هه‌ڵده‌بژێردرێین یان سه‌رکوت ده‌کرێین؟

فیکر 2019-08-09 کۆمێنت 3117 جار بینراوە

نووسینی: ئارام شاهۆ


سەرەتای خوێندن، ئەو کاتەی هاتمە نێو سیستەمەکە، پۆلی سێی بنەڕەتی بووم. پێم سەیر بوو، هەموو شتەکان تەنیا بۆ ڕازیکردنی ویستی مامۆستایە، بە دڵی خۆی ئەرکی بەسەرماندا دەدا! گەر بیویستایە، بابەتێک تەنیا جارێک دەماننووسی، ویستیشی هەبایە دەیوت سێ جار. باشە گەر نەمانتوانی؟ گەر نەخۆش بووین؟

لە پۆلی سێدا، تەنێ جارێک ئەرکەکانم ئەنجام نەدا، نەک لەبەر ئەوەی کەمتەرخەم بووم، بەڵکو لەبەرئەوەی مامۆستا پێی نەوتبووین ئەوە بنووسن. له‌ ئه‌نجامدا مامۆستا هات و سەری گرتم و کێشای بە لێواری پەنجەرەکەدا! لەو ساتەدا دەموت ئاخر تۆ نەتوت بینووسن! بە درێژاییی ساڵەکە من هەموو شتێکم بۆ کردی، ئێستا تەنیا جارێک ئەوەم نەکرد کە تۆ ویستت، شایستەی ئەو سزایەم؟!

لە پۆلەکانی دواتردا ئەم شتانەم زۆر دەدیت، تەنانەت بیرمە جارێک مامۆستا بانگی کردم بۆ لای تەختەڕەشەکە، پڕ بە دڵی خۆی زللەیەکی بە ڕوومەتمدا کێشا و وتی «بچۆ دانیشەوە». دواتر هات بۆ لام و وتی: «بینیومە سەرمات بووە، ئیتر وتوومە با گەرمت بکەمەوه‌.» به‌ڵێ، وا گەرمم دەبێتەوە!

کە نەچووینایە بۆ قوتابخانە، لەبەر هەر چ هۆیەک بوو بێت، پێنجشەممان لە کاتی ئیستیفافدا بانگ دەکراینە نێو یاریگا و دارکاری دەکراین. ئاخر بۆ؟ یانی گەر کەسێک نەتوانێت بێت و مۆڵەتێکم بۆ وەرگرێت، ئیتر شایانی دارکاریم؟ بۆ جارێکیش لێمان نەپرسرا بۆ واتان کرد؟ ئەدی بۆ نەهاتن؟ یەکاویەک دارەکە بێنن و دەست بکەنە دارکاریکردن.

گەیشتمە قۆناغی ناوەندی، ئەو دیاردەیە کەمتر بوو، بەڵام شتەکە بوو بە نمره‌. قسەت بکردایە نمره‌ت لێ ده‌شکێنرا، ئەوجا بەزۆر ئەو دەرسانە بە قورگماندا دەکرا، ئێستایش هیچیان لێ تێ نه‌گه‌یشتین! نازانم بۆ کۆمەڵایەتی دەخوێنرا! سوودی کوردی چی بوو کە خودی کتێبەکە پڕە لە هەڵەی ڕێنووس!

بە هەر حاڵ گەیشتینە ئامادەیی، لێره‌دا شتەکان سەیرە، هەرچییەک دەبوو تۆ تاوانباری. مامۆستا هەبووە کردوویەتی بە گوێی تەلەبە، تەلەبە دەستی گرتووە، وتوویەتی مامۆستا مەکە، لەسەر ئەوە چەن رۆژێک خوێندکاره‌که‌ فەسڵ کراوە! ئەوجا سەرەتای ساڵ دەهاتن دەیانوت: «ئەوەی یارمەتیمان بدات لە ئیشی مەکتەبدا، پێنج نمره‌ی پێ دەدەین». کە تەلەبەیش دوای ئیشەکە داوای نمره‌ی بکردایە، به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ ده‌که‌نی و وەڵامی نەدەدایه‌وه‌. مامۆستا دەهات خۆیشی نەیدەزانی چی دەگوت. دەمان وت «مامۆستا لێت تێناگەین»، دەیوت «من چیتان لێ بکەم!» دەچووینە لای بەڕێوبەر شکاتمان دەکرد، کەچی منەتی بەسەرمانەوە دەکرد و دەیوت: «ده‌بێت مەمنوونیش بن کە دەرستان پێ ده‌ڵێت». شتانێکمان دەخوێند خۆیشمان نەماندەزانی بۆ ده‌یانخوێنین! وه‌لێ چونکە سیستەمە، ئیدی ده‌بێت بیخوێنیت. ناتەوێ؟ بۆ هاتیە قوتابخانە؟

کە دەگەیە کۆتاییی ئەم سیستەمە ئیدی کاتی هەڵبژاردنی زانکۆ دێت. باشە پرسیارێک، ئەرێ من حەزم لە چییە؟ گشتی لاف لێ دەدات و دەڵێت ئەوە بکە کە خۆت دەتەوێت. ئەوە بکە کە تۆ حەزت لێیە. من چیم ده‌وێت؟ من چەندین ساڵە ئەوەی بە قورگما دەکرێت، بە ویستی خۆم نییە. ئەو قسە ناکەم کە حەزم لێیەتی. من چەند ساڵە خۆم نەبووم، ڕام دەربڕیوە، سەرکوتکراوم. پێیەکم لار دانابێت، سزا دەدرام. کامە ویست؟ کامە حەز؟ من لە سیستەمێک هاتووم کە حەز و ئارەزوو تەنیا خەیاڵی پووچن و هیچی تر. بە کورتی، بە درێژاییی ماوەی خوێندن، من بۆ جاریکیش ئارەزووم نەبووە، بۆ ساتیکیش گوێم بۆ نەگیراوە، هەر وەک نامەبەرێک، وشەی سەر کتێبم دەگواستەوە بۆ سەر پەڕەی تاقیکردنەوە، هیچی تر نەبووم. ئێستا بۆ منێک کە وا ڕاهاتووم، ئیتر بوونی هەڵبژاردن شتێکی پووچ نییە؟ لەم کۆتایییەدا گوێگرتن چ سوودێکی هەیە کە من زمانی گوتنی ئارەزووم لە یاد کردووە؟ تەنیا زمانی فرمان و جێبەجێکردن دەزانم؟!

بەم شێوەیە بە پێی کۆنمرە بەرزترین زانکۆ چی بێت هەڵیدەبژێرین. من زانکۆی پزیشکیم هەڵبژارد. بەڵام بۆ؟ حەزم لە کاری پزیشکییە؟ ئەوەندەی من بزانم خەونم بە پزیشک بوون نەبینیوە. پیشەی پزیشکی پیرۆزە؟ ئەوەی پزیشکی دروست کرد مامۆستا بوو، کەوایە مامۆستا پیرۆزترە. «ئاخر یارمەتی خەڵک دەدەم.» ئەوەیش قسەی پووچە، هەموو ئیشێک یارمەتیدانی خەڵکە. تەنانەت بەقاڵییش.

من باش تێ دەگەم، کە تووشی کارێک دەبیت و دەست دەکەی بە هۆکارداتاشین بۆی، جودایە لەوەی کە لەبەر خاتری چەند هۆکارێک ئەو کارە هەڵبژێریت. بە ڕاشکاوی دەیڵێم: «من نازانم لەبەر چی هاتمە پزیشکیی گشتی!» نازانم، لە نێو سیستەمێکدام کە هیچ بە دەست من نییە، ئیدی هەڵبژاردنی ئەم بەشەیش وەک ئەو کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجییه‌یه‌ کە تا ئێستایش نازانم چین و بۆ مێشکم بەوانەوه‌ هیلاک کرد.


تاگەکان    
مێژوو کونە ڕەشەکان تەلارسازی وەچەخستنەوە گفتوگۆ نەتەوایەتی دەروونناسی مانا کتێب کتێبی هاوسانی شیرک گۆرانی تەنیایی کرێکار یادەوەری
فیکر
2019-08-09 کۆمێنت 3117 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی