ئێردۆگان لە نێوان کەمالیزم ‌و ئیخوانیزمدا

فیکر 2019-10-22 کۆمێنت 1438 جار بینراوە

نووسینی: نالی پێنجوێنی


هێرشی دڕندانەی سوپای کەمالیستی تورک، بۆ کوردستانی سوریا، دەرگای بۆ هەندێ نووسەر، ڕۆشنبیر، خەڵکی ئایدیۆلۆژیست ‌و حیزبی خستۆتە سەر پشت، تا بە ناوی داکۆکیکردن لە کورد، شەڕی ئایدۆلۆژی ‌و قینی خۆیان، بەرانبەر ئایینی ئیسلام‌ و ئیسلامییەکان بڕێژن. لەو ڕووەوە دەمەوێت ئاماژە بە چەند خاڵێك بدەم:

١ ئەوانەی دەیانەوێت بەزۆر بەرگی ئیخوان لەبەر ئێردۆگان بکەن، چاویان لە ئاست بەرگە کەمالیستەکەی دادەخەن ‌و نایبینن‌. ئەوان، دەیانەوێت شەڕی ئایدۆلۆژیی خۆیان بە ئیخوان بفرۆشن ‌و لە ئاوی لێڵدا ڕاوی خۆیان بکەن. دەوڵەتی ناسیۆناڵیستی تورک، لە سەر بنەمای کەمالیزم بنیاتنراوە و، ئەو ئایدیۆلۆژیایە ئاوێتەی خوێنی تورک بووە‌. دژایەتیی کورد پانتاییەکی گەورەی لە فیکر و سیاسەتی کەمالیزم‌ و دەوڵەتی تورکیادا داگیر کردووە. ئێردۆگان؛ سوڵتانە نوێیەکەی عوسمانییە تازەکان، سیاسییەکی پراگماتی ‌و تانوپۆی عەباکەی بە ئایدیۆلۆژیای کەمالیزم چنراوە. ئیخوان بە پێچەوانەی ئێردۆگان، پێوەری ئایینی بەسەریاندا زاڵە و لە سیاسەتا زوو فێڵیان لێ دەکرێت. خۆنواندنی ئێردۆگان بە وتنەوەی چەند دروشم ‌و خیتابێکی ئیخوانی لە چەند قۆناغ‌ و وێستگەیەکدا،‌ یاخود هاوسۆزیی‌ بۆ ئەو ڕەوتە و هەڵقوڕاندنی چەند جورعە و قەترەیەک لە فیکری ئیخوان، نەیتوانیوە فیکری کەمالیزم لە بیرو هۆشی دەر بکات و ئەو دەمارانەی بپسێنێت. ئەگەر خوێن ‌و فیکری ئیخوان، بە چارەکێکی لاشەی ئێردۆگان‌ و پارتەکەیدا گوزەری کردبێت. بێگومان، سێ چارەکەکەی دیکەی خوێنی کەمالیزمی تیا بووە.

٢. ئیخوانیزم، بە هەموو هەڵە و کەموکوڕی ‌و عەیبەکانیەوە، هێشتا کراوەترین‌ ڕەوت ‌و بزاوتی ئیسلامییە‌، کە دیدێکی هاوچەرخ‌ و کراوەی بۆ سیاسەت ‌و دەوڵەتداری ‌‌و مافەکانی مرۆڤ هەبێت ‌‌و پلوڕاڵێکی سیاسیی پێ قبووڵ بکرێت. ڕۆژئاواییەکان بۆیە دژایەتی ئەو ڕەوتەیان کردووە و دەیکەن، چونکە دەزانن لە سۆنگەی تێڕوانینی میانڕەویی ئیخوانەوە، دەتوانرێت سەرلەنوێ دەسەڵات ‌و شارستانەتیی ئیسلامی ڕۆحێکی بە بەردا بکرێتەوە و ببوژێتەوە. فۆبیای ئیخوانیزم، لە کۆمەڵگەی ئێمە و لای نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد، وەک زۆر وڵاتی دیکە، ڕەواجی زۆری پێ دراوە و ساڵانێکە فووی پیا دەکرێت. گرفتێکی کاراکتەرە پیرەکانی ئیخوان ئەوەیە، با ناحەز و نەیارەکانیان ڕۆژانە سەتان بۆمبی پڕوپاگەندە و درۆیان، بۆ هەڵدەنە کۆمەڵگە و خەڵكیان لێ چەواشە بکەن ‌و گەردەلوولی پڕوپاگەندە و چەواشەکاریی کۆمەڵگە وێران بکا، ئەوان باکیان نییە و نقەیان لە خۆیان بڕیوە، هەر خەریکی هەڵقوڕاندنی دیژلەمەی خۆیانن و‌، بەسەر کتێبە لاپەڕەزەردەکانیاندا کەوتوون‌. یەک سەدەیە، بەردەوام دوژمنەکانیان ڕیسەکەیان لێ کردوونەتەوە بە خوری ‌و نەیانهێشتووە بە هیچ ببن. هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە، تەواوی تواناکانی خۆیان بۆ دژایەتیی ئیخوان خستۆتە گەڕ. کوردستانیش لەو پرۆسەیە بە دوور نەبووە. دەکرێت بپرسین، جگە لە هەندێ کەسی حیزبی و ئایدۆلۆژیست ‌‌و ئەو ناحەزانەی کورد، کە خوازیارن دنیا دژایەتیمان بکات ‌و ببێتە دوژمنمان، ئێمە هیچ سوودێ لە دژایەتیکردنی ئیخوان کە بەرفراوانترین ڕێکخراوی جیهانی ئیسلامین، دەبینین.

٣هەرچەندە زۆرینەی کورد، ئیددیعای دینداری دەکەن ‌و پابەندن بە زۆرێك لە دروشمە ئایینییەکانەوە، بەڵام لەولاوە، سووکایەتی بە دین ‌و ڕەمزەکانی، کارێکی سادە و سانایە بەلامانەوە. ئێمە، وەك پێویست ڕێز لە زانا و کەسایەتی ‌و سیمبولەکانی خۆمان ناگرین. لەم ڕۆژانەدا، کاری هەندێ کەسی حیزبی ‌و ئایدۆلۆژیست، لەسەر شاشەی تیڤی ‌‌و لاپەڕەی ڕۆژنامەکان ‌و فەیسبووک، بووەتە ڕەخنەگرتن ‌و سووکایەتی ‌و پەلاماری زانایەکی وەك «دکتۆر عەلی قەرەداغی»‌، ئەو پیاوەی کە سی ساڵ زیاترە، لە ڕێی پڕۆژەی خزمەتگوزاری ‌و کاری خێرخوازییەوە، خزمەتی گەلەکەی دەکات. جارێك گوێم لە سیاسییەکی مەنگۆل بوو، سوکایەتی بە «سەلاحەدیینی ئەیووبی» دەکرد! ئەو کاتەی ئێمە باسی کوردبوون دەکەین، هەر لەو کاتەدا بە ناوی جیاجیا و بە مۆتیڤی حیزبی ‌و ئایدیۆلۆژی، ڕۆژی سەتجار دژی کولتووری باو و باپیرانمان دەوەستینەوە و بە دواکەوتوو و نەزان لە قەڵەمیان دەدەین. کام سیاسیی‌ کوردتان بینی شانازی بە سەلاحەدیینی ئەییوبی ‌و سەعیدی نوورسییەوە بکات؟ هەمیشە گلەیی ئەوەیش دەکەین، بۆ دوژمنانی ئێمە، ئایینی ئیسلام بۆ مەرامە سیاسی ‌و نەتەوەییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن‌؟ بۆ سەددام‌، ئێردۆگان‌، ئەسەد، چەقەڵ‌ و ڕێوی، سوورەتی ئەنفال ‌و فەتح ‌و‌ ئاڵای حسەین، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێمە بەرز دەکەنەوە. ئاخر گەلانی دیکە، دەزانن ڕێز لە زانا و کەسایەتییەکانیان بگرن. ‌‌منداڵی تورک لە قوتابخانە فێر دەکرێن، شانازی بە ڕەمزەکانی خۆیانەوە بکەن، کۆلکە مەلایەکی خۆیان دەکەن بە ئیمام تابوور. لای ئێمەیش، سووکایەتی بە زانا و کەسایەتییەکانمان وەک ئاوخواردنەوەی لێ هاتووە.

٤هێشتا نوخبەی سیاسی ‌و ڕۆشنبیریی ئێمە، فێری ئەوە نین خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و هەڵسەنگاندنی لۆژیکی ‌و زانستییانە بۆ بڕیارو هەڵوێستی کاربەدەست‌ و بڕیاربەدەستانی ئێمە بکەن، یان بە زمانی شکاندن ‌و سووکایەتی‌ ڕەخنەیان لێ دەگرن، یاخود بەکوێرانە و لە سۆنگەی نزیکی ‌و لایەنگریی ئایدۆلۆژی ‌و حیزبییەوە دەکەونە وەسف ‌و سەنایان ‌و زیاتر بە هەڵەیاندا دەبەن‌. ئەو دەمەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبوڵ، تەنیا لەبەر شکستی کاندیدی پارتەکەی ئێردۆگان، کورد دەنگی خۆی بە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆی کاندیدی جەهەپە دا، کە ئێستا پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپاکەیان دژ بە کورد دەکات. بیری لە عاقیبەتی ئەو هەڵوێستەی نەکردبووەوە. کام ڕۆشنبیر و شرۆڤەکاری سیاسیی ئێمە ڕەخنەی لەو هەڵوێستە گرت ‌و بڕیاربەدەستانی لە هەنگاوێکی لەو چەشنە ئاگادار کردەوە. ئەو شکستەی ئاکپارتی ‌و ئێردۆگان بە شێوەیەکی وا تەزاندنی ‌و ڕایچڵەکاندن، کە بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی ئەو شکستەیان لە کورد بکەنەوە. هەر لەو کاتەوە بڕیاری لەشکرکێشییان بۆ کوردستانی سوریا دا و، تەنیا بۆ دەرفەتێك دەگەڕان جێبەجێی بکەن. ئێردۆگان دەیەوێ لە ڕێی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە، چەند نامەیەك بە گوێی کورددا بدات: یەکەم، ئێوە توانیتان لە ئیستەنبوڵ خەونی ئێمە لە بار ببەن، ئێمەیش دەتوانین تەواوی خەونەکانتان لێ بکەین بە کابووس ‌و ڕیسەکەتان بکەینەوە بە خوری. دووەم، ئێوە حساب بۆ ئەمریکا، ڕووس ‌و ئەوروپاییەکان دەکەن کە هەزاران کیلۆمەتر لێتانەوە دوورن، دڵی ئێران ‌و ئەسەد و ناوچەکە ڕادەگرن، کەچی هیچ حسابێك بۆ دەوڵەتێکی گەورەی ئەندامی ناتۆ ناکەن‌ کە سەتان کیلۆمەتر سنورتان لەگەڵی هەیە.

٥ئێمەی کورد، میللەتێکین جگە لەوەی پەتای ناتەبایی ‌و خۆخۆری وێرانی کردووین، هەر لایەکمان بەدەم بەڵێنی درۆینەی دوژمنێکمانەوە خەو دەمانباتەوە. میللەتێکی خۆشباوەڕین‌ و ڕۆژێ خۆمان بە دۆستی ئەمریکا و ڕۆژێ خۆمان بە دۆستی ڕووس ‌و ئەملاولا دەزانین، ئەوانیش تا بەرژەوەندییان لەگەڵمان بێت دۆستمانن و داکۆکیمان لێ دەکەن. هەرکات ئیشیان پێمان نەما، پشتمان تێ دەکەن ‌و گورگانخواردمان دەکەن. کەچی ئێمە دەرس لە ڕابردوو وەرناگرین‌، هەڵەکانمان چەند بارە دەکەینەوە و لێوەی فێر نابین ‌و چەند جارێك لە هەمان کونەوە دەگەزرێین.


تاگەکان    
زانکۆ سەرفیترە پۆدکاست کوردستان جوانی کۆیلایەتی گێڕانەوە پارەی ئیلیکترۆنی گفتوگۆ نائومێدی مانا بوووژانەوە فێمینیزم کۆرۆنا ئاوی زەمزەم
فیکر
2019-10-22 کۆمێنت 1438 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی