ڕاز

ئەدەب 2019-08-31 کۆمێنت 2457 جار بینراوە

تابلۆ: ڤان کووخ، شه‌وی ئه‌ستێره‌ڕێژ.



نووسینی: مسته‌فا مه‌حموود

وه‌رگێڕانی: دیار به‌رزنجی


سروشت، ڕازێک ئاخلەی* داوە.

سروشت، بەو چەشنە نییە وەک لە ڕووکەشدا دەیبینین، ھەڵەین گەر وابزانین ئاسمانی بریسکەداری بە ئەستێرە خەمڵیو، تەنێ ڕایەخێکی ڕەشە و خاڵی زیوینی وا لەسەر، بەڵکو پەناوپەسێری* ڕازێلێکە! دەریا بە تەنێ ئەستێرکێکی* پڕ لە ئاوی سوێر نییە، بەڵکو ئەویش، قووڵی و... ترسێک لە ھەناویدا خۆی حەشارداوە، ھەر بەڕاستی دیمەنی شەپۆلەیلی دەریا وەختایەک بەیەکدا دێن و ھەڵدەقوڵێن... دەروونی مرۆڤ دەلەرزێنن.

سروشت لەوە قووڵترە بە تەنێ ھێڵ و پۆتانی درێژ، یاخود نەخشە و شێوەیەکی جوگرافی بێت، بەڵکو قووڵییەکی تێدایە، مینای* ئەو قووڵییەی لەنێو چاوانی دڕندەیەکی برینداری لەپەلکەوتووی سەربڕاودا دەیبینین کە ژان دەچێژێت.

ئەوی سەبارەت بە ئاوی دەریاکان دێتە وتن گوایە ئاوێکی تواوەی تێکەڵ بە سۆدیۆم، مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم، کلۆر و چی و چیی ترە... شیکارییەکی پڕ لە خەنینەیە.

چەشنە ئاخاوتنێکی زۆر قووڵ ھەیە لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا، لە نێوان مرۆڤ و سروشتیشدا بە ھەمان چەشنە، ئەم پەیوەندییە دەکرێت بەبێ کۆمەکی ئەقڵ و، ھەروەھا دەیشکرێت لە ڕێی ئەقڵەوە بێتە بوون. دەیشتوانین دوور لە دیدی ماددییانەوە و، بە ئیلھامەوە... بە تێڕامانێکی ویژدانییەوە، بێ ھەر ئامرازێکی ئاخاوتن ڕاستەوخۆ لەگەڵ سروشتدا بدوێین.

ھەستی شەشەمە یان حەوتەمە، یان ھەر شتێکی دیکەی ناو دەنێیت، ئەوانە لە ساتەیلێکدا پەردە لەسەر ڕۆحی شتێلێک ڕادەماڵن. لە ماوەی چاوتروکانێکدا، لەپڕ ھەست دەکەی ئەم سروشتە ڕووت و ڕووکەشییەی لەبەر چاوانە، بە تەنیا ھەموو ھەقیقەتەکە نییە. بەڵکو شتێکی دیی لە پشتەوەیە و، ئەوەی دەیبینیت تەنیا لاشەیەکە، مینای لاشەیەکی ڕاکشاوی سەر مێزی نەشتەرگەری وایە، کە دەزانیت ئەم جەستەیە شتێلێکی دیکەی لە پشتەوەیە.

دنیا ئەوە نییە کە دەیبینین! بە تەنیا تێڕوانینی ڕووکەشی و ماددیانە بەس نییە بۆی. زانست بە خۆی و کەرەستەیلیوە بەس نییە بۆ گەڕان بەدووی ھەقیقەتدا، بەڵکو زانست تەنیا تاقە ھەنگاوێکە.

مرۆڤ بە تەنیا ماڵێکی داپشکاو نییە تا لە بۆ چاککردنی ھێندە بەس بێت جوانکارییەکی ڕووکەشییانەی بکەین، بێین تاقەکانی بە ڕۆن چەور بکەین و، زەوییەکەی بە تەختە دابپۆشین. مرۆڤ زۆر لەوە فراوانترە کە لە دەرێڕا دەیبینین. نۆژەنکردنەوەی مرۆڤ لەدەرێڕا بە تێرکردنی و، دابینکردنی پێویستییە ماددییەکانی ژیانی و، پۆشتەکردن و چارەسەرکردنی بە دەرمان، ھەنگاوێکی فرە گرنگە لە دەستپێکی ڕێیەکی دووردا، وەلێ دەبێ ئەم ھەنگاوە تێپەڕێنین، دەبێ بەسەر خۆماندا باز بدەین، بە لووتکەی عەقڵماندا سەربکەوین و، لەوێوە بڕوانینە ئەو ھەموو سنوورەیلە ماددییەی لە پێشمانن.

ھەقیقەت لە پشتی پشتەوەی ھەموو ئەمانەوەیە، ھەموو ئەوەی لەم دنیایەدا ھەروا لەبەرچاوان و دیار و ڕوونن بۆمان، بەڵگە نین بۆ ھەقیقەت! بەڵکو دەمانخەڵەتێنن و ھیچی تر.

ئەوی زۆرترین ھەقیقەتی ئەم دنیایەی لە خۆ گرتووە، ئەو دیوە داپۆشراوە پەنھانییەیە کە پەیوەستە بە ناخ و دەروونمانەوە و، دوورە لە دنیای ھەستەوەریی دەرەوەمان.

ھەموو ئەوانەی لە ڕووکەشەوە ھەستیان پێ دەکەین، مانایەکی سەرپێیی بەدەستەوە دەدەن و، تەنیا نیشانەیەکی بچووکن بەرەو ھەقیقەت.

ئەو ھەموو جیاوازییەی لە شتەیلی دەوروبەرماندا ھەستیان پێ دەکەین، تەنیا فرەجۆرییەکی ڕووکەشین وەک لەوەی جیاوازییەکی ڕاستەقینەی بناوانی بن.

ئەو دەمەی ئاوەزمان بەسەر ئەم ھەموو جیاوازییانەدا پەرش و بڵاو دەکەین و، لەسەریان دەوەستین و دەخوازین لێیان ڕابمێنین، ڕێگە ون دەکەین و وێڵ دەبین. ئاخر ھەزارەیل میلۆن ملیۆن شتی جیاواز و ھەمەچەشنە لەم دنیایەدا بوونیان ھەس، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەمانە تەنێ لە ڕووکەشدا لە یەکدی جودان و لە بنەڕەتدا ھەموو ھەر یەکن. ھەموو ئەو جیاوازییانەی تۆ دەیبینیت، لە بناخەوە پێکڕا گرێ دراون و وەک ئەندامانی جەستەیەک وان.

بوونی ھەزاران جۆری ئاژەڵ و ڕووەک و مێروو و گوڵ و باڵندە... ڕاستییه‌که‌ی بریتییە لە ھەزاران ئاڵوگۆڕ و ڕێکخستن لە یەک ماددەدا لە میانەی ماوەیەکی دوور و درێژی پڕ لە پەرەسەندن و گەشە و ھەڵکشاندا، کە ئەو ماددەیەیش پڕۆتینە.

جووڵە، کارەبا، گەرمی و ڕووناکی، دەنگ و موگناتیس، ھەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ یەک شت... بەڵگەی جۆراوجۆرن بۆ یەک ھەقیقەت... چەند ھاومانایەکی زمانەوانین بۆ یەک واتا؛ کە ئەویش وزەیە.

ئەوی بە لامانەوە فرەجۆرییە، لە ڕاستیدا ھەر یەکە. ھەر یەک شتە، لێ بوونی خۆیمان لەڕێی ملیۆنەیل ڕەمزی یەک لەدوای یەکەوە نیشان دەدات.

مێژوو زنجیرە چیرۆکێکی پڕ لە ڕەمزە.

ھەر بەشێکی مێژوو بگرە خۆی بۆ خۆی پرۆسەیەکی  شکستخواردووە، چون ھیچ پاساوێک بەدی ناکرێت لە بۆ ئەو ھەموو خوێن و قوربانییانەی تێیدا دێنە بەختکردن.

 ھەمیشە مێژوو شۆڕشێکە شکست دێنێت لە گەیشتن بە ئامانجەکانی، ھەر سەردەمێک تۆوی مەرگی خۆی لە ھەناوی خۆدا ھەڵگرتووە!

لەگەڵ ئەوەیشدا، ھێشتا ڕووداوەیلی شکستخواردووی نێو مێژوو پەندیان وا تێدا، ئێمە لە خودی ڕووداوەکان و لە پاشی کۆتایییەکانیدا دەیبینین.

کڕۆکی پەند و واتای مێژوو لە پاشەڕۆژدایە. نە لە ئێستاکێ و، نە لە ڕابردوویشدا نییە، بەڵکو لە جیھانی پاشەڕۆژی مرۆڤدایە کە خەونی پێوە دەبینێت، لەو ئازادییەدایە کە مرۆڤ ھەوڵی بەدیھێنانی دەدات.

لە مێژووی کۆندا ئیبراھیمی پەیامبەر(عليه السلام)، بتی گومڕایی تێک شکاند، لە مێژووی ھاوچەرخیشدا شیوعی، بتی سەرمایەداریی تێک شکاند و بتێکی دیکەی لە جێگەیدا چێ کرد و ناوی لێنا: دەوڵەت، حکوومەت.

ئەویش چەشنی ھەر سەردەمێکی دیکەی مێژوو، تۆوی مەرگی خۆی، لە ھەناوی خۆدا ھەڵگرتووە. ئەو تۆوی ھەرا و پشێوییەی لە خۆدا ھەڵگرتووە کە سەرئەنجام دەبێتە مایەی شکاندنی خودی بتی دەوڵەت و حکوومەت. بەم چەشنە مێژوو لە دووبارەبوونەوەدایە... ڕابردوو ھەرگیز نامرێت.. بەڵکو لە ئێستادا و لە بەرگی ھەزاران وێنەی جیاوازدا، زیندوو دەبێتەوە!

ژیان تژییە لە ڕەمز، بەڵێ ھەموو ھەر ڕەمزە!

بەبێ ئەم چەشنە ڕوانینە لە ژیان، ژیان گەلێ مژ و سەخت دێتە پێش چاوان.

ھەڵگۆزینی ڕەمز و مانا لەم ژینگە سەخت و مژ و وشکەدا، لە ڕژدی و سەختیی ژین دەڕەوێنێتەوە و، ڕووناکی دەکاتەوە. بەبێ ئەم تێڕوانینە ویژدانییە بۆ ژیان، ژیان دەبێتە مۆتەکە! تێڕوانینی ماددیانە، ژیان دەکاتە مۆتەکەیەک بەسەر ھەستەکانمانەوە و، وێنەیلی بچووککراوەی ژیانمان لێ دەکاتە ڕاستی و ھەقیقەتی بڕاوە و کۆتاییی ڕێگەکە، وەلێ دەرکی مرۆڤ لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ ژیاندا ناکات، بەڵکو دەرکی مرۆڤ ژینگەکەی تێدەپەڕێنێت، لە ئاستیدا بەرز دەبێتەوە و لە پێش و لە پاشیەوە بە دووی ماناکانیدا دەگەڕێت.

دەرکی مرۆڤ ڕەمز و نیشانەیلی ژیان بە ھەقیقەتێلێکی ناتەواو دەزانێت و، دەگەڕێت تاکو مانایەکیان بۆ بدۆزێتەوە. تا ئێستاکێ سڕکردنی بەشێکی جەستەت تاقی کردووەتەوە؟

لەسەر کورسیی دکتۆری ددان دانیشتوویت و دەمت بۆ کردبێتەوە و خۆتت ڕادەستی کردبێت تاکو بە دەرزی بەنجت بکات؟ بە چاوانی خۆت تەماشای وی دەکەیت وەختێک بە دەستێکی خوێناوییەوە ددانەکەت لە بێخەوە ھەڵدەکێشێت، تۆش بە لاپرەسەنییەکەوە* تەماشای وی دەکەیت. وەک بڵێی ددانی کەسێکی دی ھەڵدەکێشێت و... بە تەواوی ھەستی تۆ مردووە؟ دیمەنی بابای نەشتەرکار کە پێستەکە بە بەنج دەتەنێ و پاشتر دەیبڕێتەوە کە وەک بڵێی پارچە قوماشێکی سووفی ئینگلیزی دەبڕێت، دیمەنێکی سەیرە! لەوەیش سەیرتر دیمەنی خودی نەخۆشەکەیە کە بە سەرسامییەوە لەم کارە دەڕوانێت، سەیری پێستەکەی خۆی دەکات کە قه‌یچییه‌که‌* دەیبڕێت و ھیچ ئازارێک ھەست پێ ناکات، وەک بڵێی پێستی کەسێکی دییە و ئەم نایناسێت، سەیری جەستەی خۆی دەکات وەک بێژی ھیی خۆی نییە، سەیری خۆی دەکات وەک بێژی ئێستاکە ئەم شتێکی دیکەی جیاوازە لەوەی کە پێشتر بوو.

ئەو لە خۆی دەپرسێت:

من کێم؟

ناکرێت من ئەوە بم کە دکتۆرەکە دەیبڕێت، وا دەیتڵیشێنێ و دەیدوورێتەوە!

من ئەو جەستەیە نیم کە دکتۆرەکە دەیبڕێت.. من ئەو تۆپەڵە ھەست و نەستە نیم کە مردووە! من تەنێک نیم لە بەردەم ئەو نەشتەرگەرییەدا، من تەنیا بۆ چەن ساتێک بووم بە بەشێک لەو توێکارییە مادییەی سەر مێزەکە و ھیچی تر!

ئەم دەربڕینە، ئەم وتەیە، ئیلھامێکی زۆر تەواوە، ئاخر مرۆڤ بە تەنیا ماددە نییە، ناشکرێت بگۆڕدرێت بۆ ماددەیەک و بە تەنیا لە دەرێڕا تەماشای بکەین، وەک بێژی تەماشای نەخشەیەکی جوگرافی دەکەین. مرۆڤ دیوێکی دیکەی قووڵی ناوەکیی ھەیە، کە بە تێڕوانینی مادییانەوە پەی پێ نابرێت. مرۆڤ، لە ھەناویدا ڕووبارێک لە ھەست و فکر دەڕژێ، نوێخواز، بێئەندازە گەرموگوڕ .. کانیاوێکە لە ڕاز، کە بێجگە لە خۆی کەسی دی پەی پێ نابات، ھیچ شتێکی ئەم کانیاوە لە دەرەوەی ناچێت، لە توانایشدا نییە بە چاوێکی ماددیانەی کورتەوە پەی پێ ببرێت.

لەو دەمەیڕا دەتەوێت مرۆڤ تەنیا وەک تەنێک لەنێو دەست بگریت، ئەوا لەنێو دەستەکانتدا ژیان لەدەست دەدات، تەنیایی لە دەست دەدات. ھەڵدەوەشێت و دەبێتە جەستەیەک، یانژی ماددەیەکی توێکاری، ئیدی دەبێتە شتێک... ھەر شتێک جگە لەو مرۆڤەی کە تۆ مەبەستتە. دیوی ژیانی بەردەستە و ڕووکەش و بینراوی مرۆڤ، ڕاستییەکانی مرۆڤ نین، بەڵکە ئەوانە دەرھاویشتەکانی وین. زانست مرۆڤت تەنیا لە ڕووکەشەوە پێ دەناسێنێت، خوێنەکەی، پیسییەکەی، دڕکەپەتک و پێستەکەی دەپشکنێت.. ئەو تەنێ دەرھاویشتەکانی دەپشکنێت. ئەو ناتوانێت لەم ھەنگاوە وێوەتر* بڕوات، وەلێ ھونەر دەکارێت لە ڕێگەی ئاوەز و ژیرییەوە بەنێو مرۆڤدا ڕۆبچێت تاکو لە ناخەوە بیدوێنێت، تا ڕاستەوخۆ لەتەک* گەنجینەی ڕازەکانیدا بدوێت. ھەروەھا ئاین و... ئەوین...

ساتێک ئەوین و ھاودەمی...چەشنی دەمی نیازدۆزین و ئیلھامە.. دڵان تێیدا بێ بەربەست نیازی خۆ ئاشکرا دەکەن....

ڕازەکان، یەکدی دەدوێنن.

من بڕوام بە زانست ھەیە، وەلێ تێراییم پێی نایەت!

من بڕوام بە ھەر شەش ھەستەکەی خۆم ھەیە، وەلێ پێیان تێر نابم!

وا دەزانم، گەردوون ڕازێکی حەشار داوە!

ھەمیشە دەرگای ھەقیقەت بە کڵۆمدراوی دەبینین لەبەردەم ھەر ھەوڵێکی دۆزینەوەیدا لە ڕێی تەرمۆمیتە و ڕادار و ئامێرەوە بە تەنیا.

سروشت بە تەنیا لەژێر ڕۆشناییی زانستدا، مۆتەکەیەکی ڕاستەقینەیە! ژیان تەنیا بە یاسا و ڕێساکانەوە ھەر پووچییە، ژیان لە تێڕوانینی ماددیانەوە ھەر ڕووکەشە بە تەواوی.

سروشت بەبێ شیعر.. بەبێ مۆسیقا... سروشتی نییە!

تۆ بێژی ئەمەی دەیڵێم ڕۆمانتیکیی پیاوێکی ڕۆژھەڵاتی بێت؟

ئەرێ، پێم وابێت من بە تەواوی پیاوێکی ڕۆژھەڵاتیم، شەرم لەم ڕۆژھەڵاتیبوونەیشم ناکەم.




————

*ئاخلە: دەورەدان

*پەناوپەسێر: پەناگە، پەرێز.

*لاپرەسەن: فزووڵ، خۆتێهه‌ڵقورتێن.

*قه‌یچی: دوێردگ، مقه‌ست.

*ئەستێرک: حەوزی ئاو

*مینا: وەکو

*وێوەتر: ئەولاتر


تاگەکان    
بووژانەوە موناجات کۆیلایەتی کرێکار دەروونی ئەدەبیاتی فارسی دەروون ئایین گفتوگۆ چەواشەکاریی لۆژیکی بوووژانەوە عەبدولکەریم سرووش نائومێدی باران شەڕ
ئەدەب
2019-08-31 کۆمێنت 2457 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی