ئەو زانا گەورە جەزائیرییەی کە لە زەیتی گەرمکراودا توێندرایەوە!

فیکر 2019-08-12 کۆمێنت 1070 جار بینراوە

نووسینی: محه‌مه‌د حاج عیسا

وه‌رگێڕان: شاهۆ حه‌مید



ئەو شێرێکی ئازابوو، ئەوەی بە ئەو کرا و بەرگەی گرت کێوەکان لە توانایاندا نەبوو بەرگەی بگرن، تا دنیا دنیایە موسوڵمانان و گەلی جەزائیریش شانازی پێوە دەکەن.

ئەو که‌سه‌ شێخ «ئەلعەرەبی ئەلتەبسی» بوو، یەکێك بوو لە زانا دیارەکانی مەزهەبی مالیکی. بەرپرسی دەستەی دەستپاکیی گشتیی یەکێتیی زانایانی جەزائیر بوو. لە ساڵی

1914ی زایینیدا، لە زانینگه‌ی زەیتوونەی توونس تەخەڕووجی کردووە. پاشان لە ساڵی 1920دا بە مەبەستی خوێندنی زانستەکانی شەریعەت لە زانینگه‌ی ئەزهەر گەشتی بۆ قاهیرە کردووە. شێخ لە ساڵی 1927دا گەڕایەوە جەزائیر و دەستی بە چالاکیئ بانگخوازی کرد، بە تایبەت بانگەواز بۆ چاکسازی. تا کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی جەزائیر دژ بە فڕەنسا و چەوساندنەوەکانی، لەو کاتەدا شێخ هانی خەڵکی بۆ جیهاد لەپێناو خودادا دەدا. هانیانی دەدا پەیوەندی بە موجاهیدینه‌وه‌ بکەن و دامەزراو بن. هاوڕێ و یارانی ئیمام دوای ئەوەی کە زانیبوویان شێخ بووە بە ئامانجی گەورە و دیاری فڕەنسییەکان، زۆر هەوڵیان دەدا تا قایلی بکەن لە جەزائیر بچێتە دەرەوە.

ئەو هەمیشە دەیگوت: گەر هەموومان لە ترسی مردن جەزائیر جێبهێڵین کێ لەگەڵ میللەتدا بمێنێتەوە؟!

هەندێکی تر گێڕاویانەتەوە لێیەوە کە گوتوویەتی: گەر تەندرووستیم باش بوایە و گەنج بوومایە یەك ڕۆژی تر لە شاردا نەدەمامەوە، خێرا دەڕۆیشتم بۆ شاخ و لەگەڵ تێکۆشەراندا دژ بە ستەمکاران دەوەستام.

داگیرکەران ئەوەیان زانی کە شێخ بە توندی دەستی بە گەلەوە گرتووە و پاڵپشتی تێکۆشه‌ران دەکات و، جیهاد یەکێکە لە جووڵە پشتپێبەستووەکانی. بۆیە چەند کەسێکیان لە لایەن ئیدارەی خۆیانەوە لە جەزائیر بۆ لای شێخ بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر شەڕ و ئەنجامەکانی نارد. شێخ بەردەوام ڕەتی دەکردەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و، دەیگوت لەسەرتانە تەنیا لەگەڵ تێکۆشەراندا گفتوگۆ بکەن. بۆیە داگیرکەران بە پێویستیان زانی خۆیان لە شێخ ڕزگار بکەن! بۆ ئەو مەبەستەیش بە باشیان نەزانی هەڵیواسن یاخود بیکوژن بە ئاشکرایی، چون ئەوە دەبووە هۆی زیاتر قارگرتنی جەزائیرییەکان لە دوژمن و زیادبوونی تێکۆشەران ... بۆیە بەشاراوەیی ڕفاندیان.

«ئەحمەد ئەلزمولی» لە «ئیبراهیم ئەلبوسعادی»یەوە دەیگێڕێتەوە: کە ئەو ڕۆژەی شێخ ڕفێندراوە خۆی لەگەڵ کۆمەڵی سەربازە کڵاوسوورەکانی داگیرکەردا لەنێو ماڵەکەی شێخدا بووە، هەروەکو تا کۆتایی ئامادەی پلانی لەناوبردن و لەسێدارەدانی شێخ بووە، جا دەڵێت: شێخ لە لایەن سەربازە سەنیگالییەکانی سوپای فڕەنسییەوە زۆر ئەشکەنجە و ئازار درا، لەگەڵ ئەوەیشدا بێدەنگ و ئارامگر و دامەزراو بوو، تا فەرماندەی هێزی کڵاوسوورەکان(لاقایارد) ئارامی لەبەر برا.

دوای چەند ڕۆژێك لە سزادان، ڕۆژی شەهیدکردنی هات. لەوکاتەدا قوشقانە(مه‌نجه‌ڵ)یه‌کی گەورەی پڕ لە ڕۆنی سەیارە و شاحینەی جەنگیی بۆ ئامادە کرا، دواتر ئاگری لەژێر دانرا تا پلەی کوڵان و قوڵدان. لەوکاتەیشدا سەربازە سەنیگالییەکان بەردەوام بوون لە ئەشکەنجەدانی و ئەویش هەر خۆڕاگر بوو. پاشان «لاقایارد» فەرمانی کرد بە هەڵگرتنی شێخ، شێخ لە لایەن چوار سەربازەوە لە سەنیگالییەکان هەڵگیردرا، دواتر دەست و پێیان بەست و بەرزیان کردەوە بۆ سەر مەنجەڵە پڕ لە ڕۆنەکە، بۆ دواجار داوایان لێی کرد پەشیمان ببێتەوە و ئامادەی گفتوگۆکردن بێت سەبارەت بە دامرکاندنەوەی شۆڕش و تووڕەییی گەل ...

شێخ وەکو جارەکانی پێشوو بە بێدەنگییەکەی وەڵامی دانەوە و بە نزمی شایەتوومانی دووپات دەکردەوە « لا إله إلا الله، محمد رسول الله» پاشان پێیەکانی خرانە نێو قازانی پڕ لە ڕۆنی کۆڵاو تا بە تەواوی سوتان، دواتر کەم کەم بۆ نێو ڕۆنەکە شۆڕکرایەوە تا بەتەواوی لەپێش چاو دیارنەما و، سووتا.


تاگەکان    
کۆرۆنا وەرزش کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین دەروونناسی دەروونی زانایان چیرۆک حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی گەڕان مێژوو تەنیایی یادەوەری نەتەوایەتی مانا فیکر
فیکر
2019-08-12 کۆمێنت 1070 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی