گەر تەمەنێک هەبێت

ئەدەب 2019-09-21 کۆمێنت 1445 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی

وەرگێڕانی: عەلی حسێن


گەر تەمەنێک هەبێت، لەمەولا هیچ چاکەیەک بە هاوشانی دلۆڤانی لەگەڵ خەڵکدا دانانێم.

گەر تەمەنێک هەبێت، کەمتر دەڵێم و دەنووسم و زیاتر دەبیستم و دەخوێنمەوە.

گەر تەمەنێک هەبێت، لەمەبەدوا، خۆم بە قەرزاری بوون و بوونداران دەژمێرم، نەک ئەوان بە قەرزاری خۆم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، لەمەبەپاش، لە هیچ هەڵبژاردنێکدا بە گوێزانی چاودێریی کۆمیسیۆن خەسێنرابێت، بەشداری ناکەم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، چیی تر هیچ سیاسەتمەدارێک ناکەمە بریکار و نوێنەری هەتاهەتاییم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، ئیتر چ دادگەرییەکی گچکە، لە بەرپێی ئارەزووی گەیشتن بە دادگەریی گەورەتردا، سەر نابڕم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، ئیتر لەگەڵ دوو پێڕدا وتووێژ ناکەم: ئەوانەی، بیڕوبڕواکەیان، قازانجی بۆ گیرفانیان هەیە و ئەوانەی، هزری خۆیانیان کردووەتە پیشە.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، دادپەروەری بە قوربانی بیروبڕوا و ئاوات بە قوربانی بەرژەوەند و تەمەن بە قوربانی خواردەمەنی و پۆشاک ناکەم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هێندە سەیری هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی کەسانی تر ناکەم، بە جۆرێک، ڕووڕەشیی خۆم نەبینم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، لەناو ئایینەکاندا، تەنیا ڕێبازی ویژدان هەڵدەبژێرم و لەناو فەلسەفەکاندا، ئەوەیان سەرسەری نییە و هیوای بە ڕێگا و مێکانیزمە زەوینییەکانە. 

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هیچ ستەمێک بە دڵڕەقانەتر لە سووکایەتی بە کەسانی دیکە هەژمار ناکەم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، بە دوای هیچ بیروباوەڕ و بڕوایەکدا ڕا ناکەم، لە ماڵدا ڕۆدەنیشم، تا ئەو بڕوایەی شایەنی منە، خۆی لە دەرگا بدات.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هەر دارێک ببینم، لە باوەشی دەگرم، بۆنی هەموو گوڵێک دەکەم، گشت کەژێک بە یاریگا دادەنێم و تەنیا تاقە دوودڵییەک لە دڵمدا دەهێڵمەوە: هەڵهاتنی خۆر جوانترە، یان ئاوابوونی؟

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، سیاسەتکاران بەدەر لە دوو بار دانانێم: ئەوانەی درۆ بە ڕاست دەڕازێننەوە و ئەوانەی بە درۆ، ڕاست دەلەوتێنن.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هەر وەک پێشوو لە بۆ ئازادی و ئاوەدانیی وڵاتەکەم دەکۆشم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هەڵهێنانی مەتەڵی بوون، بە منداڵە پیرەکان دەسپێرم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، چۆن چۆلەکە لە چڕنووکی هەڵۆ هەڵدێت، ئاوا لە هەموو بیروبڕوایەک ڕا دەکەم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، لە دارستانی زیاتردا ڕۆدەچم؛ چیای پتر دەپێوم؛ کاتژمێرەیلێکی فرەتر، چاو لە شەپۆلی زەریا دەبڕم؛ تۆوی زێتر لە زەویدا دەچێنم و خاشاکی زیاتر لە ڕووی زەوی هەڵدەگرم. 

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، کەمتر خەم بۆ نان و زیاتر خەمی گیان دەخۆم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، ئیتر لە گەنجینەی گەوهەربەخشی تێکۆشان و ماندووبوون بەولاوە، بڕوا بە چ گەنجینەیەک ناکەم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، بۆ دەستکەوتنی دڵخۆشی، چاوەڕوانی ڕووداوە دڵخوازەکان ناکەم.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، خوایەک دەپەرستم، لە میحرابی واقوڕمان زیاتر، هیچ شایەنی نەبێت.

ئەگەر تەمەنێک هەبێت، هاوڕێیان و خۆشەویستانم زیاتر دەنرخێنم.


تاگەکان    
جوانی کتێب کورد تەکنۆلۆژیا پۆرن گفتوگۆ گێڕانەوە چەواشەکاریی_لۆژیکی زانکۆ سایکس-بیکۆ نائومێدی كتێب ڕۆژاوا خاڵبەندی فەلەستین
ئەدەب
2019-09-21 کۆمێنت 1445 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی