تارمایییەكانی دەروون

ئەدەب 2019-10-03 کۆمێنت 4260 جار بینراوە

تابلۆ: Swans Reflecting Elephants، سالڤادۆر دالی.



نووسینی: یووسف مه‌لا خه‌لیل


ئەو هەستە شەڕەنگێزە بەردەوام ئامادانەی لە جوانترین و ناسكترین چركەساتەكانی ژیاندا یەخەی دەروونت دەگرن، ئەو وەختانەی لای خۆتەوە وا دەزانیت هیچت نەهێشتووەتەوە و ئیدی خراپە و ناشرینی لە هیچ لایەكەوە پێت ناوێرن، ئەو كاتانەی بە حسابی خۆت هێندە بۆ بڵندییەكانی مەعنەوییەت هەڵكشاویت، قێزت لە نزمایییەكانی ناخت دەبێتەوە، ئەو حەلەی هەست بەوپەڕی ڕووحسووكی و ئارامیی دەروون دەكەیت، هێندە لەناكاو و چاوەڕواننەكراو بەرەو نشێوەكانی خراپەویستی، خۆویستی و خۆپەرستی گلۆرت دەكەنەوە؛ تەنێ واقوڕمان، حەپەسان و دەمبەشكردنەوە، بەشت دەبێت!

ئاخر مەگەر دەشێت لە ترۆپكی خۆشەویستیدا، بیر لە ڕزگاربوون یان هەڵبڕان یاخود ڕێگای جیابوونەوە لە ئەویندارەكەت بكەیتەوە؟! مەگەر دەكرێت لەوپەڕی بەزەییهاتنەوە بە دۆڕاوێكدا، هەستێكی تژی لە شادی لە ژێرزەمینی ناختەوە سەرەتاتكێت لەگەڵدا بكات؟!

ئەی ئەوەی كەسێك لە لووتكەی هەستكردن بە خەمخۆریدا، لەبارەی دۆخی ژیان، حاڵ و گوزەرانتەوە بپرسێت، كەچی وەختێك وەڵامت باشی، ساغی، سەركەوتوویی، سەلامەتی، ئارامی و كامەرانی دەبێت؛ بێ ئەوەی خۆیشی چاوەڕوانی كردبێت، لەبری ئەرخەیانبوون و داسەكەین، دڵتەنگی و بێئۆقرەیی هەموو بوونی دادەگرێت!

ئەی ئەوەی كە زۆر وەسپی كەسێكی سەركەوتووت بۆ دەكەن و فرە بە باڵایدا هەڵدەڵێن، كەچی وەختێك بە خزمەتی شاد دەبیت و شەرەفی دەستلەملكردنێكیت پێ دەبەخشرێت و بۆنێكی ناخۆش و بێزاركەری لێ هەڵدەستێت، یان لە ڕووخساری نزیك دەبیتەوە و ددانەكانی پیس و ڕزیو و كلۆر خۆ دەنوێنن، یاخود زێتر لێی نزیك دەبیتەوە و خاڵە لاوازەكانی خۆیت لا دەدركێنێت؛ لەجیاتی ئەوەی بۆی بپۆشیت و لە كێمایەسییەكانی خۆ ببوێریت، دڵت ئاو دەخواتەوە و لەو سۆنگەیەوە، بە ناتەواوی و كەموكورتییەكانی شاد و كەیفخۆش دەبیت!

ئەی ئەوەی كە حەزت لە غەیبەتە، بەڵام خۆت دەخۆیتەوە و ناوێریت لەپشتەملە باسی هیچ كەس بكەیت، بەهۆی لەخوداترسی و پارێزكاریتەوە نییە، بەڵكو هەست دەكەیت جارێ گوێگران و ئامادەبووانی مەجلیس ئیمانیان بەرزە و تاقەتی بیستنی ئەو جۆرە قسە نزمانەیان نییە، یان هێشتا كەشی غەیبەتكردن و وتەی پڕوپووچ ماویەتی بە تەواوی پێ بگات، هەر كە دۆخەكە لەبار بوو؛ بێ سێ و دوو، بێ ئەوەی خۆت ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بكەیت، دەستەبەجێ كاری خۆت دەكەیت!

ئەی ئەوەی كە ناتوانیت چاكە و كردەوە جوانەكانت، هەستە ڕەنگین و ناسكەكانت لە كن خۆت بۆ تاوێكیش چییە، گیر بدەیت و كەچی دكاریت، خراپە و دزێوییەكانت لەژێر حەفت ماسكی ئەستووردا وەشێریت، كەچی توانای دەستپێوەگرتنی تەنانەت ئەو نیازە چاك و پاكانەیشت نییە كە هێشتا لە مەیدانی كرداردا غەریبن، كەچی دەرنەخستنی بچووكترین جوانیت بە لاوە گەلێ سەختە و باسنەكردنیان؛ دەتخەنە دۆخی خنكانەوە!

ئەی ئەوەی كە لە وەختی نوێژ یان چاكەكەیەكی پڕ لە ئاگاییدا، بیرت تەنێ لای ئەوەیە، داخۆ دوای ئەم بۆ خودابوون و نوێژ و پاڕانەوە بەكوڵ و بێ رووپامایییە، خەڵك چۆن نوور و ڕۆشنایی لەنێو چاوانمدا هەست پێ دەكەن و چلۆن جیاواز لە جاران پێشوازیم لێ بكەن!

ئەی ئەوەی كە ناتەوێت و قەت ناخوازیت هیچ كەسێك جوان، چاك، ڕێكوپێك، بێخەوش، تەواوێكی تەواو بێت و ئەو وەختانەی كەسایەتییەكی لەو جۆرەت بۆ باس دەكەن، تەنیا بە كونجكۆڵی و دیقەتەوە دەتەوێت؛ نەنگییەكی لێ بدۆزیتەوە و ئۆخەیەك لای خۆتەوە هەڵبكێشیت و ئیدی بە خۆت بڵێیت؛ شوكر ئەمیش وا نەبوو كە دەیانگوت!

ئەوەی گوایە تۆ بە ناوی ئامۆژگارییەوە، ئومێد و خولیای چەند ساڵە لە دڵی یەكێكی داماودا دەكوژێنیتەوە و وەهای گێژووێژ و وێران دەكەیت، تا قەرەی قیامەت تایم نەدرێتەوە! دووریش نییە لە ساتەوەختی قسە و ئامۆژگارییەكاندا، تەنیا لە ڕوانگەی دڵسۆزی، بەزەییهاتنەوە و پەرۆشییەوە قسەت بۆ بكات و لات بە لادا بكاتەوە، لەوانەیە خۆی وا بزانێت قسەكانی جگە لە ویستنی چاكە و سەركەوتنی بەرانبەر، چ سەرچاوەیەكی دیكەیان نییە، لێ ئەگەر كەمێك لە بنی بنی ناخی ورد ببیتەوە و چكێك لە حەزە شەڕەنگێزەكانی دەروونی ڕابمێنیت؛ ئەوە باش دەبینیت كە چڵێسی، خۆویستی، حەزی یەكەمبوون، هەرخۆبوون و سەرتەڵی، چاوگی سەرەكیی وتە و نەسیحەتەكانین!

ئەوەی تۆ بە سەرفرازی، بەهرەمەندی، كەشخەیی، بەناوبانگی و پارەداریی ئەوانی دی وەختە دڵت بئاوسێت و تەنێ ئەو ساتانە گوێت لێ نەبێت و بە خەیاڵتدا نەیەن، كە پلەیەك یاخود چەند پلەیەك لە خوار خۆتەوە بن!

ئەوەی كە تۆ ببینیت ئازیزترین هاوڕێت، تەنیا ژنەكەی لەوەی تۆ كەمێك جوان و بەژنزراڤ و خوێنگەرم و خوێندەوارترە، گڕت تێ بەر ببێت و لە قووڵاییی ناختەوە حەز بەوە بكەیت، شتێك بقەومێت ئەوەی ئێستا لەئارادایە، نەیهێڵێت! خۆ ئەگەر لێیشت بپرسن، باشە بۆ ئەوەی ئێستا نەمێنێت، دەخوازیت چی ڕوو بدات؟! دڵنیام لەگەڵ خۆیشتدا ماڵوێرانی و پووكانەوەی ئەوەت بە زاردا نایەت، لێ تەنێ چتێكت دەوێت، ئەوەی كە ئەمێستاكە هەیە، لەبەینی ببات و لە جێگەیدا دڵخواز و ویستەكەی تۆ كە خۆیشت بە تەواوی نازانیت چییە، دابنرێت!

ئەی ئەوە كە دوو هاوڕێ لە هەمان قۆناغی ژیاندان، هاوپیشە و هاوڕێگە و هاومەزهەبن، نانی یەكتان تام كردووە، لە دونیایەك سەفەردا پێكەوە بوون، سەدان جار دەستان لە ملی یەكدی كردووە و دەیان كەڕەت ئەملاولای یەكتان ڕامووسیوە، هیوا و ئاواتی زۆرتان پێكەوە خواستووە و ئەوەی بۆ گوتن نەشێت لای یەكتان دركاندووە، زەمانێك تەنیا بە دیتنی یەك دڵتان ئاوی خواردووەتەوە، عەیامێك خواخوای ئەوەتان بووە دێڕێكی جوانتان بەرچاو بكەوێت و یەكێكتان بۆ ئەوی دیكەتانی وەخوێنن، ڕۆژانێك وا هەستتان كردووە ئەوەی كە وەك خۆی لێت تێ دەگات و قسە و باسەكانت بەملاولادا هەڵناگەڕێنێتەوە، تەنیاوتەنیا ئەوە و لە خۆی بترازێت، كەڵەكە!

كەچی وەختێك یەكێكیان هەست بە جێمانی لەوی دی دەكات، چاوی بە دۆستەكەی جاران و هاوڕێ تاقانە گیانبەگیانییەكەی چەند ساتێك لەمەوبەردا هەڵنایەت، تەنانەت وا لێی دەتەكێتەوە، حەز بە سەركەوتن، بەناوبانگی و پێشكەوتنی هەموو كەسێك دەكات جگە لەو، دەخوازێت هەمووان لە بوارەكەی ویدا هێندە پێش بكەون، ئەوەی ئەم قیمەتی نەمێنێت و گشت خەمی دەبێتە ئەوەی؛ وەسپ و باسی ئەوانی دی زۆر بێنێتە گۆڕێ؛ تەنیا لەپێناو ئەوەی مەیدانەكە هێندە ئاڵۆسكاو و قەرەباڵەغ بكات، بازاڕی ڕەفیقەكەی كەساس بێت و كاڵا گرانبەهاكانی دۆستەكەی پێشووی، ئیدی قەدریان نەمێنێت!

ئەی ئەوەی دوو دۆستن و لە پۆلی شەشی ئامادەیی یان هەر قۆناغێكی ئاوا هەستیاری ژیاندا پێكەوەن، هەر ڕۆژێك ئەو لە دەوامدا نەبێت، ئیدی ئەم ڕەشڕەش دادەگەڕێت و بڕستی گوێگرتن، گاڵتەوگەپ، سەرنج و پرسیاركردن، تێڕوانین و لێكدانەوەی لێ دەبڕێت و بێ ئەو، تاقەتی هیچ شتێكی نامێنێت، كەچی وەختێك لە سەری ساڵ و تاقیكردنەوەی كۆتایی هێدی هێدی نزیك دەبنەوە، هەستێك بە ئاشكرا بەڵام بە فسكەفسك و لە بنەوە، پێی دەڵێت؛ چ دەبوو كێشەیەك ئیدی بە هەر نرخێك بووە بەرۆكی هاوڕێكەی گرتبایە و هێندە تەنگی پێ هەڵچنیبایە، ئەم قۆناغە و گرینگییەكەی فەرمۆش بكردایە، تەنیا لەپێناو ئەوەی نەوەك نمرەیەك یاخود دووان لەوەی ئەم زێتر بەدەست بهێنێت و دواتر بە دەست هەستی خۆبەكەمزانییەوە، شەوان خەو لە چاوانی بتۆرێنێت!

ئەی ئەوەی كاتێك پەسنی یەكێكت لەپاڵدا دەكەن و تۆیش هەمان كەست بە دڵدا ناچێت، دەخوازیت گەر كەشەكە گونجاو بووایە، بە ئارەزووی خۆت بكەوتیتایەتە وێزەی، بەڵام چ بكەیت، هەمووان ئەویان بەدڵە و تۆیش ناچاریت بچیتە ڕیزی ئەوانەوە و تەنیا بۆ ئەوەی خراپ بەسەرتدا نەشكێتەوە، لەوان پتر دەكەویتە پەسن و پیاهەڵدانی، واتە هەر بۆ ئەوەی تۆیش بە چاك و مەرد و سەرڕاست تێ بگەن؛ پەنا بۆ وەسفی هەمان ئەو كەسە دەبەیت، كە لە دڵەوە بە ناوهێنانیشی قەڵس و بێزار دەبیت و مردنی خۆت و بە باشباسكردنی ئەوت، لە كن وەك یەكە! هاوزەمان زۆرجار ڕق و داخلەدڵێیەكەت بەرانبەر بە ئەو، تەنیا لەو وەختانەدا سەردەردێنێت و تاو دەستێنێت، كە هەست دەكەیت ئەوی قوڕبەسەر بە شێوەیەك باشە، تۆ پێت ناكرێت، بۆ نموونە؛ ئەو زۆر بەخشندەیە و تۆ هێندێك یاخود زۆر چرووك!

ئەوەی كە تۆ هێشتا بە بینینی لاوازی، ژان و كارەسات، بەدبەختی و ناتەواوییەكانی ئەوانی دی، لە ژێری ژێرەوەی ناختەوە گەر بۆ چركەساتێكی كەموكورتیش بووە، خۆشحاڵیت، هەمان ئەو وەختانەی شەڕی نێوان دوو گەنج، دوو بنەماڵە یاخود هەر شەڕێكی دیكەی دەستەویەخە دەبینیت؛ خۆت خەریكی ناوبژیت و كەچی لەپڕێكدا، بێ ئەوەی خۆت بتەوێت، كەیفت بەو جەنگ و دەنگەدەنگ و شەڕ و مەرافەیە دێت و دڵت پێی دەكرێتەوە، بۆ ساتەیلێكی كورتخایەن دەخوازیت بەردەوامیی بكێشێت، یان ئەسڵەن لە تەواوبوون و لێبوونەوەی دەترسیت، بە مەرجێك بەرۆكی خۆتی نەگرتبێت و لەبارەی خۆتەوە چ مەترسییەك لەگۆڕێدا نەبێت!

ئەوەی كە ئەم شاعیر یان ئەو نووسەر، لە ڕێگەی جواننووسینەوەی دزێوی و پۆخڵەواتەكانی ناخیەوە دەیەوێت، شەفاعەتێك بۆ نەنگی و خراپەكارییەكانی دەروونی بكات، تەنیا بە ناسكهۆنینەوەی هەڵبەست و هۆنراوەكانی دەخوازێت لەوە تێ بگەین؛ ئەو یەكجار هێندەیش پیس و چەپەڵ نییە و ئەو پاكیزەیییەی خەڵكانێك دەمی لێ دەكوتن و بیری لێ دەكەنەوە و هەستی پێ دەكەن، هەر بەڕاست بۆ ئەمیش نامۆ نییە!

ئاااای مرۆڤ چەنێك ئاڵۆزیت، چەنە گوناح و بۆ ئەوەنە نەگبەتیت؟!

ئەی ئەوەی كەسێك لەگەڵ گرووپێكدا پێكەوە بە هەرەوەزی خەریكی ئەنجامدانی كار و پرۆژەیەكن و بەردەوام لە دەست تەنیاكەوتن و چوونەژێر باری گشت ئەرك و كارەكاندا، ناڵەناڵ و دادوبێدادیەتی، هەمیشە لای ئەمەكە و ئەوەكە خەریكی گلەیی و گازندە و ڕەخنەگرتن لەوانی هاوڕێیەتی، گوایە بە دەمیەوە نایەن و خۆ لە ئەرك دەدزنەوە، كەچی وەختێك دۆست و هاوكارەكانی مەردانە دێنە پێشەوە و چاكی لێ بە لادا دەكەن، لەوە دەسڵەمێتەوە كە ئیدی، شەرەفی تاقانەبوون و هەرخۆبوون و سەرتەڵییەكەی جارانی لە كیس بچێت و لەمەولا پێی نەڵێن؛ فەقیرە لە هەموو شتێكدا كوڵاندن و برژاندن هەر خۆیەتی و بە دەست ڕاپەڕاندنی ئەو هەموو ئەركەوە، پڕووقاوە و بووەتە فیلمی هیندی!

ئەوەی مامۆستایەك تەنێ ئەو ساتە خوێندكارەكەی خۆش دەوێت و دڵسۆزانە خەمی فێركردنی دەخوات، كە ئەوی هێشتا تێنەپەڕاندبێت! ئاخر خۆشەویستی و دڵسۆزیی ئەو بە پێویستیی ئەمی خوێندكارەوە بەستراوەتەوە و كە بینی توێشووەكەی بەشی فێرخوازیی تەلەبەكەی ناكات؛ لەبری ئەوەی دەستی بگرێت و لە جاران پتر تەقەلای بەرەوپێشچوونی بدات، هەوڵی زڕاندن و كپكردنەوەی خودی خوێندكار و لەبەرچاوخستنی زانست و مامۆستا و مەعریفە و تەنانەت هەموو بوون و ژیانیشی لە پێش چاودا، دەدات!

ئەوەی كە یەكێك بەهۆی قسە یان هەڵوێستێكەوە زویرت دەكات و دڵت دەڕەنجێنێت، پڕ بە گەرووت لای ئەمەكە و ئەوەكە، بە ڕاست و چەپدا گلەیی لێ دەكەیت و لە ڕووكاردا، هەر ئەفسووس بۆ ناپیاوی و نامەردیی فڵانە كەس هەڵدەكێشیت و لەبەر خۆتەوە دەڵێیت؛ حەیفێكم فیسارە كەس وەها خراپ و وەها ناپاك دەرچوو، كەچی هاوزەمان هەستێكی خۆش بە تارەكانی دڵتدا تێپەڕ دەبێت و لە ناخی خۆتەوە ئێژیت؛ ئۆخەی هێندەیش باش و بێوەی و چاكەویست نەبوو، كە بیرم لێ دەكردەوە!

ئەوەی كە لەپڕ بەسەر ڕووداوێكی هاتوچۆ یان بریندارییەكی ترسناك یاخود سووتان و كاولبوونێكدا دەدەیت و ئاسایی وەك هەر مرۆڤێكی دی، پێت ناخۆشە و بەوە دڵتەنگیت كە پێشهاتێكی وا دڵتەزێن قەوماوە و لە ناوەوە هەستی بەزەیی وەختە هەراسانت بكات و وێیش دەچێت؛ چەند دڵۆپە فرمێسكێك لە چاوانتەوە بەسەر ڕوومەتەكانتدا جۆگەلە ببەستن، لێ هاوزەمان بە چركەساتەیلێكی خۆش و چێژداریشدا ڕەت دەبیت، ئاخر لە ناخەوە بە خۆت دەڵێیت؛ بەس نەبوو من خۆم یاخود یەكێك لە نزیك و خانەوادەی خۆم نەبوو، چون ناتوانیت لەو بیركردنەوەیە دەرباز ببیت، كە بەردەوام پێت وایە هەر دەبێت ئەم ڕووداو و كارەساتانە بقەومێن، كە دەیشبینیت لەبری تۆ یەكێكی دی پێوە بووە، هەست دەكەیت كەسێكی دی بارەكەی تۆی هەڵگرتووە و بەو شێوەیە نۆرەكەی تۆی، كەمێك درەنگتر خستووە!

ئەوەی كە خۆت بە كار و ئەركێكەوە سەرقاڵ و شەكەتیت، ئیدی ڕقت لە چارەی یەكێك دەبێتەوە لە كەشێكی ئارام و دۆخێكی بێ سەرێشەدا خۆی ببینێتەوە، خۆ ئەگەر خاترت گرت و لە ڕقلێبوونەوەیشی خۆت بوارد؛ ئەوە لانی كەم دەخوازیت لە دۆخێكدا بیبینیت؛ لەوەی تۆ پڕ ژاوەژاوتر و بێزاركەرتر بێت!

ئەوەی دوو هاوپیشە پێكەوە و بە پێشچاوی یەكترەوە، خەریكی ئەنجامدانی پرۆسیجەرێكن، یەكێكتان لە دڵەوە حەز بە شكستهێنانی برادەرەكەی دەكات، نەك لەبەر ئەوەی ڕقی لێیەتی، نا، تەنیا لەبەر ئەوەی وەختێك نۆرەی خۆی دێت، شكستهێنان سادە و سانا تەماشا بكرێت و ئەسڵەن جێبەجێكردنی هەمان كار بە ڕێكوپێكی و سەركەوتن تێیدا، جێگەی شانازی و سەرسووڕمان و شایەنی خۆگیڤكردنەوە و فشەفش و داچڵەكان بێت!

ئەوەی مەلایەك بیت و كابرایەكی داماو بە نیازی چارەسەركردنی ئەو تەڵاقەی لە دەمی دەرچووە و تازە خواردوویەتی، بە كزۆڵییەوە بێتە لات، كەچی لەبری ئەوەی بارەكەی جگێك لەسەر ئاسان بكەیت، بە دەنگێكی بەرز و ترسناك و دڵێكی ڕەق و بەردینەوە، هاواری بەسەردا بكەیت و بڵێیت؛ بێ یەك و دوو، تەڵاقت سێ بە سێ كەوتووە و تازە چاكبوونەوەی وەك مەحاڵ وایە! وەك بڵێیت سەردەمانێكە چاوەڕێی وەها قوڕبەسەرێكی خێرلەخۆنەدیو بێت، عەیامێكە میلی دەروونە نەخۆشەكەی لە دڵسافێكی ئاڵۆسكاوی شڵەژاو -كە لەوپەڕی لاوازیدایە- هێنابێتەوە، تا هەرچی ڕق و ناتەواوی و كەموكورتیی خۆی هەیە؛ تێیدا خاڵی بكاتەوە!

بێگومان ئەم هەستانە لە مرۆڤی هاوسان و چاكەویستدا، هەرگیز بەردەوامیی ناكێشن، لێ نابێت ئەوە بشارینەوە كە هەر یەكێكمان تەنانەت ئەگەر لە قۆناغێكی كورتخایەنی ژیانیشماندا بووە، وەها هەستێك بە ناخماندا گوزەری كردووە، ئازا و بەویژدان ئەو كەسەیە، بە چاوی وردبینییەوە چاودێریی ئەم حەزە پیس و شەڕەنگێزانەی دەروونی دەكات و هەمیشە لە سەنگەردایە بۆیان، هەر ساتێك هەر كامێكان سەریان دەرهێنا؛ بە چەكوشی ژیری، ویژدان، باوەڕ و جوانویستی، تەپڵی سەریان پان دەكاتەوە و لەوپەڕی خێراییدا، ئاسەواریان بە دژەكانیان دەسڕێتەوە!


تاگەکان    
مێژوو ئیلحاد دوعا شیرک ڕۆژاوا قوتابخانەکانی نوور کتێب پۆدکاست حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی هاوڕەگەزخوازی نائومێدی گۆرانی فێمینیزم زانکۆ پۆرن
ئەدەب
2019-10-03 کۆمێنت 4260 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی