تەمەن

فیکر 2019-11-07 کۆمێنت 2614 جار بینراوە

نووسینی: سرووش دەبباغ

وەرگێڕانی: عەلی حسێن حەسەن



لە ساڵی سێیەمی ئامادەیی و لە وانەی عەرەبیدا، سەرباری ئەو وانانەی ئەرک بوون لەسەرمان، شیعری هەندێک لە شاعیرە مەزنە کلاسیکەکانی عەرەب، لە ناویاندا هەممامی کوڕی غالیب، ناسراو بە فەرەزدەقمان دەخوێند و وێڕای خاڵە سەرفی و نەحوییەکان، لەبارەی ناوەڕۆکەکەشیانەوە، لەگەڵ مامۆستا شارەزا و شیعردۆستەکەماندا وتووێژمان دەکرد. لە بیرمە لە یەکێک لەو شیعرانەدا، شاعیر، بە ئاماژە بە بینینی مووی تازەدەرهاتووی سپی لەسەر ڕوومەتی، دەرکەوتنی مووی سپیی، بە نیشانەیەک بۆ ئامادەبوون و پێچانەوە و دەستهەڵگرتن و ڕۆیشتن دانابوو، چون (زەنگی کاروان هاوار دەکات و دەڵێت، بۆ کۆچکردن، کەژاوەکان لەسەر پشتی چوارپێیان ببەستن و بە ڕێ بکەون.)

دوێنێ چەند خولەکێک چاوم لە ئاوێنە بڕیبوو و لە خۆمم دەڕوانی. بینینی ژمارەیەکی زۆری مووی سپیی سەر دەموچاوم، بیرەوەریی ئەو وانەی عەرەبییەی لە زەین و ناخمدا ژیاندەوە و بۆ سی ساڵێک پێش ئێستای گێڕامەوە؛ ئەو ڕۆژگارەی، تازەلاو بووم و سپیبوونی مووم، بە شتێکی فرە دوور دەزانی؛ وەک بڵێیت، لەبارەی کەسانێکەوە دەدوێیت، بە تەواوی جیان و چەندان فەرسەنگ لێتەوە دوورن. بەڵام ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، بە ڕەنگ و جۆرێکی ترم و تەمەنناوەندێتیم بە چاوی سەر بینیوە و ئەزمووە .

قەیسەری ئەمینپوور دەیوت: (لەناکاو چەند زوو درەنگ دەکات.) ژیان تێکەڵەیەکی سەیروسەمەرەیە، پێش ئەوەی بیری لێ بکەیتەوە، ڕۆژگار دەگۆڕێت و دەخولێتەوە و بارودۆخگەلێکی جیاوازت لە چارە دەنووسێت.

لە دانیشتنەکانی تایبەت بە ڕاوێژدا، چەندان جار ڕووبەڕووی ڕاوێژخوازانێک بوومەتەوە، تەمەنیان مامناوەندە و سی و پێنج ساڵییان تێ پەڕاندووە و لەگەڵ (قەیرانی تەمەنناوەندێتی)دا ململانێ دەکەن. لەم دۆخەدا، مرۆ وای بۆ دەچێت، وەک دەوترێت، نیوەی پڕی پەرداخەکە تەواو بووە و نیوە بەتاڵەکەی ماوەتەوە و ئەگەری هەیە، کاری تەواونەکراو و ئەنجامنەدراوی فرەی هەبێت.

جا کە لەپڕ زوو درەنگ دەکات و ناچارین ڕۆیشتن و مردن و ماڵچۆڵکردن بۆ کەسانی تر قبووڵ بکەین و قوتاربوونمان بۆ نییە، ئەو کەسانە بەختیان هەیە، لە پێنج و دوو ڕۆژی نەهاتووی تەمەندا، بایی توانست دەکۆشن، تا بە دەربڕینی دەروونناسی مرۆگەری سەردەم، کارڵ ڕۆجەرز، خۆتوێژی و خۆپاڵاوتن بکەنە ئیشیان و لە مەودای نێوان خۆی ڕاستەقینە (Real Self) و خۆی ئایدیاڵی (Ideal Self)یان کەم بکەنەوە و ئاسوودەییەکی پتر و داخ و نائارامی و دڵەڕاوکەیەکی  کەمتر بئەزموون، چونکە (بە گرتنەبەری ئەم ڕێیە، بە لووتکەی نووری حەقیقەت دەگەین، بەو مەرجەی، ئاگری وەرزشی ڕۆحی و بڵێسەی خۆشەویستی و تێکۆشانمان هەبێت.)


تاگەکان    
حەج حزبی ئیسلامی قودس ژن زانکۆ نیشتیمان عیرفان قوتابخانەکانی نوور شەڕ ئەیاد قنێبی کتێبی هاوسانی بیروباوەڕ دیزاینی زیرەک کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین جەنگی هۆشیاری
فیکر
2019-11-07 کۆمێنت 2614 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی