تیۆری ڕێژەیی، بیرۆکەیەک لە ئامێزی نۆتەکانی مۆسیقاوە

ئەدەب 2019-09-24 کۆمێنت 2829 جار بینراوە

نووسینی: ڕەجا نەققاش

وەرگێڕانی: دیار بەرزنجی


ھێندێک خەڵک باوەڕیان وایە لە نێوان زانست و ھونەردا، بەربەستێک ھەیە و لێکیان دادەبڕێت. ھەر ئەم ھزرە چەوتە وای کردووە زۆرینەی ئەو گەنجانەی دەستیان داوەتە خوێندنی پزیشکی و ئەندازیاری و زانستەکان، دوورکەونەوە لە ھەموو ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستن بە ھونەرەوە، وەک: شیعر و چیرۆک و مۆسیقا و وێنەکێشان... بۆیە لە سەردەمی ئێستادا، زۆرینەی ئەو گەنجانەی دەڕۆنە کۆلێژە زانستییەکان، لەنێو تەنگژەیەکی ڕوون و ئاشکرادا دەژین. ئەگەرچی لە خوێندندا سەرکەوتوون و، بۆیە چوونەتە کۆلێژێکی زانستییەوە چونکو کەسانێکی ژیر و لێھاتوون و، خودان توانایەکی باشی تێگەیشتنن، کەچی دەبینین زۆرینەی ئەم گەنجانە ھزریان تەنگ و مەعریفەیان سنووردارە و، لە دەرەوەی بازنەی خوێندنەکەیان، چ شتێک لەم دنیایە حاڵی نین.

لە ئەنجامی ئەم ناتەواوییەی بیری کۆمەڵگەی مە سەبارەت بە کڕۆکی خوێندنی زانستی و، ڕووکەشبینیی کۆمەڵگەکەمان، وای لێ ھاتووە گەنجانی کۆلێژە زانستییەکان زیاتر لە ھەر گەنجێکی دی مەیلی لادانیان ھەبێت و، لەبار بن بۆ وەرگرتنی ھەر فکرێکی توندڕەوانە کە ئاڕاستەیان دەکرێت.

ھۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە زانا گەنجەکانی مە، ڕۆشنبیری و دیدی خۆیان بۆ ژیان پشتگوێ دەخەن و، بە تاقی تەنیا مژووڵی بابەتی زانستیی پەتین. دەبینی زۆرینەی ئەم گەنجێلە ئەدەبیات ناخوێننەوە و، گوێ بۆ مۆسیقا ڕانادێرن و، ھەرگیز بۆ تەماشای پێشانگایەکی ھونەرییش ناچن!

گەر بەم شێوازە چەوتە بەردەوام بین لە جیاکاری لە نێوان ھونەر و زانستدا، ئەوا لاوەکانمان زیانی کوشندەیان پێ دەگات و، دواتریش ئەم زیانانە پەل بۆ کۆمەڵگەمان دەھاون و، گەورەترین بەڵای تووش دەکەن.

بیرۆکەی جیاکردنەوەی ھونەر و زانست لە یەکدی، بە تەواوی بیرێکی چەوت و نادروستە.

ڕەگی ئەم بیرکردنەوەیەیش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی داگیرکردنی وڵاتمان لە لایەن داگیرکارانەوە. ئەو دەمەی ویستێکی زۆریان ھەبوو بۆ پێگەیاندنی زانایەلێکی ناڕۆشنفکر، چون زانای تێگەیشتوو تاکێکی کارای کۆمەڵگە بووە و ھەمیشە بانگی ئازادیی نیشتمانی دەدا و، دژی ھەر دەستێکی دەرەکی بۆ سەر خاکەکەی، دەوەستایەوە. ھەر بۆیە ئەوانەی تەمای داگیرکردنیان ھەبووە، وایان بە باش زانیوە بە وردی کار بکەن لەسەر جیاکردنەوەی زانست و ڕۆشنبیری لە یەکدی، تاکو ئەو دەمەی زاناکانمان لە زانکۆکانەوە دەردەچن، خودان ھیچ بڕیارێکی ساغ و ھەڵوێستێکی مەردانە نەبن لە ھیچ کایەیەک لە کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا.

ئەمە چیرۆکی یەکێکە لە گەورەترین زاناکانی مێژوو، ئەوە نە جێی مشتومڕە و نە گومانی لێ دەکرێت، بە شایەتیی ھەموو لێکۆڵەر و زانایان، ئەو گەورەترین زانایە لە سەدەی بیستەمدا!

ئەو «ئەلبێرت ئەنیشتاین»ە، خودان ئەو «بیردۆزی ڕێژەیی»یەی بوویە ھۆکاری تەقاندنەوەی ناوک و دروستکردنی بۆمبی ناوکی و چەندین داھێنانی دیکەیش بە دوویدا ھاتن، کە ھەموویشی لە ڕێی بەکارھێنانی وزەی ناوکییەوە بووە لە بوارە جیاوازەکانی زانست و ژیاندا، جا چ لە جەنگ بێت و چ لە ئاشتیدا.

تەنانەت مرۆڤی سەدەی بیست و یەک توانیی بچێتە سەر مانگ و، پەل بۆ بۆشاییی ئاسمان بھاوێت و، ئەم دنیا فراوانە بکاتە گوندێکی چکۆلە لە ڕێی بەکارھێنانی ئامرازە نوێیەکانی پەیوەندی و، لە سەرووی ھەموویشیانەوە مانگە دەستکردەکان.

چیرۆکی ژیانی ئەنیشتاین، بە بەڵگەی تەواوەوە بۆمان دەسەلمێنێت کە پێگەیشتن لە زانستدا پەیوەندییەکی فرە پتەوی بە فراوانیی ھزری مرۆڤ و ھەمەچەشنیی مەعریفەیەوە ھەیە، بە تایبەتیش ھونەر، کە سەرشارە و  گەورەترین سەرچاوەی ئیلھامی زانستیی ژیانی مرۆڤە.

ئەنیشتاین مۆسیقای خۆشدەویست، ژەنیارێکی لێزانی پیانۆ و کەمانیش بووە.

ئەو چیرۆکەی تژییە لە ئیلھام، چیرۆکی ھاتنە دنیای تیۆری ڕێژەیییە. ڕۆژێک ھاوسەرەکەی ئەنیشتاین ئەو چیرۆکەی بۆ ھونەرمەندی جیھانی، «چارلی چاپلن» گێڕاوەتەوە و، چاپلنیش لەنێو یادەشتەکانیدا تۆماری کردوون. لەبەر گرنگیی چیرۆکەکە، من دەقی یاداشتەکەی چاپلن وەکی خۆی دادەنێمەوە:

لەسەر خوانی شیو بووین، ئەو دەمەی ھاوسەرەکەی ئەنیشتاین چیرۆکی ئەو بەیانییەی بۆ گێڕامەوە کە تێیدا ئەنیشتاین ئیلھامی تیۆری ڕێژەییی بۆ ھات.

«وەک ھەمیشە، ئەنیشتاین بە جلی خەوەکەیەوە دابەزی تاکو قاوەڵتی بکات، وەلێ دەستی بۆ ھیچ نەبرد، گومانم برد شتێک بێزاری کردبێت، لێم پرسی چیتە؟

وتی: ئازیزەکەم... بیرۆکەیەکی ناوازەم پێیە!

پاش ئەوەی قاوەکەی خواردەوە، بەرانبەر پیانۆکە لێی دانیشت و دەستی بە ژەنین کرد.

تاوناتاوێک لە ژەنین دەوەستا و چەند تێبینییەکی دەنووسییەوە و دیسانەوە دەیگوت: بیرۆکەیەکی ناوازەم پێیە، بیرۆکەیەکی مەزن!

- دەی بۆ خاتری خودا پێم بێژە و لە چنگی ئەم دوودڵییەم دەرم بێنە.

وتی: زۆر قورسە... ھێشتا دەبێ کاری لەسەر بکەم تا پوختەی دەکەم.

ھاوسەرەکەی ئەنیشتاین پێی وتم ئەو بەردەوام بوو لە ژەنینی پیانۆ و بە دەمیەوە تێبینیی دەنووسییەوە بۆ ماوەی نزیکی نیو-کاتژمێرێک، پاشان چووە کتێبخانەکەی خۆی و پێی وتین کە نایەوێت کەس ببینێت. بۆ ماوەی دوو ھەفتەیەک لەوێ مایەوە، من ھەموو ڕۆژ خواردنم بۆ دەناردە سەرەوە. ھەموو شەو دەھاتە خوارەوە و بە تەنێ پیاسەی دەکرد، پاشان دەگەڕایەوە سەرێ.

لە کۆتاییدا لە کتێبخانەکەی دابەزییە خوارەوە بۆ لام و، فرە ماندوو و ڕەنگپەڕیو دەھاتە پێش چاو، دوو دەستە پەڕەی خستنە سەر مێزەکە و بە ھیلاکییەوە گوتی: ئەوەتانێ!

ئا بەم چەشنە تیۆری ڕێژەیی لە دایک بوو.»

چارلی چاپلن ئەمەی لە زمانی ھاوسەرەکەی ئەنیشتاینەوە گێڕایەوە، ماناکەیشی بە ڕوونی دیارە کە ئیلھامی سەرەکی بۆ تیۆری ڕێژەیی کە، ترسناکترین تیۆری زانستیی سەدەی بیستەمە، وەختێک ھاتووە بە بیری ئەنیشتایندا کە پیانۆی دەژەنی. ئەنیشتاین لە ساڵی ١٩٣٣دا ناچار بوو کۆچ بۆ ئەمریکا بکات پاش ئەوەی «ھیتلەر» و حیزبە نازییەکەی لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان گرتە دەست، چون ھەستی دەکرد ئەوێک کە جووە، ھیچ کات لە وڵاتی نازییەکاندا ئارام نابێت و کێشە و گێچەڵیش تووشی کارە زانستییەکەی دەبێت. بۆیە گەشتی بۆ ئەمریکا کرد و لە پاش حەوت ساڵ ناسنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرت، واتە لە ساڵی ١٩٤٠دا.

نووسەری گەورە «محەمەد حسنێن ھیگڵ» سەردانێکی ئەنیشتاینی کرد لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری بیرنستوون لە ساڵی ١٩٥٢دا، محەمەد ھیگڵ سەرجەم وردەکارییەکانی ئەو سەردانە و وتوێژەکانی تۆمار کردوون لەنێو کتێبەکەیدا بە ناوی «سەردانییەکی نوێ بۆ لای مێژوو». ئەنیشتاین سەبارەت بە گەشتەکەی لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەمریکا بە محەمەد ھیگڵی وتبوو:

"زۆرینەی خەڵکی پێیان وایە من لە دەستی نازییەکان بەرەو ئەمریکا کۆچم کردووە، وەلێ بە تەواوی وا نییە. تەنیا ئەوە بوو من نازییەکانم خۆشنەدەویست و وا نازانم ئەوانیش منیان بە دڵ بووبێت، بیرکردنەوەی وان، ھەمووی لەسەر بنەمای شەڕ و جەنگ بوو. ئەوان بە ھیچ شتێ بەرھەڵستییان نەکردووم تاکو بتوانم وەک بەڵگەیەک لە دژیان بەکاری بێنم، وەلێ ژینگەی دەورم ھەمووی بێزارکەر بوو بەھۆی بیرۆکەی جەنگ و تێکەڵبوونی بە بیری تەسکی نەتەوەپەرستی."

محەمەد ھیگڵ دێتە سەر باسی ماڵەکەی ئەنیشتاین و دەڵێت:

داڵانێكی گەورە لە پشت دەرگای چوونەژوورەوەدا، لە ھەموو لایەکەوە دەچێتەوە سەر چەند دەرگایەکی دیکەی داخراو، داڵانەکە لەنێو ڕۆشناییەکدا مەلەی دەکرد کە لە باخچەی دەوری ماڵەکەوە بەنێو دیوارێکی شووشەییدا دەھاتە ژوورێ، لادیوارەکانی دی ھەمووی پڕ لە کتێب بوون.

لە لایەکی دیکەیەوە خوانێک ڕازێنرابووەوە، بەسەریەوە گوڵدانێکی نەخشینی لەکانزاچێکراو، پڕ کرابوو لە گوڵی کێویی وردیلە و ڕەنگاوڕەنگ. کاتژمێرێکی گەورەی دێرین لە لاکەی تری ژوورەکەوە وەستاوە، بە تەنیشتیەوە ئامێرێکی کەمان لەسەر مێزێک دانراوە و، بە تەنیشت مێزەکەیشەوە نۆتەیەکی مۆسیقی ھەڵواسراوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆی محەمەد ھیگڵ لەگەڵ ئەنیشتایندا، دەڵێت:

ئەنیشتاین لەسەر نووسگەکەی* داینیشاندم تاکو بە دڵی خۆم لە پەڕە و نووسراوەکانی ورد ببمەوە.

وەختێک دانیشتم، بە پێکەنینێکەوە پێم وت: لە پشت کورسی و مێزەکەی تۆوە ھەستەکەم زانایەکم دەتوانم دەست لە ھەموو نھێنییەکانی گەردوون بدەم.

ئەنیشتاین بە سادەیییەکەوە وتی: لەو دەمانەی لە نووسگەکەمدا دانیشتووم، بیرێکی گرنگی ئەوتۆم بە مێشکدا نەھاتووە، زۆرینەی ئەو جارانەی بیرۆکەیەکی گرنگ لە کەلەی داوم وەختێک بووە کە پیاسەم بە نێو دارەکاندا دەکرد.

ئەمە وێنەیەکە لە کەسایەتی و ژیانی ئەنیشتاین، وەختێک تیۆری ڕێژەیی لە ھزریدا لە دایک بووە کە خەریکی ژەنینی چەند ئاوازێک بووە لەسەر پیانۆ. ئامێری پیانۆ و کەمان و، نۆتەکانی مۆسیقا لەنێو ماڵەکەیدا بوونیان ھەیە، ھەموو ئەم شتانەی پەیوەستن بە جیھانی ھونەرەوە شان بە شانی ئەو کتێبە زانستییانە وەستاون کە ئەنیشتاین بەکاریان دێنێت.

کەوایە ئەنیشتاین خودان ڕۆشنبیرییەکی ھونەریی فراوان بووە و، چەشەیەکی ھونەریی باڵای ھەبووە و، ژەنیاری ھەردوو ئامێری پیانۆ و کەمان بووگە. ھەر ئەم ئاوێزانبوون و تەواوکارییەی نێوان زانست و ھونەر لە کەسێتیی ئەنیشتایندا، بوویە ھۆکاری سەرکەوتن و لێھاتوویی وی، ھەر ئەوەیش ڕێی بۆ بەھرەکانی وی خۆش کرد تا چرۆ بکەن و ھەڵزەقن و مشتێکی بەنرخ بخەنە سەر خەرمانی مێژووی بیری مرۆڤایەتی.

وەختێک تیۆری ڕێژەیی لە ھزریدا لە دایک بووە کە پیانۆی دەژەنی، چون مۆسیقا مێشک و دەروونی مرۆڤ سازگار دەکات و، لەم کەشە سازگارەدا دەشێت زانیارییە چڕ و کەڵەکەبووەکانی نێو ھزری مرۆڤ ببزوێن و ئیلھامی مەزنترین بیرۆکە بە خاوەنەکەی ببه‌خەشن. ئەم فرەلایەنییە لە ڕۆشنبیریی ئەنیشتاین لە نێوان مۆسیقا و زانستدا، بوویە ھۆکاری دەرکەوتنی مەزنی و ھەڵکەوتەییی ئەنیشتاین لە گەلێ ڕووەوە، ئەو لە گەورەترین بانگخوازانی ئاشتی بوو لەنێو گەلاندا و، ھەمیشەیش ھوشیاری داوە لەسەر مەترسییەکانی جەنگ بۆ سەر ئایندەی مرۆڤ و بە تایبەتیش لە سەردەمی وزەی ناوکیدا. ئەو پێی وایە ھەر جەنگێکی جیھانیی دیکە لە سەردەمی ئێستادا مانای سڕینەوەی ژیانە لەسەر زەمین، زیانەکانی ئەم جەنگە تەنێ ملیۆنان کوژراو نابێت وەک لە جەنگەکانی ڕابردوودا بوو، بەڵکو ئەمجارە دەبێتە مایەی لەنێوبردنی ھەموو مرۆڤایەتی!

ھەر کەسێتیی قووڵ و مرۆڤدۆستیی ئەنیشتاین بوو وای کرد پۆستی سەرۆکایەتیی ئیسرائیل ڕەت بکاتەوە ئەودەمەی بۆیان پێشنیار کرد لەپاش مردنی یەکەمین سەرۆکی ئەو دەوڵەتە لە ساڵی ١٩٥٢دا.

ئەنیشتاین لەبەر چەندین ھۆکار بەو پۆستە قایل نەبوو، زیاتریش لەبەر ئەوە بوو کە پێی وابوو لەنێو سەرکردایەتیی ئیسرائیلدا کەسانێک ھەن توندڕەون و، مینا نازییەکان دڵڕەق و خوێنڕێژن و، ئامادەن دەستیان بچێتە خوێنی ھەزاران مرۆڤی بێتاوان بێ ئەوەی موچرکێکی پەشیمانی بە گیانیاندا بێت و کەمۆکەیەک ھەست بە ئازاری ویژدان بکەن.

 یەکێک لەو خوێنڕژانەی ئەنیشتاین بەرھەڵستیی دەکرد و دژی دوەستایەوە، «مناحم بیجین» بوو.

ئەنیشتاین تا ئەو رۆژەی مرد، سەبارەت بە مەترسیی جەنگی جیھانیی نوێ ھوشیاریی دەدا و، خەڵکی لە دەمارگیری ئاگادار دەکردەوە. ھەمیشەیش خەونی بەوەوە دەدی کە گەلە یەھوودییەکەی دەست ھەڵگرن لە دەستدرێژی و زۆرەملێ سەربازییەکانیان بۆ سەر عەرەبە فەلەستینییەکان.

ئەنشتاین ھیچ کات لە سنوورێکی بەرتەسک و دیاریکراوی زانستدا نەوەستاوە، بەڵکو کەسێتییەکی بەھرەمەند و فرە خولیا بووە و، خودان پەیامێکی مرۆڤدۆستانەی قووڵ بووە.

گومان لەوە ناکرێ کە بلیمەتیی ئەنیشتاین کەڵکی گەورەی بردووە لە فرەتوانایی و، گرنگیدان و خۆشەویستیی وی- بەتایبەت- بۆ مۆسیقا و، مکوڕبوونی لەسەر فێربوونی ژەنین و شارەزابوون تێیدا.

ئەمە کڕۆکی پەند و واتای ژیانی ئەم کەسە مەزنەیە، چون بلیمەتی لە زانستدا، ئەگەر بە تەنیا لەنێو سنوورێکی ئاسنینی ئاخێنراو بە زانراوە زانستییە پەتییەکاندا پەنگ بخوات، ئەوا نە چرۆ دەکات و نە بەری دەبێت. چون ئەم زانراوانە چەندە زۆر و بۆر و گرنگ و بەبایەخ بن، ھێشتا بە کەڵکی ئەوە ناخۆن مرۆڤێک بئافرێنن کە جێدەستی بەسەر ژیان و مرۆڤایەتییەوە دیار بێت، بەڵکو ڕێی تێ دەچێت ئەو کەسە ھەرچەندە زیرەک و بلیمەت بێت، بەرەو بیرتەسکی و دەمارگیریی ببەن و، لە کۆتاییدا بیگۆڕنە شتێکی خاڵی لە ھەست و سۆز مینا مرۆڤێکی ڕۆبۆتی، کە نەتوانێت توانا زانستییەکەی لە خزمەت داھاتووی مرۆڤایەتیدا بە گڕ بخات و خۆشگوزەرانیمان بۆ بەدی بێنێت و، نەتوانێت ھاوکار بێت لە کوژاندنەوەی ئاگری دووبەرەکی و ناکۆکییەکانی نێوان گەلانی جیھان.

زانست، بە تەنیا فکری وشک و ڕووتەڵە نییە، بەڵکو بە مانا دروستەکەی، ڕاستیگەلێکن سەرچاوەیان لە ھەستی مرۆڤ و، ئەو ڕۆشنبیرییە فراوانەوە گرتووە کە وا لە مرۆڤ دەکەن لە ڕێی ئاوەز و ڕۆح و دەروونیەوە، بەرەو باڵایی ھەڵبزوێت.

ئەنیشتاینیش ئەقڵێکی مەزن بوو، ژەنیارێکی بەھەستی پیانۆ و کەمانیش بوو.

دەبێت ئا بەم چەشنە زانای ڕاستەقینە ھەستێت بە یەکخستنی ھێزی ئاوەز و توانای ڕۆحی، دەبێت زانیارییە چڕ و بێشومارەکانی لەگەڵ تێڕوانینێکی مرۆڤانەی باڵادا یەک بخات کە تەنیا ئەو دەتوانێت ھێزی زانست پاڵفتە بکات و، ئەم ھێزە لە خراپەوە بۆ باشە بگۆڕێت و، لەبری دروستکردنی بۆمبی ناوکی، بەرەو چێکردنی ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی، بمانبات.



* نووسینگە، ژووری بەڵگەگەلی فەرمی، دەفتەرخانە.


تاگەکان    
بوووژانەوە قوتابخانەکانی نوور مۆدێرنیتە کۆیلایەتی کتێب گێڕانەوە پارەی ئیلیکترۆنی هاوڕەگەزخوازی دوعا ئەنیمی یاری نیشتیمان سۆفیگەری کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین زانایان
ئەدەب
2019-09-24 کۆمێنت 2829 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی