بەهانەی تاوان

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2019-11-17 کۆمێنت 2505 جار بینراوە
بیانوودان بە تاوان لە ڕێگەی قبووڵکردنی ئازارەکانی ڕۆژگارەوە، ئەوەی کە لە ناخەوە کێشەت لەگەڵ ئەوەدا نەبێت؛ تووشی دەیان چەرمەسەری، ناسۆری، تەنگانە، سووکایەتی، ڕیسوایی، زەبروزەنگ و کوێرەوەری ببیت، تەنیا بۆ ئەوەی پاساوێک بۆ نییەتە شاراوەکانی قووڵایی ناخت وەچنگ بخەیت و بە دڵی خۆت، ئەزموونی چەپەڵییەکانی دەروونت بکەیت، خۆفریودانێکی ساویلکانەیە نەک ڕاستییەکی خۆسەپێنەر!

   هێندێک لەوانی مرۆڤ دەخوازن هەمووان لەگەڵیدا خراپ بن، دۆخێک بێتە ئاراوە، هیچ دۆستێکی گیانبەگیانی و متمانەپێکراوی نەمێنێت، دوور نییە حەز بە نامەردی و ناحەزیی تەنانەت ئازیزەکانیشی بکات، نەک لەبەر ئەوەی ڕقی لێیان بێت، نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی خراپە لە ناخیدا دەگەڕێت، ناشرینی و دوژمنایەتی لە خوێنیدا فڕکان فڕکانیەتی، دەیەوێت ڕۆژێک لە ڕۆژان، خودای دەکرد لە کۆتایی تەمەنیشیدا بووە، بە ناوی تۆڵەسەندنەوە، خۆسەلماندن، فریایخۆکەوتن، تامکردنی ژیانەوە؛ دزێوییە پەنگخواردووەکانی ناوەوەی بەسەر ئەوانی دیکەدا بڕشێنێتەوە!

   وەک چۆن ئالوودەبوویەک، هەردەم بە دووی فرسەتێکدا سەرگەردانە، تا بە دڵی خۆی ڕەوایەتیی بەو ماددە، حەشیش، جگەرە، مەی، قومار، تلیاک، شرینقە و بەزم و بالۆرانە بدات، کە پێیانەوە گیرۆدە بووە، بە هەمان شێوە مرۆڤەیلێک هەن، چون ڕموودەی خراپە کەڵەکەبووەکانی ناخیانن، بە دووی هەلێکی گونجاودا وێڵن، تا بە کەیفی خۆ، هەڵپەی شەڕە قەتیسبووکانی ناوەوەیان، لەوانی دیدا دامرکێننەوە.

   وەک چۆن موعتادێک، لە قووڵایی ناخیەوە حەز بە کوێرەوەری و لاوازییەکانی خۆی دەکات، ئاخر لای خۆیەوە، ئەوە تەنیا دەردیسەری و دەردە بێدەرمانەکانی ڕۆژگارە دەتوانن، شەرعییەتێکی سەراویانە بە ڕیسوایی و زەبوونییەکانی ڕێگەی ئالوودەبوون ببەخشن، ئاوەهایش کەسانێکت لێ قیت دەبنەوە، کە تەنیا چاویان لە داماوی و بەشخوراوی و چەرمەسەرییەکانی خۆیانە، گەر نەیشیان بێت، دەیخوازن، تەقەلای بۆ دەدەن، تەنیا لەپێناو ئەوەی؛ ڕەوایەتییەکی ناڕەوا بە دڕندەییەکانیان ببەخشن.

   ئەو لەنێو دەیان، سەدان و هەزاران جوانیدا، بە کونجکۆڵییەوە بە دیار ناشرینییەکەوە ڕاماوە، هەر بۆ ئەوەی پاساوێک بۆ نەنگییەکانی خۆی وەدەست بخات و لەوێویشەوە خوازیارە، پەتی دزێوی و سەرپێچییەکانی زێتر و زێتر درێژ بکاتەوە.

   وەختێک ئەو دەڵێت، من تەنیا لەو دۆخ و ژینگەیەدا باش دەبم، کە خۆم مەیلم لێیەتی و  بە پێچەوانەوە، سڵ لە هیچ شتێک ناکەمەوە و ئەوەی خۆم حەزم لێیەتی، پیادەی دەکەم، بێگومان ئەمە هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی سڵ لە هیچ شتێک نەکاتەوە، بۆیە باشی و جوانییەکانی خۆی بە دۆخ و ژینگەیەکی دیاریکراوەوە بەستووەتەوە، تا بە کەیفی خۆی، چەپەڵییەکانی بە ناشرینرترین شێواز تاقی بکاتەوە!

   ئەوەی کە چەند جارێک لە دەرگای چاکەیەک دەدەیت و بە حسابی خۆت بە ڕووتدا ناکرێتەوە و بۆت نایەت، ئیدی بێ پرینگانەوە، خۆت نوقمی دەریای تاوان دەکەیت، بە بیانووی ئەوەی چاکە و جوانی بە ڕووی تۆوە نەهاتوون، لە ڕەوایەتیدان بە نەنگی و تاوان و چەپەڵی بترازێت، چی دیکە نییە!

   ئەوەی تۆ یەک جار، دوو، یان سێ و چوار جار یاخود زیاتر، دەچیتە خوازبێنیی کیژێک و  گوایە بە دووی ژیانێکی حەڵاڵ و پاکدا وێڵیت، کەچی پاش چەند جارێک هەوڵدان، وەختێک شکست دێنیت، ئیدی وەک سەگی هار، مینا کەمتیارێکی چڵێس و وەکی گای شێت، دەکەوێتە وێزەی تاوان و حەرام و خواخواتە کەس حەڵاڵ و پاکیزەییت بیر نەخاتەوە، بۆ ئەوەی بە پاساوی نەبوونی حەڵاڵ، حەرامەکان بۆ خۆت مسۆگەر بکەیت!

   ئەوەی کە تۆ هەردەم لەنێو تۆڵەکردنەوەیەکی بەردەوامدا خۆت دەبینیتەوە، کردەوەی بۆگەنی ناخی خۆتە، نەک خراپی و ناپیاویی ئەوانی تر، ئاخر تۆ خۆت شەڕەنگێزیی بە ڕێوەت دەبات و ئەوە ئاڕاستەت دەکات، بۆیە هەمیشە لەپێناو تۆڵەسەندنەوە لەوانی تردا، بە دووی بەهانەیەکدا شێت و پەرێشانیت.

   وەختێک سۆزانییەک بدوێنیت و بواری پێ بدەیت، ئەوەی لە ناخیدا دەگوزەرێت، بۆ تۆی هەڵبڕێژێت، بە دڵنیاییەوە هیچ سۆزانییەک لەم دونیایەدا نامێنێتەوە، تۆ هەق بە هەڵبژاردنی ئەو پیشەیەی پێ نەدەیت، دوور نییە چەند ڕۆندکێکی سوێریش بۆ نەهامەتی و ئازەرەکانی بڕێژیت، ئاخر وەها پاساوەکانی ژیان و گوزەران و ژینگە و دۆخی ئابوورییت بۆ ڕیز دەکات، ناچار دەبیت هەقی پێ بدەیت، بێئاگا لەوەی هەر لە ئەوەڵەوە بیانوویەک یان چەند بیانوویەک ئەمیان بەرەو ئەو نشێوە ئاڕاستە کردووە و ئەم خۆی ئەو ژیانەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە نەک بارۆدۆخ، ئاخر گەر وا نەبووایە و بۆ ماوەیەک دۆخێکی سەپاو بووایە، خۆ هیچ نەبێت سۆزانیبوون نەدەبووە پیشەی هەمیشەیی!

   وەختێک بکوژێک باسی پاساوەکانی بە بکوژبوونی خۆیت بۆ دەکات، لە زۆر ڕووەوە لەوەیە مافی پێ بدەیت، لێ ئەوەت لە بیر نەچێت، گەر خۆی نەیویستایە خوێنمژ دەرچێت، لانی کەم بە یەک یان دوو تاوان، کۆتایی بە کارە قێزەونەکانی دەهات!

   وەک چۆن بەرگدوورێک خەریکی دوورینی جلوبەرگێکە و لە کۆتاییدا بە بەری کەسێکیدا دەکات، ئاوایش ئێمە، بەردەوام خەریکی دوورینی بیانووین و هەر جارەو بە بەری کەموکوڕی یاخود تاوانێکمانیدا دەکەین!

   هەرگیز بەڵا و کارەساتە لەناکاو یان ناچارییەکان، خراپبوونی هەمیشەیی بەسەر هیچ مرۆڤێکدا ناسەپێنن، بەڵکوو بۆ چەپەڵبوون، پێویستە ویستێکی قووڵ لە ناخی مرۆڤەکە خۆیدا ڕیشەی داکوتابێت!

   ئەوەی کە بە حسابی خۆی، گوایە لە بنەمادا مرۆڤێکی پاک و چاک بووە و ئەو خراپەکارییەی ئەمێستاکە تێی کەوتووە، لە دەستی خۆیدا نەبووە و ڕۆژگار و پەندی زەمانە، وەها جەڕیان داوە و ئاوا وەریانیچەرخاندووە، تەنیا بیانوویەکە و هیچی تر، ئاخر قەدەرە ناچارییەکان قەت زوڵم و خراپەکاری بەسەر مرۆڤدا ناسەپێنن، بەڵکوو ئەوە خودی مرۆڤ خۆیەتی، ڕووداوەکان بەرەو ئەو شوێنە ئاڕاستە دەکات، کە خۆی ویستی لێیەتی!

بیستوچوار سەعاتەکەی خودا، ئێمە خەریکی تاشینی بیانووی کارە قێزەونەکانمانین، ڕاستییەکەی پاساودان بە تاوان لە خودی تاوانەکە خۆی ترسناکترە، ئاخر تاوان یەک تاوانە و بڕایەوە، لێ بیانووهێنانەوە بۆ خودی تاوان، ڕێگایەکی دوورودرێژە و کۆتاییەکی لێڵ و نادیار، بۆیە شەرعییەتدان بە تاوان لە ڕێگای هەڵکۆڵینی پاساوەکانیەوە، مەودای تاوان درێژتر و ژمارەی ستەمەکان زیاتر دەکات!

   هەستێکی زاڵ هەمیشە لە سەرووی هەموو هەستە کەڵەکەبووەکانی پشتی پشتەوەی دەروونەوە، ئەوانی تر ڕێنموونی دەکات، تەنیا بەرەو ئەو خواستە پاڵیان پێوە دەنێت کە خۆی مەیلی لێیەتی، ڕووەو ئەو ڕێبازە پەلکێشیان دەکات کە خۆی    بووەتە خوتخوتەی، ئەو هێندە شاراوەیە، ئەوە هیچ کە دەوروبەر و خەڵکانی نزیک هەستی پێ ناکەن، بەڵکوو زۆر جاران لە خودی مرۆڤیش خۆی مەڵاس داوە و بەئاسپایی، بێ ئەوەی بزانێت و باش بیناسێت، شوێنپێی هەمان ئەو هەنگاوانەی پێ هەڵدەگرێت، کە ئەو لێی ڕازییە و ئارەزووی لێیەتی!

   هەم چاکبوون و هەم خراپبوون، هەریەکە بیانووی خۆیان هەیە، ئەوە ئێمەین کە هەڵیاندەبژێرین نەک ئەوان ئێمە، ئەوەی کە داماوی و دەربەدەری، یەکێکی دڵپاک و پیاوچاک و پاڵفتەکراوی لێ چێ دەبێت و هەمان چەرمەسەری و ئاوارەبوون، یەکێکی دی دەکاتە قۆڵبر و پیاوکوژ، دیسان هەمان ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە؛ کە ئەوە مرۆڤەکانن بیانووەکانیان بەرەو ئەو شوێن و مەبەستە ئاڕاستە دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت!

   ئەگەر تاوێک سەر بخەیتە سەر مێژوو، دەبینیت کە هەمیشە کەسە دیار، جیاواز، ناودار و بەهێزەکانی دیرۆک، چ خراپ و چ چاک، خودان بیانووگەلێکی دوو دیو بوونە، واتە ئەو پاساو و بەهانانەی ناوی کەسە جوامێر و ناوازەکانیان وەک نموونەی چاکە و پیاوەتی لە مێژوودا تۆمار کردووە، هەمان ئەو بیانووانە بوون کە ئادەمیزادە ناپاک و خراپەکار و ستەمکارەکانیان کردە پەیکەری ناشرینی!

   بۆ وێنە، هەروەک چۆن پیاوە زرنگ و دانا و گەورەکانی مێژوو، هەمیشە بە دەست کێمایەسی، نەبوونی، ناتەواوییەکەوە ناڵاندوویانە، ئاوەهایش کەسە چەپەڵ و زۆردار و کڵاوچییەکان بە دەست هەمان دەردەوە تلاونەتەوە، لێ ئەویان لە چاڵاوی لاوازی و دەردیسەرییەکانەوە، جوامێری و مەزنی هەڵگۆزی و ئەمیان، قەزەمی و قێزەونی!

   لەوانەیە بڵێیت گەر وا بێت، کەوایە سەروەختی تاوان و کردارە چەپەڵەکان، ئێمە هیچ یەکێکمان تاوانبار نین و خراپەکان وەئەستۆی ئێمەومانان ناکەون، بەڵکوو ئێمە لەژێر هەژموون و شاڵاوی بەهێزی ئەو هەستە کەڵەکەبووانەی دیوە نادیارەکەی دەروونمانین! بێئاگا لەوەی، پەنگخواردن و کەڵەبوون و زەبەلاحبوونی ئەو هەستە شەڕەنگێز و ناڕەوا و تۆقێنەرانەی ناخمان، ئاکامی بێپەروایی و بێباکییەکانی خۆمانن، ئەنجامی پشتگوێخستن و کپکردنەوەی هاوارەکانی ویژدانمانن، ئەگەر ئێمە تاوێک بە دیاریانەوە ڕۆبنیشتینایە و کەمێک وەختمان بۆ چارەکردنی دەردەکانی نێو پزدانی نەستمان تەرخان بکردایە، ئاوا لەپڕ تەسلیمی خۆیان نەدەکردین و بەو لەونە لە گۆیان نەدەخستین، وێنەی نەخۆشییەکانی جەستە؛ چۆن هێدی هێدی بە نیشانەی گچکە گچکە و بێئاسەواری گەورە و گرینگەوە دەست پێ دەکەن و گەر پێشوەخت دەستنیشانیان نەکەین و تا زووە خەمێک لە چارەکردنیان نەخۆین، پاش ماوەیەک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، دەمانتاسێنن و بە یەکجاری پەکمان دەخەن!

   زۆر لەوە دڵنیا بە، خودا بەگوێرەی ئەو هەستە زاڵەی نێو ناخت لەگەڵتدا دەجووڵێتەوە، بۆیە بە مەبەستی  پاڵفتەکردن و لەقاڵبدانی ئەو هەستانەت، بێوچانانە لە تەقەلادا بە، ئاخر وەختێک کاری خۆیان دەکەن و بۆ چاوترووکانێک خۆ دەنوێنن، کاری هێندە سامناک دەکەن، دوور نییە ڕێڕەوی ژیانی خۆت و دەوروبەر و هێندێک جاریش، مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن!

   ئەوەی مرۆڤێکی پاک و جوان، بە حسابی خۆی عاشیق، دڵ و هەستناسک، حەز بە هونەر و گۆرانی و ناسکی، وەختێک لە ڕێڕەوی ئەویندارییەکەیدا بە نەمان و هەڵبڕانی خۆشەویستە تاقانەکەی تاقی دەکرێتەوە، لەبری ئەوەی لە حەسرەتی دووری و دابڕاندا، بە ئومێدی ویساڵی ئەو هەستە پاک و باڵایانەی لەوی مەعشووقدا ڕەنگیان داوەتەوە، جۆش و پەرۆشیی پتر گڕ بستێنێت، خوێڕییەکی سەرسەریی بێقەید و بەندی لێ دەردەچێت، لەبری گەڕان بە دووی جوانییە بزربووەکانی پێش چاویدا، ئەزموونکردنی ناشرینی و چەپەڵی دەبێتە پیشەی هەتاهەتایی. ئەو بە حسابی خۆی، لەبەر ئەوەی بەو نەگەیشتووە، یان مادام لە ئەزموونی گەڕان بە دوای پاکیدا، تووشی شکست بووە، ناچارە ئیدی دزێوییەکانی تاقی بکاتەوە. بێئاگا لەوەی، ئەو لەم هەموو ماوەیەدا تەنیا چاوەڕێی ئەم دەرفەتە بوو، لە جەرگەی ساتە جوانەکانی ژیانیدا، مرخی لەم دۆخە شڵەژێنەرە خۆش کردبوو، بۆ ئەوەی پۆخڵەواتەکانی خۆی تێدا خاڵی بکاتەوە!

   ئەو گوایە چەند جارێک، بە پاکی لە دەرگای حەڵاڵی دا و بۆی نەبوو، بۆیە ئیدی هەقی خۆیەتی بە کەیفی خۆی، حەرامەکان تاقی بکاتەوە!

   ئەو تەنیا پەلەی ئەوەی بوو، لە مەیدانی پاکیزەییدا چی زووترە، شکست بێنێت، بۆ ئەوەی پاساوی چەپەڵبوون و لەڕێلادان، بۆ خۆی وەچنگ بخات!

   ئێمە پڕپڕین لە ئیرادە، لێوڕێژین لە ویست و خواست، گەر بە زێدەڕۆیی لەسەرم حیساب نەبووایە دەمگوت، باران، لافاو، گڕکان، سەرما و گەرمایش، خەریکی شوێنکەوتنی خواستەکانی ئێمەن و بە ڕەچاوکردنی ئەوەی ئێمە دەیخوازین، لەگەڵماندا دەجووڵێنەوە!

   قەدەرەکان خۆیان هەن، ئەوە ئێمەین هەڵیاندەبژێرین، بە خێر بە سەرماندا دەشکێنەوە یاخود شەڕ، بۆیە هیچ قەدەرێکی لە بنەمادا شەڕ لە گەردووندا نییە، هەمووی دووسەرە، چاوەڕێیی ئێمەیە، بزان کامیان پەسەند دەکەین و کامیان پشتگوێ دەخەین!

   وەختێک ئەم قسانەم لای مامۆستای ئازیزمدا شەنوکەو دەکرد، بە مەبەستی پشتڕاسترکردنەوەی هەمان حەقیقەت، ئەو شیعرەی مەولانای بە گوێدا چرپاندم و هەر کە خۆیشی شیعرەکەی بە کوردی خەڵات کردم، یەکڕاست مچووڕکەیەک لە بنی پێمەوە تا تەوقی سەرم، تەزاندمی!

مەولانا دەڵێت:
تا در طلب گوهر کانی کانی
تا در هوس لقمه نانی نانی
این نکته رمز اگر بدانی دانی
هر چیزی که در جستن آنى آنى

تا هەڵوەدای گەوهەری کانیت، کانیت.
تا لە هەوای تیکەیە نانیت، نانیت.
ئەم پەند و ڕازە گەر بزانیت، دەزانیت
هەرچی لە هەوڵی گەیشتن بەودایت، ئەویت!

   دواتر وەک هەمیشە، کە سەرێکم لە داڵدەی دڵم، ئارامگای ناخم، ڕێنوێنی ژیانم، قورئانی پیرۆز دا، بۆم دەرکەوت؛ دەیان ئایەت جەخت لەسەر ئەم ڕاستییە دەکەنەوە، بۆ وێنە؛ خودا دەفەرموێت: ”كُلُّ امْرِئٍ بِمَا كَسَبَ رَهِينٌ: بێگومان گشت مرۆڤێك بارمتەی کردەوە بەدەستهاتووەکانی خۆیەتی.“
   یان دەفەرموێت: ”لَهَا مَا كَسَبَتْ وَعَلَيْهَا مَا ٱكْتَسَبَتْ: مرۆڤ تەنیا ئەوەی بۆ هەیە، کە بەدەستی هێناوە و هەر ئەوەیش یەخەی دەگرێتەوە، کە وەچنگی خستووە.“

   ئەو کەسبەی لەو دوو ئایەتەدا یاداشت کراوە، جگە لە کردەوە بەدەستهاتووەکانی جەستە، خوتخوتە و هەستە پەرەپێدراوەکانی دەروونیش دەگرێتەوە، ئاخر هەر بەڕاستی مرۆڤ چەندە دیلی کردەوەکانی جەستەیەتی، دوو هێندە و بگرە زێتریش، بارمتەی نیاز و حەز و ئارەزووە پەنگخواردووەکانی ناخیەتی!

   خۆ ئەگەر بەوەیش دڵت ئاو ناخواتەوە و هێشتا ملەجەڕێتە، وەرە ئەم ئایەتەم لەگەڵدا بخوێنەوە: ”أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُم مُّصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُم مِّثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّى هَذَا  قُلْ هُوَ مِنْ عِندِ أَنفُسِكُمْ“

   ئەوەی ئێمە تێی دەکەوین و تووشمان دەبێت، لە بەرهەمی دەست و ناخی خۆمان، لە مەیل و هەوڵەکانی دەروونمان، لە کەینوبەین و ڕازەکانمان بترازێت، چی دیکە نییە، ئاخر ئەگەر نەختێک بە دیار پێچوپلیچەکانی دەروونمانەوە ڕابمێنین، ئەو ڕاستییەمان جوان جوان بۆ ڕوون دەبێتەوە؛ کە ئەوەی بەسەرماندا دێت و لێمان دەقەومێت و تێیدا گیر دەخۆین، ڕەنگدانەوەی جوانی یان نەنگیی ناخی خۆمانە نەک شتێکی تر!

   وێڕای کەڵەکەکردنی پاساوەکان، سەرەڕای خۆفریودانەکان، بەو مەرجەی ڕاستگۆیانە توێژەکانی ناخمان هەڵدەینەوە، دەگەین بەو ئەنجامەی؛ ئێمەی مرۆڤ تەنیا بەو هەستە خوازراوانەی ناخماندا دەتەقینەوە کە سەردەمانێکە خڕمان کردوون، نەک دۆخێکی ناچاری و خۆسەپێنەر!

   ”بَلِ الْإِنسَانُ عَلَىٰ نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ/وَلَوْ أَلْقَىٰ مَعَاذِيرَهُ: مرۆڤ با پاساوی زۆریش بێنێتەوە، بەڵام باش خۆی دەبینێت و دەزانێت ناخی چی دەوێت.“
تاگەکان    
بوومەلەرزە تەنیایی تەلارسازی کرێکار پۆرن جنۆکە فەلسەفەی ئەخلاق سایکس-بیکۆ ڕەزا بابایی یاری نوێژ کۆمەڵکوژیی بۆسنە عێڕاق لۆجیک بووژانەوە
فیکر
2019-11-17 کۆمێنت 2505 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی