وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ، لەژێر سێبەری یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو

نووسینی: محەمەد حەیدەر
فیکر 2020-03-11 کۆمێنت 6190 جار بینراوە

یەکەم: هۆکارە ڕێگەپێدراوەکان:

١. ئەگەر لەناو یاریی تۆپی پێدا «A» تۆپێکی بەتوندی هاویشت و بەر سەری «B» کەوت و دەستبەجێ بووە هۆی مردنی، ئایا «A» بەرپرسیار دەبێت لە مردنی «B»؟
وەڵام: «A» هیچ بەرپرسیارییەکی ناکەوێتە ئەستۆ، چونکە بەپێی ماددە (٤١-ف٣) بە تاوان دانانرێت گەر کارەکە لە ئەنجامی بەکارهێنانی مافێکی یاسایی کەوتەوە و، بە بەکارهێنانی ماف دادەنرێت. بڕگەی سێیەم: ئەو کارە توندوتیژیانەی دەکەونەوە لە کاتی یارییە وەرزشییەکاندا گەر ڕێساکانی یارییەکەی تێدا ڕەچاو کرابوو.
واتە لە هەر وەرزشێکدا کە یاسا دانی پێدا نابوو و، زیانێک کەوتەوە لە ئەنجامی ئەو چالاکییە وەرزشییەدا ئەوا وەرزڤانەکە بەرپرسیارێتیی سزایی و شارستانی ناکەوێتە ئەستۆ، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێت بکەری کارەکە نییەتی خراپ نەبێت ئەگینا کەسەکە بەرپرسیار دەبێت، چونکە ڕێسایەکمان هەیە دەڵێت «الغش یفسد کل شيء» و ئەمەیش سەلماندنی قورسە.


٢. گەر «A» منداڵی «B»ی ڕفاند و لەو کاتەدا «A» پێی زانی و بووە شەڕیان، لە هەمان کاتدا «C» دراوسێیان بەوێدا تێپەڕی و ڕووداوی شەڕەکەی بینی و بۆ ئەوەی بەرگری لە «B» و منداڵەکەی بکات، دەستبەجێ تەقەی لە «A» کرد و کوشتی، ئایە «C» هیچ بەرپرسیارێتییەکی دەکەوێتە گەردن؟
وەڵام: «C» هیچ بەرپرسیارێتییەکی ناکەوێتە گەردن، چونکە بەپێی ماددە (٤٢) بە تاوان دانانرێت هەرکەسێک تووشی مەترسییەکی یەکاویەک لەسەر گیانی یان ماڵی بویەوە یان وا هەستی کرد کە تووشی ئەو مەترسییە بووە و هەستکردنەکەیشی لەسەر بنەمای مەعقوول بوو و، هیچ ئامرازێکی دیکە نەبوو پەنای بۆ ببات بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات لەو مەترسییە و، نەیتوانی پەیوەندیی بە دەسەڵاتی گشتییەوە بکات بۆ ڕزگاربوون لەو مەترسییە لە کاتی پێویست، هەرچەندە مەترسییەکە تووشی «C» خۆی نەبووەتەوە و تووشی «B» و منداڵەکەی بووە، بەڵام کارەکەی «C» لە‌‌‌ حاڵەتەکانی مافی بەرگری ڕەوا دادەنرێت بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەکە ئەم مافە دروست دەبێت جا چ مەترسییەکە بەر گیانی کەسەکە و ماڵەکەی بکەوێت یاخود بەر گیان و ماڵی کەسێکی دیکە بکەوێت و، بەپێی ماددە (٤٣) ڕفاندن یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە ڕێگە بە تاوانلەسەرکراو دەدات کە تاوانبار بکوژێت.
سەرنجێک: لێرەدا پرسیارێکی دیکە سەر هەڵدەدات ئەویش ئەوەیە: «گەر هات و کەسێک لە حاڵەتێکدا پێویستی بە یارمەتیی بوو و کەسێکیش بەوێدا تێپەڕی، ئایە ئەوکەسە بەرپرسیار دەبێت گەر یارمەتیی نەدات؟»
 لە وەڵامدا: بەپێی ماددە (370-٢٠) سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە شەش مانگ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە پەنجا دینار زیاتر نەبێت. هەرکەسێک بەبێ بوونی پاساو کەمتەرخەم بوو یان لاریی کرد لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوێک لە کارەساتێک یان تاوانلەسەرکراوێک لە تاوانێکدا، بۆیە کەسەکە -وەک C لەم نموونەیە- بەرپرسیار دەبێت لە یارمەتینەدانی ئەوکەسەی پێویستی بە یارمەتیدانە، ئەوەیش بەپێی ئەم ماددەیە.


٣. «A» فەرمانبەری گشتیی دەوڵەتە و هەستا بە دەستگیرکردنی «B» بە فەرمانی سەرۆکەکەی، بەڵام دوایی دەرکەوت کە فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەپێی یاسا نەبووە، ئایە «A» بەرپرسیار دەبێت لەو سەرپێچییە؟
وەڵام: بەپێی ماددە (٤٠) هەر فەرمانبەرێکی فەرمانی سەرۆکەکەی بە نیازێکی باش جێبەجێ کرد، ئەوەی کە دەیکات یاساییە یان بۆی نەبوو پرسیار بکات ئەوا بەرپرسیار نابێت لە هەر زیانێک کە دەکەوێتەوە و، ئەمەیش حاڵەتی «جێبەجێکردنی ئەرکە» کە یەکێکە لە هۆکاری ڕێگەپێدراوەکان.

دووەم: نەمانی بەرپرسیارێتی:
٤. ئەگەر «A» لەگەڵ «B» لەسەر شاخێکدا کەوتنە خوارەوە و هەردووکیان دەستیان گرت بە لقی دارێکەوە و دارەکە توانای هەڵگرتنی هەردووکیانی نەبوو بۆیە «A» پاڵی نا بە «B»یەوە و فڕێی داوە خوارەوە، ئایە «A» بەرپرسیارێتیی لەسەرە؟
وەڵام: «A» هیچ بەرپرسیارییەتێکی سزایی ناکەوێتە سەر، چونکە بەپێی ماددە (٦٣) بەرپرسیارێتیی سزای ناکەوێتە سەر کەسێک تاوانێکی کرد بە هۆی ناچارییەوەی بۆ پاراستنی گیانی خۆی، کەسانی تر، ماڵەکەی یان ماڵی کەسانی تر لە مەترسییەکی یەکاویەک کە خۆی نەبۆتە هۆی دروستبوونی. بەڵام کەسەکە بەرپرسیارێتیی شارستانی دەکەوێتە سەر و بەرپرسیارە لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکە.

٥. ئەگەر منداڵێکی دەساڵان ماتۆڕێکی لێخوڕی و تووشی پێکدادان بوو لەگەڵ لێخوڕێکی وەستاودا، ئایە منداڵەکە بەرپرسیارێتیی سزایی دەکەوێتە سەر؟
وەڵام: بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠١ هەرکەسێک لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا تەمەنی یازدەساڵیی تەواو نەکردبوو، بەرپرسیارێتیی سزایی ناکەوێتە سەر.
هەرچەندە منداڵەکە بەرپرسیاریەتیی سزایی ناکەوێتە سەر بەڵام بەرپرسیارێتیی شارستانی دەکەوێتە سەر و پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەی شۆفێری لێخوڕەکە.

٦. ئەگەر «A» بەنەزانی ماددەی بێهۆشکەری کێشا و «A» بە هۆی کاریگەریی سەرخۆشییەکەیەوە «B»ی کوشت، ئایە «A» بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەپێی ماددە (٦٠) بەرپرسیار نابێت هەرکەسێک بیر و هۆشی لەدەست دا بە هۆی ماددەی بێهۆشکەرەوە، کە بە نەزانین یان بە زۆرەملێ پێی درابوو. بۆیە «A» بەرپرسیارێتیی سزایی ناکەوێتە ئەستۆ، بەڵام بەرپرسیارێتیی شارستانی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێت قەرەبووی زیانلێکەوتووەکە بکات.
سێیەم: خۆکوشتن:

٧. ئایە گەر «A» كە تووشی نەخۆشیی شەلەلی مێشک بووە، داوای یارمەتیی لە «B» کرد بۆ ئەوەی فیشەکێکی پێوە بنێت و بمرێت و ڕزگاری ببێت لەو حاڵە ناخۆشەی کە هەیەتی، بەڵام فیشەکەکە بەر شوێنێکی مەترسیداری نەکەوت و «A» نەمرد! ئایە بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددە (٤٠٨) «B» سزا دەدرێت بە بەندکردن و  بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە «A» سزا نادرێت!
چوارەم: کارە بێڕەوشتییەکان:

٨. ئایە دروستکردن و هێنان و مامەڵەکردن بە فیلمە سێکسییەکان بەرپرسیارێتیی یاسایی لێ دەکەوێتەوە؟
وەڵام: بەپێی ماددە (٤٠٣) سزا دەدرێت بە بەندکردن بە ماوەیەک کە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە سەد دینار زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە هەرکەسێک هەستا بە دروستکردن، هێنان، هەناردەکردن، هەبوون، بەدەستهێنان یان گواستنەوە بە مەبەستی بەکارهێنان، بڵاوکردنەوەی کتێب، چاپکراو، وێنە، فیلم، هێما یان هەر شتێکی تر کە پێچەوانەی ئابڕوو یان ڕەوشتی گشتی بێت.

٩. ئایە سەیرکردنی فیلمە سێکسییەکان بەرپرسیارێتیی یاسایی لێ دەکەوێتەوە؟
وەڵام: لە ماددە (٤٠٣) بڕگەیەک هاتووە کە دەڵێت (هەبوون یان بەدەستهێنان) ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە هەرکەسێک یەکێک لەو شتانەی لەلا هەبوو یان بەدەستی هێنابوو کە پێچەوانەی ڕەوشتی گشتی بێت ئەوا بەرپرسیارێتیی سزایی دەکەوێتە ئەستۆ، واتە گەر کەسێک فیلمێکی پێچەوانەی ئابڕوو و ڕەوشتی گشتی لە مۆبایلەکەی یان لە ماڵەکەیدا هەبوو یان دایبەزاندبوو بە مەبەستی بەکارهێنان و لەو کاتەدا پۆلیس دەستگیری بکات لەبەر هەر هۆکارێک -وەک پشکنینی ماڵەکەی بە گومانی هەبوونی ماددەی بێهۆشکەر- ئەوا ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە لەسەری. 
سەرنجی یەکەم : لە یاساکەدا بڕگەی «مەبەستی بەکارهێنان» هاتووە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم ماددەیە بەسەر ئەو کەسەیشدا جێبەجێ دەبێت کە بەتەنیا سەیری دەکات، چونکە سەیرکردنیش شێوەیەکە لە شێوەکانی بەکارهێنان.
سەرنجی دووەم: جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیەی کە پەیوەندیی بە بەکارهێنانی تاکەکەسییەوە هەیە زۆر زەحمەتە لە ڕووی کردارییەوە، چونکە دەبێتە هۆی قەتیسکردنی ئازادییەکانی تاک بە چاودێریکردنی هەموو تاکەکان؛ کە کارێکی نا عەقڵانییە، لە لایەکی دیکەوە تێچوویەکی زۆر لەسەر دەوڵەت دروست دەکات، تەنانەت لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشدا تاکەکان ئازادن لەوەی چ کارێک دەکەن بە مەرجێک کارەکەیان زیانی بۆ کۆمەڵگە نەبێت، بۆیە دەبێت ئەو بڕگەیە هەموار بکرێتەوە.

١٠. ئایە تەنیا ئاشکراکردنی کارێک لەو کارە تاوانکارییانەی سەرەوە بە تاوان هەژمار دەکرێت؟
وەڵام: بەپێی بەشی دووەمی ماددە (٤٠٣) بە هەمان سزا سزا دەدرێت. هەرکەسێک کارێک لەو کارە تاوانکاریانەی سەرەوەی؛ ئاشکرا کرد، پیشانی کۆمەڵانی خەڵکی دا، فرۆشتی یان بە کرێی دا تەنانەت گەر بە نهێنییش کڕین و فرۆشتنەکە کرابوو. 
سەرنجێک: ئەمە گەر کەسەکە ئەم کارانەی بڵاو کردەوە بۆ خۆفشکردنەوە یان بۆ خۆشیی خۆی، بەڵام گەر ئەم کارەی بە مەبەستی تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی بێڕەوشتی کرد؛ ئەوا بە هۆکارێکی توند دادەنرێت و سزاکەی قورستر دەبێت. 

١١. ئایە ئەو پۆڕنستارانەی کە لە دەرەوەی عێراق کاری بەدڕەوشتی دەکەن بەرپرسیارێتیی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ ؟
وەڵام: بەپێی ماددە (١٣) بەرپرسیاریەتیی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە لە ماددەکەدا هاتووە: «ئەم یاساییە جێبەجێ دەکرێت بەسەر هەرکەسێک کە لە عێڕاق بێت و پێش ئەوە لە دەرەوە ئەنجامدەر یان هاوبەشیکاری یەکێک لەم تاوانانەی خوارەوە بووبێت: ... و بازرگانیکردن بە ئافرەت، منداڵ، کۆیلە یان ماددەی هۆشبەر.»
سەرنجێک: لە ماددەکەدا بڕگەی «بازرگانیکردن بە ئافرەت» هاتووە؛ بۆیە گەر بێت و «A» لە وڵاتەکەی خۆیدا کاری سێکسیی لەگەڵ ئافرەتێک ئەنجام دا و دواتر تۆماری کرد و بڵاوی کردەوە و، بەوهۆیەوە پارە یان سوودێکی دەست کەوت، ئەوا بەرپرسیاریەتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ بە مەرجێک سەردانی عێڕاق بکات، پاڵپشت بە پسپۆڕی گشتی (الإختصاص الشامل).

١٢. ئایە ئەوکەسانەی فێرکار و فێرخوازن یان لە بواری هونەرە جوانەکان کار دەکەن ئەم یاسایە بەسەر کارەکانیان جێبەجێ دەکرێت؟
وەڵام: لە بنەڕەتدا یاسا گشتگیرە و بەسەر هەمواندا بەرپا دەکرێت، مەگەر نەسێکی تایبەت هەبێت ڕێگری لە بەرپابوونیدا بگرێت بەسەر لایەنێکدا و لە یاساکەیشدا هاتووە کە دەڵێت (کل من صنع) واتە هەرکەسێک دروستی کرد، ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت کە هەرکەسێک کارێکی دروست کرد کە پێچەوانەی ڕەوشتی گشتی بوو ئەوا بەپێی ئەم یاسایە تاوانبارە ئیتر با خۆی هەر ناوێکی لێ بنێت.

١٣. ئایە گەر کەسێک گۆرانی یان وشەی نەشیاو لە شوێنی گشتیدا بڵێت بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە سەر؟
وەڵام: بەڵێ بەرپرسیارێەتیی دەکەوێتە سەر بەپێی ماددە (٤٠٤) سزا دەدرێت بە بەندکردن، بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردنێک لە سەد دینار زیاتر نەبێت، هەرکەسێک بەئاشکرایی گۆرانی یان وشەی نەشیاو یان بێڕەوشتیی وت چ خۆی بیڵێت یان بە هۆی ئامێرێکەوە و ئەمەیشی لە شوێنێکی گشتیدا کرد.
سەرنجێک: واتە گەر کەسێک لێخوڕێکی پێ بوو و گۆرانی و وتەی نەشیاوی خستبووە سەر و لەو کاتەی بە کۆڵانێکدا تێدەپەڕی ئەوا تاوانبارە و بەم یاسایە سزا دەدرێت.

١٤. گەر کەسێک لە بازاڕ چاوی لە ئافرەتێک قرپاند ئایە بەرپرسیار دەبێت؟
وەڵام: بەڵێ بەرپرسیار دەبێت؛ بەپێی ماددە (٤٠٢-بڕگەی ب) سزا دەدرێت بە بەندکردن لە سێ مانگ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک لە سی دینار زیاتر نەبێت یان بە یەکێکیان: ب- هەرکەسێک لە شوێنێکی گشتیدا بە وتە یان کردار یان هێمای ڕوخساری ڕووبەڕووی ئافرەتێک بووەوە کە ئابڕووی لەکەدار بکات.
سەرنجی یەکەم: ئەوکارە تاوانکارییانەی کە لە ماددەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە تەنیا لە شوێنی گشتیدا دەبنە تاوان، واتە گەر پیاوێک لە سەربانی ماڵەکەیدا چاوێکی قرپاند لە ئافرەتی دراوسێیەکەیان ئەوا ئەم ماددەیە نایگرێتەوە و تاوانبار نییە.
سەرنجی دووەم: تاوانلێکراو لەم یاسایەدا تەنیا ئافرەتە، بەڵام تاوانکار دەکرێت پیاو یان ئافرەت بێت.

١٥. گەر کەسێک وێنەی خۆی بە سیما و جلوبەرگێکی پێچەوانە لەگەڵ ڕەوشتی گشتیدا بڵاو کردەوە، ئایە بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەڵێ بەپێی ماددە (٤٠١) سزا دەدرێت بە بەندکردن لە شەش مانگ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە پەنجا دینار زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو سزایە، کەسێک بەئاشکرایی کارێکی بێئابڕوویی ئەنجام دا.
سەرنجێک: گەر وێنەکە لە ڕێگەی مۆبایل یان ئینتەرنێتەوە بوو، ئەوا ئەم یاسایەی بەسەردا بەرپا ناکرێت، بەڵکو یاسایی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپبەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکانی بەسەردا جێبەجێ دەبێت؛ کە لە هەرێمی کوردستاندا دەرکراوە و، بەپێی ماددە (٢)ی ئەم یاسایە :سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەم سزایە هەرکەسێک هەستا بە خراپبەکارهێنانی مۆبایل یان هەر ئامێرێکی دیکەی پەیوەندی... یان بڵاوکردنەوەی وێنەی پێچەوانەی ڕەوشت و ئادابی گشتی...
پێنجەم: هەراسانکردن:

١٦. گەر «A» لە ڕێگەی نووکەکردنی بەردەوامی مۆبایلەوە «B»ی هەراسان کرد، ئایە «A» بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەڵێ، «A» دەتوانێت داوای یاسایی دژ بە «B» بکاتەوە بەپێی ماددە (٣)ی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان کە تیایدا هاتووە؛ سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە حەوتسەد و پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەو دوو سزایە؛ هەرکەسێک بەئەنقەست بووە هۆی هەراسانکردنی کەسانی تر لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت و....
سەرنجێک: وشەی (إزعاج) بە شێوەیەکی ڕەها هاتووە و هەموو جۆرە هەراسانکردنێک دەگرێتەوە.

١٧. «A» ویستی سەردانی ماڵی «B» بکات و بینیی دەرگای ماڵەکەیان کراوەتەوە و بەبێ وەرگرتنی خۆی کرد بە ژووردا؛ «B» بەم کارە هەراسان بوو، ئایە «B» دەتوانێت داوای یاسایی لە دژی «A» بکاتەوە؟
وەڵام: بەڵێ، «B» دەتوانێت  داوای یاسایی لە دژی «A» بکاتەوە چونکە بەپێی ماددە (٤٢٨-١-أ) سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت و، بە پێبژاردنێک کە لە سەد دینار زیاتر نەبێت؛ هەرکەسێک بچێتە ناوەوەی شوێنێکی نیشتەجێبوون یان ئامادەکرا بێت بۆ نیشتەجێبوون یان پاشکۆی ئەو شوێنە و، ئەمەیش بەبێ ڕازیبونی خاوەنەکەی و لەو حاڵەتانەیش نەبێت کە یاسا ڕێگەی پێداوە.

١٨. «A» کاسبکارە و لە بەرەبەیاندا بە بڵندگۆ و هۆڕینی ماتۆڕەکەی بۆ ڕەواجدان بە کاڵاکەی هاواری کرد لەناو ئەو کۆڵانەی کە «B»ی تێدا نیشتەجێیە،  «B» بەو هاوارکردنەی «A» هەراسان دەبێت و دەیەوێت داوای یاسایی لە دژ «A» بکاتەوە، ئایە «A» بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەڵێ «B» دەتوانێت داوای یاسایی لە دژی «A» بکاتەوە و «A» بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ بەپێی ماددە (٤٨٨- بڕگەی دوو) سزا دەدرێت بە پێبژاردنێک کە لە پەنجا دینار زیاتر نەبێت: ... دووەم: هەرکەسێک لەسەر شەقامی گشتی بانگەشەی بۆ کاڵاکەی کرد بە وتە و دەنگی هەراسانکردوو.

١٩. گەر «A» لە چەند بولبولێکی خۆی دا و پاشان سەری هەموویانی بە شێوەیەکی ناشرین لێ کردەوە، ئایا «A» بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەڵێ، بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی «A» بەپێی ماددە (٤٨٦) کە تێیدا هاتووە؛ سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە سێ مانگ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردنێک کە لە سی دینار زیاتر نەبێت هەرکەسێک بەتوندی لە ئاژەڵێکی نەرم و نیان، ئازاری دا و کردییە جێی گاڵتە یان بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ کرد بە هەر شێوەیەکی تر یان بەبێ پێویستی شێوەیەکی دڕندانەی بەکار هێنا بۆ کوشتنی.

٢٠. لە ڕێگەی شانۆوە «A»  گاڵتەی بە مەلا و ئایینی ئیسلام کرد، ئایە «A» بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆ؟
وەڵام: بەڵێ، «A» بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆ بەپێی ماددە (٣٧٢) کە تیایدا بڕگەی یەکی-ا- دەڵێت؛ سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت هەرکەسێک بەئاشکرایی دەستدرێژی بکاتە سەر بیرەباوەڕی یەکێک لە ئایینەکان یان سوکایەتیی پێ بکات و لە بڕگەی یەکی-ها- دەڵێت؛ هەرکەسێک بەئاشکرا سوکایەتی بە کەس و هێمایەک کرد کە جێگەی شکۆ و پیرۆزی بوو لای لایەنێکی ئایینی و لە بڕگەی یەکی-و- دەڵێت؛ هەرکەسێک بەئاشکرایی لاسایی ڕێوڕەسم و ئاهەنگێکی ئایینی کردەوە بە مەبەستی گاڵتەپێکردن.  

٢١. «A» کە تەمەنی سی ساڵە، سواڵی کرد لە بازاڕدا، ئایە بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە گەردن؟
وەڵام: بەڵێ، «A» بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە گەردن ئەوەیش بەپێی ماددە (٣٩٠) کە دەڵێت؛ سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە سێ مانگ زیاتر نەبێت هەرکەسێک هەژدە ساڵی تەواو کرد و بینرا کە خەریکی سواڵکردنە لە ڕێگا گشتییەکان و شوێنە گشتییەکاندا... و سزا دەدرێت بە بەندکردنێک لە ساڵێک زیاتر نەبێت گەر سواڵکەرەکە نمایشی تووشبوونی بە برین و کەمئەندامی بکات یان بە هەر ئامرازێکی تر لە ئامرازەکانی هەڵخەڵەتاندن بۆ بەدەستهێنانی سۆزی کۆمەڵانی خەڵک... 
ئاگادارکردنەوە: ١. سەبارەت بە پێبژاردنەکان هەندێکیان بە نرخی دیناری کۆن دانراون. ٢. ئەوەی لێرەدا کردوومانە، دروستکردنی بیستویەک پرسیاری هەڵبژێردراوی یاسایین لە شێوەی نموونەدا و وەڵامدانەوەیان بەپێی ماددە یاساییەکان و ماددەکانم ڕاستەوخۆ وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی بەپێی پێویستی وەڵامەکان. ئامانج لەم کارە تەنیا بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی یاساییە. 


تاگەکان    
ئاوی زەمزەم ئەدەبیاتی فارسی سایکس-بیکۆ پارەی ئیلیکترۆنی چەواشەکاریی لۆژیکی کوردستان ڕەخنە زانایان عێڕاق کورد عەبدولکەریم سرووش قوتابخانەکانی نوور ڕەزا بابایی خێوەتگە حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی
فیکر
2020-03-11 کۆمێنت 6190 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی