ڕانانێک بۆ کتێبی بانکی زانیاری و یادگارییەک لەگەڵ مامۆستا مستەفا

ئەدەب 2019-11-12 کۆمێنت 1599 جار بینراوە

نووسینی: محه‌مه‌د جه‌بار


 پۆلی چواری بنەڕەتیم تەواو کرد. چونکه‌ بە یەکەم دەرچوو بووم، دایکم سێ کتێبی بە دیاری بۆ کڕیم. یەکێکیان دوو بەرگ بوو؛ ئەوە کردی بە چوار.

بەهۆی گەورەیی کتێبەکە و، کەیفهاتن بە ناوەکەی لەوەوە دەستم پێ کرد، ئاخر بانکی زانیاری ناوێکی گەورەیە بۆ ئەو تەمەنەی کە وا چاوەڕوان بووم ئەوەندەی بانکێ زانیاری لێ گرد بکەمەوە.

دوای ئەوەی بیسمیللام لێ کرد، بە نزیکی مانگێک هەردوو بەرگم خوێندەوە. کە بە هەردووکییەوە ٧٠٠ و ئه‌وه‌نده‌ لاپەڕە دەبوو. بۆ من کارێکی قورس نەبوو. کوڕێک کە تازە ماڵیان گواسترابێته‌وه‌ لە بۆ شارێکی تر هەڵبەت هاوڕێی لێ جەم نابێتەوە وا بەئاسانی، بۆیە زۆربەی کاتەکانم بە خوێندنەوە و سەردانی کتێبخانەی گشتی بەسەر دەبرد.

بابەتەکانی ئەم کتێبە، وەک لە وێنەکان دەردەکەوێ تا ڕادەیەک دوور بوون لەیەک. ئەمە چاوەڕوان کراوە، چون نووسەر نەیوتووە زانستت پێ دەبەخشم، ئەمە زانیارییە! لێ بەوەوە نەوەستام فزووڵی زۆر وای کرد کتێبەکانی ترم لە بیر بچێتەوە و هەر خەریکی ئەمەیان بم؛ ئاوەزمی دەجووڵان، بۆ منداڵێک لەو تەمەنە فرە گرنگ بوو. جۆرەیلێ پرسیاری هەبێ و وا لە کتێبێکیش وەڵامەکانی بە زیادەوە هەبێ، جگە لەوەیش  پرسیاری نوێترت بۆ دروست بکات!

لەوە سەیرتر؛ دوای بەخێرهاتن لە میوان و دانیشتن، باوکم دەستی کرد بە ناساندن، ئەمە محەمەدی کوڕمە مامۆستا، تا بڵێی نابغ و وەها و وەهایە. بابەت کەوتە سەر پەروەردەی منداڵ و گرنگیی خوێندنەوە، دایکم باسی ئەوەی کرد کە هێشتا ئەو خووەم ماوە کە گۆڤاری منداڵان بخوێنمەوە و مانگی سێ گۆڤارێکم دەخوێندەوە. وەرزانەیش گۆڤاری زانستی سەردەم هەبوو؛ کە ئیتر لە سەرەتای خوێندنی زانکۆ لەوەی سەردەمیش بڕام.

مامۆستایش زۆر بەوە خۆشحال بوو وتی، کەوایە دیارییەکیش لە منەوە وەردەگرێ. وتی کۆمەڵە کتێبێکم نووسیون بە ناوی بانکی زانیاری!

تەواو نش بووم، ئەمە نووسەرەکەیە، ئیتر مینای شاخێک لێیم دەڕوانی، بە سامێکی زیاترەوە سەیریم دەکرد، تۆ بڵێی چۆن ئەم هەمووەی نووسیوە؟ ئەمە خۆیەتی؟

جاری دووەم نوسەرم بینییەوە! هاوینی ٢٠١٩ بوو.

لە کاتی سەردانیکردنی ماڵی هاوڕێیەکم کە باوکی نەخۆش کەوتبوو، دوای ئەوەی وتم چا ناخۆمەوە و خاسەتەن ئەگەر شەکری تیا بێت، یەکێک لە سەردانیکەران وتی: کوڕم «شەکر» نا «شەکەر» دروستترە. دوو شیعریشی کرد بە بەڵگە، وتی بڕوات کرد؟  سەرێکم لەقاند وەک ئەوەی بە گومان بم. وتی چییە کوڕم ئەڵێی فەلسەفە ئەخوێنی وا ئاوها بەگومانی؟ شەکەرێ چییە بیکەیتە جێی گومان؟

قسەوباسمان لەسەر شەکەر ڕۆشت تا باس چووە سەر شەک و یەقین لەوەشەوە بۆ سه‌نندج و ڕیشەی ناوە ئێرانییەکان. لە کاتی هەستانەوە گوێم لە کەسێک بوو وتی مامۆستا مستەفا گەورەت کردین... ئه‌رخەیان بووم ئەم مامۆستا مستەفایە دیسانەوە نووسەرە خۆشەویستەکەی لای منە! وەک کتێبەکانی، سوحبەتکردن لەگەڵیشی هەگبەت پڕ زانیاری دەکاتەوە. ئەو مامۆستا مستەفایەی کە ئاوەزمی جوڵاند، گرنگیی زانست و گەورەییەکەی نیشان دام. هەر کە دەستم بە ئینتەرنێت دەگەیشت، پرسیارە زانستییەکانم لە وارگەکان دەدۆزییەوە، زۆر کەیف خۆش دەبووم. ئەمە بۆ تەمەنی منداڵی و بگرە تا ئێستە هەستێکی فرە خۆشە. خوا مامۆستا مستەفا سەلامەت بکات و تەمەنی ئەوەندەی تر پڕ بەرەکەت و نور بکا، خوای گەورە هەموو ئەم پیتانەی بە چاکه‌ بۆ بنووسێت.










تاگەکان    
دەروونناسی باران لۆجیک زانایان فەلەستین دەروون بوونەوەری ئاسمانی عەبدولکەریم سرووش مردن کونە ڕەشەکان نوێژ کۆرۆنا ئازادی ڕۆژاوا پۆرن
ئەدەب
2019-11-12 کۆمێنت 1599 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی