ئیسلام‌ و ڕۆژاوا

فیکر 2019-08-15 کۆمێنت 1257 جار بینراوە

نووسینی: نالی پێنجوێنی



نووسین دەربارەی ئیسلام‌ و ڕۆژاوا بابەتێکی فرەڕەهەندە، واتە قسەکردن لەبارەی دوو ئایین‌، دوو کولتوور، دوو دەسەڵات‌ و دوو شارستانییەتی جیاواز و ڕکابەر. یەکێك لە ڕەهەندەکانی تێگەیشتن لە پەیوەندی ئەو دوو کلتوورە، قسەکردنە لە بارەی هەڵوێستی هەرکام لەو دوو ئایینە بەرانبەر یەکتر‌، بڕی ئەو یەکترقبوڵکردن‌ و دانپیانان‌ و لێبووردەیییەی هەیانبووە یاخود بە پێچەوانەوە. جیهانبینیی ڕۆژاوا لە ئایینی مەسیحییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو ئایینە ڕۆڵی سەرەکی‌ و گەورەی لە بنیاتنانی کەسایەتی‌ و شارستانییەت‌ و دەسەڵاتی سیاسیی ئەو سەرزەمینەدا گێڕاوە. ئایینی مەسیحی هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی بەرانبەر بە ئایینی ئیسلام نەرێنی بووە و قبووڵی ئایینە نوێکەی نەکردووە، ئەوەش بە درێژاییی مێژوو پەیوەندیی ئەو دوو ئایینەی لە ململانێدا هێشتۆتەوە. تێگەیشتن لەو ڕاستییە یارمەتیمان دەدات تا خوێندنەوەی دروست بۆ زۆرێك لە هەڵوێست‌ و هەنگاوەکانی ڕۆژاوایییەکان بەرانبەر جیهانی ئیسلامی بە گشتی‌ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بکەین. لە کتێبی «
islam in der Schweiz - ئیسلام لە سویسرا» لە نووسینی کریستۆف پێتەر باومان‌ و کریستیان یاگی، کە دوو نووسەری سویسرایین، له‌ لاپه‌ڕه‌ چل و پێنجا هاتووە: «بەپێچەوانەی ئایینی مەسیحی کە تا چەند سەدەیەك دانی بە ئایینی ئیسلامدا نەناوە و قورئانیشی وەك دانراوی موحەمەد ناساندووە. ئایینی ئیسلام، هەر لە سەرەتاوە، باسی کتێبە ئاسمانییەکانی پێش خۆی بەتایبەت ئینجیل‌ و تەورات دەکات‌و دان بە پێغەمبەرەکانیاندا دەنێت.»

قورئان پانتایییەکی گەورە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی پێغەمبەرەکانی پێش ئیسلام و کتێبەکانیان تەرخان کراوە و بە ڕێزێکی زۆرەوە باس لە فەزڵ‌ و گەورەیییان دەکات. بێگومان، ئەوە ڕادەی قبووڵکردن‌ و لێبووردەییی ئیسلام نیشان دەدات‌ و دەیسەلمێنێ کە دانپیانان و قبووڵکردنی بەرانبەر پرنسیپێکی قورئانییە، ئایینی ئیسلام لەو ڕووەوە زۆر لە پێش ئایینەکانی ترەوەیە. ئاشکرایە، تا ڕێزلێنان‌ و دانپیانان‌ و قبووڵکردنی بەرانبەر زەمینەی بۆ نەڕەخسێ،  لێبووردەیی دروست نابێت. ڕۆژاوای مەسیحی، بەردەوام پڕوپاگەندەی ئەوە بۆ ئایینی ئیسلام دەکەن، گوایە باوەڕی بە لێبووردەیی‌ و تۆلێرانس نییە، بۆ خۆیشیان چەند سەدەیەك ئامادەنەبوون دان بە ئایینی ئیسلامدا بنێن.

بێرنارد لویس-bernard Lewis کە بە یەکێك لە ڕۆژهەڵاتناسە دیارەکانی سەدەی ڕابردوو دادەنرێت، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ڕۆژاوادا بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، بە کەسێکی ناحەز و دژە-ئیسلام‌ و شارستانییەتی ئیسلامی دادەنرێت، بەڵام لە کتێبی «دۆزینەوەی ئەورووپا لە لایەن موسڵمانەکانەوه‌- The Muslim Discovery of Europe» کە لە ساڵی ١٩٨٢دا بڵاوی کردەوە ناتوانێت دان بەو ڕاستییەدا نەنێت کە لێبووردەییی ئیسلام زۆر لە پێش ئایینی مەسیحییەتەوەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت: هەڵوێستی ئایینی مەسیحی زۆر توندڕەوانە و کەمتر لێبووردە بووە بەرانبەر بە ئایینی ئیسلام تا هەڵوێستی موسڵمانەکان بەرانبەر ئایینی مەسیحی. هۆکاری ئەو لێبووردەیییە گەورەیەی ئیسلام هەندێکی ئاینییە و هەندێکی مێژوویی. ئاشکرایە، پێغەمبەری ئیسلام نزیکەی شەش سەدە دوای ئایینی مەسیحییەت هاتووە. هەم ئایینی مەسیحییەت‌ و هەم ئایینی ئیسلامیش خۆیان وەك دواپەیامی ئاسمانی دەناسێنن، بەڵام ڕیزبەندیی مێژووییی ئەو دوو ئایینە تێڕوانینی هەرلایەك بۆ بەرانبەرەکەی پیشان دەدات. لای موسڵمانەکان حەزرەتی عیسا پێغەمبەرێکی موژدەدەر و ئایینەکەیشی وەك وێنەیەکی سەرەتایی‌ و تەواونەکراو لێی دەڕوانرێت، بەڵام موحەمەد لای مەسیحییەکان وەك فێڵباز تەماشا دەکرێت. ئایینی مەسیحییەت، ئامادە نەبوو دوای حەزرەتی عیسا هەم ئیعتیراف بە هاتنی وەحی بکات‌، هەم دان بە دابەزینی کتێبێكی ئاسمانیی تردا، دوای ئینجیل، بنێت. بۆیە مەسیحییەکان هەر لە سەرەتاوە ئایینی ئیسلامیان ڕەت کردەوە. بۆ قسەکردن لەسەر ئیسلام‌ و ڕۆژئاوا، سەرەتا ئاماژەمان بە ڕەهەندە ئایینییەکە دا و تێڕوانینی هەرکام لەو دوو ئایینەمان خستە ڕوو. بۆ قسەکردنی زیاتر لەبارەی ئیسلام‌ و ڕۆژاوا، ناکرێت باسی کتێبە گرنگەکەی «دانیال نۆرمان- ئیسلام‌ و ڕۆژاوا» نەکەین کە ناونیشانی بابەتەکەمان لێ وەرگرتووە. بابەتی داهاتوومان بۆ قسەکردن لەسەر ئەو کتێبە تەرخان دەکەین.


تاگەکان    
خێوەتگە تەنیایی ئیسرائیل چیرۆک کۆیلایەتی عێڕاق كتێب ستەم بوووژانەوە وەرزش قەدەر دیزاینی زیرەک ئەنیمی دەربارەی کتێب مێژوو
فیکر
2019-08-15 کۆمێنت 1257 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی