی دەسەڵاتدار و بەتوانایە، بۆیە لە سەردەمانێکدا لەوپەڕی لاوازیدا بووە و لە ئاست ڕووداوە سروشتییەکاندا دەستەوسان بووە، خودای وەک باوکێکی بەهێزی دڵسۆز و داڵدەدەر دروست کردووە.
ئەم تێڕوانینە زۆر دروست و ڕێکە بەڵام بە دەستکارییەکی وردەوە، کە ئەویش ئەوەیە؛ ئەو ترس و لاوازییە خوای لە مرۆڤدا دروست نەکردووە، بەڵکو خوای بۆ مرۆڤ دۆزیوەتەوە، ڕێنیشاندەری مرۆڤ بووە تا بگات بە خوا.

کاتێک مرۆڤ پەی بە لاوازیی خۆی دەبات و زانستیش وەک فریادڕەسێکی بەهێز دەبینێت، بێ ئەوەی نییەتی پەرستنی لێ بێنێت و لە سەعاتێکەوە شایەتی بەحەق بۆ زانست بدا، دەبینێت بووە بە بەندەی زانست و، هەموو شتێ بە پێودانگی ئەو دەپێوێت و، هاواری هەموو ئاتاجی و پێویستییەکانی بە گوێی ئەودا دەدات، کە کرۆکی پەرتشیش هەر ئەمەیە.

لێ گەر مرۆڤ تاوێک خۆی بخاتە خەڵوەتەوە و، دەست بخاتە سەر دەمی ڕاگەیاندنی گومڕاکەر، بۆی دەرەکەوێت کە زانست زۆر لەو ئاستە نەویترە کە پێی دراوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوامان لێ دەکات تۆزێ وردتر لە زانست بفکرێین. ئاخر زانستێک تا دوێنێ باسی گۆڕینی سەری مرۆڤی دەکرد و، ئاوی لە مەریخدا دەدۆزییەوە، چی بووە وا ئێستا لە ئاست ڤایرۆسێکی هەرە‌گچکەدا بێدەسەڵاتە؟
ئەمە هەمان واقیعە کە وای لە ئەلیکسس کاریڵ کرد، دوای ئەوەی نۆبڵ وەربگرێت لە پزیشکیدا، هێشتا هەر بڵێت مرۆڤ کائینێکی نەزانراوە و، زانست کەشفی نەکردووە.
ئاخر زانست لە دەرەوە زۆر جوان و ڕازاوەیە، لێ کە دەڕۆیتە ناوییەوە، کەلەبەر و کورتییەکانی دەرک دەکەیت.
بۆیە زانست بەری کونجکاوی و فزووڵیی مرۆڤە و، جگە لەوەی چالاکییەکی ئاوەزی مرۆڤ بێت، توانستی هەڵگرتنی هیچ ناو و وەسفێکی تری نییە.
تاگەکان    
ئاوی زەمزەم فەلەستین ڕانانی کتێبب نیشتیمان ڕەخنە دەروون سایکس-بیکۆ کوردستان مۆدێرنیتە وەلی ئەمر حزبی ئیسلامی قودس عەبدولکەریم سرووش مێژوو عێڕاق
فیکر
2020-03-23 کۆمێنت 2442 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی