دەروێشی تەکیەی موحیببەت بن

ئەدەب 2019-12-12 کۆمێنت 1716 جار بینراوە
نووسینی: نەورەس غەریب


دڵ؛ ناوەندەچەقی مرۆڤە. بارودۆخی دڵ، کاریگەریی دەبێت لەسەر کۆی جەستەی مرۆڤەکە. دڵ تەحەککوم دەکات بەوەی کۆی ژینگەی جەستە چۆن بێت، ئەوەتا کاتێک دڵتەنگیت، تەنانەت ناتوانیت هیچ خواردنێک بخۆیت، زمانت گۆ ناکات تا دوو وشە بدرکێنیت، قاچت وزەی تێدا نییە تا دوو هەنگاو هەڵبنێیت.
دەگونجێت کاتێک ژیان لە وەرزی گەڵاڕێزاندایە تۆ وەرینی گەڵاکان بە هەڵپەڕکێی شادی و خۆشی وێنا بکەیت، دەگونجێ کاتێک ڕۆژگاری ڕوونت بە شەوی تاریکدا گوزەر دەکات تۆ بە کاتێک بۆ پشوودانی جەستە و ڕۆحت لێی بڕوانیت.
دەکرێ دڵۆپە ناسکەکانی موحیببەت تێکەڵ بە دڵی بیمارت بکەیت. موحیببەت کاری ڕەواندنەوەی خەم و ناسۆر و دڵتەنگییە، هەموو کات ژینگەیەکی جیاوازتر لەوەی هەیە بۆت وێنا دەکات، دواتر ئەو دڵە سەرباری ئەوەی یەکپارچە خۆشییە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵدەستێت بە بەخشینی موحیببەت بە دەوروبەری.
چی تیایە با هەر کات کەسێکت دی بزەیەکت لەسەر لێو بێ، چی دەبێ گەر لەبری کینە، ئێمە موحیببەت لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەین. چەند ئاسوودەیە ئەو دڵەی کە لێوانلێوە لە موحیببەت، ئەوکات خەروارێک دەبێت لە ڕوانینی ئەرێنی، بە ورەی پۆڵایینەوە ڕێ دەبڕێت و ڕوخساری بە زەردەخەنەی پڕ موحیببەت هۆکاری دڵخۆشبوونی کەسانی دیکەیە.
دەروێشی تەکیەی موحیببەت بە. دەزانی جوان نییە دەروێشی کەسێک یان بۆچوونی کەسێک بیت! بەڵام گەر تۆ لە تەکیەی موحیببەتا دەروێشێکی خانەخوێ بیت، ئەوکات دەبیت بە خۆشویستراوی هەموان. با لە خۆمان بپرسین ئایا کارێکی باشە ژیانمان بە ڕق و کینەی نابەجێ تاڵ بکەین؟ خێرە لە خۆڕا دڵی خۆمان ئەتەوسێنینەوە بە هەڵگەڕان بە کێوی بوغز و مەلە لە زەریای ئارامی لێبڕیوی ڕقدا دەکەین؟ ئەرێ هیچ بووە وا دڵ و ناخمان بە وەهمێک کە خۆی لە خۆیدا بوونی نییە؛ پارچە پارچە دەکەین.
ئارامی و ئاسودەیی دڵی مرۆڤ بەهۆی هۆکارگەلێکەوە کۆچ دەکەن، نەبوونی موحیببەت و شوێنگرتنەوەی ڕق تیایدا لە هەرە هۆکارە سەرەکییەکانی نائاسودەیی دڵە. تەنانەت جاری وا هەیە بەهۆی وەهمی نەرێنییەوە وا هەست دەکەیت دڵت بووە بە مەنزڵگەی گەورەترین ئاریشەکانی گەردوون. دەزانی چ کارەساتێکە ڕق بخزێتە ناو دڵەوە، ئەوکات ئاسمانی دڵ بە هەوری ڕەش دەتەنرێت، دەست و پێی خۆشی زنجیر دەکرێت، پەردەی ڕەش بەسەر هەڵهاتنی خۆشیدا دادەدرێتەوە، ئەو مرۆڤە دەبێتە کۆیلەی ئەو ڕقەی ناو ناخی، بەدەستییەوە دەناڵێنێت، وەک شێتێکی مەست بۆ هەرکوێ بڕوات بەرچاوی تاریکە.
کەواتە، هەنگاو بنێ و بڕیار بدە، ئیتر بە موحیببەتەوە لە شتەکان بڕوانە، خەندەیەکی لێوانلێو لە موحیببەت بۆ کەسانی دەوروبەرت دەرببڕە، کوا باوی ڕق و کینە ماوە؟ ئەرێ تا کەی بە بیرکردنەوەی نەرێنییەوە لە شتەکان دەنۆڕی؟؛ چی تیایە با شتێک بە دڵی تۆ نەبێ خۆ کەعبە کەچ نابێ! دڵت لە هەموو گومانێکی خراپ خاوێن بکەرەوە و تۆوی موحیببەتی تیا بڕوێنە.
خۆشت بەوشتانەوە سەرقاڵ مەکە کە خاوەن موحیببەتێکی کاتین، ئەوانە سەرەڕای ئەوەی کاتین و زوو بە کۆتا دێن لەگەڵ ئەوەیشدا، پاش خۆیان دووچاری ئازارت دەکەن و دڵ و دەروونت ئازار دەدەن بە نەمانیان. 
دەستلەملانی موحیببەتێک ببە کە هەوری ڕەشی ئاسمانی هیچ شەوێک، گەڵاڕێزانی هیچ پاییزێک، کڕێوەی ئەژنۆتەزێنی هیچ زستانێک و لۆفەی زۆر دڵتەنگکەری هیچ ڕووداوێک نەتوانن کۆتایی بە موحیببەتی ناو دڵت بهێنن.
موحیببەتێک تا کەناری ئارام و ئەودیوی بورجی مومیت و تەنانەت تا بەردەم دەرگای خالقیش بتبات، موحیببەتێک تیایدا لە میهری ناوی ڕەسووڵی ئەکرەم (دروودی خوای لەسەر) دڵت گەشابێتەوە؛ هەر بە ناوهێنانی بیابانی دڵت دەکات بە بەهارێک لە سەوزایی و گەردوونێک لە ئاسوودەیی.

تاگەکان    
سیاسەت نیشتیمان حزبی ئیسلامی سایکس-بیکۆ قودس شیرک #پیری دەربارەی کتێب جوانی یاسا ئیسرائیل مردن فێمینیزم گەڕان نوێژ
ئەدەب
2019-12-12 کۆمێنت 1716 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی