دوو خولەک لەمەوبەر

ئەدەب 2020-02-03 کۆمێنت 1961 جار بینراوە

نووسینی: ئەنتوان چیخۆڤ
وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل



دوو خولەک لەمەوبەر مردم، خۆم بەتەنیا لەگەڵ کۆمەڵە فریشتەیەکدا بینییەوە، هێندێکی تریشم بەرچاو کەوتن، نەمدەزانی کێن، بە هەڵەداوان بەرەو ڕوویان چووم و لێیان پاڕامەوە تا بۆ ژیانم بگەڕێننەوە، لەبەر خاتری ئەو ژنەم کە هێشتا لە بەهاری تەمەنیدایە و ئەو مناڵەم کە جارێ چاوی بە ڕووناکیی ژیان هەڵنەهێناوە، ژنەکەم لە سێیەم مانگی سکپڕیدا بوو، چەند خولەکێکی تر تێپەڕی، یەکێک لە فریشتەکان هات و شتێکی بە دەستەوە هەڵگرتبوو، کە زیاتر لە شاشەیەکی تەلەفزیۆن دەچوو، ئەوەی پێ ڕاگەیاندم کە کات لە نێوان دونیا و دواڕۆژدا گەلێک لێک جیاوازە و خولەکێکی ئێرە بە ئەندازەی چەندین ڕۆژی دونیایە.

(هەر لێرەوە دەتوانیت، لەبارەی ژیان و گوزەرانیانەوە ئەرخەیان بیت).

هەر کە شاشەکەی داگیرساند، ڕاستەوخۆ ژنەکەی دەرخستم کە چۆن مناڵێکی ساوای لە ئامێز گرتبوو!

وێنەکان زۆر خێرا تێدەپەڕین، هەر خولەکێک قۆناغێکی نیشان دەدا و لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر دەقەیەکدا، سەردەمێکی جیاوازی دەردەخست، کوڕەکەم بە پێشچاومەوە تا دەهات گەورە و گەورەتر دەبوو، هەموو شتێک لە گۆڕانێکی خێرادا بوو، ژنەکەم دەستێکی بە ناوماڵدا هێنا و تفاقی ماڵەکەی بەیەکجاری گۆڕی، دواتر توانی مووچەی خانەنشینییەکەیشم بەدەست بهێنێت، کوڕەکەم چووە بەر خوێندن، براکانیشم یەک لە دوای یەک ژنیان هێنا، تا وای لێ هات، هەر یەکە و بە ژیانی تایبەتی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، دوای ئەوە ڕووداوگەلێکی زۆر هاتن و چوون، لە میانەی ئەو هەموو جموجووڵە خێرا و وێنە تێکەڵوپێکەڵانەی بە پێشچاومدا تێدەپەڕین، بەردەوام شتێکی چەسپاوم لە پشتی پشتەوەی گشت وێنەکانەوە بە دی دەکرد، کە وەک تارماییەکی ڕەش دەهاتە بەر چاوانم، زۆر خولەکی تر تێپەڕین، کەچی ئەو تارماییە هەر وەک خۆی مابوویەوە، چەندین ساڵ تێپەڕین، بەرەبەرە تارمیاییەکە دەچووەوە یەک و تا دەهات بچووکتر دەبوویەوە، یەکێک لە فریشتەکانم بانگ کرد و داوام لێ کرد تا ئەو تارماییەم بۆ نزیک بکاتەوە، سا بەڵکو کەمێک جوانتر بیبینم، ئەلهەق فریشتەیەکی دڵنەرم و بەسۆز بوو، هەر بە نزیکخستنەوەی تارماییەکەوە نەوەستا، بەڵکو تەواوی دیمەنەکەی بە هەمان کاتی سەرزەوی خستە پێش چاوانم، وا پازدە ساڵ تێپەڕی و منیش لە جێگاکەی خۆمەوە هەڵترووشکاوم و بە دیار سەیرکردنی ئەو تارماییەوە دۆشداماوم، ئەو دەگریێت و منیش دەگریم، ئەو تارماییە جگە لە «دایکم»، هیچ کەسێکی دیکە نەبوو!



تاگەکان    
نەتەوایەتی دوعا سیاسەت كتێب زانایان حزبی ئیسلامی فەڵەستین لۆجیک چەواشەکاریی_لۆژیکی پۆرن ئیسرائیل ڕۆژاوا جوانی قوتابخانەکانی نوور موناجات
ئەدەب
2020-02-03 کۆمێنت 1961 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی