دراوگۆڕیی چاکەکاری

فیکر 2019-10-07 کۆمێنت 2536 جار بینراوە

نووسینی: ڕێناس ئەحمەد



بەیانیانێکی هاوین لە خەو ڕادەبم و، مۆتەکەیەک دەستی خستووەتە خنخنۆکم، هەڵاوی خەمێکی نەزانراو لە نێو کاسەی سەرمدا، مێشکم دەکوڵێنێت و، توڕەییم وەک قۆڕییەکی سەرئاگرنراو دەلورێنێت، بێزارییەک تاڵ تاڵی قژم دەکێشێت و، هەموو ماسوولکەکانی ڕووخسارم گرژ دەکات.

سلف لە ترۆمبیلەکەم دەدەم و، بە نیازی یارمەتیدانی دوو کەس، بێ هیچ پلانێکی پێشوەخت، ڕێ دەگرمە بەر. هەر کە دەگەمە سەر جووتسایدەکەی پشتەوەمان، پیرەژنێک دەبینم، لە ترسی تیشکی خۆردا ڕووی خۆی بە سەرپۆشەکەی داپۆشیوە و، ئارەقه‌ی جەستەی، کانووی سەبری گڕداوە. بێ ئەوەی بزانم کوێوە دەچێت، سەری دەخەم و، تەنیا لێی دەپرسم کوێوە دەچیت! ئیتر بەدەم لێخوڕینەوە دەچمەوە نێو خەیاڵی پووچیی ژیانەوە. جار-جار دەنگی دوعاکانی پیرەژنەکە دەمگەڕێنێتەوە نێو سەیارەکە کە هەر دەڵێت، یاڕەبی بێموزەڕەت بیت، ئەک هەزار ڕەحمەت لەو دایک و باوکەی گەورەیان کردوویت، ڕەببی ڕۆڵە قەت بەڵا نەبینیت و ..... دەیان دوعای تر.

بێ ئیرادەی خۆم، بسکەیە دێتە سەر لێوم، لێ خۆمی لێ نەبان دەکەم و دەچمەوە نێو خەیاڵی خۆم.

دوو منداڵ دەبینم لە سەر جادەکە وەستاون و، دەیانەوێت یەکێک تا قوتابخانەکەیان بیانگەیەنێت، پێش ئەوەی سەریان بخەم، یەکێکیان دەڵێت؛ مامە گیان وە چەند دەمانگەیەنیتە قوتابخانەکەمان؟ هاااا ئەوەتا لەو خوارەوە. منیش پێیان دەڵێم سەرکەون، پارە کێشە نابێت، لە دڵی خۆیشمدا دەڵێم خۆ من بێپارەیی لە ماڵ دەرینەکردووم.

کە نزیک دەبینەوە لە قوتابخانەکە یەکێکیان پێنجسەد دینار دەر دەکات و دەڵێت: فەرموو، منیش دەستم دەکەمە گیرفانمە و دوو هەزار دینار دەردەکەم و یەکی هەزار دیناریشیان وێ دەدەم، ئەوانیش دوای تاوێک ڕەتکردنەوە، وەریدەگرن و بەوپەڕی دڵخۆشییەوە بەرەو نێو قوتابخانەکە ڕا دەکەن.

دوو دڵۆپ فرمێسک دێنە نێو چاوم و ڕێ لە سێیەمیان دەگرم.

چێژی گەیاندنی خەڵکی بە خواستەکانیان، کەمتر نییە لە چێژی گەیشتنی خۆمان بە خواستەکانمان، لێ مرۆڤ لێرەیشدا خۆپەرستانە هەمیشە دەیەوێت هەم خۆی بگات بە خواستەکانی و، هەم ئەوانی دییش لە ڕێی ئەمەوە بگەن بە خواستەکانیان، ئەگەر نا؛ ئیرەیی دەبات و هەستی بەربەرێکانی تێدا دروست دەبێت.

چاکەکاری، پێش ئەوەی بۆ بەرانبەر بێت، بۆ خۆمانە، خۆمان بەرە بەچێژەکەی دەخۆین.

مانا بۆ ژیان یەکەم کەرەستەی سەرەکیی ژیانە، گه‌ره‌که‌ بیدۆزینەوە. گەر هەموو کەرەستەکانی تری ژیان و خۆشژیانیمان لە پێش دەستدا بێ، کە پایەی مانا نەبوو، ئەستەمە بنمیچی خۆشبەختیمان پێ ڕابگیرێت.

 چاکەکاری و یارمەتیدانی ئەوانی دی، مانابەخشی ژیانن، ئەم ڕێسایە لەناخی هەموو مرۆڤێکدا چێنراوە، گەر کەسەکە خۆی بەهۆی بەرژەوەندیخوازییەوە ڕیشەکێشی نەکات.

 خودا جوانی وتووە: «مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَىٰ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً ۖ وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُم بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ: هەرکەسێک کاری چاکی کرد و، -چ نێر، چ مێ- باوەڕیشی هەبێت، ئەوە لەنێو گوزەرانێکی خۆشدا دەیژێنین و، پاداشتەکەیشیان بە باشتر لەوەی کردوویانە، دەدەینەوە»

 پاداشتی باشتر چییە جگە لە گۆڕینەوە؟! تۆ پارەی دۆلارت پێیە لە بازاڕ دۆیگۆڕیته‌وه‌ بە دینار، بە شمەک، بە تەندروستی، لێ ئەوە دراوگۆڕیی چاکەکارییە کە پارەکەت بە دڵخۆشی بۆ دەگۆڕێتەوە و، سەرمایە مادییەکەت بۆ دەکاتە سەرمایەیەکی مەعنەوی.

بەدەمەوەبوونی خەڵکی؛ نرخاندنی خودە، داننانە بە گرنگیی بوونی خۆتدا. هاوکێشەیەکە خۆتی تیادا دەسەلمێنیت، دواجار تێرکردنی ئەو هەستی من-منەی ناخە کە هەمیشە لە چاوی خۆیەوە دەڕوانێت.

دوای گەڕانێک و یارمەتیدانی چەند کەسێک دێمەوە ماڵ، حەزەکەم شەق بووەشێنم، یان هەڵبەزم، کە دایکم دەبینم حەزەکەم ماچی بکەم، یان گاڵتەیەکی لەگەڵدا بکەم. بە مردوێتی دەرەچم، لێ کە دێمەوە کانیی ئاوەزم دەتەقێتەوە، ناخم پڕ لە خۆشەویستی دەبێت. ئاخر چاکەکاری وزەیە، لە بەخشیندا ماندوو نابیت، پڕ-وزە دەبیت، هەزار ڕەحمەت لە گۆڕەکەی کە دەیفەرموو: «والله ما نقص مال من صدقة: سوێند بە خودا ماڵ بە بەخشین کەم ناکات» ئاخر بەخشین تەنیا گۆڕینەوەی دراو و سامانەکەمانە بۆ دڵخۆشیی خۆمان.


تاگەکان    
جەنگی هۆشیاری یاری دیمانە جوانی قەدەر بوونەوەری ئاسمانی فەلسەفەی ئەخلاق کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین ئیسرائیل ژن قوتابخانەکانی نوور موناجات ئیلحاد ئایا سۆفیا ئایین
فیکر
2019-10-07 کۆمێنت 2536 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی