مرۆڤی پلاستیکی

فیکر 2019-11-10 کۆمێنت 3612 جار بینراوە

نووسینی: ڕێناس ئەحمەد


هەر یەکێکمان دارای ڕووخسار، دەروون و کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی تایبەتین، کە ناسنامە و شوناسی ئێمەن. گۆڕان لە هەر یەکێک لەوانەدا ڕوو بدات، زۆرجار بەدوای خۆیدا گۆڕانی ئەوانی دی دێنێت.

ئەمڕۆ وێنەی دۆستێکی کۆنم دیت، ڕاستی ئەگەر هاوکاری کەسێکی تر نەبووایە نەمدەناسییەوە. مرۆڤ چ کائینێکی سەیرە! بە ماوەیەکی کەم چی گۆڕانکارییەکی تێدا ڕوو دەدات! تاکە ئاژەڵە کە هێندە خێرا دەگۆڕێت.

دوێکە دارای ڕووخسارێکی جوان، بێتاوان و میهرەبان بوو، لەگەڵ ناخێک کە سەدای مەکە مەکەی تا دەرەوە دەهات و هەمیشە بەترسەوە هەنگاوی دووەمی دەنا، لێ ئەمڕۆ دەمولێوێکی پلاستیکی و لوتێکی بەرزکراوە و ڕووخسارێک کە لە هیی کەسێکی ئاڵۆش دەچێت.

کاتێک مرۆڤ لەخۆڕا ڕووخساری خۆی دەگۆڕێت، بەدوایدا ناخیشی دەگۆڕێت، هەڵبەتە ئەگەر گۆڕینی ڕووخساری دەرەنجامی بەدگۆڕانی ناخی نەبووبێت. ڕووخسار و ناخ بە تێپەڕبوونی کات دەبن بە ئاوێنەی یەکتری، بۆیە کاتێک گۆڕانکاری لە یەکێکیان ڕوویدا، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری لە ئه‌وی تریشدا ڕوو دەدات، چون ئەو دووە کار و کارتێکراوی یەکترن.

کاتێک تاوانێکێت لێ دەئاڵێت، دوای چەند ڕۆژێک، یان چەند کاتژمێرێک، دەچیتە بەر ئاوێنە و، سێبەری تاوانەکە لەسەر ڕووخسارت دەبینیت، تاوێک تەریق دەبیتەوە، یان ڕەنگە شەرم لەو ڕووخسارە بکەیت کە ساڵانێکە لەگەڵیدا ڕاستگۆ بوویت، دوو دڵۆپ فرمێسکی خەجاڵەتی دەڕێژیت، لێ کاتێک مرۆڤ ڕووخسارێکی پلاستیکی دەستکردی بۆ خۆی سازاندووە، ئەو دەمە شتێک نامێنێت لەبەردەم ئاوێنەدا شەرمی لێ بکات.

ڕووخساری پلاستیکی، ناخێکی ماددی دەخوازێت، وا لە مرۆڤ دەکات هەڵوەدای جوانییەکی ماددی بێت و، ئامادەیە لەپێناو گەیشتن بە جوانییەکی جەستەیی زیاتردا هەموو بەهایەکی مەعنەوی و ئەخلاقی بدۆڕێنێت.

مرۆڤی پلاستیکی؛ لە ڕۆیشتنی ڕۆژ و بەسەرچوونی تەمەن دەتۆقێت و، بە خەیاڵیش ناوێرێت بیر لە نەخۆشکەوتنێکی ئاساییش بکاتەوە. ئەوان هەموو ژیان لە جوانییەکی تەمەنبردوودا دەبیننەوە و، بە ڕێژنە پوڵ و پارە دەکەنە گیرفانی جوانییانەوە تاوەکو کاتێکی زیاتری بۆ بکڕن.

خۆیشیان باش دەزانن کە ئەو ئەندامەی جوانیی پلاستیکی لە کەسی بەرانبەردا دەیجوڵێنێت، دڵ نییە، گەڵە. ئاوەز نییە، ئارەزووە. خۆشەویستی نییە، حەزە، حەزێکی کاتی گڕگرتوو.

مرۆڤی پلاستیکی؛ ناخیشی پلاستیکی هەڵدەگەڕێت. تا ئەو کاتە دەم بە بزەیە کە ددانە دەستکردەکانی بە دەر بکەون، نەک دڵی پڕ بێ لە ڤین، تا ئەو دەمە میهرەبانە کە سەدایەکی نازاوی لێوە دەر بچێت و مەیلی بەرانبەر کێش بکات، نەک ناخێکی پڕ لە میهری هەبێت.

گەر لێ گەڕێین سروشت بەئەسپایی مرۆڤ دەگۆڕێت، هەموومان لەژێر جەبری گۆڕانکارییەکی شێنەییداین، لێ کاتێک مرۆڤێک بە جۆرێک خێرا خۆی دەگۆڕێت، کە ناسینەوەی لەلایەن کەسە نزیکەکانیشیەوە ئەستەمە، کارەسات دروست دەکات.

مرۆڤێک جورئەتی دروستکردنی ئاوا گۆڕانێکی لەپڕی هەبێت، جورئەتی زۆر زیاتریشی هەیە لێ هێشتا کات و ساتی ئاشکرابوونی نەگەیشتووە.

گۆڕینی ڕووخسار، پەیوەندیی مرۆڤ بە ڕابردوویەوە دەپچڕێنێت، شەرم لە ڕابردووی دەکات و لە ئێستایشی بەگومانە. جارێکیان یەکێک لەو ڕووخسارپلاستیکییانە بە یەکێک لە دۆستەکانی دەگوت؛ هەموو وێنەکانی پێشووم بسڕەوە، وێنەی تازەت بۆ دەنێرم، جاران ناشرین بووم، ئێستا دوای جوانکارییەکەم جوانم.

 ئەوان هەمیشە بە چاوی کورتهێنان و کێمایەسییەوە لە ئەندامە خواداوەکانیان دەڕوانن و، دۆخێک لە گلەیی و ناقنیاتیان بەسەردا زاڵە.

مرۆڤی پلاستیکی دەیەوێت جوانیی خۆی فەرز بکات و، مەیلی لە کەمەندکێشکردنی هەمووانە نەک یەک کەس، بۆیە هەمیشە چاوی لە دەورووبەرە و بە تانەیەکی بچووکی ئەوان دەڕووخێت، ئاخر هەموو دەسمایەی ئەو جوانییەکەیەتی کە هێڵی سوورە و هەرگیز دەڕۆستی تانەلێدانی نییه. سەیر ئەوەیە هەموو خۆسەلماندنی بە شتێکەوە بەستووەتەوە کە لە بنچینەدا هیی ئەو نییە! وەک کەشوفشکردنی مێردمناڵێک بە ڕیشە بەقەڵەمکێشراوەکەیەوە یان گەنجێک بە ترۆمبیلە دزێتییەکەیەوە.

ئەو مرۆڤانە پڕن لە گرێی دەروونی، وەک؛ گرێی کەمێتی، ئیرەیی، پەراوێزخران و نەتوانینی خۆسەلماندن بۆ کەسانێک کە لایان لێ ناکەنەوە.

ڕازین بەوەی جوانییان چەشنی سێوێکی پلاستیکی سەرنجڕاکێش بێت کە نە بۆنی هەیە و نە تام. ئامادەن خۆیان مۆمیا بکەن و دەستبەرداری هەموو مەعنەوییەتێک ببن لەپای جوانییەکی جەستەیی زیاتردا.



تاگەکان    
قودس كتێب ژن گۆرانی نەتەوایەتی ئەدەبیاتی فارسی فێمینیزم یادەوەری کورد کتێب کۆرۆنا کتێبی هاوسانی حزبی ئیسلامی تەلارسازی مۆدێرنە
فیکر
2019-11-10 کۆمێنت 3612 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی