یه‌زد، مێژوویه‌كی كۆن له‌ سه‌رده‌می نوێدا

نووسینی: قانع خورشید
ئەدەب 2019-08-07 کۆمێنت 2817 جار بینراوە

«به‌شێك له‌ نامه‌یێك بۆ ئازیزێكم»



لە نێو پاسی یەزد - ئیسفەهاندام، نرکە و گممەی پاسەکە سەر دێنێتە ئێش، گڵۆپەکانیشی کوژاونەتەوە، من بە نووزە نووز وا نامەت بۆ دەنووسم. دوێنەشەو دوای دە سەعات لە تارانەوە گەیشتینە شاری یەزد. یەزد شارێکە لە نێو دڵی بیاباندا، لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە دوازدەهەمین شاری گەورەی ئێرانە. بەپێی تازەترین ئامار، 656 هەزار و بڕێک ئاکنجیی هەیە.

یەزد و بەم گەرمای کۆتایی حوزەیرانە؟! کەس عەقڵی نایبڕێت. ئاخر ئەمڕۆ -21ی حوزەیران- یەکەم ڕۆژی هاوین و یەکەم ڕۆژی چلەیشە، یەزدیش لە جەرگەی باشوور و دڵی بیاواندایە، ڕێژەی بارانبارینی ساڵانەی، 66 ملیمترە، کە کەمترین ڕێژەی بارانی لە هەر 28 پارێزگاکەی ئێراندا هەیە. بۆ ئەوەی باشتر حاڵی ببیت ئەم شارە چەند وشک و گەرمە، ئەوەندەت بەسە بزانیت ئەمڕۆ پلەی گەرمای، یەک پلە لە گەرمای کەلار بەرزتر بوو! وەختێک لە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ چوومە بەردەم بینای ئەمیر چەقماق، هەر بەڕاست وەهام هەست دەکرد نوکی ڕیشاڵی تیشکی خۆری سووتێنەری ئەم دەشتە، وەکو دەرزی بە دەست و ڕوخسارمدا دەچەقێت!

دەکرێت تەواوی شاری یەزد وەک شوێنەوارێک سەیر بکرێت، شاری کۆنی یەزد، کە ئێستە گەڕەکێکە لە شارە نوێکە بەتەواوی وەک شوێنەوارێک لە ڕێکخراوی یوونسکۆدا تۆمارکراوە. کاتێک بە کۆڵانەکانیدا هەنگاو هەڵدەگریت، لە یەک کاتدا دڵت بۆ چەندین شت دەکەوێتە خورپە و مێشکت بە چەندان شتەوە قاڵ دەبێت. لە یەک کاتدا بیری هەندێ کەس دەکەیت و خۆزگەتە لەگەڵتدا بووایەن، یا توێژاڵێک لە غەم بلووری دڵت دادەگرێت و دەچیتەوە شەش سەدە پێشتر و ئەتابەکییەکانت دێنە پێش چاو کە سەخت دەکۆشن و خەریکی ڕازاندنەوەی شار و جوانترکردنین و دەچن لە دووریی 16 کیلۆمترەوە ئاوی کارێزی «زارچ» بۆ نێو گەڕەکەکانی شار ڕادەکێشن و مزگەوت، مەدرەسە، بینای تۆکمە و گومەزی سەربڵند چێ دەکەن...

شتێکی تری ئەم شارە کە یەکجار بەرچاو و دیارە و سه‌رنجت ڕاده‌كێشێت، «باپێچ»ەکانێتی. ئەم «بادگیر»ەیلە کە لە دوورەوە وا دەزانیت منارەی مزگەوتن، له‌ كۆندا باشترین چاره‌سه‌ر بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەرمای پڕووکێنەر. لە هەموو لایەکەوە هەوایان وەرگرتووە و گەیاندوویانه‌تە ژوورەکانی خوارەوە، تەنانەت یەکێک لە نازناوەکانی یەزد «شهر بادگیرها: شاری باپێچەکان»ە! لە کاتی پیاسەی نێو کۆڵانە باریکەکانی یەزدی کۆندا، کە تا ئێستایش ماڵی تێدایە و خەڵکی تێدا دەژین، زوو زوو زنجیرە درامای «جەلالەدین»م بیردەکەوتەوە و حەزم دەکرد کە گەڕامەوە دووبارە هەموو ئەڵقەکانی تەماشا بکەم.

مێشکم بۆ ئەوە دەچوو خەڵکی ئێرە چۆن دەژین و لەم دوورەدەستەوە چۆن ئاگایان لە دنیایە! دواییش -وەک ڕێناسیش گوتی- خۆم وەڵامی خۆمم دایەوە: «خۆ یەکێکی خەڵکی ئێرەیش بێتە گەرمیان، هەر وا ئێژێت.» ڕاستیشە، مرۆڤ لە کونێکی زۆر بچووکەوە دەڕوانێتە دنیا. خوا ئەم زەوییەی بەم فراوانی و بەم هەموو ئاو و هەوا جیاوازەوە بۆ مرۆڤ ڕاخستووە و وەچەیانی بەسەردا پەرش کردووە، ئیتر ئەوەندە حسێبە ڕیشەیان چوو بە خاکێکدا، ئیدی وا دەزانن هەر ئەوێ بۆ ژین دەشێت و شتاق خاک و وڵاتی تر بۆ گوزەران دەست نادات!

پێم خۆشە ڕووحی گەڕیدەییت تێدا پەروەردە بکەم، زۆرینەی مرۆڤ وەکو فیترەت حەزیان بە گەڕان و شارەزایییە، وەلێ زۆریان بە تێپەڕینی کات، بە هۆی ترسی غەریبی و زۆجی و خەرجی و سەرگەردانییەوە، هێواش هێواش ئەم هەستەیان لەڕ و گەڕ دەبێت و زۆریان دواجار دەیکوژن. من بەش بە حاڵی خۆم، هەر کەسێک بووبێتە ڕەفیقم، جورئەتی گەڕانم پێ داوە و فێری گەشت و چوون بۆ دەر و دەشتم کردووە! شتێکت لا دەدرکێنم، تا ئێستا بە کەسم نەگوتووە، کە پۆلی شەشی ئامادەییم تەواو کرد، بۆ خوێندنی دواتر چوومە کۆلێژی شەریعە و خوێندنی ئیسلامیی زانکۆی دهۆک، باوەڕت بێت نیوەی، خوێندنی بەشەکە و نیوەی تریشی دووریی شوێنەکەی بوو وایان لێ کردم ئەوێ پەسەند بکەم! هەر ئەو دهۆک و دووری و سەرکەشییە بووە سەرەتا و کلیلی ژیانی سەیر و تێکەڵ و عەنتیکە‌ی من.

خەڵکی ئێرە لە چاو شارە کوردی و باکوورێکاندا، تێرتر، ڕووڕاستتر، قنیاتکار و ساغترن. هەست ناکەیت کەسیان، نە دوکاندار، نە خاوەن ئوتێل و میوانخانە و نە لێخوڕی تاکسی، فێڵ دەکەن و بە چاوی نێچیر لێت دەڕوانن.

کە لە تاران دەردەچیت و بە گەورەڕێی "تاران ـ قوم"دا تێدەپەڕیت، وردە وردە سەوزایی و ئاو و شاخت لێ ون دەبێت و هەروا دەشتی بۆر و بیابانی زەرد و خۆڵی وشکە و «تا بڕ دەکاتن دیدە، هەر خارە!» بەر لەوەی بگەیتە شاری قوم، دەشتێکی سپی وەک کڵۆی بەفر دەبینیت، ڕوونە کە بەفر نییە، وەلێ کەسێک نەزانێت و شارەزا نەبێت، سەری دەسووڕمێت و زەحمەتە بیری بۆ ئەوە بچێت ئەم دەیان کیلۆمترە، خوێیە! بەڵێ خوێ، خوێیەک کە کەس بە دروستی نازانێت لە کوێوە هەڵتۆقیوە! ده‌ریاچه‌یه‌كی سوێره‌ به‌ حه‌وزی سوڵتان ناسراوه‌، كه‌ ڕووبه‌ره‌كه‌ی 240 كیلۆمتر چوارگۆشه‌یه‌‌، قووڵی و قه‌باره‌ی ئاوه‌كه‌ی له‌ وه‌رزێكه‌وه‌ بۆ وه‌رزێكی تر ده‌گۆڕێت، ڕای زاڵ ئەوەیە ئەم ده‌ریاچەیە پێشتر زۆر گەورەتر بووە و بە ماوەی سەدان ساڵ ئاوه‌ها كه‌می کردووە. ئەم «پێشترە»ی دەیڵێن، بۆ دەیان هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

17/ 10/ 1440 – 21/ 6/ 2019


هەر لە خۆمەوە خەیاڵم گەڕایەوە لای یەزد، ئەو شارەی مێژوویەکی کۆنە و لە سەردەمی نوێدایە! مێژووەکەی کۆن نییە، خۆی مێژوویەکی کۆنە!! هەرچەندە من ئەوەندە نەگەڕاوم، تا وەکو گەڕیدەیەکی بەئەزموون خۆم نیشان بده‌م و بپەیڤم، بەڵام بەشی خۆیشم شوێنی جیاوازم دیوە و شار و ناوچەی جۆراوجۆرم بەسەر کردووەتەوە. چوومەته‌ نێو دەریا، سواری بەلەم و کەشتییش بووم، بە فڕۆکە و قیتار و ماشێنی جیاجیا و ماتۆڕیش ئەملا و ئەولام کردووە و، بە باڵۆنیش چوومەتە حەوادا... بیابانی عەرەبستان و جەنگەڵی سەرشاخان و دورگه‌ی ناوه‌ڕاست و لمی کەناری دەریا و شینایی دەشتی تەخت و ڕێگەی چەند هەزار مەتریی شاخی سەختیشم بڕیوە و زۆر شوێنه‌واری كۆنیشم چاو پێ کەوتوون. ئه‌م جێگه‌ و شتانه‌، هەندێکیان لە هەندێکی تر دڵگرتر و سەرنجڕاکێشتر بوون، کە یەکەمجار لە ئیستانبوول دەریام دیت و سواری کەشتی بووم، هەستێکی جیاواز دایگرتم، یەکەم سواربوونی فڕۆکە، کاتێک چوومە عومرە، جۆرێک بوو، نازانم بیکەمە نووسین! کە لەگەل سێ دۆستی ئازیزدا چوومە سەر قەڵای ڕوودخان و گیان هاتە کونەلووتمان، چێژێکی ناوازە و زۆر تایبەتم بینی، شاری به‌ستام و گوندی خه‌ره‌قان، نه‌یشابوور و مه‌شهه‌د و تووس، شاره‌یلێك بوون، بردمیانه‌وه‌ لای خه‌ییام، عه‌تتار، هاروون ڕه‌شید، ئیمام ڕه‌زا، ئیمامی غه‌ززالی و فیرده‌وسی... لە نێوان مەککە و مەدینەدا خەیاڵم بۆ زۆر شوێن و شت و ڕووداو و کەس چوو، ئەوێ مێژوویەکی پازدە سەدەیی وەبیر هێنامەوە... وەلێ یەزد شتێکی تر بوو بۆ من. یەزد خودی مێژووی ڕابردووە و هێشتا و لە ئێستادا ماوە، دژهاتنەوەیەکی باوەڕپێنەکراوە، چۆن دەکرێت ڕابووردوو لە ئێستادا بێت؟!

دوور نییە لە سەد کەسی خۆمانە کە دەچنە یەزد، هەر سەدەکەیان، یان 99یان لە چوونەکەیان پەشیمان بن و بەسەر خۆیاندا بشکێنەوە کە ئەمە چ شوێنێکە و بە چ عەقڵێک پارەی خۆیان بۆ دیتنی ئاوەها شارێک بە خەسار داوە... بەڵام بۆ من دیتنی ئەم جێیە خەونێک بوو كه‌ بوو بە واقیع. پێنج ساڵ بوو لێکم دەدایەوە لە فرسەتێکدا بۆی بچم، من چوزانم لە چاوترووکانێکدا پلانی سەردانی سەقز و بۆکان و دیداری هەندێ نووسەر و کەسێتی، دەگۆڕێت و دەبێتە مایەی غافڵگریم! بە مەرجێک هەر خۆیشم پێشنیازی یەزدم کرد و وازم نەهێنا تا قەناعەتم بە دکتۆر هێمن و دکتۆر ڕێناسی هاوسه‌فه‌ریشم کرد، وەلێ پێشنیازێکی ئەوەندە له‌ناكاو و خۆش و سەیر بوو، بۆ خۆیشم ڕوون نەبوویەوە چۆنم بە خەیاڵدا هات؟ زۆرینەمان، بێ ئەوەی بزانین چۆن و بۆچی، عاشقی ژیانێکین، شێواز و قاڵب و مۆدێله‌که‌ی کۆن و ناباوه‌، حەز دەکەین خانوومان قوڕ بێت و دەفری ئاوساردکردنمان کووپ و گۆزە و دەرگای حەوشەمان دار و گەڕەک و کۆڵانمان کپ و چۆڵ بێت... یەزدی کۆن، ڕێک ئاوەهایە، تەنانەت عەموودی کارەباکەیشیان دارە. کۆڵانەکانی هێندە باریک و تەنگن، زوربەیان ئۆتۆمۆبیلێكیش ناگرن و به‌ لاته‌وه‌ سەیر نەبێت بڵێم هەندێ کۆڵانی، هێنده‌ ته‌سكن، دوو نەفەریش بە تەنیشت یەکەوە ناتوانن پێیدا بڕۆن! وات بە بیردا نەیەت ناخۆش و غەمهێنەر بێت، لانی کەم بۆ من وا نەبوو، هەندێ جار بە سوعبه‌تەوە دەمگوت: «ئێستا ئەوەندەت زانی سەحابەیەکی پێغەمبەر یا سۆفییەکی زەمانی تابعین لە حەوشەیەکەوە بەسەر ئەسپێکەوە دەرکەوت و هاتە پیریمانەوە!»

ڕاستییەکەی، لە کاتی پیاسەی بەر قرچەی گەرمای سووتێنەری نێو کۆڵانە باریک و گڵینەکانی یەزدا، لە خۆم بێ خۆم دەبووم و وەهام بە زەیندا دەهات خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی پەڕەزەردی مێژووییم و خەیاڵ نوقمی کردووم و شارێکی وەهای بە دەوردا دروست کردووم. زوو زوو بزەیەکی دەربڕی سەرسووڕمانم دەهاتە سەر لێو و لە شەرم و ترسی ئەوەی نەکا یەکێ بمبینێت و بە شێتم بزانێت، لە ڕوخسارمدا دەمشاردەوە. لە زۆر جێدا چەند مەترێک پێشی هەردوو دکتۆر دەکەوتم و بە تەنیا ڕێم دەکرد. شارێکی پڕ لە باپێچ و کپی، تژی لە شنەی خەیاڵ و گەرمای هاوین، لە هەموو لایەکەوە مەسیر و ڕێچکەی ئاوی کارێزی زارچ بوو و دڵۆپێک تەڕاییشت نەدەدیت!

یەکێک لە جوانییەکانی یەزد ئەو هەموو ساردکەری ئاو (به‌ڕاد)ە بوو کە لەسەر ڕێگه‌کان دانرابوون، مرۆڤ لەوێ پێویستی بە کڕینی ئاوی کانزایی نییە، لە گشت جێیە ڕێی لە ئاوی خێراتی سارد و پاک دەکەوێت، ئەمە لانی کەم دوو دەلالەتی هەیە: یەکەم، ئەم شارە گەرمە و خەڵکەکەی، زوو زوو تینوویان دەبێت و بە دوای ئاودا دەگەڕێن. دووەم، خەڵکی ئێرە دەست و دڵیان تێرە و تینوێتیی گه‌شتیار و موسافیران بۆ گیرفانی خۆیان ناقۆزنەوە و بژاردەی ئەوەیان دەخەنە بەر دەست، ئاوی ئاسایی بخۆنەوە و ئاوی کانزایی نەکڕن.

شتێکی خۆشت بۆ باس بکەم، لە کۆڵانێکدا کە لە گڵ زیاتر هیچی ترت بەرچاو نەدەکەوت، ڕێم دەکرد، دەبەیەکی ئاوم بە دەستەوە بوو، لەهێکا بیرم کەوتەوە: خۆ له‌بغی دیواری هەموو ماڵەکانی ئێرە قوڕماڵکەیه‌ و سەرتاسەری گڵکاری کراوە، یادی 30 ساڵ پێشم کەوتەوە، ئیتر بۆ گەڕانەوەیەکی زیاتر بۆ ئەو سەردەمه‌، دوو قوم ئاوم کرد بە دیوارەکەدا و لووتم لێ نێزیک کردەوە و تا هێزم تێدا بوو هەڵممژی... بۆنی قوڕی کادار، بۆنی سەرەتای پاییزی گوند و تێکەڵبوونی خۆڵ و باران و کا... مەگەر خودا بزانێت چەندە خەیاڵ دەباتە ئاسمانی بەرز و باڵادا!

لە هەندێ جێی دیاریکراودا خەیاڵی دەبردمەوە نەیشابوور و تووس، ئەڵبەت گێڕانەوەی حیکایەتی سەفەری ئەو دوو شارە پڕ له گەوهەرەی دنیای ئیسلامی و باسکردنی چێژی سەردانیی ئەبووحامدی غەززالی و عەتتار و خەییام و ئیمام ڕەزا، خودا لە هەموویان ڕازیی بێت، شوێن و کاتی تایبەتی خۆی دەوێت... ئەوان جۆرێکی تر دەیانبردیتەوە مێژوو، کەچی یەزد مێژووی هێنابوویە لای ئێمە، پێویستی بە فشاری زۆر و گوشینی خەیاڵ نەدەکرد، هەر وەک ئەوە بوو بچیتە نێو ماشێنی زەمان و ئامێری سەفەری نێو کاتەوە و بە «بسم الله»یەک بگەڕێیتەوە سەدان ساڵ پێش ئێستا... ئاواتمە جارێکی تر، بۆ حەفتەیەک -بەلانی کەمەوە- بچمە ئەوێ و تێر تێر تێیدا بمێنمەوە و بگەڕێم و چێژ ببەم. ئەوەی خۆش بوو، تامی سێ چێشتی تایبەتی ئەوێیشمان کرد و تاقیمان کردنەوە!

هەر ساغ بیت.

سپێدە – 24/ 7/ 2019

تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا #پیری مۆدێرنە بوومەلەرزە فەڵەستین یاری قەدەر جنۆکە ڕانانی کتێب گێڕانەوە عیرفان یادەوەری کتێب ژن ئەیاد قنێبی
ئەدەب
2019-08-07 کۆمێنت 2817 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی