خۆپەرستی

ئەدەب 2019-12-21 کۆمێنت 4000 جار بینراوە
نووسینی: یووسف مەلا خەلیل


ئێمە كە لە ژیانماندا بۆ زۆر شت تێ دەكۆشین و گەلێك ئەمسەر و ئەوسەر دەكەین، خۆ دەپڕووقێنین، شەونخوونی دەكەین، خەم دەخۆین و بە تاسەوە دەخرۆشێین، ئەوجا كە لە بانی بانەوە تەماشایەك دەكەین و لە خۆمان و ماندووبوونەكانمان دەڕوانین؛ دەبینین كە گشت تەقەلا و پەرۆشییەكانمان پتر لە خانەی خۆماندا تەسك بوونەتەوە، هێشتا خۆمانمان تێنەپەڕاندووە و دەخوازین بڵێین؛ لەبەر خودا هەوڵ دەدەین و لەپێناو ڕەزامەندیی ئەودایە، وا شەووڕۆژ بە دەم یەكەوە دەدەین، كەچی بە درێژایی گشت ساتەكانی ژیانمان، ناتوانین چەند خولەكێك، بگرە چەند چركەیەك، تەنیا بیرمان لای ئەو بێت، بەڵكوو هەرچەندە بە حیسابی خۆمان خەریكی بەرز بوونەوەین، بەڵام هێشتا لە ئاست وەلانانی دونیا و پاداشتە زەمینییەكان لە هزر و دڵماندا، بێتوانا و دەستەوەستانین!
ئاخر جارێ ئەوەندە گەورە نەبووینە بتوانین، ڕاستەوخۆ كار و نیازەكانمان بە خودا خۆیەوە پەیوەست بكەین، ئەوەتا لەبەر ئەوەی دەرەقەتی ویستە بچووكە زەمینییەكانمان نایەین، بەردەوام درەنگانێك ئەومان بیر دەكەوێتەوە و لە حەیبەتان، دڵی خۆمان بەوە دەدەینەوە كە گوایە، كۆی كار و هەوڵەكانمان سەرەنجام ڕوویان لە ئەوە، وێڕای ئەوەی هەمیشە لە ساتی وردەكارییەكان و پێ بە پێی هەنگاوەكانی دەروونماندا ئەومان لە یاد كردووە، كەچی بەوپەڕی ناچارییەوە، لە كۆتاییەكەیدا ئاكامەكەی بەوەوە دەبەستینەوە!
تۆ كە هەموو هەوڵ و ماندووبوونێكت تەنیا لەوەدا چڕ بووەتەوە، تا بەو ئامانجە دونیاییە بگەیت، كە خۆت لەپێناو سەلماندنی خۆتدا داتناوە، نەك گەیشتن بە خۆشەویستی و ڕازیبوونی ئەو، ئاخر تۆ هەردەم ئەو ڕۆژەت لەپێش چاوە كە پێت بڵێن؛ لە بوارەكەی خۆیدا سەرمەشق، ناوازە، دەگەمەن و بێوێنەیە، مرۆڤێكی تا بڵێی چاك و نازارە و ئەوەی بەو دەكرێت، بە هیچ كەسێكی دی ناكرێت.
تۆ كە بڵندییەكانی دونیا و پیاهەڵدانەكانی مرۆڤ سەرقاڵێان كردوویت، مافی ئەوەت نییە سەرەنجامی كۆشش و چاكییەكانت بۆ خودا بگەڕێنیتەوە، ئەو وەختەی بە باڵاتدا هەڵدەڵێن و لێرەولەوێ ئافەرین ئافەرینی خەڵكی خەنیت دەكەن، كە گوێت لەو وەسف و سەنایانەیش دەبێت، وا هەست دەكەیت، ئەوەی لەپێناویدا خۆت فەوتاندبوو، وا پێی گەیشتیت، یان لە دڵەوە ئۆخەیەك هەڵدەمژیت و بە خۆت دەڵێیت؛ شوكر هەوڵەكانم بە زایە نەچوون، ئیدی چ مافێكت بەسەر خوداوە دەمێنێت؟!
تۆ كە خەڵكی بە باش و گەورە و سەركەوتوو لێت حاڵی بوون و دڵت بەوە ئاوی خواردەوە، بزانە كۆشش و لێبڕانەكانت تەنیا لەپێناو ئەمەدا بووە، نەوەك قایلبوونی ئەو، ئاخر ئەگەر وا نەبووایە و پێچەوانەكەی ڕاست بووایە، هێندەی تر ترست لێ دەنیشت و لەبری ئەوەی ئۆقرە بگریت، لە شوێنی خۆت نەدەهێوریت!
لە جەرگەی  پەرستش و پاڕانەوەكانتدا، تۆ هێشتا خەریكی پەرستنی خۆتیت نەوەك ئەو، ئاخر بەم هەموو كڕووزانەوە و پشێوی و ماندووبوونەت دەخوزایت بڵێیت؛ ئەز لە ئادەمیزادەكانی دیكەی هاوچەشنم جیاوازترم، من كارێك دەكەم، هیچ كەسێك لە بیری نییە، من بە چتگەلێكەوە خەریكم، ئەوانی دی باكیشیان پێی نییە!
تۆ جارێ لە خۆت قوتارت نەبووە، من من لە ئاست بینینی جوانی و مەزنییەكانی ئەوی ئافرێنەردا، كوێر و كاس و وڕی كردوویت، هێندەی بە تەنگ ئەوەوەیت چۆن پێش مرۆڤەكانی دی بكەویت، نیو ئەوەندە خەمی ئەوەت نییە، ئاخۆ هەمان ئەو كارانەی خەریكم ئەنجامیان دەدەم، تەنیا بۆ خۆپەرستیی خۆمە یاخود ڕەزامەندیی ئەو؟!
ئەوێك لەم هەموو جەنجاڵی و ئاڵۆزی و بێنەوبەردەیەدا خۆی پێ ناساندوویت، یان دروست وایە بێژین، لایەكی لێ كردوویتەتەوە، بێئەمەكی نییە دیسان منمنۆكێ، ئەو دۆخە ناسك و بڵندەیشت لێ تێك بدات؟
بەو هەموو گەورەییەوە هاتووەتە لات، تۆ بەم بچووكییەوە خەریكی پشتگوێخستنی ئەویت، بە دەنگی بەرز، كە خۆت گوێت لە دەنگی خۆتە، هاوار لەو دەكەیت و دادوبێدادت بۆ لای ئەو دەبەیت، بۆ ئەوە نا كەخۆشەویستی و مانای بوونی خۆیت پێ ببەخشێت، بەڵكوو لەپێناو ئەوەی، گەورەیی و نازناوەكانی دونیات بە نسیب بكات.
تۆ، تا ئەو وەختە ئەوت قبووڵە و بۆ ئەو دەژیێت، خۆت لە مەیداندا دیار و شەكاوە بیت، لێ كە ناو و سێبەری ئەو، خۆت و ناوبانگی شاردیتەوە، وا دەكەویتە پەلەقاژە، ڕاز و نیاز و جوانییەكانت بە یەكجاری دەخەیتە چاڵەوە!
تا ئەو ساتە ئارام و بەحەوسەڵە و پڕ لە نەزاكەتیت، كە منەكەت لەو گۆڕەپانی خزمەتەدا، بڵند و گەشاوە بێت، كەچی وەختێك ناویان زۆر نەهێنایت و بەهۆی ئەو كۆششانەی گوایە لەپێناو ڕێبازەكەی ئەودا بە خەرجت داوە، دەستخۆشی و بارەكەڵڵایان لێ نەكردیت، وەها سارد دەبیتەوە، ڕەنگی مردووت لێ دەنیشێت، بە لەونێك قەڵس و تەنگەتاو دەبیت، دەستی درۆی بۆخوابوون و نیازپاكیت، بۆ خۆت و ئەوانی تریش ئاشكرا دەكەیت!
بێئاگا لەوەی ئەو هەموو فرمێسك و ناڵەناڵەت تەنیا لەپێناو قەڵەوكردنی منێكی ڕالەخۆبووی و تەنیا خۆبیندایە، كە نزیكە لە هەر چركەساتێكدا وەها بتەقێتەوە و بە شێوەیەك خۆی نومایان بكات، وەك بڵێیت؛ نە بای دیبێت و نە باران!
بە جۆریك ناشرین و خراپ دەقڵیشێیتەوە، جگە لە خۆت، بۆ هەمووان دەبیتە جێگەی پرسیار، ئەوە خۆی بوو یان یەكێكی دی؟!
تۆیەك ئەو حەلەی خۆت تەنیای تەنیایت، بەڵام بارت نالەبارە و توانای ڕاستۆگۆیی، دڵسۆزی و نیازپاكییت لە بەرانبەر ئەوی مەزندا نییە، لەپڕ خەیاڵی ئەوەی ئێستا یەكێك لە كونێكەوە چاوی لێت بووایە، یاخود ئەگەر لەپێش چاوی ئەوانی تردا بوویتایە و لە دۆخێكی قەرەباڵەخدا هەمان پەرستشت ئەنجام دایە، چەنێك بە جوانی و ڕێكوپێكییەوە جێبەجێت دەكرد؛ قەزەمی و خەجاڵەتیی خۆتت یاد دەخاتەوە! بۆیە خێرا، بۆخودابوونێكی كاتیت بۆ دەگەڕێتەوە و لە خۆت وایە، هەر بەڕاست ئەوەی ئێستا خەریكیت، تەنیا بۆ خودا بووە و هیچی تر، بێخەبەر لەوەی جارێ لەوانی دی ڕزگارت نەبووە و ئەوە بیركردنەوە لەوانی دی بووە، كە پاكی و دڵكاری بۆ گەڕاندوویتەتەوە نەوەك دڵسۆزی و ڕاستگۆیی خۆت!
تۆ كە دەتەوێت لای خودا پلەت بەرز بێتەوە، هێشتا لەبەر ئەوەت نییە لای ئەودا پایەدار و خۆشەویست بیت، بەڵكوو دیسان بۆ ئەوەیە، لەو ڕێگەیەوە برەو بە گەورەبوون و سەرتەڵبوون و بەرزبوونەوەی پلەی خۆت لە چاو ئەوانی ئادەمیزاددا بدەیت، هەر بۆ ئەوەیە لای خۆتەوە، مەزنتر لەوانی دی لە خۆت بڕوانیت!
تۆ تەنیا ئەو وەختە ددان بە هەڵە و كەموكورتییەكانی خۆتدا دەنێیت و مل بۆ ڕای دروستی بەرانبەر كەچ دەكەیت، كە ملكەچكردن و وەلانانی شكۆ و لووتبەرزییەكەت، ببێتە مایەی بەرزبوونەوە و ئافەرین بۆ كردنت!


 
 
 

تاگەکان    
بوووژانەوە وەچەخستنەوە موناجات نیشتیمان کۆیلایەتی تەوبە نامە پۆرن باران کتێبی هاوسانی کتێب هاوڕەگەزخوازی لۆجیک جوانی عیرفان
ئەدەب
2019-12-21 کۆمێنت 4000 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی