چاکە و خراپە ڕیشەدارن

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
ئەدەب 2020-02-18 کۆمێنت 2708 جار بینراوە

ئەو وەختەی چاکە و جوانی، یان خراپە و ناشرینییەک دەبینم، بێ ئەوەی بە دەست خۆم بێت، یەکسەر بیرم بۆ لای ئەوە دەچێت؛ گەیشتن بەم جوانی و چاکییە، کاری یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە و ئەوەی بەمەی گەیاندووە، تەنیا خۆی نییە، بەڵکو ئەو جوانی و مەزنییەی کە من ئێستاکە دەیبینم، زادەی دونیایەک خواست و پۆلێک چاکەی ترە.
ئەز ناتوانم لەو هەستە ڕزگارم ببێت کە وا دەزانم، هەمیشە کەسانێکی شاراوە و بێناو لە پشت جوانی و مەزنیی کەسە دیار و بەناوبانگ و بەرچاوییەکانەوە خۆیان مەڵاس داوە.
ئەو تابلۆیەی هەر یەکێکمان چاومان پێ دەکەوێت، ناکرێت لە هەوڵ و سەلیقەی جوانی تەنیا هونەرمەندێکدا بەرتەسکی بکەینەوە، ئەسڵەن هیچ چاکە و جوانییەک خاوەنەکەی تەنیا ئەو کەسە نییە کە جوانییەکەی لە دەست بەر دەبێتەوە، بەڵکو هەردەم ئەوەی ئێستا بەرهەم هاتووە؛ لە سەرەتای سەرەتاوە باخەوانێک تۆوەکەی ناشتووە، بەڵام یاساکانی ژیان خەریکن ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن، کە زۆر جار باخەوانی ڕەسەن و ئەو مرۆڤەی لە هێنانەکایەی جوانییەکاندا ڕۆڵی یەکەمی بینیوە، ناو و نازناوی بەشاراوەیی دەمێنێتەوە.
دەگێڕنەوە، باوکی هەردوو غەزالییەکە، ئەبوو حامدی غەزالی و ئەحمەدی غەزالی، یەکەم ئاواتی ئەوە بووە، کە کوڕەکانی لە دینداری و زانستخوازیدا وەک سەرمەشقێک بدرەوشێنەوە، بۆیە بەردەوام لە خودا دەپاڕێتەوە؛ یەک لە کوڕەکانی فەقیهێکی گەورە و ئەوەی دیکەیان، مۆچیارێکی مەزن و کاریگەری لێ دەربچێت. وەختێکیش لە مەرگ نزیک دەبێتەوە، وەسێتی ئەوەیان پێ دەکات، بە شوێن زانست و خوداناسییەوە بڕۆن و لەو مەیدانەدا ئەسپی خۆیان تاو بدەن. ئەوە بوو خودا، دووعاکەی بە زیادەوە لێ قبووڵ کرد و تۆوی چاکەکەی هێندە بەرەکەتدار بوو، تا قەرەی قیامەت لە بەروبوومەکەیان بکەیتەوە، هێشتا تامی تازە و تەڕیان لە بن ددانتدا وەک خۆی دەمێنێتەوە.
وەختێک ئەو دوو پیاوە مەزنە ئاوا بەشەکاوەیی دەبینم، چۆن بیرم بۆ ئەوە نەڕوات، کە یەکەم کەسێک ئەو دووانەی بۆ ئەو مەزنییە هان دا و ڕێگای بۆ خۆش کردن، باوکی هەژار و نیازپاک و خواویستیان بوو، بۆیە چاکە و خراپە هەرگیز بە تەنیا ئەوەی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو نین، بەڵکو گشت چاکەیەک ڕۆڵەی چاکەکەی پێش خۆیەتی و هەموو جوانییەکان بە شێوەیەکی لێکئاڵقاو، پێکەوە بەند و وابەستەن و بۆ دزێوی و خراپەیش، هەمان قسە هەر دروستە.
پێودانگی خودا لە پێوانە دونیاییە بەرچاوییەکانی ئێمە گەلێک جیاوازترە، ئاخر ئێمەی مرۆڤ تەنیا ئەوە دەبینین، کە بۆمان باس دەکرێت و بەرچاوی خۆمان دەکەوێت، بێئاگا لەوەی نەدیتراو و نەبیستراوەکان گەلێک زیاتر و زۆریش کاریگەرترن.
دوور نییە، سەرلەقاندنێک هەزاران ساڵ چاکە و جوانی بەرهەم بێنێت و بێدەنگبوون یان تیلەی چاوێکیش، عەیامێک قوڕبەسەری و ستەم و خراپە بە دوای خۆیدا ڕاپێچ بکات.
باشە کێ دەڵێت، ئەو قەرارەی باوکی هەردوو غەزالییەکە دای، لە هەرچی کتێب و قسە و باسی ئەو دوو کەڵەپیاوە کێشی زۆرتر نییە؟!
هەر بۆیە چاکە و خراپە هەرگیز یەک دانە نین و ببڕێنەوە، هیچکامیان نە بە تەنیان و نە دواییشیان دێت، بەڵکو بە هەموو لایەکدا بڵاو دەبنەوە و بچووکترین چاکە، بە گەورەترین چاکەی گەردوونەوە بەند و پەیوەستە و هەمووان لە هێنانەکایەی چاکە مەزنەکەدا، بەشدار و کاریگەرن.
ئەوجا قەت نەکەیت لە جوانی و چاکە سڵ بکەیتەوە، ئاخر کێ دەڵێت ئەوەی تۆ بە کەمی دەزانیت، غەزالی و یەکێکی دیکەی لێ بەرهەم نایەت؟! هەرچەندە، چ بتەوێت یاخود نا، لە ڕێگەی بەخشینەوەی بچووکترین چاکە و جوانیتەوە، لە بەرهەمهێنانی غەزالیئاساکاندا جوانترین ڕۆڵ وازی دەکەیت.
دۆستۆیڤسکی دەڵێت: لە درێژەی ئەو چیرۆک و ڕووداوانەی دەیانبینین و دەیانژنەفین، گرنگترین و کاریگەرترینیان، ئەو جموجووڵ و قسە و ڕەفتارانەن کە بە لای زۆربەمانەوە بێبەها و پڕوپووچن و شایەنی لالێکردنەوە نین!
من تەنیا دەخوازم ئەوە بگەیەنم، یەکەمین چاکەیەک کە لەسەر زەویدا هاتە کایەوە، پێوەندیی بەگشت چاکەکانی دیکەی دوای خۆیەوە هەیە، ئەوانەی دواتریش، ڕۆڵیان لە خزمەت و بەهادارکردنی ئەوانەی پێشوودا هەیە، بۆیە پێویستە زۆر بە گرینگی و چاوی ڕێزەوە لە بچووکترین جوانی و چاکە بڕوانین، ئاخر ئەگەر وردی بکەینەوە، هیچ چاکەیەک بچووک نییە!
پێغەمبەری خودا، سەرەنجامی ئەو جوانییە یەک لە دوای یەکانە بوو، کە پەیامبەرانی پێش خۆی کۆیان کردبووەوە و پرشنگی جوانییەکانی ئەمیش، لە دەرخستن و چریسکاندنەوەی مانا و پەیامە جوانەکانی ئەواندا، بێوچانانە لە خزمەتدا بووە و بەو شێوەیەیش بەردەوام دەبێت.
ئێمە تەنیا دارە بەردارەکە دەبینین و هەردەم بە وێنە گەورەکە سەرسامین، خاک و تۆو، ئاودان و پەرچکردن، ئارەقەی جووتیارە ماندوونەناسەکانی ئەو ڕێگایە، لەبەر چاو ناگرین، بێئاگا لەوەی زەحمەت و خزمەتی ئەوان نەبووایە، ئەو دارەی ئێستا لە بەرەکەی دەخۆین، دەشێت لە جێگاکەیدا، ڕەشەبایەکی بێبەزەیی ڕاپێچکەری جوانی بووایە!
خۆشەویست دەفەرموێت: (لا تحقرن من المعروف شيئا، ولو أن تلقى أخاك بوجه طليق: هیچ شتێک لە چاکە بە کەم مەزانە، تەنانەت ئەگەر بە نیشاندانی ڕوویەکی خۆش بەرانبەر براکەیشت بووە).
خودا دەفەرموێت: (فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَه)! 
 ئەوجا کە تۆ زانیت هەرچی چاکە و جوانی هەیە، پێکەوە پەیوەست و دەستلەملانن، ئیدی بە دیتن و بیستنی چاکە لە هەر لایەکەوە بێت، دەگەشێیتەوە.
ئیدی ئەو جوانییەی تۆ بە تەمای گوتنی بوویت، لە هەر کەسێکی ترەوە بیبیسیت، با ناوی خۆیشتی پێوە نەبێت، لەبری ئەوەی قەڵسی داتبگرێت و حەز بەوە بکەیت، هەمووان لە زاری تۆوە بیانبیستایە، ئۆقرە و سرەوین میوانت دەبێت، ئاخر بە لای تۆوە، هەموو جوانییەک بە لەونێکی ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە تۆوە هەیە و گشت چاکەیەک لە هێنانەکایەی چاکەیەکی دیکەدا، ئیدی لە هەر سات و سەردەم یاخود شوێنێکدا بێت، ڕۆڵی تایبەتی هەیە!

تاگەکان    
کۆرۆنا شەڕ حزبی ئیسلامی تەنیایی کورد چیرۆک دیزاینی زیرەک ئەنیمی کۆرۆرنا فەرهەنگ هاوڕەگەزخوازی خوێندنەوە کتێب سایکس-بیکۆ کرێکار
ئەدەب
2020-02-18 کۆمێنت 2708 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی