گوڕخواردنەوە بۆ تاوان

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
فیکر 2019-10-13 کۆمێنت 1856 جار بینراوە
هێندێک جار مرۆڤ بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی و بە ئەرخەیانییەوە تاوان و سەرپێچییەک ئەنجام بدات، دوور نییە بەر لەوە، بە چاکەکاری و زیکر و یادی خودا دەست پێ بكات، پێ دەچێت چەند ساتێک پێش ئەوە، بە نوێژ، پاڕانەوە، لاڵانەوە و زیارەتکردنی ئەم مەزارگە و ئەو تەکیە یاخود تەنانەت حەج و عومرەی ماڵی خودایش، ڕێگەی بۆ خۆش بكات! 
بەو مانایەی لە ڕێگەی ئاسوودەکردنی ڕووحیەوە دەكۆشێت، لەو ئازاری ویژدانەی لە ساتەوەختەکانی تاواندا تووشی دەبێت، خۆی قوتار بكات!
چاکەکردن لەپێناو خراپەکردنێکی چێژبەخشدا، کەم کەم ویژدان بە خەرجدان بۆ ئەوەی لە تاوان و ستەمە گەورەکەدا، بە کامی دڵ، بێ پرینگانەوە، کاری خۆی ڕایی بکات!
لەپێناو درێژەدان بە ناشرینی و سەرزەییدا، هانا بۆ جگێك جوانی و گوێڕایەڵی دەبات.
ئەگەر کەمێک زێتر بچینە خوارەوە و لە جوانییە شاراوە یاخود دیار و ئاشكراكانی کەسە ستەمکارەکانیش تاوێك ڕابمێنین، لەوانەیە بە هەمان سەرەنجامدا، لێ بە شێوازێکی دیکە و کەمێک ترسناکتر، بتەقینەوە!
وەختێك بە كاوەخۆیی، بە تانوپۆی مێژووی مرۆڤایەتیدا دێیتە خوارەوە و شەنوكەوی كەسایەتییە خوێنمژ و ستەمكارەكانیش دەكەیت، بەسەر هیچ یەكێكیاندا ڕەت نابیت، هەستێكی ناسك، پاكییەكی كاتی، ڕەفتارێكی مرۆڤانە، هەڵوێستێكی جوامێرانە، یان پرەنسیپێكی قبووڵكراویان تێدا بەدی نەكەیت. 
ئەوەی كە هەمیشە كەسانێك تا سەر ئێسقان پشتیوانییان بۆ ئەو كەسە خوێنڕێژانە دەربڕیوە و خۆیانیان بە قوربان كردوون، لەوەیە هەر لەم سۆنگەیەوە بێت.
 بۆیە کە چاکەیەکی چکۆلە لە زاڵمێکی خوێنمژ دەبینیت، نابێت سۆزت بورووژێت، کە بەخشندەیییەکت لە ڕووگرژێکی ڕووخسارتاریکی سروشتزبری دڵڕەقدا چاو پێ کەوت، نابێت پاساو بۆ دزێوییەکانی بهێنیتەوە!
ئەوانی ستەمكار دەخوازن لە ڕێگەی ترنجاندنی جوانی، ناسکی، بەخشندەیی، باشەی بچووک-بچووک و ناکاریگەر و بێئاسەوارەوە، نەنگی، زبری، چڵێسی، خراپەی گەورە-گەورە و وێرانکەرت لە کن جوان و ئاسایی بکەنەوە و هەست و بیرت وەها سەرقاڵ بکەن، سەر لە خۆیان و خەڵکانی دیکەیش بشێوێنن، تەنانەت دوور نییە بگات بەو ڕادەیەی، خەڵکانێکی سادە و گەلحۆ، لەبری ئەوانی ناشرین و زاڵم، بیانوو بۆ کارە قێزەونەکانیان بهێننەوە!
کەسانێک بەردەوام بۆ کارە قێزەونەکانیان لە پلانێکی هەمیشەییدان، بۆ ئەوەی لە ساتی سەرپێچی و پۆخڵەواتەکانیشیاندا هەست بە ئازار و ناڵەی ویژدان نەکەن، پەنا بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵە چاکەیەکی سەراویی بێناوەڕۆک دەبەن! ئاخر ئەوە بۆیە کەسێک نابینیتەوە ئەگەر چی کەمێكیش بووە، خێر و چاکەیەکی هەر تێدا بەدی نەکرێت، ئەی ئەوە نییە دەڵێن؛ وەختێک لە ئادەمیزادە خراپ و دزێوەکانی نێو گرۆی مرۆڤایەتی نزیک دەبیتەوە، ئەوسا جوانییەکانیانت بۆ  دەردەكەوێت! بێئاگا لەوەی ئەو چاکە و جوانییانەیش هەر لە خزمەتی خراپەکارییەکاندا بە خەرج دەدرێن، واتە بەهۆی ئەم جوانییە ڕواڵەتییانەوەیە کە وەها چوست و چالاک لە مەیدانی نەنگیدا قەڵەمباز دەدەن، خراپەکانی ئەوان وەک پەیکەرێک وایە، ئەگەر ئەم جوانییانەی پێوە سواق نەدرابێت، ناشرینێکی پڕاوپڕ و تەواو و بەردەوامی لێ دەرناچێت، ئەو لە ڕێگەی بەخشندەیی و باشە ڕووکارییەکانەوە، خەریکە بەردەوامیی بە چەپەڵییەکانی دەبەخشێت!
ئەی ئەوەی وڵاتێکی زلهێز و زۆردار و داگیركەر، بە ڕاست و چەپدا لە کوشتوبڕ، ماڵوێرانکردن، سووتاندن و تواندنەوە، قۆرغکردن و پەلاماردان، ژن و زارۆ کوشتن، هەتیوخستن و بێوەژنكردن بترازێت چی دیکە نازانێت، کەچی لەنێو خۆیدا جارجار بەزەیییەک بەرانبەر ڕۆڵەی شەهیدانی نیشتمان دەنوێنێت، تاوناتاوێک کۆمەکییەک لە ئاست کەمئەندام و بێنازەکانی وڵاتدا نیشان دەدات، هێندیک سیفەتی جوان و عەنتیکە لە سەرۆکی وڵات دەگێڕنەوە، بۆ وێنە؛ زۆر ژنەکەی خۆش دەوێت، سۆزێکی بێوێنە بەرانبەر منداڵەکانی خێزانەکەی دەنوێنێت، لەوانەیە لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانە تایبەتییەکانیدا کەمێک ڕەفتاری جوان بێت و لە وەختی تەنگانەدا لایەکی بە لادا کردبێتەوە، یان لە ساتەوەختێكی هەستیاردا دوور نییە ئەگەر ڕۆندكێكی ڕاستەقینە لە چاوە تۆقێنەرە بەخوێنسووربووەكانیشی بكەونە خوارەوە، كەچی لەولایشەوە؛ تاوان نەما نەیکات، میللەت نەما خوێنی تێدا نەڕێژێت، ژینگە نەما پیس و بۆگەنی نەکات، هەرگیز لە خوێنڕشتن و خاپوورکردن و پووکاندنەوەی ئەوانی دی نەپرینگاوەتەوە، باشە ئەمەی لە کوێ و ئەوەیان لە کوێ؟! 
دیارە ئەمە هەمان ئەو حاڵەتی درێژەدان بە ستەمەیە، بەڵام لە ڕێگەی خۆئاسوودەکردن بە کۆمەڵێک سیفەتی جوان لە ئاست کەسانێکی دیار و تایبەتدا، پێ دەچێت بڵێن، ئەو کردەوە چاک و جوانانەیشی هەر لە خانەی نواندن و نمایشکردندا دەخولێنەوە، لێ من دەڵێم، دوور نییە هێندێک لەو چاکانە بچنە ڕیزی ئەو درۆ و دەلەسانەی ڕۆژانە خەریکە لە شاشەکانەوە دەیانکات، بەڵام پێت سەیر نەبێت ئەگەر هێندێک لەو ڕاستی و ناسکییانەی، تەواو لە دڵەوە هەڵبقوڵێن و لەو ڕێگەیەوە بخوازێت، پەرە بە خراپەکانی بدات!
 
 
ئەی ئەو گیانفیدایی و قوربانیدانەی لەنێو سەربازانی لەشکری وڵاتێکی داگیرکەردا دەیبینیت، زۆر جار ئەگەر ئاگات لە خۆت نەبێت، سۆزت بە لایاندا وەختە بجووڵێت، کەچی ئەوەی بەردەوامی بە خراپە و ستەم و کاولکارییەکانی ئەوان داوە، ئەو یەکڕیزی و تەبایی و بۆیەکمردنەیانە، ناشێت کەس نکووڵی لەوە بکات کە ئەو یەکبوون و فیداکارییەیان شتێکی جوان و چاکە، لێ نابێت ئەوە لە یاد بکەین، کە هەمان ئەو جوانییانە، لەوێدا ناشرین و بێزراون، ئاخر لە خزمەت قەڵەوکردنی ئامانجێکی دزێودا بە خەرج دراون!
ئەوەی کە خۆیشیان دەتوانن بەو دڕندەییە هێرش ببەن، هەر ئەو لایەنە چاکەیانە کە خۆیان دڵیان پێ خۆش دەبێت و دەبێتە هەوێنی هەڵهێنانی کارە قێزەونەکانیان.
بەردەوامیدان بە كاری نەنگ و تاریك، مەرج نییە تەنێ لە ڕێگەی ئاسوودەكردنی ویژدان و ڕووحەوە بێت، بەڵكو دەشێت لە ڕێگەی هانابردن بۆ جگێك ناسكی، جوانی، هەستی بەرز و مانای بەهێزەوە بێت!
بە واتایەکی دی، ئەوانەی خەریكی زوڵم و خراپەن، بە هەر لەونێك بووە، بە دووی مانابەخشین بە دڕندەیییەکانیاندا، هانكە-هانكە غار دەدەن!
ئەوان جار-جار ناچارن، بە شنەبای جوانی و ناسكی، پشكۆی خراپە و پیسییان بگەشێننەوە!
ئەی ئەوە نییە دەبینیت کابرایەکی ترش و مۆن، دەموچاو ترسناک، ڕوومەت و تەوێڵ گرنج-گرنج، شوێنێک نییە لە جەستەیدا شوێنی چەقۆ و برینی پێوە نەبێت، خۆی بۆخۆی پەیکەرێکە لە تاوان و دوژمنکاری، کە چاوت پێ دەکەوێت تەنیا ئێڵنج، کوشتوبڕ، کێشە، تەنگانە، ستەم، خوێن، تاریكی و تەمومژت بیر دەكەوێتەوە، کەچی کە لێی ورد دەبیتەوە، بێئەندازە لەگەڵ ئاژەڵاندا میهرەبانە، بێسنوور خزمەتی تووڵەسەگەکەی دەکات، ئەی ئەگەر ئەمە مانابەخشین بە تاریکی و خراپە نەبێت، دەبێت چیی بێت؟!
یاخود لەوانەیە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، ناشرینی چونکە خۆی ئەسڵ نییە، لە بنەمادا لاواز و بۆش و نەماوە، بۆیە ئەگەر بە کەمێک جوانی، چاکی، مانا، ویژدان، ناسکی، بەهێز و پتەو نەکرێت، ڕەنگە زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، خۆ بە دەستەوە بدات و شکست و دوابڕانەوە، چارەنووسی یەكجاریی بێت!

تاگەکان    
لۆجیک كتێب فەڵەستین پۆدکاست ڕۆژاوا فیکر حزبی ئیسلامی مانا وەلی ئەمر مۆدێرنیتە قوتابخانەکانی نوور جوانی ئیسرائیل یاسا ئەنیمی
فیکر
2019-10-13 کۆمێنت 1856 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی